کتێبی دەرگایەک هەمیشە کراوەیە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-12-15-14:11:00 - کۆدی بابەت: 11727
کتێبی دەرگایەک هەمیشە کراوەیە

ناوه‌ڕۆك

 

ناساندن

کتێبی دەرگایەک هەمیشە کراوەیە (بە ئینگلیزی: A door is always open، بە عەرەبی: الباب مفتوح دائما) نووسینی لەلایەن مامۆستا شڤان ئەحمەدەوە بووە. مامۆستا شڤان یەکێکە لە نووسەرە کوردە بەتواناکان و خاوەنی چەندین کتێبە و لە سۆشیاڵ میدیاکانییەوە هەوڵی خزمەتکردن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری مەعریفی دەدات. لەم کتێبەیدا لە ڕێی چەند کورتە چیرۆکێکەوە کۆمەڵێک پەیامی گرنگ دەنێرێت و ئایینیش جێگەیەکی بەرزی لە ناو چیرۆکەکاندا گرتووە.

ناسنامەی کتێب

ناوی کتێب دەرگایەک هەمیشە کراوەیە
ناوی نووسەر شڤان ئەحمەد
بابەت کۆمەڵە چیرۆک
دیزاینی کتێب هونەر عوسمان
نۆبە و ساڵی چاپ چاپی یەکەمی لە ساڵی ٢٠١٩ بووە
شوێنی چاپ ناوەندی سارا - سلێمانی
ژمارەی لاپەڕە ١٠٩ لاپەڕە

پێشەکی

لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسەر لە دوای دەستپێکردن بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان دەڵێت: ئەو کاتەی مرۆڤ خۆی لە نێو ژیانێکی پڕ لە ئاستەنگ دەبینێتەوە و بێ ئومێدی و لاوازی ڕووی تێدەکات ئیتر سادەترین پاڵپشتی و هاندان بۆ ئەو گەورەترین دیارییە لەم ڕووەوە و بە هەستکردن بە بارودۆخی ناجێگیری کۆمەڵایەتی و بوونی چەندین ئاستەنگ لە ژیانی هەریەک لە ئێمە هەستاین بە ئامادەکردنی ئەم کتێبە کە خۆی لە کۆمەڵێک چیرۆکی پەند ئامێزدا دەبینێتەوە.

ناوەڕۆک

کتێبەکە لە ٤٧ کورتە چیرۆک پێکدێت. هەموویان پەیانی گرنگ و پەند ئامێزیان لەخۆ گرتووە، بەشێک لە بابەتەکان بریتین لە:

  • حیکمەتی نەبڕاوە
  • دەرگایەک هەمیشە کراوەیە
  • ئیمەیڵت نییە؟ کەواتە: تۆ بوونت نییە!
  • ئەو کوڕە سەڵاحەدینی ئەیوبی بوو
  • باینجان
  • پەرستش بەبێ زانست
  • ئەو گەڵایەی کەوا هەڵنەوەریووە پلاستیکییە
  • زەردەخەنەی کچە کلێنس فرۆشەکە
  • کامیان دروستدەکەیت پرد یان دیوار؟
  • ستەم ئیفلیجت دەکات
  • من باوکم خۆشدەوێت
  • خۆری دادپەروەری
  • ڕۆیشت و نەگەڕایەوە
  • تۆ وامەبە

بەشێک لە نووسینەکانی نێو ئەم کتێبە

هەرگیز دەرگاکانی نێوان خۆت و خودا دامەخە، هەرچەندە ئەگەر سەرپێچیکار بیت و هەڵە و سەرپێچی زۆرت ئەنجامدابێت، ڕەنگە یەک دەرگا هەموو دەرگاکانی ترت بۆ بکاتەوە.

نائومێدی، ڕووخان، توڕەیی و بێهیوایی هەرکات پڕبوون بە دوای شوێنێکی نزیکدا دەگەڕێن، تا خۆیان خاڵی بکەنەوە. بۆیە تۆش خۆت مەکە بەو شوێنەی کە ئەوان پێویستیانە!

خودا بە ڕێگەی خورافیات و وەهمیان ڕزگارمان ناکات، بەڵکو بۆ هەموو شتێک هۆکارێک دروستدەکات. مرۆڤیش پێویستە ئەو هۆکارانە وەرگرێ تا یارمەتی خودا بەدەست بهێنن.

ئیسلام ئایینی خواپەرستییە و جیاوازی نەکردووە لە ڕەنگ و نەژاد، دەی ئیتر بۆ توانای لێبوردنمان نییە لە یەکتر، بە دیارییەکی بچووک، وشەیەکی باش، زەردەخەنەیەک با هەمیشە لە خێر و خۆشەویستی دابین بۆ یەکتر.

پاشەکی

نووسەر لە بەرگی پشتەوەی کتێبەکەدا ئەم نووسینەی کردووە وەک مانایەک بۆ دەرخستنی گرنگیدان بە چیرۆک. کە دەڵێت:

چیرۆک کاریگەری تەواوی لەسەر مرۆڤ هەیە و هەر کاتێک چیرۆکێک دەخوێنیتەوە بێگومان پێی کاریگەر دەبیت و لانی کەم گۆڕانێک لە هۆش و خەیاڵدا دروست دەکات. یاخود چیرۆک دەگێڕدرێتەوە بۆ پەند وەرگرتن و سوود وەرگرتن لە هەڵە و کەموکوری کەسانی ناو چیرۆک.

ڕەنگە لە توانای چیرۆکدا هەبێت کە کەسێکی لاواز هەستێنێتەوە و بەهێزی بکات، بێ ئومێدێک بگێڕێتەوە بۆ ژیان و دووبارە خۆی بنیادبنێتەوە. دەکرێت وا لە نەخۆشێک بکات ئارامگر بێت و ناخۆشییەکانی لەسەر ئاسان بێت.

کتێبی دەرگایەک هەمیشە کراوەیە چرایەکە بۆ ئەوەی لە تاریکی و ناخۆشییەکانی ژیان ڕێگاتان بۆ ڕۆشن بکاتەوە و بەڵاو و ناخۆشییەکان سادە و ئاسان بکات.


سەرچاوەکان



423 بینین