دە ڕێگا بۆ ئەوەی بەسەر شەرمنیدا زاڵ ببیت

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2024-05-15-23:31:00 - کۆدی بابەت: 12912
دە ڕێگا بۆ ئەوەی بەسەر شەرمنیدا زاڵ ببیت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دە ڕێگا بۆ ئەوەی بەسەر شەرمنیدا زاڵ ببیت (بە ئینگلیزی: Ten ways to Overcome Shyness، بە عەرەبی: ١٠ طرق للتغلب على الخجل) شەرمنی بریتییە لە مەیلی هەستکردنێکی نائاسایی، نیگەرانی یان گرژی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵایەتیدا بەتایبەتی لەگەڵ کەسانی نامۆ. ئەو کەسانەی کە زۆر شەرمنن لەوانەیە نیشانە جەستەییەکانی وەک سووربوونەوە، ئارەقکردنەوە، تێکچوونی لێدانی دڵ یان تێکچوونی گەدەیان هەبێت لەگەڵ بوونی هەستی نەرێنی سەبارەت بە خۆیان، زۆریش نیگەرانی ئەوەیە کە ئەوانی تر چۆن سەیری دەکەن.

زۆربەی خەڵک لانیکەم ناوبەناو هەست بە شەرم دەکەن. بەڵام شەرمنی هەندێک کەس ئەوەندە چڕ و پڕە کە دەتوانێت ڕێگرییان لێبکات لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ کەسانی تر، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە لە پەیوەندییەکان و لە شوێنی کاردا. جگە لەوەش کەسانی شەرمن پێیان باشە کات بە تەنیا بەسەر بەرن بۆ قسەکردن لەگەڵ خۆیان.

دە ڕێگا بۆ ئەوەی بەسەر شەرمنیدا زاڵ ببیت

خۆبەگەورەزانینی خۆت دروست بکە

خۆبەگەورەزانینمان کاریگەری لەسەر زۆر لایەنی ژیانمان هەیە، وەک چۆنیەتی بیرکردنەوە دەربارەی خۆمان و چۆنیەتی لێکدانەوەی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییەی تێداین. کاتێک هەست بە شەرم دەکەین، خەمی هەڵەکردنمان هەیە لە بەرامبەر چەندین کەسدا و لەوە دەترسین کەسانی بەرامبەر چۆن بیردەکەنەوە لێمان و چۆن لێمان دەڕوانن. جگە لەوەش کەمی خۆبەگەورەزانین و بوونی شەرم دەتوانێت ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و تەنیایی. لە لایەکی ترەوە هەبوونی خۆبەگەورەزانین واتە توانای ئەوەت هەیە بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیری خۆت بکەیت بەبێ گوێدانە هەڵە و کەموکوڕییەکان.
ئەگەر سەرنجت لەسەر بنیاتنانی خۆبەگەورەزانینت بێت، هەست بە متمانەی زیاتر دەکەیت لەکاتی کارلێککردن لەگەڵ کەسانی تردا و باوەڕت وایە کە زانیاری بەسوودت هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا هاوبەشی بکەیت.

ئاگاداربە

کاتێک لە دۆخێکی کۆمەڵایەتیدایت بە مەبەست و ویستی خۆت با سەرنجت لەسەر ئامادەبوون بێت، ئەمەش یارمەتیت دەدات بیرکردنەوەکانی ناو مێشکت بووەستێنیت. بەدوای شتە ئەرێنییەکانی دەوروبەرتدا بگەڕێ وەک ژینگەیەکی خۆش یان ئەو کەسانەی کە ئارەزووت هەیە لەگەڵیان دابنیشی و کات بەسەر بەریت لەگەڵیاندا. جگە لەوەش هەستەکانت بەکاربهێنە بۆ مانەوە لە ساتەوەختی ئێستادا. کاتێک هەست دەکەیت ئاستی دڵەڕاوکێت بەرز دەبێتەوە، هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە، هەناسە بدە تا ژمارەی ٣ یەک دوو جار بۆ ئەوەی هەست بە ئاسوودەیی زیاتر بکەیت.

