دیپ‌فەیک

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-02-03-17:28:00 - کۆدی بابەت: 11928
دیپ‌فەیک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دیپ‌فەیک یان ساختەکاری قووڵ (بە عەرەبی: التزییف العمیق، بە ئینگلیزی: Deepfake) میدیای دەستکردن کە لە ڕووی دیجیتاڵییەوە دەستکاری کراون بۆ گۆڕینی شێوەی کەسێک بۆ سەر شێوەی کەسێکی تر، بە شێوەیەکی بڕواپێکراوانە. دیپ‌فەیکەکان دەستکاریکردنی شێوە و ڕووخسارە لە ڕێگەی شێوازە بەرهەمهێنەرە قووڵەکانەوە. لە کاتێکدا کردەی دروستکردنی بابەتی ساختە نوێ نییە، دیپ‌فەیکەکان تەکنیکە بە‌هێزەکانی فێربوونی ئامێر و ژیرییە دەستکردەکان بەکاردەهێنن بۆ دەستکاریکردن و بەرهەمهێنانی بابەتی وێنە و دەنگی بە شێوەیەک زۆر بە ئاسانی خەڵک بخەڵەتێنێت.

بەرهەمە دیپ‌فەیکەکان توانیویانە سەرنجێکی زۆر بۆ خۆیان ڕابکێشن بەهۆی تواناکانیانەوە لە دروستکردنی بەرهەمی تایبەت بە ئازاردانی سێکسیی منداڵ، ڤیدیۆی ڕووتی کەسایەتییە دیارەکان، هەواڵی ساختە، فێڵ و ساختەکاریی بازرگانی.

دیپ‌فەیک چییە؟

دیپ‌فەیک، میدیایەکی دروستکراوە. وێنە، ڤیدیۆ و دەنگ لەخۆدەگرێت کە لە لایەن تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکردەوە بەرهەمهاتووە و شتێک پیشان دەدات کە لە واقیعدا بوونی نییە، یاخوود ڕووداوێک پیشان دەدات کە هەرگیز ڕووی نەداوە.

زاراوەی دیپ‌فەیک لە وشەی (قووڵ – Deep) پێکهاتووە کە لە تەکنەلۆجیای فێربوونی قووڵی ژیریی دەستکردەوە وەرگیراوە (شێوازی فێربوونی ئامێرییە کە پێکدێت لە چەند ئاستێکی پرۆسێس کردن)، لەگەڵ وشەی (ساختە – Fake) کە ئاماژە بەوە دەدات بابەتەکە ڕاستی نییە.

دەستکاریکردنی وێنە لە سەتەی ١٩ـەوە سەری هەڵداوە و هەر زوو چووە ناو بواری فیلمەکانەوە و لە وێنە جووڵاوەکاندا بەکارهێنرا. لە ماوەی سەتەی ٢٠دا تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی جێگیر بەرەو پێش چوو و دواتر بەهۆی ڤیدیۆ دیجیتاڵییەکانەوە بەرەوپێشچوونەکانی خێراتر بوو. بەکارهێنانی زاراوەکە بۆ میدیای دەستکرد لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە سەری هەڵدا کاتێك بەکارهێنەرێکی پێگەی ڕێدت، کۆمەڵەیەکی دروستکرد بەناوی "دیپ‌فەیکەکان" و دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە تەکنەلۆجیای گۆڕینەوەی ڕووخساریان تێدا بەکارهێنرابوو تاکوو شێوەی کەسایەتییە بەناوبانگەکان بخاتە سەر چەند ڤیدیۆیەکی پۆرنۆگرافی کە خۆیان بوونیان هەبوو.

لە پاڵ پۆرنۆگرافیدا، نموونەی کۆمەڵە کارێکی ساختەکاریی قووڵ کە بە دنیادا بڵاوبوونەتەوە پێکدێت لە وێنەیەکی پاپا فرانسس لەناو چاکەتێکی سپیی ئەستووردا، وێنەیەکی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کە لە شەڕدایە لەگەڵ پۆلیسدا، ڤیدیۆیەکی بەڕێوەبەری گشتیی فەیسبووک، مارک زاکەربێرگ کە وتارێک دەخوێنێتەوە سەبارەت بە هێزە خراپەکارییەکانی کۆمپانیاکەی، لەگەڵ ڤیدیۆیەکی شاژنە ئیلیزابێث کە سەما دەکات و وتارێک دەدات سەبارەت بە هێزی تەکنەلۆجیا. هیچ یەکێک لەو ڕووداوانە لە ژیانی ڕاستیدا ڕوویان نەداوە.

