بۆچی بەکاربەر لە بازاڕگەریدا بە پێشینە دادەنرێت؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-18-23:13:00 - کۆدی بابەت: 11329
بۆچی بەکاربەر لە بازاڕگەریدا بە پێشینە دادەنرێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی بەکاربەر لە بازاڕگەریدا بە پێشینە دادەنرێت؟ (بە عەرەبی: لماذا يحظى المستهلك بالأولوية في التسويق؟، بە ئینگلیزی: why customers are priorty in marketing?) لە زانستی بازاڕگەریدا لایەنی پێشینە بۆ هەر کارێکی بازرگانی بریتییە لە بەکاربەر یان کۆتا بەکارهێنەر، کە ئەمەش میتۆدێکی نوێیە لە سەدەی ٢١دا کە پێویستە پسپۆڕانی بازاڕگەری گرنگی بە خواست و ویستی بەکاربەران بدەن بەتایبەتی لە خزمەتگوزاری بەکاربەراندا تا وابکەن بەکاربەر لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ ئەم یەکە بازرگانییە و بەردەوام سەردان بکاتەوە و هەموو جارێکیش ڕازیبێت و دڵخۆش بێت. 

بەکاربەر بە پلەی یەکەم دێت

بیرۆکەی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای تۆیۆتای یابانی کە خزمەتگوزاری بەکاربەرانی داهێنا و دوای ئەوان کۆمپانیا و زنجیرە مارکێتەکان و شوێنە بازرگانییەکانی تر پەیڕەویان کردەوە. کۆمپانیای تۆیۆتا ویستی لەم ڕێگەیەوە وا لە بەکاربەر بکات باشترین ئەزموونی هەبێت لەگەڵ بەرهەمەکانی کە ئۆتۆمبیلە لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیا باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکات بەجۆرێک لە یادەوەریاندا بمێنێتەوە. 
بەرپرسانی تۆیۆتا دەڵێن: "ڕازیبوونی کڕیار لە بازاڕگەریدا بە پێشینە دادەنرێت". میتۆدی تۆیۆتا ئەمەیە " هەمیشە بەکاربەر بە پلەی یەکەم دادەنرێت". ئەم میتۆدە لە کات و ساتێکدا داهێنراوە کە هێشتا لە جیهاندا دوو چەمکی بازرگانی هەبوو ئەوانیش (بەرهەمهێنان) و دووەمیان (بەرهەم)، هێشتا کۆمپانیاکان نەگەیشتبوونە ئەو ئاستەی بە چەمکی (بازاڕگەری) کاربکەن. تۆیۆتا ساڵی ١٩٣٥ بەم بیرۆکەیە ئاڕاستەی بازرگانی گۆڕی. 

فەلسەفەی بەکاربەر به پلەی یەکەم دادەنرێت چییە؟

بەشێکی زۆری دونیای بازاڕگەری بریتییە لە فەلسەفە و دەروونزانی، لێرەدا فەلسەفەی ئەم دەستەواژەیە ئەوەیە کە بەکاربەر پێویستە تێکەڵ بکرێت بە ئەزموونی ئەو براندەی بووەتە دڵخوازی، نموونەیەکی گونجاو "کاتێک دەچیت کاڵایەک بکڕیت لە مۆڵێکی دیاریکراو، ژمارەیەک فرۆشگا دابینکراوە تا بازاڕی خۆت بکەیت لە خواردن و پێداویستی ڕۆژانە تاوەکو جلوبەرگ، هۆکار چییە کە لە ناو دەیان براندی جیاواز تۆ دانەیەک هەڵدەبژێریت؟" ئەمە ئەو میتۆدەیە کە براندی تۆیۆتا کاری لەسەر دەکات کە لەناو چەندین براندی جۆراوجۆر بەکاربەر تەنها براندی تۆیۆتا هەڵدەبژێرێت، چونکە ئەو خزمەتگوزارییەی پێشکەش دەکرێت لە یادی بەکاربەردا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. 

