ئامێری پشکنینی دووگیانی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-11-29-21:27:00 - کۆدی بابەت: 11664
ئامێری پشکنینی دووگیانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئامێری پشکنینی دووگیانی (بە ئینگلیزی: Pregnancy testing strip، بە عەرەبی: شريط اختبار الحمل) کە پێشیدەوترێت ستریپی پشکنینی دووگیانی و بەکاردەهێنرێت بۆ دۆزینەوەی بوونی هۆرمۆنی دووگیانی (کە پێی دەوترێت هۆرمۆنی هاندەری توخمە ڕژێنەکان یان HCG) لە نموونەی میز یاخود خوێندا. ئاستی بەرزی HCG لە ماوەی دووگیانیدا دروست دەبێت هەر بۆیە شیکارییەکە پشت بە بوونی ئەم هۆرمۆنە دەبەستێت. 

هەرچەندە بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە بۆ دیاریکردنی دووگیانی ئەنجامەکان بە شێوەی ئەرێنی و نەرێنی دەدەنەوە، واتا ڕێژەیی نین و ناتوانن ماوەی دووگیانی دیاریبکەن لە ئەگەری بوونیدا.

هەروەها ئەو جۆرەی کە بە نموونەی میز ئەنجامدەدرێت دەتوانرێت لە ماڵەوە بەکاربهێنرێت، ئەنجامی هاوشێوەی ئەو پشکنینە دووگیانیانە دەبێت کە ئەنجام دەدرێن لە زۆربەی تاقیگە پزیشکییەکان ئەگەر بە تەواوی بەو شێوەیە بەکاربهێنرێن کە ڕێنماییان لەسەر دراوە.

ئەو جۆرە ستریپانەی بە نموونەی خوێن کاردەکەن پێویستەکات لە تاقیگە پزیشکییەکان بەکاربهێنرێن و کارمەندی تاقیگە خوێن لە کەسەکە وەربگرێت و بەکاریبهێنێت لەسەر ئامێرەکە. بێگومان پێویستە خوێنەکە بکرێت بە سیرەم بۆ ئەمەش دەخرێتە ناو سەنتەرفیوجەوە و چەند خولەکێک دەسوڕێتەوە. پاشان سیڕەمی خوێنەکە دەخرێتە سەر ستریپەکە یاخود ستریپەکە دەکرێتە ناو لوولەی سیڕەمەکەوە.

دوو جۆرەکەی پشکنینی سەرەتایی بۆ سکپڕی 

باوترین جۆرەکانی پشکنینی دووگیانی لە ماڵەوە شریتی تاقیکردنەوە یان دیپستیک بەکاردەهێنن کە لە ڕێڕەوی میز هەڵیدەگریت یان خۆت نوقمی دەکەیت لە نموونەی خوێن یان میزدا.

جۆری دووەم دەفرێکی کۆکردنەوە هەیە کە بەکاردەهێنرێت لەگەڵ ئامێری پشکنین. بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرە پشکنینەکە، دەتوانیت چەند دڵۆپێک میز یاخود خوێن بکەیتە ناو ئەو بۆشاییەی لە ئامێری پشکنینەکە هەیە.

وردی و دروستی ئامێرەکە

ئەم ئامراز و ئامێرانە کاتێک بە وردی و دروستی بەکاربهێنرێن و بەرواری بەسەرچوونیان ڕەچاوکرابێت دەتوانن ئەنجامێکی ورد و دروست بدەنەوە. هەرچەندە وردی پشکنینی سکپڕی بۆ هەموو ژنێک جیاوازە چونکە:

سووڕی مانگانەی ئافرەت و هێلکەدان دەتوانێت هەموو مانگێک بگۆڕێت. ڕۆژی دیاریکراوی چاندنی هێلکەی پیتێنراو هەمیشە نەزانراوە. هەر ئامێرێکی پشکنینی دووگیانی هەستیارییەکی جیاوازی هەیە بۆ دۆزینەوەی HCG.

هەندێک لە پشکنینەکانی دووگیانی لەوانەیە ئەوەندە هەستیار بن بۆ نیشاندانی دووگیانی تەنانەت لە یەکەم ڕۆژی ماوەی لەدەستچووی سووڕی مانگانەی ئافرەت دەتوانن دەریبخەن. بەڵام زۆربەی کەلوپەلەکانی پشکنینەکان وردترن نزیکەی هەفتەیەک دوای ماوەی دواکەوتنی سووڕی مانگانە ئەنجامی تەواو دروستییان دەبێت.

ئامادەکاری بۆ پشکنینەکە

کەلوپەل

دەتوانیت کەلوپەلی پشکنینی دووگیانی لە ماڵەوە بکڕیت لە دەرمانخانە یان تەنانەت فرۆشگای خواردن. کە ئەمانە هیچ پێویستیان بە ڕێنمایی نییە. هەروەها دەتوانیت سەردانی تاقیگە پزیشکییەکان بکەیت بۆ ئەوەی لەوێ کارمەندەکان بە دروستی و بە ڕەچاوکردنی سەرجەم ڕێنماییەکان پشکنینەکە ئەنجامبدەن لەسەر ئامێرەکە.

کەلوپەلەکانی پشکنین بە شێوەیەکی گشتی ئامێری پلاستیکی یان شریتی تاقیکردنەوە و ڕێنماییان هەیە کە ڕوونی دەکاتەوە چۆن پشکنینەکە ئەنجام بدرێت.

