یاسەمین موقبیلی

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2023-09-24-14:12:00 - کۆدی بابەت: 11356
یاسەمین موقبیلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاسەمین موقبیلی (بە ئینگلیزی: Jasmin Moghbeli، بە عەرەبی: یاسمین مقبلي)، فڕۆکەوانی تاقیکاری ئەمریکییە لە ھێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتیوانێکی ئاسمانی ناسایە. لەدایکبووی ٢٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٣ـە، دەرچووی پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساشوستس (MIT) و ئەکادیمیای دەریایی ئەمریکا و قوتابخانەی فڕۆکەوانی تاقیکردنەوەی ھێزی دەریایی ئەمریکایە.

ژیانی سەرەتایی و پەروەردە

یاسمین موقبیلی کچی فریشته و کامی موقبەلی بووە، کورد زمانە و خەڵکی شاری مەهاباد لە باکووری ڕۆژاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ٢٤ـی تەممووزی ١٩٨٣ لە شاری باد ناوهایم لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. لە شاری باڵدوین لە ویلایەتی نیویۆرک نیشتەجێیە. موقبیلی لە قوتابخانەی ئامادەیی باڵدوین خوێندوویەتی و بەشداری لە خولی ئەکادیمیای بۆشایی ئاسمانی پێشکەوتوو کردووە لە کەمپی بۆشایی ئاسمانی هانتسڤیل لە ویلایەتی ئەلاباماش بەشداری کردووە. موقبیلی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری فڕۆکەوانی لە زانکۆی MIT وەرگرتووە.

خزمەتی سەربازی

موقبیلی لە ساڵی ٢٠٠٥ وەک ئەفسەر لە هێزی دەریایی ئەمریکا و فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرێکی بێڵ ئێچ-١ سوپەر کۆبرا مەشقی پێکراوە و لەم ماوەیەدا ١٥٠ ئەرکی شەڕکەری تەواو کردووە، لەنێویاندا چەندین گەشتی لە ئەفغانستان بووە. بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاری فڕۆکەوانی لە ئەکادیمیای دەریایی ئەمریکا وەرگرتووە. هەروەها مەشقی فڕۆکەوانی لە بنکەی هێزی ئاسمانی یوما تەواو کردووە، موقبیلی لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستی بە فڕۆکەوانی فڕۆکەی جەنگی کردووە. زیاتر لە دوو هەزار کاتژمێری فڕینی هەیە لەگەڵ ٢٥ جۆری جیاوازی فڕۆکە لە مێژووی خۆیدا. لە ماوەی خزمەتکردنی لە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، موقبلی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠ کردووە.

کارکردنی لە ناسا

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧دا، موقبیلی یەکێک بوو لەو دوانزە کەسەی کە وەک ئەندامی گرووپی ئاسمانی ناسا ٢٢ (بە ناوی کیسەڵەکان) هەڵبژێردران بوونە ئەندامی گرووپی ٢٢ی ئاسمانی ناسا، دواتر دەستی بە مەشقەکانی دوو ساڵەی خۆی کرد. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ شانبەشانی ١٣ کەسی دیکە لە پرۆگرامی ڕاهێنانی کاندیدەکانی ئاسمانی ناسا دەرچووە، ئەمەش بە فەرمی بووە هۆی ئەوەی شایستە بێت بۆ فڕینی بۆشایی ئاسمان، لەوانە ئەرکەکانی لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی، ئەرکەکانی ئارتمیس بۆ سەر مانگ و ئەرکەکانی بۆ مەریخ.
هەروەها ناسا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە موقبیلی بە فەرمی وەک فەرماندەی ئەرکی حەوتەم هەڵبژێردراوە بۆ ناردنی کەشتییەکی ئاسمانی سپەیس ئێکس کریو-٧ کە مرۆڤی تێدابێت بۆ وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی و کەشتیوانی ئەورووپی ئەندرێاس مۆرگنسن فڕۆکەوانی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەبێت. ئەم ئەرکە لە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣  لە سەنتەری بۆشایی ئاسمانی کێنێدی لە ویلایەتی فلۆریدا ئەنجامدراوە.

خەڵات و ڕێزلێنان

  • چوار مەدالیای ئاسمانی 
  • مەدالیای دەستخۆشی هێزی دەریایی و سێ مەدالیای دەستکەوتی هێزی دەریایی  وەرگرتووە. 
  • خەڵاتی قۆناغی دووەمی گەشەپێدانی نایابی پۆلی ١٤٤ی قوتابخانەی فڕۆکەوانی تاقیکردنەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا.
  • خەڵاتی خوێندکاری نایابی فەرماندە ویلی مەککۆڵی وەک دەرچووی پلەی ١٤٤ی ڕێزلێنان وەرگرتووە.


سەرچاوەکان



755 بینین