چۆن خزمەتگوزای بەکاربەر دادەنرێت و سەرکەوتوو دەبێت؟

خزمەتگوزاری بەکاربەر پێشی دەگوترێت خزمەتگوزاری دوای کڕین کە بە دوو تەکنیک دەتوانرێت بەکاربەر بهێڵیتەوە لەسەر براندەکەت ئەویش لە ڕێگەی چاککردنەوەی بەرهەمەکە ئەگەر خراپ بوو یان گۆڕینی بەرهەمەکە لە ماوەی مانگێک دوای کڕین یان ڕێگەی دووەم گەڕاندنەوەی پارەکەی بەرهەمەکە بۆ کڕیار ئەگەر بە دڵی نەبوو. 
لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبیلدا کۆمپانیاکان گرەنتی چەند ساڵێک دەدەن کە هەیانە ٥ ساڵ یاخود بە کیلۆمەتر ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار کیلۆمەتر دەدەن کە لەو ماوەیەدا گۆڕینی ڕۆنی بزوێنەر و هایدرۆلیک و پشکنینی توندوتۆڵی ئۆتۆمبیلەکە لە لقەکانی خزمەتگوزاری ئەو براندە بە خۆڕاییە، ئەمەش وادەکات بەکارهێنەری ئەو براندە لە ئەزموون کردنی ئۆتۆمبیلەکە و شێوازی گفتوگۆ و کارکردنیان براندەکە ببێتە دڵخوازی. 

چەند نموونەیەک لە بارەی خزمەتگوزاری بەکاربەر 

ئەم نموونانە لە کتێبی Principles of marketing چاپی ١٥ لە نووسینی فلیپ کۆتلەر و گاری ئاڕمسترۆنگ وەرگیراوە: 

  • خانمێک لە کاتی چوونە سەر کار هەستی کرد ئۆتۆمبیلەکەی دەنگێکی نامۆی تێدایە، ئۆتۆمبیلەکەی بردە نزیکترین بنکەی خزمەتگوزاری براندێکی جیاواز چونکە بابەتەکە لەناکاو بوو. هەر چەندە بەپێی یاسا ئەو براندانە ئۆتۆمبیلی براندێکی تر ناپشکنن بەڵام کاتێک هۆکارەکەی بۆ ڕوون کردنەوە ئەوانیش هاوکاری خانمەکەیان کرد و ئۆتۆمبیلەکەیان پشکنی و بە ڕوخسارێکی هاوڕێیانە کارەکیان بۆ ڕایی کرد و لە بەرامبەریشدا پارەیان لێ وەرنەگرت. 
  • کەسێک لە کۆگایەکی کەلوپەلی ناوماڵ ئامێرێکی جل شۆری لە براندێکی دیاریکراو کڕی، گرەنگی ساڵێکی پێدرا دوای ماوەیەک بەباشی کاری نەدەکرد هەرچەندە بەکاربەرەکە بە گرژی و توڕەیی قسەی لەگەڵ بەشی خزمەتگوزاری کۆگایەکە دەکرد بەڵام کارمەندی سەر هێڵ وەڵامی وشەکانی نەدایەوە و گوێی بۆ گرتبوو، کاتێک بەکاربەرەکە تەواو بوو پێی گوت "کەی دەرفەتت هەیە تیمی چاککردنەوە بێنە ماڵەکەت و ئامێرەکە چاک بکەنەوە؟ یاخود پشکنینی تەواو بکەن بۆ ئامێرەکە بزانن هۆکاری خراپ بوونی چییە؟ 
  • کەسێک لە ڕێگەی ئۆنڵاین بەرهەمێکی داوا کردبوو، بەڵام کە پێی گەیشت ئەوە نەبوو کە داوای کردبوو بەڵکو کاڵاکە بە هەڵە پێی گەیشتبوو، کاتێک پەیوەندی کرد بە بەشی خزمەتگوزاری فرۆشگا ئۆنڵاینەکە داوای ناردنی وێنەی کاڵاکە و بەرواری کڕینیان لێکرد لە هەژمارەکەی کاتێک داواکارییەکانی بۆ ناردن بێ داخستنەوەی پەیوەندییەکەی خێرا کارمەندەکە بەشی یاسایی فرۆشگاکە ئاگادار دەکاتەوە کە کاڵایەکە بە هەڵە نێردراوە، ئەوانیش کاڵایەکە وەردەگرنەوە و کاڵا ڕاستەکە دەنێرن و لەگەڵیدا کاڵایەکی تر کە تازە زیادکرابوو بۆ فرۆشگا ئۆنڵاینەکە بە دیاری دەدەن بە کڕیارەکە. 