بڕوات بەخۆت هەبێت

لێرەدا چەند پرسیار و بیرکردنەوەیەک دەخەینەڕوو کە کەسانی شەرمن کاتێک لە دۆخی کۆمەڵایەتیدان بیریان لێدەکەنەوە. من ده‌بێت چی بڵێم؟ منیش ویستم ئەوە بڵێم. ناتوانم بیر لە هیچ شتێک بکەمەوە کە زیادی بکەم بۆ گفتوگۆکە. چەند قسەبکەم؟ ئایا لێدوانەکەم ئازاری هەستی کەسێک دەدات؟ ئەمە شتێکی زیرەکانەیە بۆ وتن؟ لە کوێوە دەست پێ بکەم؟ کەی کاتێکی باشە بۆ قسەکردن و چوونە ناوبابەتێکەوە؟ ئایا ئەوانی تریش ئارەزووی دەکەن؟ ئایا من قسەکان دەبڕم؟ کاتێک دواجار بڕیار دەدەن قسە بکەن و چاوەڕێی بۆشایییەک دەکەن بۆ ئەوەی لێدوانەکەیان بخەنە ناو گفتوگۆکەوە، تێدەگەن کە بابەتی گفتوگۆکە پێشتر گۆڕاوە. بۆیە بڕیار دەدەن بیروڕاکانیان بەیەکەوە نەخەنەڕوو و بە تەوەری گفتوگۆی نوێ دەست بە پرۆسەکە دەکەنەوە. ئەمە بە تایبەتی لە گفتوگۆی گرووپی یان کۆبوونەوەکاندا زۆرە. جارێکی تر لەبری ئەوەی زۆر بیر بکەیتەوە، متمانە بە بیرۆکەکانی خۆت بکە و قسە بکە.

سەرنجت لەسەر خاڵە بەهێزەکانت بێت

لە چی شتێکدا باشی؟ هیواكانى تۆ چین؟ بەشداری گرووپەکان بکە دەربارەی ئەو بابەتانەی کە بەلای تۆوە سەرنجڕاکێشن. بەم شێوەیە پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی تر ئاسانتر دەبێت و دەتوانیت بۆچوونی خۆت بڵاوبکەیتەوە. هەموو کەسێک بوارەکانی خاڵی بەهێز و لاوازی هەیە و گرنگیدان بە خاڵە بەهێزەکانت وا دەکات هەست بە متمانەی زیاتر بکەیت، زۆر ئاسانتر دەبێت باسی بابەتێک بکەیت کە ئارەزووی دەکەیت.

ڕواڵەتت لەبەرچاو بگرە

کەمێک گرنگیدان بە خۆت ڕێگەیەکی زۆر باش دەبێت. لەبیرت بێت کە: ددانەکانت بشۆ، قژت شانە بکە، جل و بەرگی گونجاو لەبەر بکە. کەسانی شەرمن زیاتر کاتێکی زۆر بە تەنیا بەسەر دەبەن و لەوانەیە لەبیریان بچێت کە ئاگاداری باشی خۆیان بن. جگە لەوەش بزانە چی یارمەتیت دەدات هەست بە متمانەی زیاتر بکەیت.

فشار لە مێشکت دەربکە

لەبری ئەوەی وابیر بکەیتەوە کە هەموان سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەوە لەبەرچاو بگرە کە زۆربەی خەڵک تەنها سەرنجیان لەسەر خۆیانە. ڕێگایەکی باش بۆ هاندانی خۆت بۆ زاڵبوون بەسەر شەرمنیدا ئەوەیە کە ئامانجی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییە لەبیر بکەیت.

