ئامێری مەجازی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2024-03-24-21:34:00 - کۆدی بابەت: 12296
ئامێری مەجازی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڤێرچواڵ مەشین یان ئامێری مەجازی (بە ئینگلیزی: Virtual machine، بە عەرەبی: آلة افتراضية) کە بە کورتکراوەی (VM) دەناسرێت، بریتییە لە مەجازیکردن یان ھاوشێوەکردنی سیستەمی کۆمپیوتەر، بە واتایەکی تر بریتییە لە دروستکردنی شتێک کە مەجازییە لە جیهانی کۆمپیوتەردا. ئامێری مەجازی لەسەر بنەمای بیناسازی کۆمپیوتەر دامەزراوە و کارایی کۆمپیوتەرێکی فیزیکی دابین دەکات و وەک کۆمپیوتەر یان ئامێرێکی ڕاستەقینە کاردەکات. جێبەجێکردنەکانیان لەوانەیە ڕەقەکاڵای تایبەتمەند، نەرمەکاڵا، یان تێکەڵەیەک لەم دووانە لەخۆ بگرێت. ئامێرە مەجازییەکان جیاوازن و بەپێی ئەرکەکانیان ڕێکخراون، بە گشتی دەکرێن بە دوو بەشەوە:

ئامێرە مەجازییەکانی سیستەم (کە پێی دەوترێت ئامێری مەجازیی تەواو) جێگرەوەیەک بۆ ئامێرێکی ڕاستەقینە دابین دەکەن و بە هەمان شێوەی سیستەمێکی ڕاستەقینە کار دەکەن. ئەو کاراییانەی کە پێویستن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی سیستەمی کارپێکردنەکان دابین دەکەن. لەڕێگەی کەرەستەیەکەوە بەناوی هایپەرڤایزەر، کە جێبەجێکردنی سروشتی بەکاردەهێنێت بۆ هاوبەشکردن و بەڕێوەبردنی ڕەقەکاڵا و دروستکردنی ئامێر و سیستەمی مەجازی لەسەری، ئەمەش ڕێگە بە چەندین ژینگە دەدات کە لە یەکتر جیاکراونەتەوە و بەڵام لەسەر هەمان ئامێری فیزیکی بوونیان هەیە. واتە CPU و Ramـی ئامێرەکە دەکەن بە چەند بەشێکەوە و لەجێی یەک سیستەم، هەر بەشێکیان بۆ چەند سیستەمێکی جیاواز بەکار دێنن بەپێی پێویست.

جۆری دووەم بریتییە لە ئامێرە مەجازییەکانی پرۆسێس، کە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی کۆمپیوتەر لە ژینگەیەکی سەربەخۆ لە پلاتفۆرمدا دیزاین کراون. هەندێک لە ئیمۆلیتەرەکانی ئامێری مەجازی، وەک QEMU و ئیمۆلیتەرەکانی کۆنسۆلی یارییە ڤیدیۆییەکان، دیزاین کراون بۆ ئەوەی لاسایی بیناسازییەکانی سیستەمی جیاواز بکەن، بەم شێوەیە ڕێگە بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی نەرمەکاڵا و سیستەمی کارپێکردنە جیاوازەکان دەدات کە بۆ CPU یان بیناسازییەکی تر نووسراون. مەجازیکردنی ئاستی سیستەمی کارپێکردن (Operating-system-level virtualization) ڕێگە دەدات سەرچاوەکانی کۆمپیوتەر لە ڕێگەی ناوکەوە دابەش بکرێن.

ئامێرە مەجازییەکانی سیستەم

"ئامێری مەجازی" لە سەرەتادا لەلایەن پۆپێک و گۆڵدبێرگەوە وەک "دووبارەیەکی کارا و دابڕاو لە ئامێرێکی کۆمپیوتەریی ڕاستەقینە" پێناسە کرا. بەکارهێنانی ساڵانی دوایی ئەو ئامێرە مەجازییانە دەگرێتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هیچ ڕەقەکاڵایەکی ڕاستەقینەدا نییە. ڕەقەکاڵای فیزیکی و جیهانی ڕاستەقینە کە VM بەڕێوەدەبات بە گشتی بە 'هۆست' ناودەبرێت، و ئەو ئامێرە مەجازییەی کە لەسەر ئەو ئامێرە ڕاستەقینەیە دروست کراوە بە گشتی بە 'میوان یان گێست (Guest)' ناودەبرێت. هۆست دەتوانێت چەند گێستێک دروست بکات و هەر یەکێک لەوانیش سیستەمێکی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن.