بەکاربەر بە پێشینە دادەنرێت

لەمەوە دەردەکەوێت چەمکی بەکاربەر بە پێشینە دادەنرێت گرنگی خۆی هەیە لە کاری بازرگانیدا، چونکە ئەم چەمکە وا دەکات بەکاربەر یان کۆتا بەکارهێنەر ڕازیبێت و جارێکی تر سەردان بکاتەوە، هەرجارێکیش هات چەند کەسێکی نوێ بێنێت، چونکە تەکنیکی ڕیکلام کردن بۆ بەدەست هێنانی کڕیاری نوێ تێچووی زۆر زیاترە وەک لە قازانج، بۆیە دەبێت براندەکان لە ڕێگەی ڕازیبوونی بەکاربەر کە پێی دەگوترێت Customer Satisfaction هەوڵ بدرێت لە ڕێگەی ئەزموونی بەکاربەر کوالێتی و باشی بەرهەمەکە بگەیەنرێتە جەماوەری زیاتر. 
بۆیە گرنگە خاوەنی ناوەندە بازرگانییەکان گرنگی بەم خاڵانە بدەن. 

  • لێو بە خەندەبن، ڕوخساری گرژ و مۆن وادەکات بەکاربەر جارێکی تر نەگەڕێتەوە. 
  • پێویستە گوێگر بن وەک لەوەی قسەکەر بن، دەبێت فرۆشیار گوێ لە داواکاری بەکاربەر بگرێت، نەوەکو بەکاربەر چی گوت ئەویش وەڵامی بداتەوە.
  • فرۆشیار دەبێت ئۆفەری گونجاو پێشکەش بە بەکاربەرە نوێیەکان بکات، لە وڵاتانی پێشکەوتوو کاردێک دەدرێتە بەکاربەر کە پێی دەڵێن Customer´s Card کە ئەوەی ئەم کاردەی هەبێت دەتوانێت سوودمەند بێت لە داشکاندنی هەفتانە، مانگانە، ساڵانە یاخود کۆتایی وەرزەکان. ئەمەش وا دەکات کڕیاری زیاتر ڕووی تێبکەن و لەبەر خاتری ئەم داشکاندنە زیاتر لە جارێک سەردان بکەنەوە. 
  • فۆڕمی هەڵسەنگاندن بدەنە بەکاربەر لە ڕێگەی زانیارییەکانی کاردی بەکاربەر کە ئیمێڵی بەکاربەر تیایدا تۆمار کراوە، هۆکارەکەش ئەوەیە تا هەڵەکانیان یان کەم و کورتییەکانیان چاک بکەن. هەروەها لە ڕێگەی ئەم فۆڕمەوە دەتوانن گرنگی زیاتر بدەن بە باشکردن و نەهێشتنی خاڵی لاوازیان. 

بە پێی میتۆدی نوێی بازاڕگەری کە لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ هاتە کایەوە ناوەندە بازرگانییەکان دەبێت لە ناو کۆمپانیا و بارەگاکانیان بەشێکی تایبەت بکەنەوە بەناوی Customer Care یاخود بە کوردی گرنگی دان بە بەکاربەر کە بەشێکی سەربەخۆیە وەک بەشی ژمێریای و بازاڕگەری و فرۆشتن و سەرچاوە مرۆییەکان و کارگێڕی، سوودی ئەم بەشە ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەکاربەر، کاتێک کاڵایەکی نوێ دەکڕێت ڕۆژانە لە تۆڕێکی پەیوەندی بە زمانێکی ئاسان و ڕەوان سوودەکانی ئامێرەکە و چۆنیەتی کارکردنی و تواناکانی و تایبەتمەندییەکانی دەخرێتە ڕوو ئەگەر ئامێرەکە ئاڵۆز بێت، بۆ نموونە هەندێک براندی ئۆتۆمبیل تەکنەلۆجیای بەرزیان تێدایە ڕەنگە بەکارهێنەر هیچ لە بارەیانەوە نەزانێت بۆیە ڕۆژانە بە کورتە ڤیدیۆییەکی ئەنیمەیشنی ئەم تایبەتمەندیانەیان پێ ئاشنا دەکەن. 


سەرچاوەکان



1540 بینین