ناوهڕۆك
ناساندن
مەترسیدارترین زیندانەکانی جیهان (بە عەرەبی: أخطر السجون في العالم، بە ئینگلیزی: The most dangerous prisons in the world)، هەرچەندە سزای زیندان بە پلەی یەکەم مەبەستی چاککردنەوەی تاوانباران و هەوڵدانە بۆ ئەوەی بیانکەن بە کەسانی بەرهەمدار لە کۆمەڵگادا، بەڵام زۆرێک لەو دامەزراوە چاکسازییانە ئامانجی دامەزراندنیان لەبیرکردووە؛ بەجۆرێک کە لەبری دەزگایەکی چاکسازی و پەروەردەیی بووە بە ناوەندی گەندەڵی و تاوان.
١٠ لە مەترسیدارترین زیندانەکانی جیهان
زیندانی دوورگەی ئەلکاتراز لە ئەمریکا
ئەم زیندانە فیدراڵییە لە دوورگەی ئەلکاتراز لە کەنداوی سانفرانسیسکۆ دروستکراوە، بە "بەرد" یان دوورگەی شەیتان ناسرابوو، لە ساڵی ١٩٢٠ بۆ زیندانیکردنی ئەو تاوانبارانەی کە ساختەکارییان کردووە دروستکراوە، ڕێگە بە زیندانییەکان نەدراوە قسە بکەن و زۆربەیان دەستدرێژییان کراوەتە سەر. بەڵام لە ساڵی ١٩٦٣ داخراوە و دواتر گۆڕاوە بۆ شوێنێکی گەشتیاری.
زیندانی ئێڤین لە ئێران
ئەم زیندانە دەکەوێتە ناوچەی ئێڤین لە باکووری ڕۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران، ئەم زیندانە لە ساڵی ١٩٦٢ لە سەردەمی محمد ڕەزا شا دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٧٢ کراوەتەوە، زیندانیانی سیاسی پێش شۆڕش و دوای شۆڕش لە دژی ڕژێمی شا لێرەدا زیندانی کراون.
ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕەپانی جێبەجێکردنی تاوانە سیاسییەکان بووە دژ بە ئۆپۆزسیۆنەکان، هەروەها زیندانەکە بە زانکۆی ئێڤین ناسراوە. چونکە زۆربەی زیندانیکراوەکانیان کەسانی ڕۆشنبیر و مامۆستای زانکۆی ئۆپۆزسیۆن بوون و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی زۆر لەسەر ئەشکەنجەدانی ناوەوەی زیندانەکە، دەسەڵاتدارانی ئێران ناچار بوون بیگوازنەوە بۆ دەرەوەی تارانی پایتەخت و بیناکە بکەنە پارکێکی گشتی.
زیندانی ستانلی لە هۆنگ کۆنگ
زیندانەکە دەکەوێتە شاری هۆنگ کۆنگ لە چین، کە تاوانبارانی تێوەگلاو لە توندوتیژترین تاوانەکانی ئەو وڵاتەدا زیندانی دەکرێن، بە کۆنترین زیندان دادەنرێت کە هیچ کات دانەخراوە. لە ساڵی ١٩٣٧ دروستکراوە و لە کاتی دروستکردنیدا بە یەکێک لە باشترین زیندانەکانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا دادەنرا. زیندانی ستانلی لە بەرد، کۆنکرێت و پۆڵا دروستکراوە، پێکهاتووە لە شەش باڵەخانە و بە دیوارێک دەورە دراوە کە بەرزییەکەی دەگاتە ٥.٥ مەتر، یەکێکە لە شەش بینای ئەمنی توند لە هۆنگ کۆنگ، هەروەها شوێنێکی ناسراوبووە بە لە سێدارەدان پێش ئەوەی حکومەت ئەم جۆرە سزایە لە ساڵی ١٩٩٠ هەڵبوەشێنێتەوە.
کەمپی ٢٢ لە کۆریای باکوور
کەمپی ٢٢ لە کۆریای باکوور بە خراپترین زیندان دادەنرێت لە هەموو جیهاندا. بەهۆی دابڕانی تەواوەتی لە جیهانی دەرەوە، مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٥، تایبەتکراوە بە زیندانیانی سیاسی، لە هەندێک حاڵەتدا ژمارەیەک زیندانی و خێزانەکانیان بۆ هەمیشە لەوێ زیندانی کراون. لە ساڵی ١٩٩٠ زیاتر لە ٥٠ هەزار زیندانی لەخۆگرتبوو و خراپترین شێوەی ئەشکەنجەدان بریتی بوو لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زانستی لەسەریان و بەکارهێنانیان وەک مشکی تاقیگە.
زیندانی عۆفەر لە ئیسرائیل
زیندانی عۆفەر دەکەوێتە سەر گوندەکانی بەیتونیا و ڕافات لە ڕۆژئاوای شاری ڕام الله و سەر بە دەزگای زیندانەکانی ئیسرائیلە. کە تایبەتکراوە بە زیندانیانی ئەمنی و خێزانە فەڵەستینییەکان. زیندانییەکان ئەم زیندانە بە گوانتانامۆ ناودەبەن؛ بەهۆی ئەو پێشێلکارییە ترسناکانە و شێوازی جۆراوجۆری ئەشکەنجەدان. ئەم زیندانە لە سەردەمی ئینتیدابی بەریتانیادا دروستکراوە، چەندین خێمەی تێدایە کە هەر خێمەیەک ٢٠ زیندانی تێدایە، لەکاتێکدا جێگەی ١٥٠٠ زیندانی دەکاتەوە.
