ئەتەکێتی داوای لێبوردنکردن

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-02-23-14:09:00 - کۆدی بابەت: 12004
ئەتەکێتی داوای لێبوردنکردن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەتەکێتی داوای لێبوردنکردن (بە عەرەبی: آداب الإعتذار، بە ئینگلیزی: Apology etiquette)، چۆنیەتی داوای لێبوردن دەتوانێت کلیلی بەدەستهێنانی لێبوردنی ڕاستەقینە و بەردەوام بوونی پەیوەندییەکەت بێت بە شێوەیەکی ئەرێنی، داوای لێبوردن گرنگە لە هەموو بارودۆخێک و کێشەیەکدا بەڵام لەوەش گرنگتر شێواز و ئەتەکێتی داوای لێبوردنەکەتە.

چۆن داوای لێبوردن بکەین؟

بە شێوەیەکی گشتی گەر بمانەوێت داوای لێبوردنەکەمان قبوڵ کراوبێت و بە ئەتەکێتێکی جوانەوە داوی لێبوردن بکەین پێویستە ئەم چەند خاڵە جێبەجێ بکەین:

کاتێک داوای لێبوردن لەکەسێک دەکەیت مۆڵەتی پێ بدە کە بیر بکاتەوە

ئەو کەسەی کە تۆ توڕەت کردووە پێویستە دوای داوای لێبوردنەکەت مۆڵەتی پێ بدەیت بۆ ئەوەی بە باشی بیر بکاتەوە، چونکە هەندێک جار داوای لێبوردنەکەت یەکسەر قبوڵ کراو نابێت، هەندێکجاریش لەو کاتەی داوای لێبوردنەکەت پێشکەش دەکەیت وەڵام وەردەگریت و داواکەت قبوڵ دەبێت. هەروەها بە وردی ئاگاداربە کە داوای لێبوردن بۆچی دەکەیت. 

پێویستە درک بە هەڵەی خۆت بکەیت و هەڵەکەشت باس بکەیت

کاتێک هەڵەیەک دەکەیت بەرانبەر کەسێک درک بە هەڵەکەی خۆت بکە و داوای لێبوردن بکە و هەروەها پیشانی بدە کە چەندە پەشیمانی لەوەی کە کردووتە و دەزانیت هەڵە بووە و گرنگی بە هەستی بەرانبەرت دەدەیت. دەریببڕە کە خۆزگە دەتتوانی کات بگەڕێنیتەوە دواوە و ئەوەی وتت یان کردووتە بگۆڕیت زۆر گرنگە، هەروەها هەوڵبدە لە درێژەی باسەکەتدا ڕستەی “ئەگەر ئازارم دایت، ببورە” زۆر بەکاربهێنە، کە ئەمە ڕێگایەکی باشە بۆ ڕازی کردن و چاک کردنەوەی دڵی بەرانبەرت.

هەوڵبدە پلانێکت هەبێت بۆ چاککردنەوەی دۆخەکە

هەندێک جار بە ئاسانی ناتوانرێت دۆخێک ڕاست بکرێتەووە، بۆیە پێویستە پلانێکی باشت هەبێت بۆ باشتر کردنی دۆخەکە و قبوڵ بوونی داوای لێبووردنەکەت. هەروەها هەوڵبدە لە ناو پلانەکەتدا بیرۆکەی دیاری کڕینت هەبێت، بە تایبەت هەوڵبدە دیارییەک بکڕە کە بزانیت کەسی بەرانبەر حەزی بە چی شتێکە.

هەوڵبدە سروشتی داوای لێبووردنەکەت بەڵێن بێت

ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە ئەگەرنا ئەوەی تۆ پێشکەشت کردووە داوای لێبوردن نییە و لای هەندێک کەس ئەمە بەس بە بیانوو ناودەبرێت، واتا هەوڵبدە لەگەڵ داوای لێبوردنەکەت بەڵێن بدەیت کە جارێکی دیکە ئەو هەڵەی کردووتە دووبارەی نەکەیتەوە.

بەردەوام بە لە داوای لێبوردن

ئەگەر سەرەتا داوای لێبوردنەکەت بە باشی وەرنەگیرا بەردەوام بە لە نیشاندانی پەشیمانی خۆت و دووبارە هەوڵبدەرەوە و بچۆرە پێشەوە و داوای لێبوردنی دووبارە پێشکەش بکەرەوە. زۆرجار لایەنی بەرانبەر لە جاری دووەمدا داواکەت قبوڵ دەکات کاتێک کە دەبینێت تۆ جاری دووەمە داوای لێبوردن پێشکەش دەکەیت و دەست پێشخەری دەکەیت. 


سەرچاوەکان



148 بینین