زانستە ڕەفتارەکان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-10-20-20:25:00 - کۆدی بابەت: 11494
زانستە ڕەفتارەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زانستە ڕەفتارەکان یاخود زانستی ڕەفتارکردن (بە ئینگلیزی: Behavioural sciences، بە عەرەبی: علوم سلوکیة)، بەشێکە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و سەر بە زانستی دەرونناسییە، ئەم لقەی زانست باڵدەکێشێت بەسەر هەموو ئەو بابەتە زانستییانەی کە تایبەتن بە دۆزینەوە و تێگەیشتن لە ئەو ڕەفتارانەی کە مرۆڤ و هەموو زیندووەکان ئەنجامیدەدەن، لەگەڵ تێگەیشتن لە کاردانەوەیان لەگەڵ هۆکارە سروشتییەکان.

زانستی ڕەفتارکردن دوو لقی گەورەی تری زانست لەخۆدەگرێت کە بریتین لە زانستی دەمار و زانستی پەیوەندیکردن، زۆرینەی جارەکان خەڵکی زانستی ڕەفتارکردن تێکەڵ و ئاڵۆزدەکەن لەگەڵ زانستە کۆمەڵایەتییەکان، هەرچەندە خاڵی هاوبەشیان هەیە بەڵام جیاوازیشیان هەیە لەسەر ئاستی شیکردنەوە، زانستە ڕەفتارییەکان هەموو ئەو زانیارییانەی کە لە ئەنجامی توێژینەوەکانەوە بەدەستیان هێناوە، پوخت و کورتی دەکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕیاردان و ستراتیجی پەیوەندیکردنی بوونەوەرە زیندووەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ یەکتریدا، بەڵام زانستە کۆمەڵایەتییەکان چوارچێوەیەکی بەرجەستەیە بۆ ئەو توێژینەوانەی کە کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی لەسەر تاکەکانی نێو کۆمەڵگا دەردەخات.     

ئامانجی زانستە ڕەفتارەکان

ئەم لقەی زانست لە ژمارەیەک لە ڕەفتارەکان دەکۆڵێتەوە، بۆ تێگەیشتن لە ئەو هۆکارە زانستییانەی کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی هەندێک لە ڕەفتارەکان، نموونەی ئەو بەشانەش کە زانستە ڕەفتارەکان لێی دەکۆڵێتەوە وەک ئەمانەی خوارەوە:

  • زمانی جەستە
  • زانستی کۆمەڵایەتی
  • زانستی دەمار

بەکارهێنانەکان

سوودەکانی زانستە ڕەفتارەکان لە بەشەکانی تری زانستدا دەردەکەوێت وەک ئەمانە:

  • ڕەفتارە ڕێکخراوەکان
  • لێکۆڵینەوە زانستییەکان
  • زانستی دەروونناسی.


سەرچاوەکان



186 بینین