گونجاندنی جلی باڵاپۆش لە وەرزی هاویندا

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-03-23-16:50:00 - کۆدی بابەت: 12260
گونجاندنی جلی باڵاپۆش لە وەرزی هاویندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گونجاندنی جلی باڵاپۆش لە وەرزی هاویندا (بە ئینگلیزی: styling hijab outfits in summer، بە عەرەبی: تصفيف ملابس الحجاب في الصيف) قورسترە بۆ کەسانی باڵاپۆش، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردەیەکی کەمتری جلی هەیە، هەروەها بەهۆی گەرمی وەرزەکە دەبێت بزانیت چی جۆرە قوماش و ڕەنگێک هەڵدەبژێریت. سەرەتا وشەی حیجاب لە چەند شێوەیەکدا خۆی دەبینێتەوە و ئاماژە بە چەند شێوەیەک دەکات لەوانە پەچە، نیقاب، چادر یان عەبا بەڵام زۆرجار بەشێوەیەکی گشتی ئاماژە بە سەرپۆشێک دەکات بەدەوری سەروملدا پێچراوە، قژ و مل و گوێی داپۆشیوە بەڵام دەم و چاو بە دیار جێدەهێڵێت. بەکارهێنانی حیجاب لە ١٩٧٠کانەوە لەسەر ئاستی جیهان ڕوو لە زیادبوون بووە و لە لایەن موسڵمانانەوە وەک دەربڕینی بێهودەیی و باوەڕ تەماشا دەکرێت.

هەڵبژاردنی ڕەنگ

ڕەنگ بەشێکی گرنگی ڕێکخستنی جلە، هەر ساڵێک چەند ڕەنگێک باوە و دەکرێن بە ترێند بۆ هەر وەرزێک لەلایەن کۆمپانیا بەناوبانگەکانی فاشن و ڕەنگ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بۆ وەرزی هاوین ڕەنگەکانی سپی، شینی کاڵ، زەرد، سور، ڕەساسی، پەمەیی و ڕەنگە پاستێلەکان و ڕەنگە نودەکان بە باشترین ڕەنگەکان دادەنرێن بۆ وەرزی هاوین، بەهۆی ئەوەی گەرمی هەڵنامژن بە پێچەوانەی ڕەش و ڕەنگە تاریکەکان کە تیشکی گەرمی کۆدەکەنەوە. بۆیە وا باشترە ئەو ڕەنگانە بەکاربهێنیت بەتایبەتی بۆ سەرپۆش.

هەڵبژاردنی قوماش

لە وەرزی هاویندا زیاتر ئەو قوماشانە گونجاون کە شەفافن و توانای هاتوچۆکردنی هەوایان تێدا هەیە، وەک: لۆکە، چامبرای، کەتان، جێرسی و فانیلەیی. ئەو قوماشانەی بۆ وەرزی گەرما گونجاو نین وەک: ویفیس، پۆڵیستەر، نایلۆن، کابۆ، ڤینیل و ئەکریلیک. 

چەند گونجاندنێکی جلی باڵاپۆش 

تەنورە لەگەڵ جلی باڵاپۆشیدا پارچەیەکی باوە و چەندین شێواز و ڕێکخستنی هەیە. یەکێک لە تەنورە باوەکانی لەگەڵ لەچک بەکاردێت تەنورەی ماکسییە، ئەم تەنورەیە درێژییەکەی دەگاتە لای قولە پێ. تەنورەی سادە یاخود پلیسی یان قوماشی سەتەن و کەتان و لەبەرکردنیان لەگەڵ کراس یاخود بلەیزەر زیاتر شێوازێکی ڕەسمی دەرەکەوێت. هەروەها بۆ کاژوەڵیش تەنورەی نەخش و گوڵدار و تەنورەی قوماشەکانی وەک لۆکە و کشمیر و کودەریی لەگەڵ تیشێرت یاخود قەمیس لەبەردەکرێن، ئەگەر تەنورەکەت سادە بوو با بەشی سەرەوەی جلەکەت سادە نەبێت و بەپێچەوانەشەوە. لەکاتی گونجاندنی ڕەنگەکانی دەتوانیت پێڵاو و جانتا و لەچکەکەت لە یەک ڕەنگ بگونجێنیت و پارچەکانی تریش ڕەنگی تر. یاخود ستالی مۆنۆکرۆماتی بەکاربهێنیت واتا هەموو دەستە جلەکەت و پێڵاو و لەچک و جانتاش لە یەک ڕەنگ بن بەڵام بە تۆنی جیاواز. 

بەشێوەیەکی گشتی جلی تەسک لەگەڵ لەچک شیاو نییە و جوان نییە بۆیە لە پانتۆڵی پان و فش هەڵبژێرە، بۆ نموونە کیلۆت، کیلۆتی قوماش لەجیاتی کابۆ بۆ وەرزی هاوین جوانتر و فێنکترە لەگەڵ کراس بە کراوەی و بەکارهێنانی تیشێرت لەژێر کراسەکەوە، بەکارهێنانی تیشێرتی قۆڵ کورت لەگەڵ قۆڵی جیا کە دەتوانیت قۆڵەکە لەگەڵ پانتۆڵەکەت بگونجێنیت گونجاندنێکی دیکەیە کە ئەمانە زیاتر کاژوەڵن. لەچکیش چەندین شێواز و قوماشی جیاوازی هەیە بەڵام ئەگەر ستایلەکەت کاژوەڵ یان وەرزشییە دەتوانیت کڵاوی وەرزشی یان بوکێت هات یان تەسریحە یاخود هەر ئێکسسواراتێکی دیکەی لەگەڵدا بەکاربهێنیت بەپێی ستایلەکەت. هەروەها ڕێکخستنی عەزی بەدلەیی نەخشدار لەسەر کراسی سادەوە لەگەڵ لەچکی سادە لە ڕەنگی نەخشەکانی بەدلەکە یاخود پێڵاو ڕێکخستنێکی دیکەیە. بۆ دەستەجلی ڕەسمی قات هەڵبژاردنێکی جوانە دەتوانیت لەگەڵ کراس یان بۆدی لەبەری بکەیت یاخود چاکەتی قۆڵ کورت لەگەڵ کراسدا یان عەزی قوماشی کرێمی یان سەتەن.


سەرچاوەکان



80 بینین