چۆن فێری وێنەکێشان ببین؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-30-21:19:00 - کۆدی بابەت: 11389
چۆن فێری وێنەکێشان ببین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن فێری وێنەکێشان ببین؟ (بە عەرەبی: كيف نتعلم الرسم؟، بە ئینگلیزی: ?How to learn drawing)، هەندێک کەس لێهاتوویی زگماکیان هەیە بۆ فێربوونی وێنەکێشان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئاگاداری شێوازەکانی وێنەکێشان بن و تابلۆی هونەری ببینن بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم بەهرەیە. بەڵام ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی وێنە بکێشێت و بیەوێت ئەم لێهاتووییە بەدەست بهێنێت، دەبێت ئارام بگرێت و دوای چەند جارێک هەوڵدان وازنەهێنێت، وێنەکێشان وەک فێربوونی زمانێکی نوێ پێویستی بە بەدواداچوون و گەشەپێدان هەیە، هەروەها پێویستی بە هەندێک کات هەیە. 

مێژووی وێنەکێشان

لە کۆنترین ئەو وێنانەی کە دۆزراونەتەوە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠ هەزار ساڵ پێش زایین، کە لەسەر دیواری ئەشکەوتێک لە دوورگەی سولاوێس لە ئەندەنووسیا هەڵکەندراوە بە بەکارهێنانی کەرەستەی سەرەتایی. هەروەها لە سەردەمی فیرعەونەکاندا دیواری پەرستگا و گۆڕەکانیان بە وێنە دەڕازاندەوە، مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش زایین. وێنەکان بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاست تا سەدەی نۆزدەیەم لە پەرەسەندندا بوون، کە تیایدا هونەر دەستی کرد بە دەربازبوون لە سنوورەکان، لە سەدەی بیستەمدا هونەر چووە قۆناغێکی نوێ، کە تێیدا چەمکەکەی زۆر فراوانتر بوو کە کۆمەڵێک بزووتنەوەی هونەری لەخۆ گرت. وەکوو دەربڕینگەرایی (ئێکسپرێشنیزم)، ئەبستراکت، پۆستمۆدێرنیزم و چەندانی تر.

کەرەستەکانی وێنەکێشان 

کەرەستەی بەکارهێنراو بەپێی جۆری وێنەکێشان دەگۆڕێت، هەندێک لەو کەرەستانەی کە پێویستن بۆ وێنەکێشان بریتین لە: 

پێنووس: لە کاڵترینەوە بۆ تۆخترین پلەبەندی دەکرێن لەسەر پێوەرێکی پلەبەندی لە (7H بۆ 6B)، پیتی H ئاماژەیە بۆ ڕەق و کاڵ،  B ئاماژەیە بۆ نەرم و تۆخ، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی H ڕەقی قەڵەمەکە زیاد دەکات، هەروەها لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی B نەرمییەکەی زیاد دەکات، HB لە ناوەڕاستی پلەبەندییەکە دایە کە تێیدا نەرمی و  ڕەقی پێنووسەکە یەکسانە.

خەڵوز: ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە وێنەکێشاندا بە تایبەتی لە دروستکردنی سێبەر، تابلۆیەکی نەرمی شێوە قەیفەی لێ دروست دەبێت. دوای تەواوبوونی تابلۆکە ماددەی جێگیرکەر (fixative) بەکاردەهێنرێن بۆ پاراستنی تابلۆکە لە کاڵبوون یان تێکچوون.

فڵچە: فڵچە بەپێی جۆری بۆیەی بەکارهێنراو دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە بۆ بۆیەی ئاوی ڕیشاڵەکانی نەرمترن، لەکاتێکدا بۆ بۆیەی زەیتی (ڕۆنی) فڵچەی زبرتر و ڕەقتر بەکاردەهێنرێت. فڵچەکان قەبارەی جیاوازیان هەیە؛ فڵچەی گەورە ژمارە سفر یەکی دەدرێتێ و سفرەکان زیاد دەبن لەگەڵ بچووکبوونەوەی قەبارەی فڵچەکە.

کاغەز: لە کاتی کڕینی کاغەزدا پێویستە وێنەکێشەکە پێکهاتەکەی دەستنیشان بکات، ئەگەر بیەوێت تابلۆیەک بە وردەکارییەوە بکێشێت، پێویستە نەرمترین کاغەز هەڵبژێرێت، بەڵام ئەگەر بیەوێت هێڵە سەرەکییەکان بکێشێت، پێویستە کاغەزی زبرتر هەڵبژێرێت. 

