ئەو بەهاراتانەی تەندروستی دڵ دەپارێزن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-15-20:21:00 - کۆدی بابەت: 11454
ئەو بەهاراتانەی تەندروستی دڵ دەپارێزن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو بەهاراتانەی تەندروستی دڵ دەپارێزن (بە ئینگلیزی: Spices that  protects heart health، بە عەرەبی: التوابل و البهارات التي تحمي صحة القلب) بەهارات ئەو تام و بۆنەیە لە دروستکردنی خۆراک و هەندێک جار شیرینیدا بەکاردێت. کۆمەڵێک بەهارات هەن کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دڵ هەبێت. پزیشکی کۆنی یۆنانی هیپۆکرەیت دەڵێت: "با خۆراک دەرمان بێت و دەرمان خۆراک بێت." زۆرجار ئەم پزیشکە بە باوکی پزیشکی ناودەبرێت، هیپۆکرەیت پێشنیاری ئەوە دەکات کە نەخۆشی بەهۆی هۆکارەکانی هەڵسوکەوتەوە دروست دەبێت، لەوانە خۆراک و شێوازی ژیان. هەربۆیە ئاگاداربوونمان لە خۆراک و شێوازی ژیانمان هۆکارێک دەبێت بۆ خۆپاراستنمان لە نەخۆشییەکان.

هەروەها ئەگەر نەخۆشی بەهۆی شێوازی خۆراک و شێوازی ژیان و هۆکارە ژینگەییەکانی دیکەوە بێت، ئەوا دەبێت بتوانرێت چارەسەر بکرێت بە گۆڕینی هەمان هۆکار، بۆ نموونە خۆراک.
هیچ شتێک لە ژینگەدا ئەوەندە پڕ نییە لە بریکاری چاکبوونەوەی شاراوە وەک کابینەی بەهاراتەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە چێشتخانەکانی سەرانسەری جیهاندا بۆ ئەو ماوەیەی خەڵک دەیخۆن، بۆ باشترکردنی تامی خۆراک و دابینکردنی سوودی تەندروستی.

هەندێک لەو بەهاراتانە سوودێکی تایبەتیان هەیە بۆ تەندروستی دڵ و بۆرییەکانی خوێن. هەروەها لەوانەیە لە دەرمانە پزیشکییەکان بەکاربهێنرێت. بیربکەرەوە چەند باشدەبێت بە یارمەتی ئەو  بەهاراتەی ڕۆژانە لە خۆراکەکاندا بەکاردەهێنرێت تەندروستی دڵت بپارێزیت.

دیارترین بەهاراتەکان بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ

بریتین لە:

بیبەری سوور

بیبەری سوور (Cayenne Pepper) بەهاراتێکی بەناوبانگە لە چێشتی مەکسیکی، کاجون، کریۆل و هەروەها چێشتی ئاسیایی. هەندێک جار بە شێوەی بەرهەمی تازە بەکاردێت، بەڵام زۆرجار لە شێوەی پاودەری وشککراو و هاڕاو بەکاردێت. بیبەری سوور ڤیتامین C و پۆتاسیۆمی تێدایە و پێکهێنەرەکانی وەک کاپسایسین کە بەرپرسیارە لە توونی و زۆرێک لە سوودە تەندروستییەکانی.
سووڕی خوێن لەوانەیە یەکەم شت بێت کاتێک کە بیر لە سوودە تەندروستییەکانی بیبەری سوور دەکەینەوە. بەڵام چۆن کاریگەری لەسەر سووڕی خوێن هەیە؟ لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە لەوانەیە بە چەند ڕێگایەک بیبەری سوور کار لە سووڕی خوێن و دڵ بکات. لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان نیشان داوە کە پێکهێنەرەکانی ئەم بەهاراتە دەتوانن  کۆلیسترۆڵی گشتی و کۆلیسترۆڵی LDL و تریگلیسیرایدەکان کەم بکەنەوە و کۆلیسترۆڵی HDL زیاد بکەن.

بیبەری سوور دەتوانێت کرداری ناوپۆشەخانەکان باشتر بکات بە زیادکردنی ئۆکسیدی نایترۆجین، کە ڕێگایەکی زانستییە بۆ ئەوەی یارمەتی خوێنبەرەکان بدات بۆ خاوبوونەوە یان فراوانبوون.

