حەشاشییەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-21-21:08:00 - کۆدی بابەت: 12192
حەشاشییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەشاشییەکان (بە عەرەبی: الحشاشیون، بە ئینگلیزی: Assassins) دەستەیەکی ئایینی و سەربازی شیعە بوون لە مەزهەبی نیزاری ئیسماعیلی. ناوچەی دەسەڵاتیان ئێران و  سووریا و خاکی پیرۆز بووە. ماوەی دەسەڵاتیان لە نێوان ساڵانی ١٠٩٠-١٢٧٥ زاینیی بووە. 

ڕەگ و ڕیشەی ناوەکەیان لە چییەوە هاتووە؟ 

بە پێی بۆچوونی مێژوونووسان ڕەگی وشەی حەشاشی دەکرێت دوو سەرچاوەی هەبێت یەکەمیان دەکرێت لە وشەی (حەشیش) وەرگیرابێت بەوەی کە پیشەی سەرەتایان دەرمانسازی بووە بەتایبەتی دەرمانە سڕکەرەکان کە لە حەشیشە بەرهەم دەهێنران. دووەمییان لە وشەی (الٲساسیون)ـی عەرەبی وەرگیرابێت کە بە واتای بناغەی شتێک دێت یان ڕێسای شتێک. 

سەرەتای دامەزراندن

مێژووییەکی تەواو ڕوون لەبەر دەست نییە کە بڵێت لە چی بەروارێک بەتەواوی ئەم ڕێکخراوە تاوانکاری و ئاینییە دامەزراوە. بەڵام بە پێی کتێبی خواوەندی ئەلمووت لە نووسینی پۆڵ ئامیر دەڵێت کە لە دەوروبەری ساڵی ١٠٩٠ لەلایەن (حسن السباح) دامەزراوە کە زانایەکی ئاینی شیعەکان بووە. لە ساڵی ١٠٥٠ لە قوم لە ئێران لەدایکبووە، خوێندنی ئەکادیمی لە میسڕ تەواو کردووە و خۆی و باوکی خزمەتیان بە (نیزار المستنسیر) کردووە لە کوفە کە شارێکە لە خوارووی عێراق

ئامانج لە دانانی ئەم بزووتنەوەیە چی بوو؟ 

مێژوونووسان پییان وایە حەسەن دەیویست گەلانی ئێران ڕزگاربکات لە کولتوور و دابوونەریتی عەرەبی و بەتایبەتی مەزهەبی سوننە. چونکە پێیان وابوو عەرەب بە درێژایی مێژوو ستەمی لە گەلانی ئێران کردووە و ئازادی و سەربەستی لێ زەوت کردوون. بۆیە بڕیاریان دابوو بە چەند قۆناغێک کولتووری عەرەب دابماڵن لە ئێران. 

شێوازەکانی داماڵینی کولتووری عەرەبی لە ئێران

حەسەن سەباح لە ڕێگەی چەند زانینگەیەکەوە هەوڵی پێگەیاندنی لاوانی دەدا لە زانستەکانی سەردەم. بەتایبەتی لە زانینگەی (نیزامیە) لە توس. لەم زانینگەیە بابەتەکانی ئایینی، پزیشکی، فەلسەفە، ژیربێژی و چەندان بابەتی تر دەخوێنران. لە ماوەی چوار قۆناغدا کەسی فێرخواز شارەزا دەبوو لەم بابەتانە، دەیتوانی ببێتە زانای ئایینی و خەڵکی تر لە ناوچەی تر فێربکات یا ئەوەتا خوێندنی باڵای دەخوێند که تێگەیشتنی زیاتری ژیان و پەی بردن بوو بە نهێنییەکانی سروشت و ژیان. 