با مەبەستت ئەوە بێت باشترین پێشبینی بکەیت بۆ خودی خۆت

هەندێک جار کاتێک بەشداری لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، هەست بە خۆئاگابوون دەکەین و پێمان وایە هەموو کەسێک لەوێیە بۆ ئەوەی هەڵەکانمان بگرێت و ئاماژەمان پێبدات. ئێمە خەیاڵ دەکەین خەڵک لەسەر هەموو قسە و کردارێک حوکممان لەسەر بدەن. خراپترین بەش ئەوەیە کە کاتێک هەست بە نائارامی و گرژی دەکەین لەوانەیە شتێکی سەیرتر بڵێین یان بکەین وەک لەوەی هەست بە ئارامی دەکەین. لە مێشکی ئێمەدا پێمان وایە کەسانی تر هەمان شێوازی ڕەفتاریان هەیە وەک ئەو کەسانەی کە ئێمەیان پەروەردە کردووە. کەواتە ئەگەر دایک و باوکمان زۆر ڕەخنەگر بوون، وادائەنێین کە هەموو دەوروبەرمان زۆر ڕەخنەگرن. زاڵبوون بەسەر شەرمدا ئاسانترە ئەگەر پێمان وابێت ئەوانی تر باشترین کار دەکەن و ئێمەش بە هەمان شێوە وەک ئەوانی ترین.

لێهاتووییەکانت پەرەپێبدە

ئەگەر بڕیارت داوە بەسەر شەرمنییەکانتدا زاڵ بیت، هەموو دەرفەتێک بە هەلێک بزانە بۆ قسەکردن لەگەڵ کەسانی تر. لەگەڵ دراوسێکانت و هاوکارەکانی کارەکەت و ئەندامانی خێزانەکەت قسە بکە، پرسیارێک بکە یان هەندێک زانیاری هاوبەش بکە. خۆت حوکم مەدە کە لێدوانێکی گەمژانەت داوە، ئەگەر هەر جارێک قسە دەکەیت زۆر توند بیت بەرامبەر بە خۆت تەنانەت هەوڵیش نادەیت. بیر لەوە بکەرەوە کە قسەکردن لەگەڵ کەسانی تر وەک ئەزموونێکی فێربوونە.

خۆت هان بدە

چ بیرکردنەوەیەک وادەکات هەست بە ئاسوودەیی بکەیت کاتێک لە دۆخێکی کۆمەڵایەتیدایت؟ لێرەدا چەند دەستەواژەیەک دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی بتخەنە ناو بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی: "زانیاری سەرنجڕاکێشم هەیە بۆ ئەوەی بڵاویبکەمەوە ئەمە ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش دەبێت". "من قەدری کەسانی تر دەزانم و ئەوانیش قەدرم دەزانن". "من بەشێکم لەو ڕێکخراوەی تێیدا کار دەکەم، بۆچوونم بە هەند وەردەگرن". هەروەها ئەگەر پرسیارت هەیە کە چۆن بەسەر شەرمنیدا زاڵ بیت، ئەوا هەبوونی بیرکردنەوەی ئەرێنی دەربارەی خۆت و کەسانی تر وادەکات هەست بە پاڵنەرێکی بەهێز بکەیت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان.

پرسیار بکە

ئەگەر ترست لە بێدەنگی هەیە یان هیچ شتێک نەهاتە مێشکتەوە بۆ ئەوەی باسی بکەیت، بیر لەوە بکەرەوە کە پرسیار لە کەسانی تر بکەیت. بۆ نموونە ساتێک هەیە هەمووان بێدەنگ دەبن و وادیارە هیچ شتێک نییە باسی لێبکرێت، لە خۆت دەپرسیت" ئێستا بڕیارە چی بڵێم؟" نیگەران مەبە و لەبیرت بێت کە هەمیشە دەتوانیت پرسیار بکەیت. جگە لەوەش دڵنیابە لەوەی پرسیارە کراوەکان بکەیت کە نەتوانرا بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام بدرێنەوە. ئەمەش ڕێگە بە کەسی بەرامبەرت دەدات کەلەبارەی تۆوە بیرکردنەوەکانی فراوانتر بکات.


سەرچاوەکان



3413 بینین