کشتوکاڵ

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-10-05-20:07:00 - کۆدی بابەت: 11405
کشتوکاڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کشتوکاڵ (بە عەرەبی: الزراعة، بە ئینگلیزی: Agriculture) هەموو ئەو چالاکییە کرداریانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات لەسەر زەوی، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەرهەمهێنانی بەرووبوومە ڕووەکی و ئاژەڵیەکان و بایەخدان بە سامانی ماسی و دارستانەکان. ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە کرداریانە بەرزکردنەوەی ئاست و جۆری بەرهەم و پێش خستنیەتی لە ڕێگای بایەخدان بە زەوی. 

لە ڕوانگەی جوگرافییەوە، جوگرافیای کشتوکاڵ بریتییە لە شیکردنەوەی جیاوازییە شوێنییەکان و پەیوەندی ئەم جیاوازییە بە ژینگەی سروشتی و بارودۆخی مرۆییەوە، وە ئەو هۆکارانەی کار دەکەنە سەر بەرهەمهێنانی بەرووبوومی کشتوکاڵ. کەرتی کشتوکاڵ هاوشانی هەریەك لە کەرتەکانی پیشەسازی و گەشت و گوزار، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی نەتەوەیی و پێشکەوتنی لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، چونکە لە لایەکەوە خۆراك بۆ دانیشتوان دابین دەکات و لە لایەکی ترەوە هۆکارێکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کەرتی پیشەسازی کە پشت بە کەرستەی خاوی کشتوکاڵی دەبەستێت. لە لایەکی ترەوە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار و کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتی نەتەوەیی، کە وڵات لە زۆر بارودۆخە ئابوورییەکان ڕزگار دەکات.

ئەگەر لەڕووی زمانەوانییەوە بڕوانینە وشەی كشتوكاڵ بەمانای (كێڵانی زەوی) یاخود (بایەخدان بەزەوی) دێت، ئەم وشەیە لە زمانی ئینگلیزیدا (Agriculture) لە دووبڕگە پێكهاتووە (Agri) بە مانای كێڵگە دێت (Culture) بە مانای كێڵانی زەوی یان بایەخدان بە زەوی دێت. ئەم زاراوەیە تایبەتمەندی خۆی هەبووە لە كاتی دیاریكراودا، چونكە لە ئێستا بیرۆكەی كشتوكاڵ چەندین لایەنی تریش دەگرێتەوە جگە لە چاندنی دانەوێڵەکان گەنم، جۆ، برنج و بەخێوكردنی ئاژەڵ، گرنگیدان بە سامانی ماسی و دارستانەكان دەگرێتە خۆی. 

مێژووی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی کشتوکاڵ

پیشەی كشتوكاڵ بە یەكێك لەو پیشانە دادەنرێت كە مرۆڤ لە كۆنەوە پێوەی پەیوەست بووە، بەڵام بەر لە دۆزینەوەی پیشەی کشتوکاڵ مرۆڤ ئاژەڵە کێوییەکانی ڕاوکردووە و وەکو سەرچاوەیەکی خۆراك بەکاری هێناون دوواتر مرۆڤ ئاژەڵە کێوییەکانی ماڵی کردووە، یەکەمین ئاژەڵ کە مرۆڤ توانیویەتی ماڵی بکات (سەگ) بووە،  دواتر کشتوکاڵی دۆزیوەتەوە لە هەرێمە جیاوازەكان لە ڕووی (تۆپۆگرافی) بەرزی و نزمی، ئاوهەوا و ڕێژەی دانیشتوان، بەپێ ئەو بەڵگە زانستیانەی كەهەن دەرخەری ئەوەن كە بیرۆكەی سەرهەڵدانی كشتوكاڵ دەگەڕێتەوە بۆ (٧٠٠٠) پێش زاین، كە گەنم و جۆ لە گرنگترین ئەو بەروبوومە كشتوكاڵیانە بوونە بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی نزیك بوونە لە  ڕووبەرە ئاوییەکان وەکوو ڕووباری نیل، دیجلە و فوڕات، هەرێمی سەند لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، لە هەرێمی کوردستان کۆنترین شوێنی کشتوکاڵی کە ناسراوە لە جیهان ئەشکەوتی (زرزێ)یە لە پارێزگای سلێمانی و ئەشکەوتی (باڵی کورا) لە قەزای چەمچەماڵ و گوندی (زاوی چەمی) نزیك ئەشکەوتی شانەدەر کە کۆمەڵێك خانووی قوڕی لێ دۆزراوەتەوە، کە ئەمانە کۆنترین خانووی دروستکراوی مرۆڤن و ئامێرە کشتوکاڵیەکانی لێ دۆزراوەتەوە.