قۆناغی باڵا

کاتێک فێرخواز لە زانینگەی نیزامییە وانەکانی دەخوێند لەلایەن مامۆستاکانی زانینگەکەوە چاودێری ئاستی تێگەیشتن و توانایان دەکران لە ژێر سەرپەرشتی (شەرەفەدین توسی) کە زانای گەورە و سەرپەرشتیاری زانینگەی نیزامیە بوو بە نهێنی پەیڕەوی ئایینی (باتنی) دەکرد کە ئایینی فەرمی حەشاشییەکانە. کاتێک فێرخوازێک قۆناغەکانی خوێندنی تەواو دەکرد دەبوو (شەرەفەدین توسی) ببینێت بە تەنها تا گفتوگۆی داهاتووی لەگەڵدا بکات. هەندێک لەم فێرخوازانە دەیانویست کار بە زانستەکەیان بکەن و هەندێکی تریان دەیانویست پەی بە نهێنییەکان ببەن. ئەوانەی دەیانویست زیاتر بزانن دەنێردران بۆ قەڵای تەبەس کە شوێنێکی سەخت بوو. 

لەم قەڵایەدا ڕاهێنانی سەربازی سەخت دەکرا بە فێرخوازانی قۆناغی باڵا کە ئەمانە پێیان دەوترا خۆبەختکار لە پێناو ئایینی باتنی و کەسێک بە ناوی (شێرزاد قەهستانی) سەرپەرشتی قەڵاکەی دەکرد. دوای گەیشتنی فێرخواز بە قەڵاکە دەبردرایە بەردەم شێرزاد و کۆمەڵێک پرسیاری شێوە فەلسەفەی لێ دەکرا تا بزانێت ئامادەیە یاخود نا. کاتێک فێرخوازەکە بیوتبایە ئامادەم ئەوا دەخەسێنرا و پەشیمان بوونەوەش لە بڕیارەکە نەبوو چونکە بە نهێنییەکەی زانیبوو، واتا قۆناغی باڵا کە دەوترا پەی بردنە بە نهێنییەکانی ژیان ئەوەبوو کە لە پیاوەتی دەخران تاوەکو هەست و سۆز زاڵ نەبێت بەسەریاندا و لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکە سەربازییەکان هەرگیز ترس و بەزەییان نەبێت. 

بەهەشتی بەڵێندراو

کاتێک ئایینی باتنی ئاشکرا کرا دوای کوشتنی شەرەفەدینی توسی لەلایەن دەوڵەتی سەلجوقی. حەسەن سەباح خۆی وەک مەهدی ناساند کە کۆتا ئیمامی شیعەکانە لە نێو ١٢ ئیمامەکە. لەم ساتەدا نوێژ لەسەر پەیڕەوانی ئایینی باتنی هەڵگیرا. لێرەدا بابەتێک لە نێو حەشاشییەکان وروژێنرا ئەویش بابەتی بەهەشت بوو کە پێی دەوترا (بەهەشتی بەڵێندراو) کە بەپێی دەقی کتێبی (ئیسماعیلییەکان) کە لەلایەن تیمێکی لێکۆڵەرەوەی زانکۆی فلۆریدا نووسراوە دەڵێت: حەشاشییەکان سەرکەوتووبوون لە فریودانی پەیڕەوانیان کاتێک کەسێک دەیویست بەهەشت بە چاوەکانی ببینێت دەبرایە ژوورێکەوە کەسێک کە ڕوخساری دیارنەبوو جامێک ئاوی پێ دەدا کە گوایە ئەم ئاوە پیرۆزە.

پاشان دەست بەجێ بێ هۆش دەبوو. لەم ساتەدا دەبرایە باخچە نهێنییەکانی نێو ئەلەموت کە مەڵبەندی باتنییەکان بوو لە ئێران لەنێو کۆمەڵێک سەماکەر و ئافرەتی شۆخ و شەنگ دادەنرا تا بە هۆش خۆی دەهاتەوە بەڵام کەسەکە هێشتا مەست بوو و چاوەکانی نەیدەتوانی دیمەنەکان بە جوانی ببینێت پاشان حەسەن سەباح بۆ چەند خولەکێک قسەی لەگەڵ دەکرد و پێی دەوت من (مەهدیم) ئەمەش (بەهەشتی بەڵێندراوە، کاتێک شەهید دەبیت ئێرە دەبێتە جێگەی تۆ!) 