لەگەڵ پەرەسەندنی بیرگەی مەجازی تەکنەلۆژیا بۆ مەبەستی مەجازیکردن، سیستەمی نوێی پابەندبوونی زۆری بیرگە بەکاردەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشکردنی ڕام لە نێوان چەندین ئامێری مەجازی لەسەر یەک سیستەمی کارپێکردنی کۆمپیوتەر. کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی گەڕانەوەیان بۆ هەمان لاپەڕەی فیزیکی بە تەکنیکێک کە پێی دەوترێت تێکەڵکردنی هەمان لاپەڕەی ناوک (KSM). ئەمە بە تایبەتی بۆ لاپەڕەکانی (Read-Only) بەسوودە، وەک ئەوانەی کە بەشە کۆدەکانیان هەڵگرتووە، ئەمەش بۆ چەندین ئامێری مەجازی کە هەمان نەرمەکاڵا یان هاوشێوەی نەرمەکاڵا بەکاردەهێنن وەک (software, software libraries, web servers, middleware components). هەروەها سیستەمی مەجازی پێویست ناکات هاوشێوەی ئەو سیستەمە ڕاستەقینە بێت کە لەسەری دانراوە، بۆ نموونە دەتوانێت هەر سیستەمێک بێت کە جیاواز بێت، وەک ویندۆز، لینێکس، یان وەشانی پێشووی سیستەمی کارپێکردن).

پرۆسێسکردنی ئامێرە مەجازییەکان

VM ی پرۆسێس، هەندێک جار پێی دەوترێت ئامێری مەجازیی بەرنامە، یان ژینگەی کاتی کارکردنی بەڕێوەبەردراو (MRE)، وەک بەرنامەیەکی ئاسایی لە ناو سیستەمی کارپێکردنی میوانداردا کاردەکات و پشتگیری لە یەک پرۆسێس دەکات. کاتێک ئەو پرۆسەیە دەستی پێکرد دروست دەبێت و کاتێک تەواو بوو لەناو دەچێت. مەبەست لێی دابینکردنی ژینگەیەکی بەرنامەسازی سەربەخۆیە لە پلاتفۆرم کە وردەکارییەکانی ڕەقەکاڵا یان سیستەمی کارپێکردنی بنەڕەتی دوور دەخاتەوە و ڕێگە بە بەرنامەیەک دەدات بە هەمان شێوە لەسەر هەر پلاتفۆرمێک کاربکات. بە پێچەوانەی VM ی پرۆسێسەکانی ترەوە، ئەم سیستێمانە زمانێکی بەرنامەسازی تایبەت دابین ناکەن، بەڵکوو لە زمانێک جێگیرکراون کە هەیە؛ بە شێوەیەکی گشتی سیستەمێکی لەو جۆرە بەستنەوە بۆ چەند زمانێک دابین دەکات (بۆ نموونە، C و Fortran). نموونەکان بریتین لە ئامێری مەجازی هاوتەریب (PVM) و ڕووکاری گواستنەوەی پەیام (MPI).

مێژوو

هەردوو ئامێری مەجازی سیستەم و ئامێری مەجازی پرۆسێس مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکان و بەردەوامن لە بوارەکانی گەشەپێدانی چالاک. ئامێرە مەجازییەکانی سیستەم لە دابەشکردنی کاتەوە گەشەیان کرد، وەک لە سیستەمی هاوبەشکردنی کات گونجاو (CTSS)دا جێبەجێ کراوە. هاوبەشکردنی کات ڕێگەی بە چەند بەکارهێنەرێک دەدا کە کۆمپیوتەرێک لە یەک کاتدا بەکاربهێنن: هەر بەرنامەیەک وا دیار بوو دەستڕاگەیشتنێکی تەواوی بە ئامێرەکە هەبوو، بەڵام لەو کاتەدا تەنها یەک بەرنامە جێبەجێ دەکرا، ئەمەش پەرەی سەند بۆ ئامێری مەجازی، بەتایبەتی لە ڕێگەی سیستەمی توێژینەوەیIBM : M44/44X کە مەجازیکردنی بەشەکی بەکاردەهێنا، و CP-40 و SIMMON کە مەجازیکردنی تەواویان بەکاردەهێنا، و نموونەی سەرەتایی هایپەرڤایزەرەکان بوون. یەکەم بیناسازیی ئامێری مەجازی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەست بوو CP-67 /CMS بوو.