لێکۆڵینەوە مێژووییەکان دەریدەخەن گوندی چەرمۆ کە دەکەوێتە بەشی ڕوژهەڵاتی شاری کەرکوك مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (٨٠٠٠) ساڵ پێش زاین بۆ یەکەمین جار بەرووبوومی کشتوکاڵی دانەوێڵە (گەنم و جۆ)ی لێ دۆزراوەتەوە لە ناوچەی (عەقیر) لە بەشی باشووری شاری بەغدا هەندێك ئامێری کشتوکاڵی وەك: (گاسن و داسووکە) دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چەرخی کۆیلەکان (٥٠٠٠) ساڵ پێش زاین. 

لە کیشوەری ئەوڕوپا لە بەشەکانی باشووری بەر لە (٤٠٠٠) ساڵ پێش زاین کشتوکاڵ دۆزراوەتەوە، بەڵام لە بەشەکانی باکوور و ناوەڕاست بەر لە (٢٥٠٠)ساڵ پێش زاین دۆزراوەتەوە، پاشان ئەم بیرۆکەیە گواستراوەتەوە بۆ زەریای هێمن بەتایبەت دوورگەکانی (هاوای) لە ساڵی (١٢٤)زاین کشتوکاڵ تیایدا سەری هەڵداوە. پسپۆڕان بۆچوونیان وایە کە کشتوکاڵ لە هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشووریش بڵاوبووبێتەوە لە ماوەی نێوان ساڵانی (٣٠٠٠ بۆ ٦٠٠٠) ساڵ پێش زاین، بەتایبەتی لە کیشوەری ئەمریکای باکوور بۆ یەکەم جار کشتوکاڵ لە وڵاتی مەکسیك دۆزراوەتەوە و لە کیشوەری ئەمریکای باشوور لە وڵاتی پیرۆ دۆزراوەتەوە وە لە کیشوەری ئەفریقا لە هەردوو وڵاتی (میسڕ و مەغریب) لە ساڵی (٥٠٠٠) پێش زاین دۆزراوەتەوە. دوواتر بەمشێوەییە ئەم پیشەیە بەردەوام لە پێشکەوتن دابووە لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤ کە دوواتر بە تەواوی جیهان بڵاوبوویەوە.

بنەماکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ

1. بنەما سروشتییەکانی کشتوکاڵ

● ئاوهەوا بە گشت ڕەگەزەکانییەوە
● بەرزی و نزمی (تۆپۆگرافی)
● خاك و جۆرەکانی
● دەرامەتی ئاو بە گشت جۆرەکانی

2. بنەما مرۆییەکانی کشتوکاڵ

● هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان
● هۆکارە ئابوورییەکان
● هۆکارە ڕامیارییەکان
● هۆکارە زیندەگییەکان

گرنگترین توانستەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی مرۆیی

  1. سەرماییە بە هەردوو جۆرەکەیەوە سەرماییەی نەختینەی وەکوو دراوی گرانبەها، سەرماییەی وەبەرهێن وەکوو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان.
  2. دەستی کار
  3. پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا
  4. ڕێگاوبان
  5. ڕامیاری میری

جۆرەکانی بەرووبوومی کشتوکاڵی

  1. بەرووبوومی ڕووەکی
  2. بەرووبوومی ئاژەڵی
  3. بەرووبوومی پیشەسازی

گرنگترین شێوازەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی

  1. شێوازی کشتوکاڵی جوڵاو
  2. شێوازی کشتوکاڵی فراوان
  3. شێوازی کشتوکاڵی خۆبژێوی
  4. شێوازی کشتوکاڵی تێکهەڵاو

گرفتەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی واتە شوێن بە گوێرەی ناوچەکانی دەورووبەرکە بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا لە بەشی باکووری هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی تورکیا، لە بەشی ڕۆژهەڵات هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی سنووری تاکوو دەگاتەوە بەشەکانی باشوور، لەبەشی باکووری ڕۆژئاوا هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سووریا و لە بەشەکانی ناوەڕاست و باشوور هاوسنوورە لەگەڵ هەریەك لە تکریت و بەغدا

