کیندەر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-21:38:00 - کۆدی بابەت: 12179
کیندەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شۆکۆلاتەی کیندەر یان نەستەلەی کیندەر (بە عەرەبی: شوكولاتة كيندر، بە ئینگلیزی: kinder) بەرهەمێکی شۆکۆلاتەی سەر بە کۆمپانیا فێرێرۆی ئیتاڵییە. لە ئێستادا لە نزیکەی ١٢٥ وڵاتی جیهان ئەم بەرهەمە بەردەستە لە نێو خەڵکیدا پەسەندە و داواکاری لەسەرە. تامی کیندەر شیرینە و لە شۆکۆلاتە و شیر دروست دەکرێت، بە شێوە و قەبارەی هەمەجۆر بەردەستە.

مێژووەکەی

شۆکۆلاتەی کیندەر لە شاری ئەلەبا لە وڵاتی ئیتاڵیا لەلایەن میسێل فێرێرۆ دروستکرا، لە ساڵی ١٩٦٨ بۆ یەکەم جار بەرهەمەکە کرایە بازاڕەکانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیاوە، پاشان بەهۆی ئەوەی داواکاری زۆری لەسەر بوو، کڕیار و بە تایبەتی منداڵان زۆر لەلایان پەسەند بوو، بۆیە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە زۆرێک لە بازاڕەکانی ئەورووپا بڵاوبووەوە پاشان لە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبییەکانیش بڵاوکرایەوە.

پێکهاتەی خۆراکی

  • شەکر
  • شیری وشکی تێر (٤٠٪)
  • کەرەی کاکاو
  • بۆدرەی کاکاو
  • تامی ڤانێلا
  • زەیت
  • سۆیا

بەهای خۆراکی

هەر ١٠٠ گرامێک لە شۆکۆلاتەی کیندەر پێکدێت لە:

  • ٨٫٧ گرام پرۆتین 
  • ٥٣ گرام کاربۆهیدرات
  • ٥٣ گرام شەکر 
  • ٣٥ گرام چەوری 
  • ٢٢ گرام ترشی چەوری تێرکراو 
  • ٥٦٦ کالۆری

جۆر و بەرهەمەکانی کیندەر

١- کیندەر بۆینۆ Kinder Bueno: دوو باڕی شۆکۆلاتەی درێژە ناوەکەی لە پسکیتی وەیڤەر و شۆکۆلاتەی کرێمی بوندوق پێکهاتووە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٩ ئەم بەرهەمە خرایە بازاڕەکانی ئەمریکاوە و وەکوو یەکەم بەرهەمی کیندەر ناسێنرا کە تایبەتە بە پێگەیشتووان، چونکە تا ئەو کاتە زۆرێک لە بەرهەمەکانی کیندەر تایبەت بوون بە منداڵان، لە ساڵی ٢٠٠٨ بە تامی شۆکۆلاتەی سپی و قاوەی تاڵیش ئەم جۆرە بەردەست بوو.

٢- کیندەر سوپرایز Kinder Surprise: شۆکۆلاتەیەکی شێوە هێلکەییە و ناوەکەی بۆشاییەکی تێدایە کە یاری و دیاری بچووکی تایبەت بە منداڵانی تێدایە، تامی ئەم جۆرەی کیندەر بە شۆکۆلاتەی شیرە.

٣- کیندەر جۆی Kinder Joy: هاوشێوەی کیندەر سوپرایزە بەڵام لە دوو چین شۆکۆلاتە پێکهاتووە یەکێکیان بە تامی کرێم و شۆکولاتەی شیر ئەوەی دووەمیش بە تامی شۆکۆلاتەی سپییە.

ڕاگرتنی بەرهەمەکانی کیندەر لە بازاڕەکان

کۆمپانیای فێرێرۆ لە ساڵی ٢٠٢٢ چەند بەرهەمێکی کیندەری لە بازاڕەکان کشانەوە، دوای ئەوەی لە ئەورووپا پێش بۆنەی جەژنی ئیستەری مەسیحییەکان بە دەیان حاڵەتی تووشبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا تۆمارکران و بەکارهێنەرانی تووشی ژهراوی بوونی خۆراک بوون، دواتر بەدواداچوونەکان و لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە جۆری کیندەر سوپرایز کە لە کارگەیەکی وڵاتی بەلجیکا دروست دەکرێت گومان و ئەگەری ئەوەی لەسەر دروست بوو کە هەڵگری بەکتریای سالمۆنێلا بووە، ئەو کارگەیە هەناردەی بەرهەمەکانی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا دەنارد نموونەی فەڕەنسا، بەریتانیا، بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئێرلەندای باکوور و سوید، لە بەشێک لەو شوێنانە نموونەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا ڕێژەی تووشبوون بە بەکتریاکە زیادی کردبوو، لە بەریتانیا و فەڕەنسا بەشێک لە بەرهەمەکانی کیندەر سوپرایز لە بازاڕەکان کشێنرانەوە چونکە لە فەڕەنسا لە کۆی ٢١ توشبوو ١٥ تووشبوو ئەو بەرهەمەی کیندەری خواردبوو و زۆری تووشبووان منداڵان بوون. دوای ئەو ڕووداوە کۆمپانیاکە بەرهەمی کیندەر سوپرایزی لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئەورووپا ڕاگرت و لە بازاڕەکان بەرهەمەکەی کشانەوە و کاری کارگە بەلجیکییەکەی ڕاگرت. لێکۆڵێنەوەکانی ئەورووپا تەنها ئەگەریان خستە ڕوو و کۆمپانیاکەش لەبەر سەلامەتی تەندروستی گشتی بەرهەمەکەی کشانەوە و داتای فەرمی ئەگەرەکەی زۆر پشت ڕاست نەکردەوە.


سەرچاوەکان



91 بینین