هەروەها بیبەری سوور کاریگەری دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنی بەهێز پێشکەش دەکات، کە زیاتر سوود بە دڵە لوولە کۆئەندام دەگەیەنێت.

قەڵەوی هۆکارێکە بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەها خواردنی بیبەری سوور سودی بۆ دابەزاندنی کێش هەیە. پێکهاتەکانی بیبەری سوور (و ئەندامەکانی دیکەی خێزانی کاپسیکۆم) پێیان دەگوترێت کاپسینۆید، کێشی لەش و چەوری لەش کەم دەکەنەوە بە تایبەت کاتێک پیاوان و ئافرەتانی سەروو ٨٠ کیلۆ دەیخۆن.

لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا، ١ گرام (نزیکەی نیو کەوچکی چا) لە بیبەری سوور بووەتە هۆی زیادبوونی سوتاندنی وزە و ئۆکساندنی چەوری (سوتاندنی چەوری). بڕی لە یەک لەسەر دەی گرامێک بۆ زیاتر لە سێ گرام (لەسەر بنەمای ئەو بڕەی کە لە لایەن بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکەوە پەسەندکراوە) خووگرتن بە زۆرخۆری کەم دەکاتەوە و ئارەزووی خواردنی چەوری و سوێر و شیرین کەم دەکاتەوە.

سیر

سیر (Garlic) ڕووەکێکە کە لە هەموو جیهاندا بەکاردەهێنرێت، هەرچەندە باوەڕ وایە لە سیبریاوە سەرچاوەی گرتبێت. گورزە یاخود چەپکی ڕووەکی سیر بەکاردێت لە چێشتلێنان بە شێوەی ساغ، پارچە پارچەکراو، پەستانکراو یان هاڕاو.

سیر یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەو بۆنانەی لە چێشتلێنان بەکاردێت، هەروەها زۆرترین توێژینەوەی لەسەر کراوە. زیاتر لە ١٠٠ ماددەی کیمیایی لە سیردا دۆزراونەتەوە، لەگەڵ ئەو پێکهاتەیەی کە گۆگردی تێدایە بەناوبانگترین پێکهاتەیە.

هەروەها ئەلیسین و ئاوێتەکانی دیکەی گۆگرد لە خزمەکانی سیردا دەدۆزرێنەوە، لەوانە پیاز و کەوەر. ئەم ئاوێتە تەندروستەی گۆگرد دروست دەبێت کاتێک کە کەوچکی سیر ورد دەکریت بە بڕین، تێکدان، یان هاڕین.
ئەلیسین و ئاوێتەکانی تری گۆگرد بەرپرسن لە تامی توند و زۆرێک لە سوودە تەندروستییەکانی سیر. هەروەها دیارترین ئەو خۆراک و ماددانەی کە ئەم خۆراکە بەهێز دەکەن، ئەو پێکهاتانەن کە تام و بۆنی تایبەت پێشکەش دەکەن.

لەوانەیە سوودە گرنگەکانی سیر جێی سەرسوڕمان نەبێت، بەتایبەت سوودەکانی بۆ دڵ و سووڕی خوێن. هەربۆیە سیر بەسوود دانراوە بۆ هەر کەسێک کە بەکاریدەهێنێت لە ئامادەکردنی خۆراکدا جگە لەو کەسانەی هەستیاری خۆراکییان بۆ سیر هەیە.
چەندین توێژینەوە دەریانخستووە کە سیر پەستانی خوێن دادەبەزێنێت و شەڕی تەنۆلکە سەربەستەکان دەکات لە بۆرییەکانی خوێنی ئەو کەسانەی کە ڕێژەی خوێنیان بەرزە. 