لە بۆیەی ئاویدا ئەستووری کاغەزی بەکارهێنراو دەگۆڕێت، کە لە ڕیشاڵی کەتان یان لۆکە دروستدەکرێت هەروەها چینێکی تری بۆ زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی بۆیەی کەمتر هەڵبمژێت.

چۆنێتی وێنەکێشان

چەند خاڵێکی گرنگ هەیە کە پێویستە پێش دەستکردن بە وێنەکێشان بیانزانیت، کە ڕێنماییکردنی ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت فێری وێنەکێشان ببن، هەروەها لایەنی هۆشیاریی بۆ بوارە جیاوازەکانی تابلۆی هونەری فراوانتر دەکات.

شێوازەکانی وێنەکێشان

ئەو سەرچاوانەی کە نیگارکێش لە کێشانی تابلۆکانیدا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت هەمەچەشنن، دەتوانێت دیمەنێک یان کەسێک کە لە بەردەمیدا بیکێشێت، کە پێی دەوترێت وێنەکێشان بە سەیرکردن یان سەرنجدان. هەروەها دەتوانێت دیمەنێک بکێشێت کە پێشتر بینیویەتی، ئەم جۆرەیان پێی دەوترێت وێنەکێشان لە ڕێگەی بیرەوەری یاخود هزرەوە. یەکێکە لە کارامەییە سەرەکییەکانی وێنەکێشان چونکە وێنەکێشان بەندە بە بیرهێنانەوەی دیمەنەکان و بە وردەکارییەوە، باشتر وایە بە سەیرکردنی تەواوی دیمەنەکە دەست پێبکەیت بەبێ ئەوەی سەرنجت لەسەر یەک بەش بێت بۆ ئەوەی دواتر بیرت بکەوێتەوە، پاشان دەست بکەیت بە سەرنجدانی وردەکارییەکان، هەروەها نیگارکێش دەتوانێت سوود لە داهێنەرییەکەی وەربگرێت بە کێشانی دیمەنەکانی خەیاڵی خۆی کە پێی دەوترێت وێنەکێشان بە سوودوەرگرتن لە خەیاڵ.

نیگارکێش دەتوانێت زیاتر لە شێوازێک لە تابلۆکەیدا بەکاربهێنێت، وەک تێکەڵکردنی دیمەنەکانی خەیاڵی خۆی لەگەڵ وردەکارییەکانی یادەوەری. گرنگیدان بە وردەکاری زۆر گرنگە، کە بە واتای سەرجدانی وردەکارییەکانی دێت بە وریاییەوە. وەک شێوە، پێکهاتە و گونجانیان لەگەڵ لە دەوروبەریان، بۆ ئەوەی نیگارکێش هەست بەو شتانە بکات کە دەیەوێت بیانکێشێت، ئەمەش پێویستی بە هەندێک ڕاهێنان هەیە وەک سەرنجدان و چاودێریکردنی وردی ئەوەی لە دەوروبەریدایە. وردبینی لە وێنەکێشاندا گرنگە، بەڵام پێش ئەوەی نیگارکێش سەرنجی وردەکارییەکانی دیمەنەکەی بەردەمی بدات، شتێکی گرنگتر هەیە بۆ شارەزابوون لە تابلۆکەدا، ئەویش ئەو دیمەنەیە کە هەستێک لە نیگارکێشەکەدا دەروژێنێت، یان ئەو کاریگەرییەی کە لەسەری بەجێیدەهێڵێت، ئەمەش وا دەکات بە شێوەیەکی جوانتر لە تابلۆکەیدا گوزارشتی لێبکات. ڕەنگە تابلۆکە بە تەواوی وردەکارییەکانیەوە دروست نەکرێت، بەڵام ئەوە کاریگەری لەسەر کوالیتییەکەی ناکات ئەگەر تابلۆکە لەسەر بنەمای هەست دروستکرابێت.

کارامەییە سەرەکییەکانی وێنەکێشان

بۆ ئەوەی نیگارکێش بتوانێت دەست بە وێنەکێشان بکات، دەبێت لەو شێوە یان ژینگەیە تێبگات و هەستی پێبکات کە دەیەوێت بیکێشێت.

