خاک وەکوو دەرامەتێکی سروشتی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-11-10-19:26:00 - کۆدی بابەت: 11618
خاک وەکوو دەرامەتێکی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خاک وەکوو دەرامەتێکی سروشتی (بە عەرەبی: التربة مثل الموارد الطبیعیة، بە ئینگلیزی: Soil as a natural resource). خاک بریتییە لەو چینە ورد و  خاشبووەی کە سەر ڕووی زەوی داپۆشیوە، تێکەڵەیەکە لە ماددەی ئەندامی و کانزایی و ئاو و هەوا یان بریتییە لەو چینەی هەڵوەشاوەی سەر ڕووی وشکانی داپۆشیوە بە ئەستووری جۆراوجۆر و جیاواز، بە شێوەیەکی گشتی ئەستووری خاک لە نێوان چەند سانتیمەترێک دایە بۆ چەند مەترێک. لە توخمی کانزایی جۆراوجۆر پێکهاتووە لە ئەنجامی ورد و خاشبوون و هەڵوەشانەوەی چینە بەردەکان و توخمە ئۆڕگانیەکان (ئەندامیەکان) لە ئەنجامی شیبوونەوەی پاشماوەی ڕووەک و گیانداران پێکهاتووە.

تایبەتمەندییەکانی خاک

١- تایبەتمەندییە فیزیایەکان هەموو ئەو تایبەتمەندیانە دەگرێتەوە کە مرۆڤ دەتوانێت بە چاو بیانبینێت و هەستیان پێ بکات، نموونە وەکوو پێکهاتەی خاک، ڕەنگی خاک و ئەستووری خاک و نەسجەی خاک.
٢- تایبەتمەندییە کیمیاییەکان هەموو ئەو تایبەتمەندیانە دەگرێتەوە کە پێویستیان بە ئەنجامدانی پشکنین هەیە لە تاقیگەکان، نموونە وەکوو بە پیتی خاک و ترشی خاک.

گرنگترین جۆرەکانی کەشکاری خاک

کەشکاری کیمیایی بریتییە لە شیبوونەوەی پێکهاتەی بەردەکان (تاوێرەکان) بە چەند جۆرێک: 

  • ئۆکساندن بریتییە لە کارلێککردنی ئاو ئۆکسیدەکانی ئاسن، سەرەنجام دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕەنگێکی سوور بۆ خاک بە هۆکاری بوونی بڕێکی زۆر لە گەردەکانی ئاسن لە پێکهاتەی خاک.
  • توانەوە بریتییە لە توانەوەی کانزاکان بەهۆی ئاو، کرداری یەکگرتنی هەندێک لە پێکهاتەی خوێییە تواوەکانی نێو خاک لەگەڵ ئاو دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکهاتەیەکی نوێ لە تاوێرەکان.
  • به ئاو بوون بریتییە لە یەکگرتنی ئاو لەگەڵ تێکەڵە سلیکایەکان لە نێو پێکهاتەی بەردەکان، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کانزای قوڕین.
  • بە کاربۆن بوون بریتییە لە یەکگرتنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەگەڵ ئاو، لە ئەنجامی ڕوودانی ئەم کردارە ترشی کاربۆنیک (H2CO3) دروست دەبێت. 
  • کەشکاری فیزیایی خاک بریتییە لە ورد و خاشبوونی چینە بەردە گەورەکان بۆ قەبارەیەکی بچووکتر، بەڵام ڕوودانی ئەم کردارە پێویستی بە کاتێکی زۆرە. 

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی خاک

  • توخمە گەورەکان یان گرنگەکان: بریتین لە نایترۆجین (N) و فسفۆڕ (P) و پۆتاسیۆم (K).
  • توخمە مامناوەندییەکان: بریتین لە کالسیۆم (Ca)، مەنگنسیۆم (Mg) و ئاسن (Fe) و گۆگرد (S).
  • توخمە بچووکەکان: بریتین لە زینک (Znیۆد (I) و مەنگەنیز (Mn) و بۆردۆن (B).

شێواز و پێکهاتەی دروستبوونی خاک

زانای ڕووسی (دۆکۆچایڤ) لە بارەی دروستبوونی خاک دەڵێت: خاک جەستەی سەرەکی سروشتە لە ئەنجامی پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ئاڵوگۆڕی نێوان شەش توخم پێکدێت کە بریتین لە:

١- بەردی دایک بریتییە لەو خاکەی لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی دروستبووە و نەگوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی تر، کە بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی بەردی دایک وەردەگرێت بۆیە پێی دەگوترێت (الصخور الأم).

٢- توخمەکانی ئاو و هەوا کە بە چالاکترین کرداری دروستبوونی خاک دادەنرێت، چونکە هەموو کردارەکانی کەشکاری کیمیایی دەگرێتەوە.