چەندین توێژینەوە ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە سیر دەتوانێت ئاستی چەوری خوێن کەم بکاتەوە، بەتایبەتی کۆی گشتی کۆلێسترۆڵ و کۆلیسترۆڵی LDL. هەرچەندە لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە کە هاوتای یەک کەوچکی سیر بەس نییە بۆ ئەوەی جیاوازی دروست بکات، بەڵام پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ڕۆژانە چوار کەوچک سیر جیاوازی دروست دەکات. توێژینەوەیەکی تر دەریخستووە کە سیر باشتر کاردەکات کاتێک تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ کەوچکێک شەربەتی لیمۆ.
لە توێژینەوەیەکدا بە بەکارهێنانی بیست تاڵی سیر، کە یەکسانە بە دوو بۆ سێ کەوچک لە هاڕاوەکەی بۆ ماوەی دوو مانگ بە شێوەیەکی بەرچاو کۆی کۆلیسترۆڵ کەم دەکاتەوە هەروەها کۆلیسترۆڵی LDL کەمدەکاتەوە لەو کەسانەی کە ئاستی کۆلیسترۆڵیان ٢٠٠mg/dL یان بەرزترە. ئەم توێژینەوەیە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە سیر کاریگەرییەکی زۆری نەبووە لەسەر ترایگلیسیرایدەکان و کاریگەری ڕوونی لەسەر کۆلیسترۆڵی HDL نەبووە.

زەنجەفیل

زەنجەفیل یاخود زەنجەبیل (Zingiber Officinale) یەکەم جار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گەشەی پێدرا و لە کاتی بازرگانی بەهاراتدا بەرەو ڕۆژئاوا ڕۆیشت. ئەم جۆرە زەنجەفیلە لە کێویدا بوونی نییە، هەرچەندە ڕووەکێکی تەواو جیاواز هەیە پێی دەوترێت زەنجەبیلی کێوی (Canadense) کە دەوترێت پێکهاتەی ژەهراوی تێدایە.
هەرچەندە ڕەگی زەنجەفیل لە خواردنە بەتام و بۆنەکانی چێشتی هیندی و ئاسیایی بەکاردێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە خواردنە شیرینەکانی چێشتی ڕۆژئاواییدا بەکاردێت، بۆ نموونە نانی زەنجەفیل، کۆکیزەکانی زەنجەفیل، بیرەی زەنجەفیل. ڕەگی زەنجەفیل دەتوانرێت ببڕدرێت، پارچە پارچە بکرێت، شەربەتی تێکەڵ بکرێت، و شیرین بکرێت، بەڵام زۆربەی کات وەک پاودەر بەکاردێت.
جینگیرۆڵ (Gingerol) کە چالاکترین پێکهاتەی زیندەیی زەنجەفیلە، بەرپرسیارە لە تام و بۆنەکەی، لەگەڵ زۆرێک لە سوودە تەندروستییەکانی، بۆ نموونە تایبەتمەندییەکانی دژە ئۆکسان و دژە هەوکردن.

هەرچەندە زەنجەفیل زۆرجار بە شێوەی چا، ناسراوە بەوەی  کە باشترین کاریگەری دژە هێڵنجدان هەیە، بەڵام توێژینەوەکانی ئەم دواییانە کاریگەرییەکانی لەسەر کەمکردنەوەی هۆکارەکانی مەترسی پەیوەست بە نەخۆشییەکانی دڵەوە تاقیکردەوە.
پێداچوونەوەیەک بۆ دوانزە توێژینەوە دەریخستووە کە زەنجەبیل ئەنجامی باشتری بەدەستهێناوە کاتێک بە بری دوو گرام بەکاردەهێنرێت، لەوانە کەمبوونەوەی ترایگلیسیرایدەکان و کەمبوونەوەی کۆلیسترۆڵ. دوو گرام پاودەری زەنجەفیل یەکسانە بە نزیکەی یەک کەوچکی چا. لێکۆڵینەوەکانی دیکە لەسەر نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو ئەوەیان دەرخست کە زەنجەبیل شەکری خوێن و شەکری بەستراو بە هیمۆگلۆبین HbA1c کەم دەکاتەوە (پێوانەیەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێنی درێژخایەن). بەرزی ترایگلیسیراید و کۆلیسترۆڵ و شەکری خوێن هەموویان هۆکاری مەترسی نەخۆشی دڵن، هەر بۆیە کۆنترۆڵکردنی ئەمانە هۆکارێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ.