زیندانی دوورگەی پێتاک لە ڕووسیا
ئەم زیندانە دەتوانرێت بە وەشانێکی ڕووسی زیندانی ئەلکاترازی ئەمریکی هەژمار بکرێت. کە لەسەر دوورگەیەک لە ناوەڕاستی دەریاچەی سپی دروستکراوە، لە هەموو لایەکەوە بە ئاوی بەستوو دەورە دراوە. ئەزموونی ژیانکردن لەم زیندانە هاوشێوەی ژیانکردنە لە دۆزەخ. هەر زیندانییەک لە ژوورێکی تەسک و ئاسایشی توندا بۆ ماوەی ٢٢ کاتژمێر و نیو زیندانی دەکرێت، دواتر زیندانییەکان بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک دەگوازرێنەوە بۆ قەفەسێک کە بە تەلی دڕکاوی دەورە دراوە، ئەمەش تووشی نەخۆشی دەروونییان دەکات، تەنانەت دەیانگەیەنێتە ڕادەی شێتبوون.
لە ئەنجامی دابەزینی پلەکانی گەرما بەهۆی بوونی ئاوی بەستوو لە نزیک زیندانەکەوە هەروەها بارینی بەفر، زۆرێک لە زیندانییەکان بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، لێرەدا تاوانبار و بکوژەکان زیندانی دەکرێن و زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا دەسەپێنرێ. چونکە سزای لەسێدارەدان لە ڕووسیا قەدەغەیە.
زیندانی نایرۆبی لە کینیا
لە ساڵی ١٩١١ دروستکراوە کە بە نزیکەیی جێگەی ٨٠٠ زیندانی دەکاتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٣دا ژمارەی زیندانییەکانی گەشتە نزیکەی سێ هەزار کەس، هەر بۆیەش یەکێکە لە قەرەباڵغترین زیندانەکانی کینیا. زیندانییەکان لە بارودۆخێکی خراپی تەندروستی و ژیانێکی لە ڕادەبەدەر خراپدا دەژین، زیندانییەکان تێدەکۆشن لە پێناو مانەوە لە تەندروستی جەستەیی و دەروونی باشدا.
زیندانی گوانتانامۆ لە کوبا
زیندانی گوانتانامۆ دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوبا و لە ساڵی (٢٠٠٢)ـەوە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئەو کەسانەیان دەستبەسەر کردووە کە گومانی تیرۆریستیان لێکراوە لێرەدا زیندانی کراون. زیندانەکە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکایە و هیچ یاسایەکی مافی مرۆڤ لە ناوەوەیدا جێبەجێ ناکرێت، بە ڕادەیەک کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە زیندانی گوانتانامۆی ئەمریکی نوێنەرایەتی دڕندەیی ئەم سەردەمە دەکات.
هەروەها چاودێرانی مافی مرۆڤ دانیان بەوەدا ناوە کە ئەم زیندانە هیچ بەهایەکی مرۆیی تێدا نییە، زیندانییەکانی بە ئەوپەڕی دڕەندەیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش وایکرد هەندێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ناڕەزایەتی دەرببڕن و ئیدانەی بکەن و داوای کۆتاییهێنان بەم ئازارە بکەن، هەروەها داخستنی زیندانەکە بەتەواوی.
زیندانی گیتامارا لە ڕواندا
ئەم زیندانە لە سەرەتادا تەنها بۆ (٤٠٠) زیندانی دروستکراوە، بەڵام لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی (١٩٩٤)ـی ڕواندا ژمارەی زیندانییەکان گەیشتە نزیکەی حەوت هەزار زیندانی. زیندانی گیتامارا یەکێکە لە خراپترین زیندانەکانی جیهان. تا ئەو ڕادەیەی وایلێهات هەندێک لە زیندانییەکان گۆشتی یەکتریان دەخوارد بۆ ئەوەی بژین و زۆرێک لە زیندانییەکان کە لەوێ بوون بە دۆزەخی سەر زەوی وەسفیان کردووە. بەهۆی قەرەباڵغی زۆرەوە شوێنی دانیشتن و خەوتنیان نییە. هەر چوار زیندانییەک لە مەتر چوارگۆشەیەکدا دەژین.
زیندانی کاراندیرۆ لە بەڕازیل
ئەم زیندانە لە ساڵی ١٩٢٠ دروستکراوە، بەڵام تا ساڵی ١٩٥٦ هیچ تاوانبارێک لەوێ زیندانی نەکرا. لە ساڵی ١٩٩٢دا ئاژاوەیەکی گەورە لە ناو ئەو زیندانەدا ڕوویدا و لە ئەنجامدا کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە کە تێیدا ١١١ زیندانی کوژران، لە کێشە گەورەکانی دیکەی ئەم زیندانە کە توانای وەرگرتنی نزیکەی ٨٠٠٠ زیندانی هەیە، بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی نەخۆشی ئایدز بوو کە وای لە حکومەتی بەڕازیل کرد لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ هەمیشە دایبخات.