٣- بەرزی و نزمی و پلەی لێژی کار لە دروستبوونی خاک دەکات، چونکە ئەو ناوچانەی لێژیان زۆرە ئەستووری خاکیان کەمە، چونکە پڕۆسەی ڕاماڵین چالاکترە لە کرداری کیمیایی، بەڵام ئەو ناوچانەی لێژیان کەمە ئەستووری خاکیان زیاترە چونکە لەو ناوچانە کرداری کیمیایی چالاکترە لە پڕۆسەی ڕاماڵین.

٤- کاریگەری مرۆڤ و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی، مرۆڤ بە شێوەیەکی (ئەرێنی و نەرێنی) کاریگەری لەسەر دروستبوونی خاک هەیە بۆ نموونە (کێڵانی خاک بە شێوەیەکی تەندروست، ئاودێریکردنی خاک بە شێوەیەکی زانستی و ماندوو نەکردنی خاک و پەینکردنی خاک بە ڕێگایەکی زانستی و داچاندنی زەوی بە شێوەی خولی کشتوکاڵی) دەبێتە پاڵنەرێکی ئەرێنی بۆ دروستبوونی خاک، بەڵام (کێڵانی نا تەندروست، ماندووکردنی خاک و داچاندنی خاک بە یەک جۆری بەرووبووم و پەین نەکردنی و ئاودانی نا تەندروست) لە گرینگترین ئەو پاڵنەرانەن کە دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ لە ناو چوونی خاک.

تیۆری دروستبوونی خاک

تیۆری گانز Ganez لەساڵی (١٩٧٢) کە هۆکارەکانی دروستبوونی خاکی لەم هاوکێشەیەدا کورت کردۆتەوە.
Soil= F (C . P . R . W . T . B . Ant)
F = Function کاری هاوبەش
C = Climate ئاو و هەوا
P = parent material تاوێرە بنچینەییەکان
R = Relief بەرزی و نزمی 
W =Watte ئاوی ژێر زەوی و سیستمی ڕێکردنی ئاو
T = Time کات
B = Biological activity چالاکی بایۆلۆجی ڕووەک و گیانلەبەران
Ant = Human =(Antropic) چالاکی مرۆڤ

زانای بەناوبانگی ڕووسی دۆکۆچایڤ یەکەم کەس بوو لێکۆڵینەوەی لەسەر چینەکانی خاک کردووە لە هەرێمی خاکی ڕەش، چۆرنۆزیۆم (chernozem) لە ڕووسیا، چینەکانی لەسەرەوە بۆ خوارەوە بەم پیتانە هێماکرد (A,B,C) زانایانیتریش شوێن زانیاریەکانی ئەم زانایە کەوتن و چاکسازیان تیاداکردووە، هەندێکیان دوو چینیتریشیان بۆ زیاد کرد کە بریتی بوو لە چینی (O) ئاماژەیە بۆ چینێک لە ماددەی ئەندامی پێکھاتووە که هێشتا شیتاڵنەبۆتەوە، چینەکەی تریشکە بریتی بوو لە چینی بە (R یان D) هێمادەکرێت و ئاماژەی بۆ چینی بەردین کە دەکەوێتە ژێر چینی (A).

گرنگترین جۆرەکانی خاک

خاکی ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان (Pedo Call)

ئەم خاکە لە ئەنجامی شیبوونەوەی کانزا جۆراوجۆرەکان پێکهاتووە، گرنگترینیان (کالیسیۆمە). زاراوەی پیدۆ کاڵ لە دوو وشەی لێکدراو پێکهاتووە (Pedo) بە واتای خاک دێت، (Call) بە واتای کالیسیۆم دێت، ئەم جۆرە خاکە لە کیشوەری ئەمریکای باکوور بەشی ڕۆژاوا دەگرێتەوە کە باران بارینی تیادا کەمە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری کالیسیۆم لەو ناوچەیە.

خاکی ناوچە شێدارەکان (Pedo Alfer)

ئەم جۆرە خاکە بڕێکی زۆری ئەلەمنیۆم و ئاسنی تیایە، وشەی (Pedo Alfer) وشەیەکی لێکدراوە (Pedo) بە واتای خاک دێت، (Al) هێمای کیمیایی ئەلەمنیۆمە و (Fe) هێمای کیمیایی ئاسنە. ئەم جۆرە خاکە لە بەشەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەمریکای باکوور بەدیدەکرێت. لەم جۆرە خاکەدا بارودۆخی ئاو و هەوا (بوونی بڕێکی زۆری باران و کەمی ڕێژەی شێ) یارمەتیدەرە بۆ گەشەی دارستانی سنۆبەری هەمیشە سەوز لەم ناوچەیە.