زەردەچەوە

زەردەچەوە (Curcuma longa) لە هەمان خێزانەوە هاتووە وەک زەنجەبیل، خێزانی زینگیبێراسی، هەروەها ڕەسەنە بۆ هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. بەزۆری لە خواردنە هیندییەکاندا بەکاردێت، وەک کوری، تیکا ماسالا و مریشک. هاوشێوەی زەنجەفیل، ڕەگی زەردەچەوە ئەو بەشەیە کە لە چێشتلێنان بەکاردێت. زۆربەی کات لە شێوەی پاودەر یان بە تەنیا یان وەک یەکێک لە نۆ بۆنەکان کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە پاودەری کاریدا دەدۆزرێنەوە بەکاردێت. زەردەچەوە پاودەری کاری ڕەنگ زەردی زێڕین پێشکەش دەکات.
سێرکۆمینۆیدەکان لە زەردەچەوە زۆرێک لە سوودە تەندروستییەکان دابین دەکەن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە کاریگەرییەکانی دژە هەوکردنەوە.
زەردەچەوە ژمارەیەکی زۆر دژە ئۆکسانی هەیە کە هەستیار نین و لەناوناچن بە چێشتلێنان. هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەردەچەوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە کە ٢.٤ گرام (نزیکەی یەک و یەک لەسەر چواری کەوچکی چا یاخود پێنج لەسەر چواری کەوچکی چا) لە زەردەچەوە بۆ ماوەی چوار هەفتە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆلیسترۆڵی LDL و پرۆتینی کاردانەوەی C (نیشانەی هەوکردنە و پەیوەستە بە زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ).

دارچین

دارچین (Cinnamon) بریتییە لە بۆنی ناوەوەی چەندین جۆری دار لە جۆری دارچینی. هەرچەندە دار چینەکان زۆرجار لە سرکەی گەرم یان شەراب دەدۆزرێنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی لە شێوەی پاودەر بەکاردێت لە هەردوو خواردنی شیرین و بۆن خۆشدا، هەروەها بە شێوەی چا بەکاردێت.
دارچین مێژوویەکی درێژی هەیە کە لە ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەستی پێکردووە. لە سەرەتادا بۆنێکی دەگمەن بووە گونجاو بووە بۆ پاشاکان، ئێستا لە نزیکەی هەموو چێشتخانەکانی جیهاندا دەدۆزرێتەوە. ئاوێتەیەکی چەور بە ناوی سیناماڵدیهاید (cinnamaldehyde) بەرپرسیارە لە بۆن و تامی جیاواز و هەروەها زۆرێک لە سوودە تەندروستییەکانی دارچین.

وەک بیبەری سوور، دارچین تایبەتمەندی دژە ئۆکسان و دژە هەوکردنی بەهێزی هەیە کە بەرپرسیارە لە سوودەکانی بۆ تەندروستی دڵ.
هەرچەندە لەوانەیە دارچین بەوە ناسراوبێت کە یارمەتی کەمکردنەوەی شەکری خوێن دەدات، بەڵام دەتوانێت لەگەڵیدا یارمەتی کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشی دڵ بدات بە ڕێگایەکی تر چونکە دەتوانێت ئاستی کۆلیسترۆڵ و پەستانی خوێن باشتر بکات.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا لەسەر شەست پیاو و ئافرەت کە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە و ئەنجامدراوە، ڕۆژانە نیو کەوچکی چا دارچین بۆ ماوەی چل ڕۆژ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شەکری خوێن، ترایگلیسیرید، کۆلیسترۆڵی LDL و کۆی کۆلیسترۆڵی گشتی.
هیچ گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەکەدا نەبوو کە پلەسیبۆیان وەرگرتبوو. لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی دیکە کە شیکردنەوەی کاریگەرییەکانی دە توێژینەوەی تری کردبووە، کاریگەری هاوشێوەی لەسەر کۆلیسترۆڵ و تریگلیسیراید و شەکری خوێن دۆزیوەتەوە. هەروەها ئەوەشی دۆزییەوە کە دارچین کاریگەری دەبێت لەسەر دابەزاندنی پەستانی خوێن.


سەرچاوەکان



661 بینین