پێکهاتەکانی ژینگە

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-05-17:21:00 - کۆدی بابەت: 11815
پێکهاتەکانی ژینگە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

پێکھاتەکانی ژینگە (بە عەرەبی: مكونات البيئة، بە ئینگلیزی: Elements of Environmentژینگە بریتییە لەو چوارچێوەیەی کە توخمە زیندوو و نازیندووەکانی تیاییە و مرۆڤی تیادا دەژیت و لە پڕۆسەکانی بەرهەمهێنانداییە لە نێو ئەم چوارچێوەیە، وێڕای هۆکارە سروشتی و ئابوورییەکان کە پڕۆسەی بەرهەم ڕێکدەخەن. ژینگە لە کۆمەڵێک توخمی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە لە ژماردن نایەن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی توخمە ژینگەییەکان پۆلێن دەکرێن بۆ دوو کۆمەڵە.

پێکهاتە ژینگەییەکان

پێکهاتە زیندووەکان (Biotic Contents)

هەموو ئەو پێکهاتانە دەگرێتەوە کە یەکێک لە سیماکانی ژیانیان هەبێت، وەکوو (هەستکردن، جووڵە و گەشەکردن و هەناسەدان) گرنگترینیان بریتین لە مرۆڤ، ڕووەک، ئاژەڵ و باڵندە و بەکتریا و قەوزەکان. ئەو توخمانە بە چەندین شێوە دەژین، هەر توخمێک کار دەکاتە سەر توخمێکی ترو کاریگەر دەبێت پێی، مرۆڤیش لە لوتکەی ئەو توخمانە دێت کە بەجۆرەها شێوە سوود لەو توخمانە وەردەگرێت. ئەو توخمانەش پۆلێندەکرێن بۆ:

  • توخمە بەرهەمهێنەرەکان (Producers): نموونە وەکوو ڕووەک بە هەموو جۆرەکانییەوە کە لە تیشکی خۆر و کانزاکان و ماددە ئەندامییەکانی خاک سوود وەردەگرێت و خۆراک بۆخۆی بەرهەم دێنێت هەر بۆیە بەتوخمێکی زیندوو و بەرهەمهێن دادەنرێت.
  • توخمە بەکاربەرەکان (Consumers): نموونە وەکوو مرۆڤ و ئاژەڵ کە ڕووەک دەخۆن، واتە خۆیان بەرهەمیان نەهێناوە بەڵکوو ئامادەکراوە و بەکاری دێنن.
  • توخمە شیکەرەوەکان (Decomposer): بریتین لەو توخمانە کە بەژدارن لە کردای شیکردنەوە وەکوو (بەکتریاکان و قەوزە و مشەخۆرەکان) ئەو توخمانە بە دوو شێوە ڕۆڵ دەبینن کە لاشەی مردووی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک شی دەکەنەوە بەم جۆرەش دەبن بە هۆکارێکی گرنگ بۆ پاکردنەوەی ژینگە. ئەم لاشە مردووانە دەکەن بە ماددەییەکی سادە کە توخمە بەرهەمهێنەرەکان (ڕووەک) جارێکی تر سوودیان لێ وەردەگرێن بۆ گەشەکردن.

پێکهاتە نازیندووەکان (A Biotic Contents)

بریتین لە کۆمەڵێک پێکهاتەی نازیندوو کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی پێکهاتە زیندووەکان هەیە، بە جۆرێک دەستنیشانی جۆر و دابەشبوونی جوگرافییان دەکەن، گرنگترینیان بریتین لە ئاو و هەوا و خاک، هەریەک لەو توخمە نازیندووانە بەرگێکی تایبەت بەخۆی هەیە کە پۆلێندەکرێن بۆ:

