هۆکاری ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین چییە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-10-22-21:45:00 - کۆدی بابەت: 11509
هۆکاری ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆکاری ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین چییە؟ (بە عەرەبی: ما هو سبب الصراع بین الإسرائيل والفلسطين؟، بە ئینگلیزی: ?What is the cause of the conflict between Israel and Palestine)، ململانێی عەرەب و ئیسرائیل ململانێیەکە کە ڕەگ و ڕیشەی دەگەرێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم. ململانێکان بوون بە پرسێکی گەورەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دروستبوونی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨. ململانێی عەرەب و ئیسرائیل لانیکەم پێنج شەڕی گەورە و ژمارەیەکی زۆر ململانێی بچووکتری لێکەوتەوە کە بوون بە سەرچاوەی دوو ڕاپەڕینی گەورەی فەڵەستین.

یەکەمین شەڕی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل

ململانێی عەرەب و ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ گرژیی سیاسی و ململانێی سەربازی و ناکۆکی نێوان ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسرائیل. ڕیشەی ململانێی عەرەبی و ئیسرائیل پەیوەستە بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و زایۆنیزم لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم. فەڵەستینییەکان ئەم ناوچەیە وەک زێدی مێژوویی خۆیان دەبینن کە هەزاران ساڵە تێیدا ژیاون، لەبەرانبەردا جوولەکەکان پێیان وایە بە پێی دەقەکانی ناو تەورات بەڵێنی ئەم خاکەیان پێدراوە و لە چوارچێوەی ئیسلامیشدا ئەم خاکە، خاکی موسڵمانانە. ململانێی نێوان جوولەکە و فەڵەستینیەکان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا پەرەیسەند، لە ساڵی ١٩٤٧دا شەڕێکی بەرفراوان لە نێوانیان ڕوویدا، کە هەڵمەتێکی گەورەی پاکتاوی نەتەوەیی و ئاوارەکردنی فەڵەستینیەکانی لە گوند و شارەکانیان لەخۆگرتبوو، ئەمە بوو بە یەکەمین جەنگی عەرەب و ئیسرائیل لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٨ دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل.

یەکەمین شەڕی هەمەلایەنەی نێوان عەرەبەکان و قەوارەی ئیسرائیل ساڵی ١٩٤٨ بوو، کە تیایدا وڵاتە عەرەبییەکانی دراوسێی ئیسرائیل بەشدارییان کرد ناسرابوون بە سووپای ڕزگارکەری عەرەبی، ئەمە جگە لە بەشداریکردنی هەزاران خۆبەخشانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، لە لایەنی ئیسرائیلیشەوە؛ هێزەکانی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی زایۆنیزم کە لە کاتی داگیرکاریی بەریتانیا بۆ سەر فەڵەستین، کە پێش ڕاگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزرابوون، بەشدارییان کرد. دەرئەنجامی ئەم شەڕە بە شکستی عەرەبەکان و ئاوارەبوون و بوون بە پەنابەری زۆرینەی  گەلی فەڵەستین کۆتایی هات. گرنگترین هۆکارەکانی شکستی لایەنی عەرەبی، ململانێی عەرەبە کە ڕێگری لە هەماهەنگی ڕاستەقینە کرد، هەروەها ملکەچبوونی سەرکردایەتی سوپای عەرەبی بۆ وڵاتانی دەرەوە، لەگەڵ پشتیوانی ڕۆژاوا بۆ زایۆنیزم هۆکاری سەرەکی شکستەکە بوون.

چی وایکرد فەڵەستین وەکوو وڵاتێک هەڵبژێرن بۆ جوولەکەکان؟

بزووتنەوەی زایۆنیزم لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا لەلایەن دامەزرێنەری ئەو بزووتنەوەیە هەرزل کە بە باوکی بیرۆکەی دەوڵەتسازیی نوێی جوولەکەکان (زایۆنیزم) ناسراوە، بە مەبەستی ڕزگارکردنی جوولەکەکان لەو زەلیلییەی کە لە هەموو جیهاندا تووشی دەبوون. هەرچەندە بیرۆکەیەک بوو کە لەلایەن هەمووانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا، چی لەلایەن جوولەکەکان بێت یاخود ئەوانەی دەیانویست ڕزگاریان بێت لێیان، بەڵام هەڵبژاردنی فەڵەستین وەک وڵاتێکی نیشتمانی بۆ جوولەکەکان تا کۆتایی پڕۆژەکەی لە مێشکی هەرزلدا نەبوو.