جەنگی حەشاشی و خاچ پارێزان لە شام و خاکی پیرۆز

لە پاڵ ئێران لە وڵاتی شام حەشاشییەکان بوونیان هەبوو. بەتایبەتی لە بەشی ڕۆژاوای وڵاتەکە، مەڵبەندی دەسەڵاتیان بریتی بوو لە گوندی (مەسیاف) و سەرکردەیان (ئەحمەد سینان) و (ئەحمەد سۆفیان) بوون. لە میانەی هێرشی سوپای ئیسلام بۆ سەر خاکی پیرۆز و ڕزگارکردنی قودس لە دەست خاچ پارێزان، حەشاشییەکان هاوکاری تەواوی سوپای سەڵاحدینی ئەیوبییان کرد. جیا لەمەش بەشی زۆری شامیان لە خاچ پارێزان پاککردەوە، بەتایبەتی لە دەوروبەری مەسیاف توانیان ڕێژەیەکی زۆر لە خاچ پارێزان بە دیل بگرن و بە دڕندانەترین شێوە لەناویان بەرن. 

حەشاشییەکان ستراتیجییان وابوو کە جەنگی ڕاستەوخۆیان نەدەکرد بەڵکو بەشێوەی دزەکردن دەچوونە نێو سوپای دوژمن و سەرکردەکانیان دەکوشت و دەگەڕانەوە بێ ئەوەی ئاشکرابن. هەندێ جاریش کە ئاشکرا دەبوون ئەو کەپسولەی لە ژێر زمانیان دایان نابوو قوت دەدا کە ژەهرێکی کوشندە بوو و خێرا کاری دەکرد. بەمەش خۆبەختکارەکە خۆی دەکوشت و کەسیش نەیدەزانی کێیە و کێ ناردوویەتی. 

مەترسی حەشاشییەکان بۆ سەر ئایینی ئیسلام

کاتێک دەسەڵاتی حەشاشییەکان لە ئێران زیادی کرد بە جۆرێک کە توانای ئەوەیان هەبوو سوڵتانەکانی دەوڵەتی سەلجوقی بگۆڕن و لە شام و خاکی پیرۆزیش بەهەمان شێوە دەسەڵاتیان هەبوو بۆیە سەڵاحەدینی ئەیوبی ئەمەی بە هەڕەشە زانی بۆ سەر کۆمەڵگەی ئیسلامی، سەڵاحدین پێی وابوو فیتنە دروست دەبێت و ناکۆکی دروست دەبێت لەنێو خاکی ئیسلام بە مانەوەی حەشاشییەکان. چەند ساڵێک بەر لە کۆچی دوایی سەڵاحەدین لەشکرێکی بردە مەسیاف و خۆی سەرکردایەتی سوپاکەی کرد.

ئەم لەشکرە هێندە زۆر بوو کە ئەستەم بوو حەشاشییەکان بتوانن بەرگری بکەن. دوای چەند مانگێک گەمارۆدانی مەسیاف شەوێکیان کاتێک سەڵاحەدین خەوتبوو خۆبەختکارێک بەناوی (عومەر ابن لا احد) واتا عومەر کوڕی هیچ کەس نێردرا بۆ ئەوەی نامەیەک و خەنجەرێکی کوردی ژەهراوی جێ بهێڵێت لەنێو پێخەفەکەی سەڵاحەدین و بگەڕێتەوه بۆ قەڵای مەسیاف. لە دەقی نامەکەدا ئەحمەد سینان نووسیبووی " ئەگەر بمویستبایە بتکوژم ئەوا ئێستا مردبوویت، هێزەکانت بکشێنەرەوە و لە مەسیاف دوورکەونەوە نامانەوێت زیان بگەینن بە تۆ و سوپاکەت." 

پاش ئەمە سڵاحەدین کشایەوە هۆکارەکەشی ترس نەبوو لە و نامەیە بەڵکو دەیزانی کە گەمارۆدان سوودی نییە. گەر شەڕیش ڕووبدات بەهۆی سەختی قەڵاکە ئەستەمە بتوانن سەرکەون بەسەر حەشاشییەکان. لە هەمان کاتدا ئەو گڕوتینەی لە حەشاشییەکاندا بوو بۆ شەڕ کردن دەبووە هۆی کوشتنی ڕێژەیەکی زۆری سەربازەکانی لەبەر ئەوە کشانەوەی هێزانەکانی بە باشترین بڕیار زانی.

