تووڕەبوونی هەرزەکاران و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیان

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-02-04-00:29:00 - کۆدی بابەت: 11935
تووڕەبوونی هەرزەکاران و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تووڕەبوونی هەرزەکاران و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیان (بە عەرەبی: عصبية المراهقين وكيفية التعامل معهم، بە ئینگلیزی: Teenagers' anger and how to deal with them)، زۆر کەس پێیان وایە دەمارگیری و توڕەبوونی گەنجان لەم تەمەنەدا دیاردەیەکی ئاساییە و ئەمەش تا ڕادەیەکی دیاریکراو دروستە، بەڵام ئەگەر توڕەیی سنووری خۆی تێپەڕاند، دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت چونکە توڕەیی بەردەوام دیاردەیەکی سروشتی نییە، بەڵکو پێویستی بە هەڵسوکەوتی تایبەت هەیە کە ڕێگە بە گەنجانی دەمارگیر دەدات واز لەو توڕەییەکەیان بهێنن، یان لانیکەم سنوورداری بکەن، زۆر جار دەیانەوێت بە زەبری هێز و توندوتیژی لەڕادەبەدەر داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێت، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پشت بەخۆیان نابەستن، و بەردەوام لە دڵەڕاوکێ و قەلەقیدان ئەم بارودۆخەیان ناڕەحەتییەکی گەورە بۆ دەوروبەریان دروست دەکات.

هۆکارەکانی توڕەیی لە هەرزەکاراندا

توڕەبوون هەستێکی ئاسایی مرۆڤەکانە، هەرزەکاران لە ڕووی دەربڕینی توڕەییاندا جیاوازن لە گەورەکان، چونکە مێشکیان هێشتا لە گەشەکردندایە، بۆیە هەرزەکاران پشت بە بەشێکی مێشکیان دەبەستن کە پێی دەوترێت (amygdala) کە هەڵچوون و کاردانەوەی سۆزداری کۆنترۆڵ دەکات هەروەها مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتی کۆنتڕۆڵنەکراو و توڕەیی توند دەکات. لە هەر پێنج هەرزەکارێک یەکێکیان بەدەست توڕەبوونەوە دەناڵێنن، کە یەکێکە لە باوترین کێشەکانی تەندروستی دەروونی لە هەرزەکاراندا. چوار هۆکاری سەرەکی لە پشت توڕەبوونی هەرزەکارانەوە هەیە کە بریتین لە:

١- چەوساندنەوە

زۆر هۆکار هەیە بۆ ئەوەی منداڵەکەت لە منداڵانی تر توڕەتر دەربکەوێت، هەرزەکاران دەیانەوێت پشت بەخۆیان ببەستن و سەربەخۆ بن، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنیان دەبێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ دایک و باوکیاندا لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی فشار و توڕەیی.

٢- تەمەنی پێگەیشتن - باڵغبوون

لەوانەیە هەستەکانی منداڵەکەت لە کاتی باڵغبووندا توندتر بێت چونکە هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و ئیسترۆجین دەردەدرێن و ئەمانەش دەبنە هۆی دروستبوونی هەستی جیاواز کە کۆنتڕۆڵکردنیان قورس دەبێت.

٣- فشاری دەروونی

فشاری دەروونی بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، فشارەکانی قوتابخانە و چالاکییەکان دوای خوێندنەوە زۆرجار هەرزەکاران سەرکوت دەکات و دەبێتە هۆی توڕەبوونیان، هەروەها دەکرێت توڕەیی لە ئەنجامی جیابوونەوە، لەدەستدانی کەسە نزیکەکان، ڕووداوی دڕندانە و دابڕان دەبێتە هۆی هەستکردن بە ترس، ڕەنگە  کێشەی متمانە بەخۆبوونیان بۆ دروست بکات و نەتوانن سەیری لایەنی ئەرێنی دۆخەکە بکەن.