پاڵنەرەکانی هەرزل بەتەواوی ئایینی نین و ناتوانین بەو جۆرە ناویان ببەین، چونکە ئەو پیاوە لە بنەڕەتدا کەسێکی ئایینی نەبووە و هیچی لە تەورات لەبەرنییە، لە کۆنگرەی یەکەمی زایۆنیزم بە چەند کاتژمێرێک پێش کۆنفرانسەکە هەندێک دەستەواژەی ئایینی بە سەختی لەبەرکردووە. بەڵام جوولەکەیەکی ناسیۆنالیستە، تەنها لە گۆشەی نەتەوایەتییەوە مامەڵەی لەگەڵ کارەساتی جوولەکەکاندا کردووە. هەرزل ئەرجەنتینی پێ باشتر بوو لە فەڵەستین وەک نیشتمانێک بۆ جوولەکەکان،

ئەو هۆکارانە چی بوون کە وایانکردن هەرزل بیر لە کۆچکردنی جوولەکەکان بکاتەوە بۆ ئەرجەنتین؟

یەکەم: جیاوازی کەشوهەوا کە دەبێتە فاکتەرێکی نەرێنی دژی کۆچی جوولەکەکانە بۆ فەڵەستین، هەر وەک دەڵيت: "هەندێک هۆکار هەن لەگەڵ هەڵبژاردنی فەڵەستین نین، وەک کەشوهەواکەی چونکە ئێمە لەسەری ڕانەهاتووین هەوەها دەرفەتی فراوانبوون تێیدا کەمە". ئەمەش بە پێچەوانەی ئەرجەنتین کە زۆر لە ئەورووپا دەچێت، وا دەکات ماوەی یەکگرتنی کۆچبەرانی جوولەکە خێراتر بێت بۆ پێکهێنانی دەوڵەت.

دووەم: هۆکارێکی تر کە وای لێکرد فەڵەستین هەڵنەبژێرێت، نزیکییەکەی بوو لە ئەورووپا، بە پێچەوانەی ئەرجەنتین. هەر وەک خۆی دەڵێت: ڕۆشتن بۆ ئەمریکای باشوور گونجاوترە، چونکە دوورترە لە کێشە سەربازی و سیاسییەکانی ئەورووپا.

سێیەم: ئەو سەختییانەی کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

چوارەم: هۆکاری ئایینی وەک ئایینی مەسیحی، کە ڕەنگە ببێتە هۆی پێکدادانی لەگەڵ پاپا.

ئەو هۆکارانە چی بوون کە ئاراستەی هەرزلیان بەرەو فەڵەستین گۆڕی؟

یەکگرتنی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژاوا

دامەزراندنی دەوڵەتێک کە سیمایەکی شارستانی ڕۆژاوایی هەبێت لە فەڵەستین، وا دەکات ڕووبەڕووی هەر وڵاتێک ببێتەوە لە حاڵەتی بوون بە مایەی هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا. بۆیە ڕۆژاوا زیاتر پشتگیری لە بیرۆکەی دەوڵەتی جوولەکە لە خاکی  فەڵەستین دەکات وەک لە ئەرجەنتین بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەوێ بپارێزێت. هەرزل دەڵێت: “ئەگەر  بڕۆینە فەڵەستین، ئەوا بەشێک لە پاڵپشتییەکانی ئەورووپا بەدەست دەهێنین ئێمەش وەک دەوڵەتێک دەبێت لەگەڵ هەموو ئەورووپا لە پەیوەندیدا بمێنینەوە، کە ئەرکی گەرەنتی مانەوەی ئێمە لە خۆ دەگرێت”.