چەکە سەرەکییەکانی حەشاشییەکان چی بوون؟ 

کاتێک سەربازێک لەو سەردەمەدا چووبێتە جەنگەوە شمشێر، تیر و کەوان، ڕم، مەنجەنیقی پێویست بووە بەڵام حەشاشییەکان بە دەستێک جلوبەرگی سادە و تەنها خەنجەرێک کە بە (جامبیای کوردی) ناسراوە بەهۆی ئەوەی دروستکەرەکەی کورد بووە و خەڵکی کرماشان بووە هەر بە خەنجەری کوردی ناوی دەرکردووە کە دەتوانرا لە ژێر جلوبەرگ بشاردرێتەوە و کێشیشی کەم بوو. ئەم خەنجەرە بە ژەهر سواغدەدرا تا بە یەکەم لێدان کەسەکە ژەهراوی بێت و بمرێت تەنانەت ئەگەر هات و بکوژەکە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت لە ئەرکەکەی ئەوا دواتر ژەهرەکە بە شێوەیەکی لەسەر خۆ دەیکوژێت.

بانگهێشتکارانی حەشاشییەکان کێن؟ 

بانگهێشتکار پلەیەکی بەرزی هەبووە لەنێو حەشاشییەکاندا کە (بە ئینگلیزی پێی دەوترێت: Master Assassin) بانگهێشتکاری گەورە و ئیمام بریتی بوو لە حەسەن سباح. لە بەرەی سوریاش ئەحمەد سینان بریتی بوو لە بانگهێشتکاری گەورەی حەشاشییەکان. ڕاوێژکاری گەورەی حەشاشییەکان بریتی بوو لە (ئەبو حەمزەی کەفشگەر) کە سەرکردەی قەڵای ئەرجان بوو و مەحموودی سەجستانی کە لە قەڵای ئەلموت خزمەتی دەکرد. سەرکردە و پێشەوایانی حەشاشییەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەم جۆرە بوون:

  • حەسن سەباح ١٠٩٠-١١٢٤
  • بۆزوورگ ئۆمید ١١٢٤-١١٣٨
  • محەمەدی یەکەم ١١٣٨-١١٦٢
  • حەسەنی دووەم ١١٦٢-١١٦٦
  • محەمەدی دووەم ١١٦٦-١٢١٠
  • جەلالەدین حەسەن ١٢١٠-١٢٢٠
  • علائەدین محەمەد ١٢٢٠-١٢٥٥
  • ڕوکنەدین ١٢٥٥-١٢٥٦ 

تێبینی/ ساڵەکان ماوەی دەسەڵاتییان دەنوێنێت 

کۆتایی حەشاشییەکان

لە دوای مردنی حەسەن سباح لە ساڵی ١١٢٤ تاکە سەرکردەیەکی کاریگەر توانیبێتی هەموو حەشاشییەکان بەڕێوەبەرێت (بۆزوورگ ئۆمید) بوو کە ڕاستەوخۆ دوای حەسەن سەباح بووە دەسەڵاتدار ناوبراو سەرکردەی قەڵای لەمسەر بوو لە ئێران. دوای ئەم حەشاشییەکان بە چەندین بارودۆخی دژواردا تێپەڕبوون دواهەمینیان هێرشی مەغۆلەکان بوو بۆ سەر ئێران و عێراق و شام. کە بەشێکی زۆری قەڵاکانیان ڕووخێنران لە لایەن لەشکری هۆلاکۆ. کە دواهەمین قەڵایان بریتیبوو لە قەڵای لەمسەر کە ساڵی ١٢٥٧ کەوتە دەستی مەغۆلەکان بەمەش حەشاشییەکان لە ئێران کۆتاییان هات. بەڵام لە شام و خاکی پیرۆز نزیکەی ٢٠ ساڵی تر بە نهێنی و خۆحەشاردان بوونیان مابوو پاشان کە هیچ هیوایەک نەما ئەوانیش لەناوچوون. 


سەرچاوەکان



485 بینین