گرنگترین گرفتەکانی خاک لە هەرێمی کوردستان 

١- گرفتی ڕاماڵینی خاک بریتییە لە گواستنەوەی خاک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە هۆی (با و باران و بەفر) بەتایبەتی لە ناوچە وشک و شێدارەکان. گرفتی ڕاماڵینی خاک لە هەرێمی کوردستان بە پێی شوێن و بارودۆخی ناوچەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە ڕاماڵینی خاک لە ناوچە لێژەکان و قەدپاڵی چیاکان بە هۆی ئاوی ڕۆیشتووی سەر زەوی بۆ ناوچە دەشتاییەکان وەکوو دەشتی (سەرسار) لە حەبانییە. گرنگترین جۆرەکانی ڕاماڵین بریتین لە ڕاماڵینی کەندڕی و جۆگەیی و کەندڕی کە لە ناوچەکانی خەلیفان، کەڵەشین و ھەریر و شەقڵاوە بە شێوەیەکی گشتی ئەو جۆرە ڕاماڵینە دروست دەبێت لە ئەنجامی ڕێڕەو کردنی ئاوی باران لەسەر خاک تا دەگات بە چینێکی لاواز و فشەڵی خاک، لەوێشەوە داچۆڕینی ئاو بۆ چینەکانی ژێرەوە ڕوودەدات و چەند شێوەیەکی جیاواز دروست دەبێت.

٢- گرفتی پیسبوونی خاک بریتییە لە پیسبوونی خاک بە هۆکاری فڕێدانی پاشماوە ڕەقەکان بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان بە هۆی نزیکی گوندەکان لە یەکتر هەر گوندە و پاشماوەکانی لە دۆڵێک فڕێدەدات، لە ناوچە شارانشینییەکان ئەم دیاردەیە لە ناوچە دەشتاییەکان بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت.

٣- گرفتی بچووکبوونەوەی زەویە کشتوکاڵییەکان لە گرفتە سەرەکییەکانی خاکە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە ئەنجامی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و فراوانبوونی ناوچە شارنشینییەکان بە شێوەیەکی نا سروشتی.

٤- گرفتی دابەزینی بە پیتی خاک بەتایبەتی لە خاکی ناوچەی بانەکان و گردەکان لە ئێستادا داچاندنی ئەم ناوچانە بە بەرووبوومی کشتوکاڵی دووهێندە بووە، چونکە خاکی دەشتەکان بەکار دەهێنرێت بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و درووستکردنی خانوو و باڵەخانە، بەم جۆرەش ڕووبەری خاک بۆ کشتوکاڵکردن لە ناوچە دەشتاییەکان کەم بۆتەوە هەر بۆیە پەنا دەبرێتە بەر خاکی بانەکان و گردەکان. 

٥- گرفتی سوێربوونی خاک بریتییە لە زیدبوونی بڕی خوێ لە پێکهاتەی خاک، بەهۆکاری ئاودێریکردنی خاک بە شێوەیەکی نا تەندروست و ئاستی قوڵی ئاوی ژێر زەوی و بارودۆخی کەش و هەوا ئەم گرفتە لە هەرێمی کوردستان کەمتر هەستی پێکراوە.

٦- گرفتی ڕەقبوونی خاک بریتییە لە ڕەقبوونی چینی سەرەوەی خاک بە ئەندازەی چەند سانتیمەترێک، بە هۆکاری شێوازی کێڵانی خاک بە شێوەیەکی نا تەندروست و جوڵانەوەی ئامێرە کشتوکاڵییە گەورەکان لەسەر خاک بە تایبەتی ئەو کاتانەی شێی خاک بەرز و خاکەکە لە شێوەی قوڕ و لیتەیە.

٧- گرفتی بە بیابانبوونی خاک بریتییە لە پاشەکشێی بنیادی بایۆلۆژی ناوەوەی زەوییە لە ئەنجامی کاریگەرییە نەرێنییەکانی مرۆڤ و  نالەباری ناوچە وشک و نیمچە وشکەکان و کەمی شێ ئەم دیاردەیە درستبووە، زۆربەی کات مرۆڤ بە شێوەیەکی نا ڕاستەوخۆ هۆکارێکە بۆ دروستبوونی بە بیابان بوون به تایبەتی گۆڕینی لاند سکێبی سروشتی بۆ لاند سکێبی مرۆیی، فڕێدانی پاشماوە ڕەقەکان و داپۆشینی خاک بە باڵەخانەی بەرز و قیڕ و کۆنکرێت، ئەمەش جگە لە ماندووکردنی خاک لە بواری چالاکی کشتوکاڵی و زۆر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی و زۆر ئاودێری کردنی خاک.

هەنگاوەکانی پاراستنی خاک

  • پاراستنی خاک لە پڕۆسەی فراوانبوونی ناوچە شارنشینییەکان و ناوچە گوند نشینییەکان.
  • پاراستنی بەرگی ڕووەکی و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی.
  • ئاودانی ڕووەک بەپێی پێویست
  • فڕێ نەدانی پاشماوە ڕەقەکان بۆ سەر خاک
  • بەکارهێنانی پەینی ئاژەڵی بۆ زیادکردنی توانای خاک و بە پیت بوونی
  • بەکارهێنانی پەینی کیمیایی و قرکەرەکان بە شێوەیەکی زانستیانە
  • ڕێکخستنی لەوەڕاندن
  • پەیڕەوکردنی خولی کشتوکاڵی بە جۆرێک هەر وەرزەو زەوی بە جۆرێک لە بەرووبووم دا بچنرێن.


سەرچاوەکان



1842 بینین