٤- لایەنی پزیشکی

حاڵەتە پزیشکییەکانی وەک دوو جەمسەری، ADHD، وەسوەسە، خەمۆکی، کێشەی سەرپێچی و دژایەتی دەکرێت ببنە هۆکاری توڕەیی، خەمۆکی لەنێو هەرزەکاراندا باوە، ئەگەر دەرچەیەک بۆ کردنە دەرەوەی توڕەییەکە نەبێت، ئەوا ئەم هەستانە ڕوو لە ناوەوە دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە تاوانباری، خۆ چەوساندنەوە، و ڕێزنەگرتن لە خود، نەمانی باوەڕبەخۆبوون، زیانگەیاندن بەخۆی یان سزادان بە شێوازی جیاواز، دەکرێت هەستە سەرکوتکراوەکانی ببنە هۆی ترس، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی تەنانەت ڕەنگە خۆی بکوژێت.

نیشانەکانی توڕەیی لە هەرزەکاراندا

ئەو نیشانانەی لە کاتی توڕەبوونی هەرزەکاراندا دەردەکەون جیاوازن، بەڵام باوترینیان بریتین لە:

  • جوڵە: لە کاتی توڕەبووندا جوڵەیان زیاد دەکات، چەندین ئاماژەی توڕەیی یان توندوتیژی نیشان دەدەن.
  • نائارام: بە شێواەیەکی گشتی لە گفتوگۆ و بارودۆخەکانی ژیاندا ئارامی و خۆڕاگرییان نییە و سوورن لەسەر قسەکردن و دەربڕینی ڕاوبۆچوونەکانیان تەنانەت ئەگەر  گفتوگۆی کەسانی تریش ببڕن.
  • بێ ڕێزی: توڕەیی هەرزەکار وا دەکات ڕەفتاری نەشیاو ئەنجام بدەن. بۆ نموونە لەکاتی قسەکردن لەگەڵ گەورەکاندا زۆر بێ ڕێزە و تەنانەت ڕەنگە وشەی نەشیاو و جنێویش بەکاربهێنێت.
  • گاڵتەجاڕی: گاڵتەجاڕی یان ڕەفتاری شەڕانگێزی یەکێکە لەو شتانەی کە هەرزەکار بۆ شاردنەوەی توڕەیی خۆی بەکاری دەهێنێت.
  • گلەییکردن: کاتێک داوای کارێکی لێدەکرێت زۆر گلەیی دەکات.

ڕێگاکانی دەربڕینی توڕەیی لای هەرزەکاران

شێوازی دەربڕینی توڕەیی لای هەر هەرزەکارێک جیاوازە، لەوانە:

  • شاردنەوەی هەستەکان یان توڕەیی و کشانەوە
  • شکاندنی کەرەستەکانی دەورووبەری
  • توندوتیژی جەستەیی یان زارەکی
  • کینە و خراپەکاری
  • بۆڵەبۆڵ یان گاڵتەجاڕی
  • ئاڵوودەبوون
  • کێشەی دەروونی و جەستەیی
  • هەڵسوکەوتنی نەشیاو و دژ بە کۆمەڵگا

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکارێکی توڕە و سەرسەخت

گرنگە دایک و باوک بزانن کە ڕەفتار، کاردانەوە و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ توڕەیی هەرزەکار ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە باشترکردنی بارودۆخیان و یارمەتیدانیان بۆ ڕزگاربوون لە توڕەیی، لە ڕێگەی: 

  • هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لێیان: هەستکردنی هەرزەکار بەوەی کە دایک و باوکی بە هەڵە لێی تێدەگەن و وەک کەسێکی نامۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، دەمارگیری و توڕەییەکەی زیاتر دەکات، بۆیە پێویستە هەوڵبدەیت لە توڕەییەکەی تێبگەیت و هۆکارەکانی پشت توڕەبوونەکەی چارەسەر بکەیت.
  • زیادکردنی  باوەڕبەخۆبوون لای هەرزەکاران: کاتێک هەرزەکارێک متمانەی بەخۆی نییە، هەوڵدەدات بە هاوارکردن و دەنگ بەرزکردنەوە خۆی بسەلمێنێت، بۆیە هەوڵبدە وای لێبکەیت باوەڕبەخۆبوونی زیاد بکات و هەستبکات کەسێکی خۆشەویست و زیرەکە، ئەمە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی توڕەییەکەی.
  • هاندانی بۆ دۆزینەوەی خولیایەک: هەوڵبدە کچ/کوڕەکەت هانبدەیت بۆ دۆزینەوەی خولیایەک و پەرەپێدانی خولیاکە، وەک وێنەکێشان، یاریکردن، مەلەکردن، یان هەر وەرزشێک و خولیایەکی تر، چونکە یارمەتی پڕکردنەوەی کاتەکانی و ئازادکردنی توڕەیی و دەمارگیڕییەکەی دەدات هەروەها کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆزە نەرێنییەکانی.
  • سنوورێک بۆ توڕەییەکەی دابنێ: کاتێک هەرزەکارەکە ئارام دەبێتەوە، دەبێت وەک کەسێکی هۆشیار قسەی لەگەڵ بکەیت و باسی ئەو ڕەفتارە قبوڵنەکراوانەی بۆ بکەیت کە لەکاتی توڕەبووندا ئەنجامیان دەدات، وەک شکاندنی شتەکان، قسەی ناشرین و توندوتیژی ئەگەر نا سزا دەدرێت، ئەمە وا لە هەرزەکارەکە دەکات سنوورێک بۆ خۆی دابنێت لە کاتی توڕەبووندا.
  • جێبەجێکردنی سزاکان: کاتێک هەرزەکارێک ئەو یاسایانە پێشێل دەکات کە بۆت داناوە و لە کاتی توڕەیدا ڕەفتارێکی توندوتیژی ئەنجام دەدات، کەمتەرخەمی مەکە لە جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی کە پێشتر هەڕەشەت لێکردووە، ئەگەر نا وا هەست دەکات کە دەتوانێت لە کاتی تووڕەیدا هەموو شتێک بکات بێ ئەوەی سزا بدرێت، ئەمەش دۆخەکە خراپتر دەکات و هەرزەکارەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی چونکە دەزانێت دایک و باوکی وەک هەمیشە سزای نادەن. پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە سزای هەرزەکار هەرگیز بە ئەنجامدانی توندوتیژی یان پەنابردنە بەر لێدان نییە، بەڵکو بە بێبەشکردنییەتی لە ئەو شتانەی کە خۆشی دەوێت، وەک مۆبایلەکەی یان خەرجی ڕۆژانەی.
  • پشتگیری بکە و خۆشەویستی نیشان بدە: هەرزەکار پێویستی بەوەیە هەست بە خۆشەویستی و پشتیوانی دایک و باوکی بکات، بۆیە هەوڵبدە دڵنیای بکەیتەوە و پێی بڵێ کە خۆشت دەوێت و سەرەڕای هەموو ڕەفتارەکانی بەردەوام دەبیت لە خۆشویستنی، ئەمەش یارمەتی دەدات کە قۆناغەکە بەشێوەیەکی تەندروست تێپەڕێنێت و بەبێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسایەتیی بەجێبهێڵێت.
  • سنووردارکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا: هەرزەکار بە گشتی و هەرزەکاری دەمارگیر بە تایبەتی پێویستیان بە تێکەڵبوون و ڕزگاربوونە لەو گۆشەگیرییەی بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامی تەکنەلۆجیاوە دروست دەبێت، چونکە وای لێدەکات لەناو دابڕان دوور لە ژینگە بژی، کە هۆکارە بۆ ئەوەی زیاتر تووڕە ببێت، بۆیە هەوڵبدە یاسایەک دابنێیت بۆ سنوردارکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە ڕێگەی کۆبوونەوە  و چوونە دەرەوەی خێزانی.
  • بەسەربردنی کات لەگەڵ کوڕ/کچە هەرزەکارەکەت: هەموو هەرزەکارێک پێویستی بەوەیە هەست بە خۆشەویستی بکات لەلایەن دایک و باوکیەوە، بۆیە هەوڵبدە کاتێکی خۆشی لەگەڵدا بەسەر بەریت و پێکەوە چالاکی ئەنجام بدەن، لانیکەم ڕۆژی کاتژمێرێک لەگەڵ کوڕ/کچەکەت بەسەر ببە و  لەکاتی پشووەکاندا لەگەڵ خێزانەکەت پێکەوە گەشت بکەن، بەم شێوەیە دەتوانیت یارمەتی هەرزەکارەکە بدەیت ئەم قۆناغەدا تێپەڕێنێت.

