بۆ قوبوڵبوونی دوعاکانت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکە

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2023-12-06-18:39:00 - کۆدی بابەت: 11691
بۆ قوبوڵبوونی دوعاکانت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکە

ناوه‌ڕۆك

بۆ قوبوڵبوونی دوعاکانت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکە

پێغەمبەر () بەم شێوەیە نزای کردووە و ئامۆژگاری ئومەتەکەشی کردووە کە بەو جۆرەی ئەو نزا و دوعا بکەن بۆ ئەوەی دوعا و نزاکانت کاردانەوە و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانت هەبێت:

ئەبێت کەسابەت و خواردنت حەڵال بێت

گەورەترین ڕێگرێک لە قبوڵبوونی هەر دوعا و نزایەک بریتییە لە کەسابەت و خواردنی حەرام، کەواتە دەست هەڵبگرە لەو کەسابەت و خواردنەی کە حەرامە بۆ ئەوەی نزاکانت بەرزبێتەوە بۆ ئاسمان و بۆ لای پەروەردگار چونکە دوعای حەرامخۆر قبوڵ نابێت.

بۆ نزاکانت کاتێکی ناوازە هەڵبژێرە

لە هەموو کاتێکدا نزا کردن عیبادەت و خێرە بەڵام ئەو نزایەی کە تۆ دەتەوێت خودای پەروەردگار لێتی قبوڵ بکات هەوڵبدە بیخە ئەو کاتانەی کە گیرابوونی دوعا تێیدا زیاترە وەک لە کاتە ئاساییەکان، وەک نزاکردن لە دوای نويژە فەرزەکان، نزاکردن لە ڕۆژانی هەینی، نزاکردن لە نێوان بانگ و قامەتدا، نزاکردن لە سوجدە یاخود نزاکردن لە سێ یەکی شەودا، چونکە ئەم کاتانە کۆمەڵێک کاتی ناوازەن کە دوعا کردن و نزا کردن تێیدا گیرادەبن.

کە دەستت کرد بە نزاکردن ئەوا دەستەکانت بەرز بکەرەوە

ئەم خاڵە زۆر سەرەکییە و نابێت لە بیرت بچێت، لەکاتی نزاکردندا هەردوو دەستت بەرز بکەرەوە چونکە پێغەمبەر () لە فەرموودەیەکی سەحیحدا فەرموویەتی (خودای پەروەردگار بە گەورەیی خۆی شەرم لە بەندەکەی دەکات کە دەستەکانی بەرز کردۆتەوە بۆ لایی و نزا دەکات و بە بەتاڵی دەستەکانی بگێڕێتەوە).

نزاکانت بە دڵ و بە گیانەوە بکە و تەنها  بە زبانت مەیڵێوە

دەبێت لە کاتی نزاکردنماندا ئاگامان لەو دوعا و نزایە بێت کە دەیکەین و ئاگاداربین کە داوای چی لەخودای گەورە دەکەین، چونکە پێغەمبەرمان () دەفەرمووێت خودای گەورە دوعای بەندەیەکی قبوڵ ناکات کە دڵ و گیانی بێ ئاگابێت لە نزا و دوعاکەی.

دەبێت لە دەستپێکی نزاکردن بە سوپاسکردنی خودا دەست پێ بکەین 

لەکاتی نزاکردن سەرەتا بە ستایشکردن و سوپاسکردنی خودا دەست پێ بکە بۆ هەموو ئەو نیعمەتانەی پێی بەخشیوویت و هەموو ئەو نیعمەتانەشی لێی سەندویتەتەوە، واتا چەنێک پێت دەکرێت و چەنێک دەتوانیت سوپاسی خودای گەورە بکە چونکە پێغەمبەرمان () دەفەرمووێت خودای گەورە پێی خۆشە بەندەکانی سوپاسی بکەن، واتا ڕاستەوخۆ دەست مەکە بە باسکردنی دوعاکانت بۆ خودای پەروەردگار هەتا سوپاس و ستایشی نەکەیت.

دوای ئەنجامدانی ئەمانە نزاکەت بکە و کۆکراوەی نزاکان ئەوانەیە کە لە سونەتدا هاتووە

لە دوای ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە بەهۆیەوە نزاکانمان گیرا دەبێت، دواتر بە ئاسانی دەست بکە بە کردنی دوعا و نزاکانت و چیت هەیە لە خودای پەروەردگاری داوا بکە، هەروەها دڵنیابە کە خودای پەروەردگار وەڵامت دەداتەوە.

صەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەرمان () لە نێوان نزاکاندا لەبیر مەکە

پێش ئەوەی دەستەکانت دابنێیت و کۆتای بهێنیت بە دوعاکانت و لە نێوان نزاکانیشدا زۆرترین صەڵاوات بنێرە بۆ گیانی پاکی پێغەمبەر محمد () چونکە هۆکاری گیرابوون و وەرگرتنی دوعا و نزاکانە لەلایەن خودای گەورەوە، چونکە ئەو صەڵاواتەی تۆ دەینێریت بۆ پێغەمبەر () دەبێتە ڕجاکار بۆ گیرابوونی دوعا و نزاکانت.

یەقینت هەبێت کە خودا وەڵامت دەداتەوە و گومانی باش بە خودا ببە

بە گومانەوە دوعا و نزاکانت ڕەوانەی لای خودا مەکە یەقینت هەبێت کە خودایەک هەیە و وەڵامت دەداتەوە بەڵام بەو مەرجەی گومانی باش بەخودا ببەیت و چاوەڕێی وەڵامدانەوەی دوعاکەت بیت، بێگومان بە لە گیرابوونی دوعاکەت چونکە تۆ داوا لە زاتێکی زۆر گەورە دەکەیت و دڵنیابە وەڵامت دەدرێتەوە.

بەردەوام بە لە نزاکردن و کۆڵمەدە و پەلەمەکە لە وەرگرتنی وەڵامی نزاکەت

بۆ ئەوەی ئەو نزایەی کە دەتەوێت قوبوڵ بێت ئەوا کۆڵمەدە و داوا لە خودا بکە هەتا خودای گەروە وەڵامت دەداتەوە و ئەو شتەی دەتەوێت پێتی دەبەخشێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پەلە بکەیت لە وەرگرتنی وەڵامی دوعا و نزاکانت چونکە خودای گەورە دانا و زانایە و دەزانێت کە چی کاتێک باشە بۆ ئەوەی دوعاکەت قبوڵ بکات و ئەوەت پێببەخشێت کە داوای دەکەیت.

لە دوای نزاکانت هۆکارەکان بەجوانی بگرەبەر

نزا پێویستی بە گرتنەبەری هۆکارە، واتا لە دوای ئەوەی کە دوعا و نزا دەکەیت ئەو هۆکارە شەرعییانەی کە هەیە بیانگرەبەر بۆ ئەوەی خودای پەروەردگار بۆتی ئاسان بکات، بۆ نموونە تۆ ئەگەر نەخۆشیت ئەوا نزا و دوعا بکە بۆ ئەوەی خودا شیفات بدات بەڵام دەرمانیش بەکار بهێنە، ئەگەر ڕسقت کەمە ئەوا نزا بکە و بەدوای ئیشیشدا بگەڕی هەتا خودای پەروەردگار دەرویەکی خێرت لێبکاتەوە، کەواتە دوعا کردن بەبێ گرتنەبەری هۆکارەکان پێچەوانەی سونەتی پێغەمبەرمانە ().


سەرچاوەکان



987 بینین