ئێل کلاسیکۆ

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2023-09-24-18:17:00 - کۆدی بابەت: 11363
ئێل کلاسیکۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاری کلاسیکۆ یان ئێل کلاسیکۆ (بە ئینگلیزی: El clasico، بە عەرەبی: الكلاسيكو) یاریی نێوان ھەردوو یانە بەناوبانگەکەی ئیسپانیا ھەریەک لە یانەی ڕیال مەدرید و یانەی بەرشەلۆنە دەوترێت، یەکێکە لە پڕبینەرترین یارییەکانی تۆپی پێ و مێژووی ئەم یارییە تۆپی پێی تێپەڕ کردووە تەنانەت بەھۆی کێشەی سیاسیی ھەردوو شاری بەرشەلۆنا و مەدرید چەندەھا جار چووەتە نێو کێشەکانی سیاسەتی ئیسپانیاوە. شاری بەرشەلۆنا دەکەوێتە ھەرێمی کەتەلۆنی و مەدریدیش پایتەختی ئیسپانیایە بەوە کێشەی زۆر کەوتووەتە نێوان ھەرێمەکە و حکوومەتی ئیسپانی.

یارییەکە واتایەکی سیاسی بەرفراوان هەڵدەگرێت، بەو پێیەی مەدرید پایتەخت و گەورەترین شاری ئیسپانیایە و بەرشەلۆنە پایتەخت و گەورەترین شاری کۆمەڵگەی سەربەخۆی کەتەلۆنیایە کە بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیی بەردەوامی هەیە. زۆرجار ئەم دوو یانەیە بە هەڵوێستی سیاسی دژ بەیەک دەناسرێنەوە، ڕیاڵ مەدرید وەک نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی ئیسپانی و بەرشەلۆنە وەک نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی کەتەلۆنی سەیر دەکرێت. ئەو دوو یانەیە لە دەوڵەمەندترین و سەرکەوتووترین یانەکانی تۆپی پێن لە جیهاندا، لە ساڵی ٢٠١٤ فۆربێس بارسێلۆنا و ڕیال مەدریدی بە دوو بەنرخترین تیپی وەرزشی جیهان دانا. هەردوو یانەکە هاندەرێکی جیهانییان هەیە ئەوان دوو تیپی وەرزشی جیهانن کە زۆرترین شوێنکەوتوویان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە.

مێژووی کێبڕکێی ھەردوو یانەکە

ھەر لەسەرەتاکانی تۆپی پێی ئیسپانیاوە ھەردوویانەی ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنا نوێنەری ھەردوو ناوچەی ناوەڕاستی ئیسپانیا ناوچەی ڕەگەزی ئیسپانییەکان و ناوچەی کەتەلۆنییەکان بوون، ئەم دیاردە وەرزشییە کاریگەری زۆر گەورەی کردووەتە سەر ھەردوو بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم وڵاتە. ڕیاڵ مەدرید یانەیەکی سەر بە حکوومەت و خێزانی پاشایەتی ئیسپانییە و زیاتر لەلایەن ئەم بنەماڵەیەوە پشتگیرییان لێدەکرێت و بەتایبەت لە کات و سەردەمی فرانکۆیست ئیرا کە ڕابەرایەتی سوپای ناوەڕاستی ئیسپانیای دەکرد. ئەم دوو یانەیەش بوون بە بەشێک لەو شەڕ و ئاژاوەیەی نێوان حکوومەتە دیکتاتۆرەکەی فرانکۆیست و دیکتاتۆرەکانی پاش ئەو لەگەڵ ناوچەکانی تری ئیسپانیادا. حکوومەتەکانی ئیسپانیا زیاتر لایەنگریی مەدریدیان دەکرد. ئەمەش بەھۆی ئەوەی ئەو شارە بنکەی  دامەزراندنی پارتە جیاکان بەتایبەتیش پارتی سۆسیالیستی ئیسپانی بوو.