لەڕووی شوێنی فەلەکی واتە بازنەکانی پانی و هێڵەکانی درێژی دەکەوێتە نێوان هەردوو بازنەی (٣٠:٦١ بۆ ٤٠:٣٩)° باکووری گۆی زەوی، هێڵەکانی درێژی (٣٦:٠٠ بۆ ٥٢:٦١)° ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی، بەمجۆرەش هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێوان (٩) بازنەی پانی و (١٦) هێڵی درێژی. ڕووی زەوی هەرێمی کوردستان دابەش دەبێت بۆ چەند یەکەیەکی بەرزی و نزمی کە بریتین لە: 

  1. ناوچە شاخاوییەکان
  2. ناوچەی بانەکان
  3. ناوچەی دەشتەکان 

لە ڕووی تایبەتمەندیی ئاووهەوا، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناوچەی مامناوەندی باکووری گۆی زەوی کە ئاوهەوای کیشوەری نیمچە خولگەیی دەریای ناوەڕاستە، بەجۆرێك وەرزی هاوینی گەرم و وشکەو وەرزی زستانی سارد و باراناوییە و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت. لەڕووی سامانی ئاو هەرێمی کوردستان بە یەکێك لە ناوچە دەوڵەمەندەکان دادەنرێت لە ڕووی دەرامەتی ئاو (ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی) کە چەندین ڕووباری پیادا تێدەپەڕێت وەك: ڕووباری دیجلە، ڕووباری سیروان، ڕووباری خاپوور، زێی گەورە، زێی بچووك، زێی ڕووخانە عوزێم، هەرێمی کوردستان خاوەنی سێ بەنداوی گەورەیە لەوانە (بەنداوی دەربەندیخان، بەنداوی دووکان، بەنداوی دهۆك) ئەمەش جگە لە بەنداوی گۆمەسپان و بەستۆڕە کە لە قۆناغەکانی کۆتایی تەواو کردندان. 

لەگەڵ بوونی چەندین دەشتی گەورە وەك: دەشتی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەشتی شارەزوور لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەشتی ڕانیە، دەشتی شنگال، دەشتی سندی لە سنووری پارێزگای دهۆک). جگە لە هەموو ئەم تایبەتمەندییە سروشتییە جۆراوجۆرانە (ئاوهەوایەکی گونجاو، بەپیتی خاك بۆ کشتوکاڵ کردن، بوونی ڕووبەرێکی فراوانی خاك بۆ کشتوکاڵ کردن کە مەزندە دەکرێت بە (١٧) ملیۆن دۆنم کە زۆر شیاوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، بەڵام چەندین گرفتی مرۆیی بوونەتە هۆکاری سەرەکی بۆ گەشە نەکردن و پەرەپێنەدانی ئەم کەرتە، گرنگترین هۆکارەکانیش بریتین لە: 

  1. كەمی ئەزموون و شارەزای جوتیارەكان واتە بەشێكی زۆری جوتیاران لەسەر ڕێبازی كۆنی باب و باپیران درێژەیان بەم چالاكییە داوە.
  2. نەبوونی ئامێر پێشكەوتوو و سەردەمیانە و بەكارهێنانی لەم چالاكییەدا.
  3. كەمی سەرماییەی پێویست لەلایەن جوتیاران و هاوكارینەكردنی لایەنی پەیوەندی دار لە ڕووی ماددی و مەعنەوی
    نەبوونی ئامێری سارد كەرەو لە عەلوەكان.
  4. هاوردەكردنی بەروبوومی وڵاتانی دراوسێ و فرۆشتنەوەیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەمەش ئاستەنگی دروستكردووە لە ساغ نەبوونەوەی بەرووبوومی نێوخۆیی.
  5. نەبوونی كارگەی پێویست بۆ وەرگرتنی بەروبوومی جوتیاران. 
  6. كەمی بەندا و نەبوونی بڕی ئاوی پێویست بۆ بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لە هەندێك لە ناوچە.
  7. خراپی ڕێگا و بان كە ئاستەنگی زۆری لەبەردەم گواستنەوەی بەروبوومەكان بۆ بازاڕ دروستكردووە.
  8. نەخۆشییە كشتوكاڵییەكان كە كاریگەری نەرێنی و خراپی لەسەر بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان دروستكردووە.
  9. جێبەجێ نەكردنی ڕێگای زانستی و سەردەمی بۆ وەبەرهێنانی بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان.
  10. نەبوونی میكانزمێكی گونجاو لە بازاڕەكاندا بۆ وەرگرتن و ساغكردنەوەی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان. سەرچاوەی سەرەكی داهات لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆیە دەكرێت بیر لە بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ ئەوەی داهات لە ڕێگای ئەم كەرتە گڵ بدرێتەوە، ئاسایشی نەتەوەیی پێ فەراهەم بکرێت.


سەرچاوەکان



1895 بینین