پیرۆزی خاکی فەڵەستین لە ئایینی جولەکەدا

دۆست و وتووێژکاران و سەردانکەرانی هەرزل ڕۆڵیان هەبوو لە کۆتاییهێنان بە دوودڵییەکەی سەبارەت بە فەڵەستین. لە نێویاندا ساموێل مۆنتاگو، پەرلەمانتاری جوولەکەی بەریتانیا، کە پێی وت: ئەگەر فەڵەستینتان هەڵبژاردایە، ئەوا خۆم و تەواوی خێزانەکەم دەڕۆشتین. ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئیستغلالکردنی هەستی ئایینی جوولەکەکانە بەرامبەر بە فەڵەستین، کە ئاسانکاری دەکات لە پرۆسەی گەڕانەوەی جوولەکە هەژارەکان و جووتیارەکان بۆ خاکی پیرۆزی باوباپیرانیان و سیمایەکی ئایینی بە داگیرکارییەکانیان دەبەخشێت، هەرزل دەڵێت: جوولەکەکان پێیان خۆش نییە بڕۆنە ئەرجەنتین، بەڵام بە توندی دەیانەوێت بڕۆنە فەڵەستین.

بە پەرۆشبوونی هەندێک لە پیاوانی ئایینی مەسیحی بۆ نیشتەجێکردنی جوولەکەکان لە فەڵەستین و بەکارهێنانیان لە بەرژەوەندی خۆیان.

لە ناودارترینیان نووسەری ئینگلیز ویلیام هێکلەرە کە پیاوێکی ئایینی بووە، بیرۆکەی زایۆنیزمی داڕشت و هانی هەرزلی دا بۆ فەڵەستین و ڕێکاری گەشتنی بە ئیمپراتۆری ئەڵمانیا بۆ ڕێکخست لەگەڵ دەرکردنی بڕیارەکە لە ئەورووپا. هەرزل دەڵێت: "هێکلەر گەنجینەی تەورات، نەخشە گەورەکان و هێڵکاریی مێژووی بەراوردکاری پیشاندام و پێی وتم: "ئێمە بناغەمان بۆ داناوە". "هەروەها شوێنی پەرستگا نوێیەکەمانی پێ نیشاندام، پێی وایە چوونمان بۆ قودس زۆر گرنگە، ئەو باوەڕی بە هاتنەدی پێشبینییەکان هەیە". ڕەنگە ئەم هۆکارە کە زۆرترین کاریگەری لەسەر بیروڕای هەرزل هەبووبێت، چونکە هاوڕێ و وتووێژکاران و سەردانکەرانی زایۆنیزمی ڕۆڵیان هەبووە لە کۆتاییهێنان بە دوودڵییەکەی سەبارەت بە فەڵەستین. لە نێویاندا ساموێل مۆنتاگۆ کە پەرلەمانتاری جوولەکەی بەریتانیا بوو، پێی وت: "ئەگەر شوێنەکە فەڵەستین بوایە، ئەوا خۆم تەواوی خێزانەکەم دەڕۆشتین".

زایۆنیستە دیارەکان

زایۆنیستە دیارەکانی وەک گۆڵد سمێد، سینگەر، ئاش کشور، دکتۆر داربێلا کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکانە ڕۆتشیڵد کە لە قودسەوە هاتبوو بۆ لای و گڕوتینی جوولەکەکانی فەڵەستین بۆ ڕزگاری و دامەزراندنی نیشتمانێکی نەتەوەیی جوولەکە پێگەیاند. ئەندازیاری کارەبا کرێمنسکی سەردانی هەرزلی کرد و پڕۆژەی کەناڵ و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای لە فەڵەستین پێشکەش کرد. ئەمانە چوار هۆکاری گرنگن کە وایکرد هەرزل هەوڵی بەدەستهێنانی فەڵەستین بدات، بەجۆرێک کە قۆناغێکی نوێی ململانێی نێوان بزووتنەوەی زایۆنی و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم نوێنەرایەتی دەکرد دەستیپێکرد.

سەردەمی عوسمانییەکان

ئاڵۆزییەکانی نێوان دانیشتووانی عەرەبی فەڵەستین و زایۆنیزمەکان لە دوای ساڵی ١٨٨٠ دەستیپێکرد، دوای ئەوەی کۆچی جوولەکەکانی ئەورووپا بۆ فەڵەستین زیادی کرد، کە بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. دواتر زەوی کشتوکاڵیان داگیرکرد و شوێنی کشتوکاڵی جوولەکەکانیان بنیادنا. جەستن مەکارتی زانای دیمۆگرافی لە داتاکانی سەرژمێری عوسمانییەکانەوە مەزەندەی ژمارەی دانیشتوانی فەڵەستین دەکات کە لە ساڵانی ١٨٨٢-١٨٨٣ نزیکەی ٤٦٨ هەزار کەس بووە، کە پێکهاتووە لە ٤٠٨ هەزار موسڵمان و ٤٤ هەزار مەسیحی و ١٥ هەزار جوولەکە. تا سەروبەندی جەنگی جیهانیی یەکەم ئەم ژمارانە بۆ ٦٠٢ هەزار موسڵمان و ٨١ هەزار مەسیحی و ٣٩ هەزار جوولەکە زیادیان کرد.