١- دیاریکردنی لێوارەکان: بریتییە لە دیاریکردنی چوارچێوەی دەرەوەی شێوەکان، دەکرێت دوو ڕەهەندی یان سێ ڕەهەندی بێت بەپێی ئەو شێوەی کە نیگارکێشەکە سەیری دەکات، سەرەتا لە هەر خاڵێکەوە بێت دەست بە کێشانی لێوارەکان دەکات و ئەمەش هەنگاوی یەکەمە بۆ دیاریکردنی شێوەی گشتی تابلۆکە. پێویستە هونەرمەندەکە لە کاتی کێشانی لێوارەکان سەیری ئەو شتە بکات کە دەیکێشێت، نەک کاغەزەکە.

٢- دیاریکردنی پێوانەکان: ئەمەش دیاریکردنی ئەو شوێنەیە کە تەنێک لە بۆشاییدا داگیری دەکات، هونەرمەندەکە بە کێشانی ئەو تەنەی لە ناوەراست  دایە دەست پێدەکات، پاشان ئەو بەشانە دەکێشێت کە دەوریان داوە.

٣- تێگەیشتن لە پەیوەندییەکان: بریتییە لە کێشانی چەندین شێوەیەک لە تەنیشت یەکترەوە، و بینینیان وەک یەک یەکە، یان وەک یەک گروپ، کە بە یەک لێوارەوە یەکدەخرێن.

٤- جیاکردنەوەی ڕووناکی و سێبەر: ڕووناکی و سێبەر یارمەتیدەرن بۆ باشتر تێگەیشتن لە تەنەکان یان شێوەکان. ئەو ڕووناکییەی دەکەوێتە سەر تەنەکە وردە وردە کەم دەبێتەوە بەرەو ئەو شوێنانەی کە ڕووناکی پێی ناگات و سێبەرە، بۆیە دەبێت نیگارکێش سێبەرەکە بە پلەی جیاواز بکێشێت،  نابێت ڕاستەوخۆ لە ڕووناکیەوە بچێت بۆ تاریکی.

بنچینەکانی وێنەکێشان

بنچینەکانی وێنەکێشان ئەو لایەنانەن کە بە وردی کۆنترۆڵی پێکهاتەکانی تابلۆکە دەکەن، لە شێوە و تەنەکاندا بەدی دەکرێن و گرنگیان هەیە لە پیشاندانی تابلۆکە بە دروستی. 

  • ڕێژە: پێویستە ڕێژەی درێژی بە پانی بۆ بەرزی وێنەکە نزیک بێت لەو شێوەی کە دەیکێشیت، بۆ ئەوەی تابلۆکە ڕێک و هاوسەنگ دەربکەوێت.
  • ڕوانگە: بەپێی پێگەی بینین و پشتبەستن بە هێڵی ئاسۆیی دەگۆڕێت، دەبێت پەیوەندییەکی یەکگرتوو هەبێت لە نێوان وێنەکە لە لایەک و پێگەی بینین لە لایەکی ترەوە.
  • نەخش: بریتییە لە ڕێکخستنی ئەو شتانەی کە تابلۆکە پێکدەهێنن بەجۆرێک کە پێکەوە بگونجێن.

بنەماکانی وێنەکێشان

هەندێک کەس پێیان وایە وێنەکێشان تەنها پێویستی بە هەندێک کارامەیی هەیە، بەڵام نیگارکێش ناتوانێت تابلۆیەکی جیاواز دروستبکات تەنها بەو هەستە هونەرییە نەبێت کە پشت بە هەندێک بنەما دەبەستێت، لەوانە:

  • سادەیی: لە کاتی وێنەکێشاندا وا باشترە زیادەڕەوی نەکرێت لە بەکارهێنانی پێداویستییەکان یان ئەو دەربڕینانەی کە دەبێ بگەیەنرێن، باشتر وایە کە تابلۆکە لە سێ بۆ چوار پێکهاتە یان بیرۆکەی گرنگ زیاتری تێدا نەبێت.
  • هاوسەنگی ڕەنگەکان: ڕەنگەکان پێکهاتەیەکی جوانکارین لە تابلۆدا بە مەرجێک هاوسەنگ بن، بۆ نموونە ڕەنگە سارد و گەرمەکان جوان و ئاسوودەن بۆ چاو ئەگەر پەیوەندییەکی هاوسەنگیان هەبێت لە تابلۆکەدا.
  • فرەچەشنی: نابێت هەموو پێکهاتەکانی ناو تابلۆکە وەک یەک بن، هەر پێکهاتەیەکی تابلۆکە بە شێوە، ڕەنگ و پێکهاتەکەی جیا دەکرێتەوە، لەگەڵ گرنگیدان بە گونجانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی تابلۆکە.


سەرچاوەکان



771 بینین