ئامێرە مەجازییەکانی پرۆسێس لە بنەڕەتدا وەک پلاتفۆرمی ئەبستراکت بۆ زمانێکی نێوان سەریان هەڵدا کە وەک نوێنەرایەتی نێوان بەرنامەیەک لەلایەن کۆمپایلەرێکەوە بەکاردەهێنرێت، نموونە سەرەتاییەکان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ١٩٦٦. نموونەیەکی سەرەتای ساڵی ١٩٦٦ ئامێری کۆدی O بوو. ئەم ئەبستراکتکردنە ڕێگەی بە کۆمپایلەرەکە دا کە بە ئاسانی بگوازرێتەوە بۆ بیناسازییەکی نوێ بە جێبەجێکردنی باکئێندێکی نوێ کە کۆدی Oی هەبووی وەردەگرت و کۆمپایڵی دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ئامێرەکە بگونجێت.

مەجازیکردنی تەواو

لە مەجازیکردنی تەواودا، ئامێری مەجازی ڕەقەکاڵای پێویست ھاوشێوە دەکات بۆ خۆی بۆ ئەوەی ڕێگە بدات سیستەمی کارپێکردنی "هۆست" بە ئایسۆلەیشن بەڕێوە بچێت. نموونەی دەرەوەی بواری مەینفڕایم بریتین لە: Parallels Workstation , Parallels Desktop بۆ ماک , VirtualBox , Virtual Iron , Oracle VM , Virtual PC , Virtual Server , Hyper-V , VMware Fusion , VMware Workstation , VMware Server (وەستاوە، پێشتر پێی دەگوترا GSX Server VMware ESXi , QEMU , Adeos , Mac-on-Linux, Win4BSD, Win4Lin Pro , و تەکنەلۆژیای Egenera vBlade.

مەجازیکردن بە یارمەتی ڕەقەکاڵا

لە کۆمپیوتەردا، مەجازیکردن بە یارمەتی ڕەقەکاڵا ڕێگەیەکی مەجازیکردنی پلاتفۆرمە کە مەجازیکردنی تەواو کارا دەکات بە بەکارهێنانی یارمەتی لە تواناکانی ڕەقەکاڵا، بە پلەی یەکەم لە پرۆسێسەرەکانی هۆستەوە. مەجازیکردن بە یارمەتی ڕەقەکاڵا زیادکرا بۆ پرۆسێسەرەکانی x86 (Intel VT-x، AMD-V یان VIA VT) لە ساڵانی 2005، 2006 و 2010[1] (بە ڕێککەوت).

مەجازیکردن بە یارمەتی ڕەقەکاڵا بۆ یەکەمجار لەسەر IBM System/370 لە ساڵی 1972 ناسێندرا، بۆ بەکارهێنان لەگەڵ VM/370، یەکەم سیستەمی کارپێکردنی ئامێری مەجازی کە لەلایەن IBM وەک بەرهەمێکی فەرمی پێشکەشکرا. لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ کۆمپانیای Intel و AMD ڕەقەکاڵای زیادەیان بۆ پشتگیریکردنی مەجازیکردن دابین کرد. کۆمپانیای Sun Microsystems (ئێستا Oracle Corporation) تایبەتمەندی هاوشێوەی لە پرۆسێسەرەکانی UltraSPARC T-Series لە ساڵی 2005 زیاد کرد. نموونەی پلاتفۆرمی مەجازیکردن کە لەگەڵ ئەم جۆرە ڕەقەکاڵایانە گونجاون بریتین لە: KVM, VMware Workstation, VMware Fusion, Hyper-V, Windows Virtual PC, Xen, Parallels Desktop for  Mac, Oracle VM Server for SPARC, VirtualBox و  Parallels Workstatio.

مەجازیکردنی ئاستی سیستەمی کارپێکردن

لە مەجازیکردنی ئاستی سیستەمی کارپێکردندا، سێرڤەرێکی فیزیکی لە ئاستی سیستەمی کارپێکردندا مەجازی دەکرێت، کە چەندین سێرڤەری مەجازی دابڕاو و پارێزراو چالاک دەکات بۆ ئەوەی لەسەر یەک سێرڤەری فیزیکی کاربکەن. ژینگەکانی سیستەمی کارپێکردنی "گێست" هەمان نموونەی کارپێکردنی سیستەمی کارپێکردن وەک سیستەمی هۆست هاوبەش دەکەن. بەم شێوەیە هەمان ناوکی سیستەمی کارپێکردن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی گێستەکانیش بەکاردەهێنرێت و ئەو بەرنامانەی کە لە ژینگەیەکی "هۆست"ی دیاریکراودا کاردەکەن وەک سیستەمێکی سەربەخۆ سەیری دەکەن. نموونەی بریتین لە: Docker , Solaris Containers , OpenVZ , Linux-VServer , LXC , AIX Workload Partitions, Parallels Virtuozzo Containers, و ئەکاونتی مەجازی iCore.


سەرچاوەکان



81 بینین