فەرمانی بەریتانیا 

ساڵی ١٩١٧ جاڕنامەی بلفۆر واژۆ کرا، کە تێیدا حکوومەتی بەریتانیا پشتگیری لە دامەزراندنی نیشتمانێک بۆ جوولەکەکان دەکات لە خاکی فەڵەستین. جاڕنامەی بلفۆر گرژییەکانی نێوان خەڵکی فەڵەستین و جوولەکەکانی زیاتر کرد. 

مزگەوتی ئەقسا

مزگەوتی ئەقسا بە یەکەمین قیبلە و سێیەمین مزگەوتی پیرۆز دادەنرێت لە دوای مەککە و (المسجد النبوي) لە مەدینە لە سعوودیە. لە کاتێکدا حەوشەی مزگەوتی ئەقسا کە جوولەکەکان پێی دەڵێن (جبل الهيكل) پیرۆزترین شوێنی ئایینی جوولەکەکانە.

دروستکردنی مزگەوتی ئەقسا لە سەدەی حەوتەم

ڕووبەری مزگەوتی ئەقسا، حەوشەکەی و گومەزەکەی ١٤ هێکتارە دەکەوێتە ناوەندی شاری کۆنی قودس، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٦٧دا بەشی ڕۆژهەڵاتی داگیرکرا، لەکاتێکدا فەڵەستینییەکان داوای ڕۆژهەڵاتی قودس دەکەن وەک پایتەختێک بۆ وڵاتەکەیان. مزگەوتی ئەقسا لە سەدەی حەوتەم لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوری خەتاب دەستکراوە، موسڵمانان ئەو شوێنە بە "مزگەوتی پیرۆز" ناودەبەن، چونکە ئەو شوێنەیە کە پێغەمبەر محەمەد ﷺ لەسەر پشتی (بوراق) بەرزبووەوە بۆ ئاسمان.

بەڵام جوولەکەکان پێیان وایە مزگەوتەکە لەسەر پەرستگایەکی جوولەکەکان دروستکراوە کە لەلایەن ڕۆمەکانەوە لە ساڵی ٧٠ی زایینیدا وێران کراوە و هیچی لێ نەماوە جگە لە دیواری ڕۆژئاوا کە بە دیواری (المبكى) لای جوولەکەکان یان دیواری (البوراق) لای موسڵمانەکان ناسراوە. جوولەکەکان حەوشەی مزگەوتی ئەقسا بە “جبل الهيكل” ناودەبەن بە پیرۆزترین شوێنی خۆیانی دەزانن.

ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین

موسڵمانان ڕێگەیان پێدراوە هەر کاتێک بیانەوێت بڕۆنە حەرەمی قودس، بەڵام جوولەکەکان تەنها بە پێی ئەو کاتەی کە بۆیان دیاریکراوە بۆیان هەیە بڕۆن، بەبێ ئەوەی نوێژ بکەن. بەڵام کۆمەڵێک لە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی جوولەکە ئەم ڕێسایانە پێشێل دەکەن دوای ئەوەی وەک سەردانکەری ئاسایی دەچنە ژوورەوە بە نهێنی لەو شوێنەدا نوێژ دەکەن. بەمەش گرژی ناکۆکی لەگەڵ نوێژخوێنە موسڵمانەکانی لێدەکەوێتەوە، لەبەر مەترسی هەوڵدانی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی یاساکانی چوونە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنە، کە ئوردن بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەڵەستین سەرپەرشتی دەکەن.

