بزنی کێوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-10-20-20:17:00 - کۆدی بابەت: 11493
بزنی کێوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بزنی کێوی (بە ئینگلیزی: Wild goat، بە عەرەبی: معزة بریة)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و لە جۆری کاوێژکەرەکاندایە، نشینگە بنەڕەتییەکەی دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا و لە ناوچەی دارستان و دەوەن و بەردەڵانەکاندا دەژی، نزیکە لەوە کە لەناو بچێت چونکە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە و تەنها ٧٠ هەزار دانەی لە سروشتدا ماوە، گەورەترین مەترسیش بەهۆی لەدەستدانی نشینگەوەیە، یاخود کاتێکە کە ناچار دەبێت لەگەڵ گیانەوەرە ماڵییەکاندا پێشبڕکێبکات لەسەر خۆراک و لەوەڕگا.

شێوەی دەرەوەی لەگەڵ تواناکانی

فەروویەکی زۆر ئەستووری هەیە کە بە گوێرەی وەرز و شوێنەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە زستاندا نێرینەکان جەستەیان کاڵە بەڵام ڕیش و سنگیان تۆخە، ئەو فەرووە ئەستوورە هاوکاری دەکات لە کەشوهەوای ساردی ناوچە شاخاوییەکان و دەیپارێزێت، قەبارەیەکی تاڕادەیەک گەورەی هەیە و کێشی لە نێوان ٦٠-١٣٦ کیلۆگرامە، درێژییەکەی لە نێوان ١٢٠-١٦٠ سانتیمەترە و بەرزییەکەشی لە نێوان ٧٠-١٠٠ سانتیمەترە، خێراییەکەی لە کاتژمێرێکدا دەگاتە نزیکەی ١٧ کیلۆمەتر، هەردوو نێرینە و مێینەکان ڕیش و شاخیان هەیە بەڵام شاخی نێرینەکان درێژترە.

هەروەک لە ناوەکەیدا دیارە ئەم بزنە لە ناوچەی شاخ و سەختدا دەژی، لەبەر ئەوەشە کە جەستەی ڕێک و پتەوە و بەسەر بەرد و گژوگیای بڵاوەوە دەژی، توانایەکی گەورەی بازدانی هەیە و دەتوانێت هەتاکوو زیاتر لە مەترێک بەرز ببێتەوە و بازەکان دەگاتە ١٧٥ سانتیمەتر، لەکاتی جووڵەکردنی لەسەر بەردەکان هێواش دەردەکەوێت بەڵام ئەگەر پێویست بکا بە خێرایی دەجووڵێت، یاخود ئەگەر لە بەرزی ٤-٦ مەترەوە خۆی هەڵبداتە خوارەوە و بکەوێت ڕزگاری دەبێت، جگە لە ئەمانەش بزنی کێوی گیانەوەرێکی گیاخۆرە و ژەمەکانی بریتین لە گژوگیا لەگەڵ دەوەن و ڕووەکە جیاوازەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

سروشتی بزنی کێوی بە جۆرێکە کە زۆر کۆمەڵایەتییە، ئەگەر بێزار نەکرێت و شەڕ دروست نەبێت ئەوا کۆمەڵە و ڕەوەی زۆر گەورە پێکدەهێنن، زیاتر بزنە بەتەمەن و گەورەکان لەخۆ دەگرێت، ئەگەر بزنێک بێزار بکرێت و شەڕی لەگەڵدا بکرێت ئەوا لە کۆمەڵەکە دوور دەکەوێتەوە، بەشەودا دەچێتە جێگەیەکی بەردەڵانەوە کە بەئاسانی نەبینرێت، دواتر پێش ڕۆژهەڵاتن جێگەکە جێدەهێڵێت و کاتێک تاریکبوو دەگەڕێتەوە.

وەرزی یەکگرتن لە زستاندایە کە نێرینەیەک لەگەڵ چەندین مێینەدا جووت دەبێت، بۆ بەدەستهێنانی هاوبەش نێرینەکان شەڕ دەکەن، جگە لە ئەمەش نێرینەکان ماددەیەکی چەور لەسەر پێستیان دەردەدەن کە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان، دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکە ١٧٠ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر ١-٣ بێچوو لەدایکدەبێت و زۆر ئامادەن و توانای جووڵەکردنیان هەیە، بێچووەکان لە تەمەنی شەش مانگیدا دەگەنە قۆناغی سەربەخۆیی و لە شیر دەبڕدرێنەوە، تەمەنی توخمە پێگەیشتنیش بە گوێرەی ڕەگەزەکان جیاوازە، مێینەکان لە ١.٥-٢.٥ ساڵی پێدەگەن بەڵام نێرینەکان لە ٣.٥-٤ ساڵی پێدەگەن، هەروەها سوڕی ژیانی بزنی کێوی لە نێوان ١٢-٢٢ ساڵە.  


سەرچاوەکان



247 بینین