چۆن منداڵەکانمان فێر بکەین مامەڵە لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەن؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-03-21-22:40:00 - کۆدی بابەت: 12200
چۆن منداڵەکانمان فێر بکەین مامەڵە لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەن؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خاوەن پێداویستی تایبەت (بە ئینگلیزی: special needs، بە عەرەبی: ذوي احتياجات خاصة) دەستەواژەیەکە بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە لە کەسی ئاسایی جیاوازن و لەڕووی تەندروستییەوە کێشەیەکیان هەیە و بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان پێویستیان بە یارمەتییە. منداڵەکان بەسروشتی ئارەزووی زانینی شتەکان دەکەن، کاتێکیش ڕووبەڕووی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەبنەوە، لەسەر سروشتی خۆیان دەست دەکەن بە پرسیارکردن. کاتێک منداڵەکەتان چاوی بڕیوەتە کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کۆنتڕۆلی بکەن و دەست بکەن بە قسەکردن، بەڵام دوور بن لە بەکارهێنانی هەستی زیادە و ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکان، ڕوونکردنەوەی کورت و ڕاست جگە لەوەی دەبێتە وەڵامی منداڵەکەتان، نیشانی منداڵی دەدات کە ئەو کەسە هیچی نییە بۆئەوەی شەرمی لێ بکات.

لە فێرکردنی منداڵەکانتان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە هەوڵ بدەن ڕوونکردنەوەی ئەرێنی بەکاربهێنن، بۆ نموونە لەبری ئەوەی بڵێن ئەو نابیستێت یان ناتوانێت ڕێ بکات، بڵێن بیستۆکەکەی یارمەتی دەدات باشتر ببیستێت، کورسییەکەی یارمەتی دەدات جووڵە بکات.

چۆن منداڵەکان فێر بکەین؟

١- وشەی بەڕێزانە بەکار بهێنن
منداڵ گوێی لە هەرچییەک بێت وەری دەگرێت، کاتێک قسە لەگەڵ کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن، لەبیرتان بێت قسە و وشەکانتان دەکرێت زیانی هەبێت، لەبەرئەوە زۆر گرنگە وشەیەک بەکار نەهێنن کە ببێتە هۆی ئەوەی کەسەکە هەست بە کەمی بکات، وشەی وەکوو دواکەوتوو، کورتەباڵا، لەبری ئەوە وشەی وەکوو خاوەن پێداویستی تایبەت بەکار بهێنن، چونکە منداڵ قسەی گەورەکان هەڵدەگرێتەوە و ئەگەر ببیستێ و ببینێ گەورەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن، ئەویش هەمان شت دووبارە دەکاتەوە.

٢- جەخت لە لێکچوونەکان بکەنەوە
منداڵ دەبێت فێر ببێت کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە زۆر شتدا لەو دەچن، لە هەستەکانیاندا هاوبەشن، ئەویش حەز دەکات کاتی خۆش بەسەر ببات  خێزانەکەی خۆش دەوێت و ڕەنگە حەزی لە وەرزشێکی تایبەت بێت. کاتێک باسی لێکچوونی دوو منداڵەکە دەکەن دەبێت دوور بن لە باسکردبی بێتواناییەکانی منداڵە خاوەن پێداویستی تایبەتەکە، ئەمە نیشانی منداڵی دەدات کە وەکوو چۆن تایبەتمەندی ڕووکەشی وەسفی کەسایەتی ناکات، بوونی کەموڕکوڕی و کەم تواناییش وەسفی کەسایەتی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناکات.

٣- فێری تێگەیشتن و هاودەردی بکەن
منداڵەکان بەجۆرێک هەموویان لەیەک دەچن و بەجۆرێکیش لەیەک جیاوازن، لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ بە منداڵەکەتان بڵێن کەسێک کە خاوەن پێداویستی تایبەتە ناتوانێت ئەو کارانە ئەنجام بدات، باسی خاڵە بەهێزەکانی ئەو کەسەی بۆ بکەن. فێریشی بکەن لەبری ئەوەی تەنیا سەرنج بخاتە سەر خاڵە لاوازەکانی کەسەکان، بەدوای خاڵە بەهێزەکانیان بگەڕێت. هەروەها گرنگە منداڵ فێر بکەن لەگەڵ ئەوەی کە هەندێک کەس ناتوانن هەندێک کار بکەن لەبەرانبەردا لە هەندێک کاری تردا شارەزان و دەتوانن بیکەن. لەبەرئەوە سەرەتا لێی بپرسن ئەگەر تۆ لەجێگای ئەو بوویتایە هەستت چۆن بوو و حەزت دەکرد کەسانی تر چۆن مامەڵەت لەگەڵ بکەن، دواتر فێری بکەن چۆن مامەڵە بکات.

٤- ئاگاداری خۆسەپاندن بن و ڕێگری لێ بکەن
منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت دەبنە ئاماندی خۆسەپاندنی منداڵەکانی تر، زیاتر لە منداڵەکانی تر ئازار دەدرێن لەلایەن منداڵ یان گەورەکانەوە، منداڵ فێر بکەن کە بۆچی ئازاردان و ڕەنجاندنی بەئەنقەستی منداڵێکی تر کارێکی هەڵەیە و فێری بکەن ئەگەر کەوتە بارودۆخێکی واوە، داوای لێبوردن بکات. 

٥- بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەن
‌خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە منداڵ فێر بکەن کە بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلە پزیشکییەکانەوە بکات، بۆ نموونە گۆچان، کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت. دڵنیابنەوە لەوەی کە تێگەیشتووە ئەو کەلوپەلانە بۆ ئاسانکاری و دابینکردنی پێویستییەکانی کەسەکانە و بۆ یاری و گاڵتەپێکردن نییە.


سەرچاوەکان



62 بینین