چۆنییەتی دروستکردنیان

دیپ‌فەیکەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دوو ئەلگۆریزمی فێربوونی قووڵی ژیریی دەستکردەوە بەرهەمدەهێنرێن، یەکێکیان باشترین لەبەرگیراوەی وێنە یان ڤیدیۆیەکی ڕاستەقینە دروست دەکات و ئەوی تریان ئەوە دیاری دەکات ئایا لەبەرگیراوەکە ساختەیە یان نا، ئەگەر ساختە بوو، ڕاپۆرتی جیاوازییەکان بە بەراورد بە وێنە ڕەسەنەکە دەنێرێتەوە. یەکەم ئەلگۆریزم وێنەیەکی دەستکرد دروست دەکات و تێبینییەکان لە دووەم ئەلگۆریزم وەردەگرێت و پاشان وێنەکە چاک دەکات بۆ ئەوەی زیادتر ڕاستەقینەتر دەربکەوێت؛ بەم شێوەیە پرۆسەکە بەردەوام دەبێتەوە هەتا ئەوەی دووەم ئەلگۆریزم هیچ شوێنپێیەکی ساختەکاری لە بەرهەمەکەدا نادۆزێتەوە.

لە ڤیدیۆ دیپ‌فەیکەکاندا، دەنگی تایبەتی کەسێک لەبەردەگیرێتەوە بەوەی داتای دەنگێکی ڕاستەقینەی کەسەکە دەدرێت بە ژیرییە دەستکردەکە، بەو شێوەیە ڕاهێنانی لەسەر دەکات بۆ لاساییکردنەوەی. هەندێکجار، ڤیدیۆ دیپ‌فەیکەکان دیمەنی ڕاستەقینەی کەسەکەی دەخڕێتە سەر کە قسە دەکات و بە دەنگی ژیریی دەستکرد لاسایی دەنگی کەسەکە دەکرێتەوە.

دیپ‌فەیکەکان، تا ڕادەیەک پەیوەستن بە هاندەری خراپەوە، وەکوو دروستکردنی زانیاری ساختە و هۆکاری سەرلێشێوان لەبارەی بابەتە گرنگە ڕامیارییەکانەوە. دیپ‌فەیکەکان بەکارهێنراون بۆ سووکایەتی پێکردن، بێزارکردن و بە ئامانج گرتنی نەک تەنها کەسایەتییە ناودار، سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بەڵکوو هاوڵاتیی مەدەنیش.

بەکارهێنانەکانی دیپ‌فەیک

نواندن

تەکنەلۆجیای دیپ‌فەیک پیشەسازی فیلم دەگۆڕێت و پرسیاری ئاکارانییە دروست دەکات، بە تایبەتیش لە ماوەی مانگرتنەکەی ساگ-ئافترای ساڵی ٢٠٢٣دا ئەم بابەتە وروژێنرا. گەر کۆمپانیای دیزنی بە نموونە وەربگرین، دیپ‌فەیکی  گۆڕینەوەی دەموچاو بە شێوازی ڕیزۆڵیوشنی بەرز بەکاردەهێنێت بۆ بەرەو پێشبردنی ڤیژوەڵ ئیفێکت لە کارەکانیدا، کەمکردنەوەی تێچوو، و ڕێگەدان بە گۆڕانی کەسایەتییەکان. جیا لە بواری ئینتەرتەینمت، دیپ‌فەیک لە فیلـمێکی بەڵگەنامەییدا بە ناوی (Chechnya) بەکارهێنرا بۆ پاراستنی ناسنامەی بەشداربووەکان.

هونەر

لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٨دا، هونەرمەند جۆسف ئایەرڵی تەکنەلۆجیای دیپ‌فەیکی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی "گەمەی ئیتاڵی"، کە کارێكی هونەری ڤیدیۆیی بوو خانمە نواندنکارێکی ژیریی دەستکردی تێدابوو هاوشێوەی ئۆرنێلا موتیی ساڵانی ٨٠ـاکان. خانمە نواندنکارەکەی کە لە لایەن ژیریی دەستکردەوە دروستکراوە، لە کارە هونەرییەکەدا گەشتی کات دەکات بۆ بەدواداچوون بە وێنەدانەوەی نەوەکان و لێکۆڵینەوە لە پرسیاری ڕۆڵی هاندان لە جیهانی هونەردا. جۆسف ئایەرڵی ڕووخساری خانمە نمایشکار کێندڵ جێنەری بەکارهێنا و بە ژیریی دەستکرد ڕووخساری ئۆرنێلای خستە سەر.

هەڕەشە

دیپ‌فەیکەکان سەرچاوەی مەترسیی ڕاستەقینەن لەبەرئەوەی دەتوانرێت بۆ مەبەستی دروستکردنی هەڕەشە بەکاربهێنرێت و بە هەڵە کەسێک تاوانبار بکات.

