هانتسڤیل

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-21-22:08:00 - کۆدی بابەت: 12196
هانتسڤیل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هانتسڤیل (بە ئینگلیزی: Huntsville، بە عەرەبی: هنتسفيل)، شارێکە لە مادیسۆن کاونتی، ڵایمستۆن کاونتی و مۆرگان کاونتی لە ویلایەتی ئەلابامای ئەمریکا. شارەکە ناوەندی بەڕێوبەرایەتی مادیسۆن کاونتیە. ئەم شارە گەورەترین شاری ویلایەتی ئەلاباما و 108ـەم گەورەترین شاری ئەمریکایە. هانتسڤیل دەکەوێتە ناوچەی ئەپالاچیان لە باکووری ئەلاباما و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا 215,006 کەس بوو، بەمەش دەبێتە قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکەی. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی هانتسڤیل لە ساڵی 2020ـدا 491,723 کەس و دووەم گەورەترین گەورەناوچەی ویلایەتەکە بوو لە دوای گەورەناوچەی بێرمینگهام.

مێژووی شارەکە

هانتسڤیل لە ساڵی 1805 لەناو خاکی میسیسیپی دامەزرا و لە ساڵی 1811 بوو بە شارۆچکەیەکی یەکگرتوو. کاتێک ئەلاباما لە ساڵی 1819ـدا وەک ویلایەتێکی ئەمریکا دانیپێدانرا، هانتسڤیل بۆ ماوەی ساڵێک وەک یەکەم پایتەختی ویلایەتەکە دەستنیشانکرا. شارەکە لە گردەکانی نزیکی باکووری ڕووباری تێنێسی گەشەسەند و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا چەند کارگەیەکی چنین لە شارەکەدا کرانەوە و لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە بە شێوەیەکی سەرەکی گەشەی سەند.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە ساڵی 2010، ژمارەی دانیشتووانی شاری هانتسڤیل 180,105 کەس بوو و لە ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ 215,006 کەس بەرزبوویەوە کە لە 91,048 خێزان پێکهاتبوو. ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانەکەی لە ئێستادا 1.57% و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە دوایین سەرژمێرییەوە بە ڕێژەی 4.87% زیادیکردووە. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی شارەکە 36.8 ساڵە، نێرەکان 35.4 ساڵ و مێیەکان 38.2 ساڵ.

ڕەگەز

پێکهاتەی ڕەگەزییەکانی شارەکە لە ساڵی 2020ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • سپی پێست: 59.9%
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: 30.9%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.4%
  • ئاسیایی: 2.2%
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.1%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 4.3%
  • هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێکدا: 6.4%

شوێنی لەدایکبوون

86.99%ـی دانیشتووانی شاری هانتسڤیل لە ئەمریکا لەدایکبوون، لەو ڕێژەیەش 48.51%ـیان لە ویلایەتی ئەلاباما لەدایکبوون. 3.2%ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، ڕێژەیەکی بەرزی ئەوانەی لە ئەمریکا لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

ئایین

54.7%ـی دانیشتووانی شاری هانتسڤیل ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • باپتیست: 30.0%
  • ئەسقەف: 0.1%
  • کاسۆلیک: 3.1%
  • لۆسەری: 0.2%
  • میتۆدیست: 5.8%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): 0.7%
  • ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 0.7%
  • ئەندامانی کڵسای عیسا مەسیح: 0.8%
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: 12.6%
  • ئایینی جوولەکه: 0.0%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.8%
  • ئایینی ئیسلام: 0.0%

زمان

91.93%ـی دانیشتووانی هانتسڤیل تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا 8.07%ـی دانیشتووان بە زمانەکانی دیکە دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن  4.6%ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت.

ئابووری

ئابووری هانتسڤیل لە تەکنەلۆجیای فڕین و سەربازی سەرچاوە دەگرێت. زانکۆی ئەلاباما لە شاری هانتسڤیل سەنتەری توێژینەوەی تەکنەلۆجیا و ئەندازیارییە لە ناوچەکەدا. هەروەها کۆمەڵێک کۆمپانیای تەکنەلۆجیای بازرگانی و ژمارەیەک کۆمپانیای فۆڕچن 500 لەم شارەدان. تێکڕای داهاتی خێزانەکانی هانتسڤیل 80,877 دۆلارە و ڕێژەی هەژاری 17.56%ـیە.

لەڕووی جوگرافییەوە

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

بەپێی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، ڕووبەری گشتی شاری هانتسڤیل 571.95 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 568.08 کیلۆمەتر دووجای وشکانی و 3.87 کیلۆمەتر دووجای ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 378.5 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، هانتسڤیل کەشوهەوای نیمچە خولگەیی شێداری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوینی گەرم و شێدارە و بەگشتی زستانی مامناوەندە، تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی شارەکە لە نێوان نزیکەی 32.2 پلەی سەدی لە هاویندا تا 9.4 پلەی سەدی لە زستاندا دەگۆڕێت.

بارانبارین

هانتسڤیل دەکەوێتە نزیک ناوەندی ناوچەیەکی گەورەی ناوەڕاستی باشووری ئەمریکا کە تێیدا ڕێژەی دابارین لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا بەرزترینە بە بەراورد بە وەرزی هاوین. تێکڕای بارانبارینی ساڵانە زیاتر لە 54 ئینجە. بە تێکڕایی مانگی کانوونی یەکەم باراناویترین مانگی ساڵە، بەڵام شارەکه وەرزێکی باراناویی درێژخایەنی هەیە کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت، کە بە تێکڕایی نزیکەی یان زیاتر لە 5 ئینج باران لە زۆربەی ئەو مانگانەدا دەبارێت. مانگی ئاب تا مانگی تشرینی یەکەم بە تێکڕایی کەمێک وشکترن و دەشێت وشکەساڵیان تێدا ڕووبدات، بەڵام بەزۆری ئەوەندە باران دەبارێت کە خاک بە شێداری بمێنێتەوه و ڕووەکەکان گەشە بکەن.


سەرچاوەکان



53 بینین