  • بەرگی ئاوی (Hydrosphere): هەموو دۆخە جیاوازەکانی ئاو دەگرێتەوە  کە لەسەر ڕووی زەوی بوونیان هەیە دۆخی شلی وەکوو زەریاکان، دەریا و دەریاچەکان و ڕووبار و کانیاوەکان. دۆخی ڕەقی وەکوو بەفری بەستووی ناوچە جەمسەرییەکانی باکوور و باشوور. دۆخی گازی وەکوو هەڵمی ئاو لە هەوادا.
  • بەرگی هەوا (Atmosphere): بریتییە لە ھەموو ئەو گازانەی کە بە ڕێژەی جیاواز لە ھەوادا ھەن لەسەر شێوەی گەردیلەی بچووک وەکوو نایترۆجین، ئۆکسجین، ئەرگۆن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ھایدرۆجین و ھیلیۆم. گازی نایترۆجین لە پێشەنگی ھەموو ئەو گازانە دێت کە بە ڕێژەی (٧٨٪) سێیەکی کێشی بەرگی گازی پێکدێنێت، ئۆکسجین بە ڕێژەی (٢١٪) ھەموو گازەکانی تریش بە ڕێژەی (١٪) بەژدارن لە پێکھێنانی بەرگی ھەوا، بەڵام ئەو ڕێژانە دەگۆڕێن بە بەرزبوونەوە لە ئاست ڕووی زەوی بۆ نموونە، دوای بەرزبوونەوە بە بەرزی (٥) کیلۆمەتر ڕێژەی ئۆکسجین کەم دەبێتەوە و ھەڵمی ئاو بە بەرزبوونەوە کەم دەکات ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەکانی ھەڵمی ئاو کە بریتین لە ڕووبەرە ئاوییەکان.
  • بەرگی بەردین (Lithosphere): بریتییە لە شێوەکانی بەرزی و نزمی سەر ڕووی زەوی وەکوو چیاکان، بانەکان، دەشتەکان و دۆڵەکان و خاک بە ھەموو جۆرەکانی و ئەو کانزایانەی کە تیایانداییە. ئەگەر چی قوڵایی ئەو بەرگە و پێکھاتەکانی بە شێوەی کۆتایی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام پسپۆڕان بۆچوونیان وایە کە قوڵایی ئەو بەرگە دەگاتە (٥٠٠٠) کیلۆمەتر.

ڕۆڵی جوگرافیناس لە چاککردنی ژینگە

ئەگەر ژینگە بریتی بێت لەو چوارچێوەیەی کە ھەموو توخمە سروشتی و مرۆییەکان بگرێتەوە، کەواتە چاککردنی ژینگە پێویستی بە زانیاری ورد و دروست ھەیە لەسەر تایبەتمەندییە جۆراوجۆرەکانی ئەم توخمانە و ئەو کاریگەرییانەی لەسەر مرۆڤی دروست دەکەن.

١- جوگرافیناس زانیاری ورد و گرنگی لەسەر توخمە سروشتییەکانی ژینگە ھەیە وەکوو دەرامەتی ئاو، خاک، ڕووەکی سروشتی و ئاو و ھەوا و دەرامەتە کانزاییەکان.

٢- جوگرافیناس زانیاری ورد و گرنگی ھەیە لەسەر خودی مرۆڤ وەکوو دەرامەتێکی مرۆیی لە ڕووی ژمارەیان، زیاد بوونیان، کەمبوونیان و دابەشبوونیان و چالاکییەکانیان.

٣- جوگرافیناس زانیاری ورد و گرنگی ھەیە لەسەر دەرامەتە سروشتییەکان لە ڕووی لەبن ھاتنیان یان لەبن نەھاتنیان.

٤- کەسی جوگرافیناس ھوشیارە لە دەرئەنجامە خراپەکانی مرۆڤ لەسەر ژینگە، لەسەر ئاستەکانی خراپ بەکارھێنانیان و ماندووکردنیان و لەناوبردنیان.

٥- چاککردنی ژینگە پێویستی بە بیرکردنەوە و پلانی جۆراوجۆر ھەیە، چونکە توخمەکان تیکھەڵکێشن و پەیوەستن بە یەکتری، لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی کەسی جوگرافیناس سەرەنجی گشتگیرانەییە، کەواتە کەسی جوگرافیناس لە کەسە پێشەنگەکانە کە بتوانێت چاککردنی ژینگە ئەنجامبدات.

٦- زانستی جوگرافیای ئەمڕۆ تەنھا گرنگی نادات بە حاڵەتی ئێستا، بەڵکوو پێشبینیش دەکات بۆ داھاتوو، ئەمەش ھۆکارێکی گرنگە بۆ داڕشتنی پلان و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە.

٧- زانستی جوگرافیا گرنگی دەدات بە بەراوردکردنی دیاردەکان لەگەڵ یەکتری و دۆزینەوەی پەیوەندی نێوانیان، ئەمەش ھۆکارێکی گرنگە بۆ چاککردنی ژینگە بە شێوەیەکی نموونەیی. 

٨- چاککردنی ژینگە تەنھا ئەرکی جوگرافیناس نییە بە تەنھا، بەڵکوو پێویستی بە ھەموو لایەنەکان و پسپۆڕە جۆراوجۆرەکان ھەیە لە ھەموو بوارە زانستییەکانی تر.


سەرچاوەکان



489 بینین