ئەو هەڵانەی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکارێکی توڕەدا نابێ ئەنجامبدرێن

لەوانەیە دایک و باوک لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کچ یان کوڕە هەرزەکارە توڕەکەیان هەندێک هەڵە بکەن، پێیان وایە بەم ڕێگایە چارەسەری کێشەکە دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا دۆخەکە خراپتر دەکەن و ئەم هەڵانەش بریتین لە: 

  • مامەڵەکردنی توندوتیژانە: پێویستە خۆت بەدووربگریت لە بەکارهێنانی توندوتیژی لەگەڵ هەرزەکارەکەدا، چونکە ئەم شێوازە دەبێتە هۆی زیادبوونی توڕەیی و دەمارگیری، بەڵکو شێوازی پاداشت و سزادان پەیڕەو بکە، بۆ نموونە ئەگەر توانی توڕەیی خۆی کۆنترۆڵ بکات، ئەوا دەتوانێت بە شتێک پاداشتی بکەی کە خۆشی دەوێت و ئارەزووی دەکات، بەڵام ئەگەر توڕەییەکەی هاوارکردن و دەنگی بەرزی تێپەڕاند، ئەوا دەتوانرێت بە بێبەشکردنی لە مۆبایلەکەی یان دەرچوون لە ماڵەوە سزای بدەیت.
  • چاوپۆشیکردن لە توڕەیی: نابێت وای لێبکەیت کە هەست بکات لە ڕەفتار و هاوارکردنی دەترسیت و ئەوەی داوای دەکات بۆی بکەیت تەنها بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە، چونکە ئەمە هانی دەدات زیاتر ئەو ڕەفتارە دووبارە بکاتەوە، توڕەییەکەی وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی دەیەوێت بەکاربهێنێت.
  • خۆهەڵقورتاندن لە تایبەتمەندییەکانیان: هەرزەکاران بەگشتی پێویستە هەست بەوە بکەن کە تایبەتمەندی خۆیان هەیە، یەکێک لەو هەڵانەی کە دایک و باوک لەگەڵ منداڵە هەرزەکارەکانیان ئەنجامی دەدەن، دەستوەردانە لە وردەکارییە تایبەتەکانیان، وەک گەڕان بە ناو مۆبایل و کەلوپەلی تایبەتییان. دەیانەوێت هەموو شتێک دەربارەیان بزانن ئەمەش وا دەکات هەرزەکاران بەتایبەتی هەرزەکارە دەمارگیرەکان هەست بە توڕەیی بکەن بە هۆی ئەوەی خێزانەکانیان متمانەیان پێناکەن.
  • مامەڵەکردن بە ساردی و بێباکی: ڕەنگە دایک و باوک پێیان وابێ باشترین ڕێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکارێکی دەمارگیر لە کاتی توڕەبووندا، ساردی و بێباکییە، بەڵام ئەم شێوازە هەڵەیە چونکە ئەم ڕەفتارە زیاتر تورەیان دەکات وایان لێدەکات ڕەفتاری شەڕانگێزانەتر ئەنجام بدەن، لەبری ئەوە  هەوڵبدە وای لێبکەیت هەست بە گرنگیدان بکات، گوێی لێبگرە، کێشەکەی بزانە، با هەست بە سەلامەتی بکات، هەموو ئەمانە یارمەتیدەر دەبن لە ئارامکردنەوەی.
  • مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکار وەک منداڵ: دەبێت واز لە خۆسەپاندن، فەرماندان و ڕەخنەگرتنی بەردەوام بهێنیت، هەوڵ مەدە ناچاری بکەیت کە بەپێی ئارەزووی خۆت شتەکان هەڵبژێرێت، بۆ نموونە چی لەبەر بکات، چۆن لەبەری بکات، چۆن بخوات، چی بخوێنێت… چەندانی تر. چونکە ئەمە وای لێ دەکات هەست بکات هێشتا منداڵە و بەمەش زیاتر توڕە دەبێت.


سەرچاوەکان



882 بینین