هەندێک لە کەلوپەلەکان دەفرێکی کۆکردنەوەی میزیان لەگەڵ و پارچەیەک کە لە میزدا نوقمی دەکەیت. کەلوپەلەکانی میدستریم پارچەیەکی تاقیکردنەوەیان هەیە کە تۆ بۆ چەند چرکەیەک لە میزەکەدا هەڵیدەگریت. هەموو کەرەستەکان پێت دەڵێن کە کاتێکی دیاریکراو چاوەڕێ بکەیت پێش ئەوەی ئەنجامەکان بخوێنیتەوە.

کەی پشکنین بکرێت؟

زۆربەی کەلوپەلی پشکنینی دووگیانی لە ماڵەوە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت لە یەکەم ڕۆژی دواکەوتنی سوڕی مانگانەدا. بەڵام ئەنجامەکانی پشکنینەکە وردترن ئەگەر چەند ڕۆژێکی زیاتر چاوەڕێ بکەیت. ئەگەر پشکنین ئەنجام بدەیت هەر ڕێک دوای دواکەوتنی سووڕی مانگانە و ئەنجامەکان دەریبخەن کە دووگیان نیت، دڵنیابەرەوە لە ئەنجامەکەی بە دووبارەکردنەوەی پشکنینەکە لە دوای یەک هەفتەی دیکە. ئەگەر سوڕی مانگانەت دەستی پێ نەکردەوە، پشکنینی دووگیانی لە نوسینگەی پزیشک یان کلینیک ئەنجام بدە.

ڕێنمایی گشتی

بۆ هەر پشکنینێکی دووگیانی، گەر خۆت لە ماڵەوە ئامێرەکە بەکاردەهێنیت یاخود سەردانی تاقیگە پزیشکییەکان دەکەیت پێویستە چەند ڕێنماییەکی گشتی جێبەجێ بکەیت:

بەرواری بەسەرچوون بپشکنە لەسەر پاکێجەکە. ئامێری تاقیکردنەوە بەکارمەهێنە دوای بەرواری بەسەرچوون، چونکە لەوانەیە ماددە کیمیاییەکانی ناو ئامێرەکە بە دروستی کار نەکەن دوای ئەو بەروارە.

ئەو ڕێنماییانە بخوێنەوە کە لەگەڵ پشکنینەکەدا هاتوون بە وردی و بە باشی پێش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.

بە تەواوی شوێن ڕێنماییەکان بکەوە. هەموو هەنگاوەکان ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لەوان بپەڕێنیت.

ئەگەر پێویستە کاتێک دابنەیت لە کاتی پشکنینەکدا، کاتژمێر بەکاربهێنە. لە دوای کاتی دیاریکراو ئەنجامەکە بخوێنەرەوە نەک بە شێوەیەکی هەرەمەکی بیخوێنیتەوە و ڕەچاوی کاتی دیاریکراو نەکەیت.

چۆن ئامێرەکە کاردەکات؟

بە وردی ئەو ڕێنماییانە بخوێنەوە کە لەگەڵ ئامێری پشکنینەکە هەن. ڕێنماییەکان لە کیتەوە بۆ کیتێکی تر جیاوازن. دڵنیابە لە خوێندنەوەی ئەنجامەکان له کاتی گونجاودا که له ڕێنماییەکاندا ئاماژەی پێکرا.

ئەگەر کیتێک بەکاردەهێنیت کە داوای نموونەی میزی بەیانی دەکات، نموونەی میزەکە وەربگرە کە بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر میز لە میزەڵدان بووبێت. پشکنینی میزەکە بکە لە ماوەی پانزە خولەک دوای کۆکردنەوەی نموونەکە.

ئەگەر کیتێکی ناوەندی بەکاردەهێنیت، یەکەم جار بڕێکی کەم میز بکە و دواتر ستریپی تایبەتی پشکنینەکە لە ڕێڕەوی میزەکەتدا بیهێڵەوە کاتێک میز دەکەیت.

پشکنینی نموونەی میز بکە بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە لە پاکێجی کەلوپەلی پشکنینەکەدا هەیە.

مەترسی

هیچ مەترسییەک نییە لەسەر ئەنجامدانی ئەم پشکنینە بەم ئامێرە و ستریپە تایبەتانە بە شێوەیەکی گشتی.

خوێندنەوەی ئەنجامەکان

پشکنینەکانی دووگیانی لە ماڵەوە دەتوانن بوونی هۆرمۆنی دووگیانی واتا HCG بدۆزنەوە و بە بوونی ئەرێ و نەرێنی ئەنجام دەدەنەوە. 

  • دەرکەوتنی دوو خەت لەسەر ئامێرەکە دەستنیشانی ئەنجامی ئەرێنی دەکات.
  • دەرکەوتنی یەک خەت لەسەر ئامێرەکە دەستنیشانی ئەنجامی نەرێنی دەکات.
  • ئەگەر هیچ خەتێک دەرنەکەوت لەسەر شریتەکە یاخود ئامێرەکە ئەوە مانای وایە ئەو ستریپ و ئامێرە کارناکات.
  • هەروەها دەرکەوتنی خەت لە شوێنێکی هەڵەی سەر شریت و ئامێرەکە بە هەمان شێوە مانای کارنەکردنی دروستی ستریپ و ئامێرەکەن.


سەرچاوەکان



684 بینین