پۆلیسی ئیسرائیل چاودێری سەردانکەرانی غەیرە موسڵمان دەکەن کە لە ڕێگەی دەروازەی ڕۆژاوا بەرەو حەوشەی مزگەوتی ئەقسا دەڕۆن و زۆرجار گرژییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە.گرژی ئاڵۆزی بە بەردەوامی ڕوودەدات لە نێوان موسڵمان و جوولەکەکان لە ساڵی ١٩٩٦ ئیسرائیل بڕیاریدا بە کردنەوەی تونێلێک لە ژێر حەوشەکەدا کە بەرەو  موسڵمانان دەڕوات، لە ئەنجامدا گرژی و ئاڵۆزی زۆری لێکەوتەوە لە ماوەی سێ ڕۆژدا زیاتر لە هەشتا کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٠دا ئاریێل شارۆن سەردانی حەوشەی مزگەوتی ئەقسای کرد بەڵام فەڵەستینییەکان ئەم سەردانەیان بە هەڕەشە زانی. ڕۆژێک دوای سەردانەکە، ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی لە نێوان فەڵەستینییەکان و پۆلیسی ئیسرائیل ڕوویدا، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت خۆپیشاندەر ئەمەش بوو بە هۆکاری هەڵگیرسانی ڕاپەرینی دووەمی فەڵەستین.

هۆکاری مێژوویی و ئایینی

زۆرێک لە ڕۆژاواییەکان کێشەیەکی گەورەیان هەیە لەگەڵ مێژوو و ئایین. هەرکاتێک لە بەرژەوەندی ئەوان بێت بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو بانگەوازی مێژوو دەکەن. لە نێو ئەو ئەفسانە باوانەی لێرەدا ئەو وتەیە هەیە کە دەڵێت "جوولەکەکان مافێکی مێژووییان بەسەر فەڵەستینەوە هەیە"، یان "عیبریەکان یەکەم کەس بوون کە لە فەڵەستین دەژیان"، "لە ڕابردوودا فەڵەستین بیابان بووە" چەندانی تر. هەروەها دەڵێن مێژوو سەلماندوویەتی کە توندوتیژی لە ناو عەرەب و موسڵمانەکاندا سروشتییە و هەر هەبووە هەروەها ئەوەی کە دەگوزەرێت، ململانێیەکە کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە، وەک ململانێی نێوان سوننە و شیعە، هەروەها دەڵێن مێژووی ئێمەش بێبەش نەبووە لە شەڕ و توندوتیژی هەر وەک چۆن لە مێژووی وڵاتانی تریشدا هەبووە.

بەهەمان لۆژیک ئایین بەکاردەهێنن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەت و هەڵوێستەکانیان، زۆربەی ئەو هێرشە سەربازییانەی کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن، ڕۆڵی پیاوە ئاینییەکانیان تێدایە لە پاڵپشتیکردن و پیرۆزکردنی دەستدرێژییەکانیان و سەدان فەتوای ئایینی دەدەن کە پاساو بۆ کوشتن و سووکایەتیکردن بە عەرەبەکان دەهێنێتەوە. هەروەها زایۆنیزمەکان لایەنی سیاسیان لەسەر بنەمای ئایین و مێژوودا دامەزراندووە و دەڵێن "جوولەکەکان گەلی هەڵبژێردراوی خودان"، "خودا بەڵێنی بەخشینی خاکی پیرۆز بەم گەلە داوە" و "داود یەکەم کەس بوو کە قودسی دروستکرد و کردی بە پایتەختی شانشینی خۆی" و چەندانی تر.

لە ڕوانگەی جوولەکەکانەوە ئەمە بابەتی ناکۆکی زەوی نێوان دوو لایەنە کە دەتوانرێت بە دانوستان چارەسەر بکرێت، ئەمەش بە پەرەپێدانی دەرفەتی ئابووری بۆ خەڵکی چەوساوە، بە پشتگوێخستنی تەواوەتی هۆکارە سیاسییەکانی ململانێ و مرۆیی، ڕەهەندە یاسایی و جیۆپۆلیتیکییەکانی ململانێکە. ئایین و مێژوو لە فاکتەرە بنەڕەتییەکانی کێشەی نێوان فەڵەستین و زایۆنیزمە، کە بزوتنەوەیەکی داگیرکاری ڕەگەزپەرستانەیە لەسەر بنەمای ئایین مێژوو دامەزراوە. ئیسرائیل قەوارەیەکی عەلمانییە کە لەلایەن مەزهەبێک یان ئایینێکەوە بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە قازانجی ماددی بەڕێوەدەچێت کە قێزەونترین تاوانەکانی جینۆساید ئەنجام دەدات.


سەرچاوەکان



790 بینین