لە ١٩٥٠ ھەردوو یانە کێبڕکێی تر کەوتە نێوانیان ئەویش لەسەر یاریزانی بەناوبانگی ئەرجەنتینی دی ستیفانۆ کەوتنە ململانێکردن، گرنگی ھەردوو یانەی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو ئەو کات یاری بۆ یانەی دیپۆرتیفۆ لۆس میلۆناریۆ لە بۆگۆتا دەکرد. کێشەیان لەسەری ھەبوو ھەردوو یانە خۆیان بە خاوەنی دەزانی دی ستیفانۆ بۆندەکەی بەرشەلۆنەی ھەڵوەشاندەوە و ڕووی کردە یانەی ڕیال مەدرید ئەو کات بەرشەلۆنە ھەوڵیدا لە ڕێگەی فرانکۆوە کارێک بکات و مەدریدیش بەرھەڵەستی کرد بە دانی پارە. دی ستیفانۆ لە یەکەم یاریدا بەرانبەر بەرشەلۆنە دوو گۆڵی بۆ مەدرید تۆمار کرد، ھەروەھا ڕیال مەدرید لەگەڵ ستیفانۆ ٥ نازناوی ئەورووپی بەدەست ھێنا.

لە ساڵەکانی ١٩٦٠ ھەردوو بەرھەڵەستیکار گەیشتنە قۆناغەکانی یارییە ئەورووپییەکان و ھەردوو یانە دووجار بەیەک گەیشتن ئەویش لە جامی ئەورووپادا بوو کە ڕیال مەدرید ١٩٦٠ـی بردەوە و بەرشەلۆنە ١٩٦١، جارێکی تر ھەردوو یانە لە جامی چامپیۆنلیگدا بەیەک گەیشتن ئەویش سالی ٢٠٠٢ بوو مەدرید بەرشەلۆنەی بەزاند و گەیشتە یاری کۆتایی و جامەکەی بەدەست ھێنا.

سەرژمێری و دەستکەوتەکان

ڕیاڵ مەدرید پێشەنگی ئەنجامەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیە 

١- لە یارییە ڕکابەرییەکان بە ١٠٢ بردنەوە بەرانبەر بەرشەلۆنە ١٠٠ بردنەوەیە بە ٥۲  یاری یەکسانبوون.

٢- بەرشەلۆنە لە یارییە پێشەنگەکاندا پێشەنگی گرتووە بە ٢٤ سەرکەوتن بەرانبەر مەدرید ٦ سەرکەوتنە بە ١٢یەکسانبوون.
لە کۆی گشتی یارییەکان بە ١٢٤ بردنەوە لەلایەن یانە کەتەلۆنییەکەوە بەرانبەر مەدرید ١٠٨ بردنەوە بە ٦٤ یەکسانبوون بۆ هەردوو یانەکە.

ڕکابەریی یاریزانان

تا سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠ ڕیال مەدرید ڕکابەری ئاسایی نازناوەکانی ئیسپانیا نەبوو، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٩ و ١٩٥٣ تەنها دوو نازناوی خولی پلە یەکی ئیسپانیای بەدەستهێناوە. بەڵام دوای هاتنی ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ لە ساڵی ١٩٥٣، فرانسیسکۆ جێنتۆ لە هەمان ساڵ، ڕیمۆند کۆپا لە ساڵی ١٩٥٦ و فێرینک پوسکاس لە ساڵی ١٩٥٨ هاوکێشەکان بۆ یانە مەدریدییەکە گۆڕا، هێزی ڕیال مەدرید لەم ماوەیەدا زیادی کرد تا ئەو کاتەی تیپەکە زاڵ بوو بەسەر ئیسپانیا و ئەورووپادا، لەکاتێکدا بارسێلۆنا پشتی بە ئەستێرە هەنگارییەکەی لاسلۆ کوبالا و لویس سوارێز بەستبوو، کە لە ساڵی ١٩٥٥دا پەیوەندییان پێوەکرد جگە لە یاریزانە هەنگارییەکانی ساندۆر کۆچیس و زۆڵتان سیبۆر و