ئینتەرتەینمنت

لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئابی ساڵی ٢٠٢٢دا، میتافیزیک ئەی ئای، دیپ‌فەیکی سایمن کاوڵ، هاوی ماندێل و تێری کروسی کرد بە شێوەیەک لەسەر ستەیج ئۆپێرایان دەوت. لە ڕێکەوتی ١٣ی ئەیلوولی هەمان ساڵیشدا، مێتافیزیک ئەی ئای، نمایشێكی لە کۆتا پڕۆگرامی America’s got talentدا کرد لەسەر شێوەی وەشانێکی دەستکردنی ئێڵڤس پرێسلی.

فێڵ و ساختەکاری

ساختەکارەکان سوود لە دیپ‌فەیکەکان وەردەگرن بۆ خەڵەتاندنی خەڵک بۆ نەخشەی وەبەرهێنانی ساختە، ساختەکاری بازرگانی و ناردنی پارە.

بوکەڵەی جۆراب

وێنە دیپ‌فەیکەکان بەزۆری بەکاردەهێنرێن بۆ نەخشاندنی کەسایەتییەک کە بوونی نییە، و بە بوکەڵەی جۆراب (گۆرەوی) ناسراوە. ئەم کەسە نەبووە هەم لەناو بواری میدیایی و هەم لە ئینتەرنێتدا چالاکە. نموونەیەک بۆ ئەم جۆرەیان کەسێک بوو بە ناوی ئۆلیڤەر تەیلەر، کە بیروڕای خۆی لە چەندین ڕۆژنامەدا بڵاوکردەوە سەبارەت بە کەسایەتییەکی ئەکادیمیی یاساییی بەریتانی و هاوسەرەکەی، هەروەها لە ئینتەرنێتدا بە چەندین شێوە هێرشی دەکردە سەریان. ناسنامەی تەیلەر وەکوو قوتابییەکی زانکۆ لە بەریتانیا وەسف کرابوو، گومانی دروستکرد و زانکۆکەی ئەوەی ڕاگەیاند کە هیچ زانیاری و تۆمارێک لەبارەی ئەو کەسەوە نییە. وێنەی سەر هەژمارەکەشی گومانی لێدەکرێت دیپ‌فەیک بێت.

سیاسەت

پۆرنۆگرافی

تۆڕی کۆمەڵایەتی

میم

وەڵامدانەوەی سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

تویتەر یان ئێکس

تویتەر هەنگاوی چالاک دەنێت بەرەو جڵەوکردنی میدیای دەستکرد و دەستکاریکراو لەسەر سەکۆکەیان. بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە، تویتەر تایبەتمەندی تێبینی لەسەر ئەو تویتانە دادەنێت کە بەرهەمی دەستکاریکراو و دیپ‌فەیکیان تێدایە و ئاماژە بەوە دەکەن بۆ بینەران و بەکارهێنەران کە ئەم بابەتە دەستکاری کراوە. هەروەها لەپاڵ ئەو بڵاوکراوانەشدا ئاگادارییەک هەیە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڵایکی پۆستەکە بکەن یاخود ڕیتویتی بکەنەوە. تویتەر خۆیشی ئەو دەسەڵاتەی هەیە ئەو تویتانە بسڕێتەوە کە دیپ‌فەیکن و دەبنە مایەی زیان بۆ بەکارهێنەرەکە.

فەیسبووک

فەیسبووک هانی دروستکردنی دیپ‌فەیکی داوە بۆ پەرەپێدان بە سۆفتوێری دەستنیشانکردنی دیپ‌فەیک. لە ساڵی ٢٠١٩شدا هاوبەشێکی دیار بوو لە ڕێکخستنی ئاڵنگاری دەستنیشانکردنی دیپ‌فەیک.

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی دیپ‌فەیک

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیادا ئەم کارە قورسترە دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٨دا لێکۆڵەرە ئەمریکییەکان ئەوەیان دۆزییەوە کە ئەو دەموچاوانەی بە دیپ‌فەیک دروست دەکرێن بە ئاسایی چاو ناتروکێنن، لە سەرەتادا ئەمە وا دیار بوو خاڵێکی ئەرێنی بێت بۆ دەستنیشانکردنی ساختەکارییەکان بەڵام هەر کە توێژینەوەکە بڵاوبووەوە دیمەنی دیپ‌فەیکیش بڵاوبووەوە کە چاویان دەتروکاند. ئەو دیپ‌فەیکانەی کە کوالێتیان نزمە، تا ڕادەیەک ئەگەری هەیە بتوانرێت دەستنیشانبکرێن.

میرییەکان، زانکۆکان و دامەزراوە تەکنەلۆجییەکان هەموویان پارەی تایبەت تەرخان دەکەن بۆ توێژینەوە بۆ دەستنیشانکردنی دیپ‌فەیک و تا ئێستا بە ئاستێکی وا نەگەیشتوون کە دیپ‌فەیکەکان دەستنیشان بکەن. هەندێک لە شارەزایان لەو بڕوایەدان چارەسەکە هەر خودی ژیریی دەستکرد خۆی بێت و بەکاربهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی دیپ‌فەیکەکان.


سەرچاوەکان



278 بینین