ئیڤاریستۆی بەڕازیلی. لەگەڵ هاتنی کوبالا و دی ستیفانۆ، بەرشەلۆنە و ڕیال مەدرید بوون بە گرنگترین یانە ئەورووپییەکان لەو ساڵانەدا، یاریزانەکانیش نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخانیان کرد لە مێژووی تیپەکانیاندا. لەگەڵ کوبالا و دی ستیفانۆ ڕکابەرییەک لەدایکبوو، بەو پێیەی لە هەموو پاڵەوانێتییەکانی ئەو کاتەدا ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئەورووپا، کە لە دوو وەرزی لەسەریەکدا دووجار ڕووبەڕوی یەکتر بوونەوە. لە ماوەی خۆیاندا ٢٦ جار ئیلکلاسیکۆ ئەنجامدرا ڕیاڵ مەدرید ١٣ یاری بردەوە، بەرشەلۆنە ١٠ یاری، ٣ یاریش بە یەکسانبوون کۆتایی هات. لەو یارییانەدا دی ستیفانۆ ١٤ گۆڵ و کوبالا ٤ گۆڵی تۆمارکرد.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی  ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٨

ڕکابەری نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٨ گرنگترین ڕکابەری بووە لە مێژووی ئیل کلاسیکۆدا، هەردوو یاریزان گۆڵکاری یانەکانیان بوون لە هەموو کاتێکدا. لە ماوەی خۆیاندا ژمارەیەکی پێوانەییان بۆ هەردوو یانە شکاند، ئەو دوو یاریزانە لە زۆربەی وەرزەکاندا بە یەکەوە بوون وەک گۆڵکاری لالیگا و چامپیۆنزلیگ لەکاتێکدا لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە بوون. لەم ماوەیەدا ڕۆناڵدۆ سێ جار پێڵاوی زێڕینی ئەوروپی و مێسی پێنج جار بەدەستهێنا. جگە لەوەش مێسی پێنج جار خەڵاتی باڵۆن دۆر و ڕۆناڵدۆ چوار جار  بەدەستیهێنا.

لەماوەی ئەو نۆ ساڵەی پێکەوە لە ئیسپانیا یارییان کردووە، ئەو دوو یاریزانە کۆی گشتی٩٢٢ گۆڵیان تۆمارکردووە، لەوانە ٣٨ گۆڵ لە یارییەکانی ئیل کلاسیکۆ، ٢٠ گۆڵ لەلایەن مێسی و ١٨ گۆڵیش لەلایەن ڕۆناڵدۆوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە ڕۆناڵدۆ گۆڵکاری هەموو کاتەکانی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە، دوای ئەویش مێسی لە پلەی دووەمدایە. جگە لەوەش مێسی بە تۆمارکردنی ٤٧٤ گۆڵ گۆڵکاری خولی ئیسپانیایە و ڕۆناڵدۆش بە تۆمارکردنی ٣١١ گۆڵ لە پلەی دووەمدایە. هەردوو یاریزان بەشدارییان لە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی یانەکانیان کرد بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین خاڵ لە مێژووی لالیگادا.
لە ماوەی خۆیاندا، ڕکابەری نێوان ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە بە ڕکابەریی نێوان ڕۆناڵدۆ و مێسی کۆکراوەتەوە و دوابەدوای گواستنەوەی ئەستێرەکانی نێیمار و لویس سوارێز لەلایەن بەرشەلۆنەوە و گاریس بەیڵ و کەریم بنزیمە لەلایەن یانەی ڕیال مەدریدەوە، ڕکابەرییەکە فراوانتر بوو بۆ جەنگی سێ یاریزانی هێرشبەری یانەکان، کە نازناوی بی بی سی (بەیل، بێنزیما، کریستیانۆ) و ئێم ئێس ئێن (مێسی، سوارێز، نێیمار)ـیان پێدرا. 

گەورەترین ئەنجام


سەرچاوەکان



270 بینین