پەیوەندی نێوان باری خەوتن لەگەڵ تەندروستی و کەسایەتی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2024-03-27-22:22:00 - کۆدی بابەت: 12344
پەیوەندی نێوان باری خەوتن لەگەڵ تەندروستی و کەسایەتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەیوەندی نێوان باری خەوتن لەگەڵ تەندروستی و کەسایەتی (بە ئینگلیزی: Association between sleep with health and characteistic) خەوتن ڕۆتینێکی سادە و دووبارە بووەوەی ڕۆژانەی مرۆڤە، کە بە مەبەستی پشوودان و دووبارە چالاکبوونەوە ئەنجامی دەدات. بەڵام وەک دەزانرێت هەر مرۆڤێک لە بارێکی جیاوازی خەوتندا هەست بە ئارامی زیاتر دەکات، واتە هەر لە منداڵییەوە بەبێ بیرکردنەوە لە بارێکی تایبەتی لەشیدا خەوی لێدەکەوێت. 

کەواتە ئەگەر هێشتا لەدوای ئەوەی بە پشتا لەسەر سەرینەکەت پاڵکەوتوویت و ڕاستەوخۆ دەکەویتە سەر یەکێکە لە لاکانەوە، یان بەردەوامیت لە گۆرانکاری لە بارەکانی خەوتندا لە ئەم دیوەوە بۆ ئەو دیو تاکوو کەمێک زیاتر ئاسوودە ببیت، دەبێت بزانیت ئەو بارەی کە لات پەسەندە و زیاتر تیایدا هەست بە ئاسوودەیی دەکەیت، دەتوانێت دەرخەری چەند پێشبینییەک بێت دەربارەی تەندروستیت.

بارە باوەکانی خەوتن پەیوەست کراون بە کێشەی تەندروستی و بوونی تەندروستییەکی باشەوە. بەڵام هەندێک لە شارەزایان باسیان لە بوونی پەیوەندی لەنێوان کەسایەتی و بارەکانی خەودا کردووە، کە لە درێژەی بابەتدا ڕاستییەکەی خراوەتە ڕوو.

پەیوەندی نێوان بارەکانی خەوتن و کەسایەتی

هەندێک لە شارەزەیان و توێژەرانی دەروونی پێشبینی ئەوەیان کردووە کە کەسایەتی دەکرێت کاربکاتە سەر شێوازی خەوتن، بەمەش دەکرێت پێشبینی هەڵسوکەوت و ڕەوشتی کەسەکە لەڕێگەی باری خەوتنیەوە بکرێت. (کریس ئیدزیکۆوسکی) ڕۆفیسۆر و شارەزای بواری خەو، لێکۆڵینەوەی دەربارەی ١٠٠٠ کەسی پێگەیشتووی بەریتانی کرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی هەر پەیوەندییەک لەنێوان بارەکانی خەوتن و کەسایەتیدا. کە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەی بۆ کێشانی پەیوەندی لەنێوان بارە باوەکانی خەوتن و هەڵسوکەوتی تایبەتدا بەکارهێنا.

بەمەش چەند زانیارییەکەی دۆزییەوەی کە هەندێکیان بریتی بوون لە: 

  • باری کۆرپەلەیی، واتە بارێک کە لەسەر یەک لا پاڵکەوتبیت و قاچەکانت بۆ لای سکت بەرز کردبێتەوە، وەک شێوازی وەستانی کۆرپەلە لە سکی دایکیدا. ئەم بارە دەکرێت پەیوەست بێت بە هەستیاری و شەرمنییەوە.
  • ئەو کەسانەی لەسەر یەک لا دەخەون و دەستەکانیان ڕاکێشاوە، دەکرێت کەسانێکی مێشک کراوە بن، بەڵام هەندێک جار دڵپیس بن. هەروەها زۆربەی کات بڕیارەکانی خۆیان پێ ڕاستترینە.
  • خەوتن لەسەر سک جا چی دەستەکان لەسەر سەرینەکە یان لە ژێریدا بێت، دەکرێت کەسێکی کۆمەڵایەتی بێت و حەزی لە ڕەخنەگرتن نەبێت.

لە هەمان کاتدا چونکە ئەم توێژینەوەیە سنووردارە، پێویستە لەگەڵ زانینی ئەنجامی توێژینەوەکەدا ئەم زانیارییانەش بزانرێت: 

  • ئەم توێژینەوەیە تەنها لەسەر نزیکەی ١٠٠٠ کەس ئەنجامدراوە، کە ئەگەر ئەم ژمارەیە بەراورد بکرێت بە ژمارەی گشتی دانیشتووانی زەوی، ژمارەیەکی بچووکە.
  • ئەم توێژینەوەیە تەنها یەکجار ئەنجامدراوە و کە بۆ جاری دووەم ئەنجامدرا بەردەوام نەبوو، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە بۆ هەموو کەسێک وەکوو یەک نییە.
  • هەروەها توێژینەوەی تر ئەنجامدراوە و ئەنجامێکی دڵنیاکەرەوە و بەڵگەنامەییان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایانی تری بواری خەوتن دڵنیا نین دەربارەی پەیوەندی لەنێوان خەوتن و کەسایەتیدا.

پەیوەندی نێوان بارەکانی خەوتن و تەندروستی

بەڵگەی زۆرتر هەیە دەربارەی پەیوەندی نێوان بارەکانی خەوتن و پێشبینی کردنی تەندروستی و سەلامەتی، واتە بەپێی بارەکان دەتوانرێت پێشبینی تەندروستی بکرێت:

خەوتن لەسەر لا

شارەزایان زۆرجار پێشنیاری خەوتن لەسەر لا دەکەن، چونکە ئەم بارە دەتوانێت پرخە کەم بکاتەوە و هەرسکردن باشتر بکات. ئەگەر کەسێکیت لەسەر لای ڕاست دەخەویت، کەواتە دەکرێت ئەزموونی خراپتر بوونی نیشانەکانی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە یان کێشەی هەرسکردن بکەیت. 

بە خەوتن لەسەر لای چەپ گەدەت لە خوارەوەی سورێنچکدا دەبێت، ئەمەش وادەکات ترشەڵۆکی گەدە نەتوانێت بە ئاسانی بگەڕێتەوە.

خەوتن لەسەر لا لەماوەی دووگیانیدا پەیوەستکراوە بە تەندروستییەکی باشتری دایک و کۆرپەلەشەوە، لەم ماوەیەشدا لای چەپ پەسەندکراوترە، خەوتن لەسەر لای چەپ تەنها دڵەکزە کەم ناکاتەوە، بەڵکوو یارمەتی باشترکردنی وروژمی خوێن و کەمکردنەوەی پەستان لەسەر منداڵدان دەدات.

خەوتن لەسەر لا دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری خوارەوەی پشت دەدات، هەروەها ڕێکی بڕبڕەی پشت دەپارێزێت، بەڵام ئەو کەسانەی ئازاری مل یان شانیان هەیە خەوتن لەسەر لا دەکرێت قورس بێت بۆیان.

خەوتن لەسەر سک

لە کاتێکدا کە خەوتن لەسەر سک دەکرێت چەند سوودێکی هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە هەناسەتوندی لە کاتی خەودا و پرخەکردنی توند، لەگەڵ ئەوەشدا پەستان دەخاتە سەر مل و بەشی خوارەوەی پشت، بەتایبەت ئەگەر لەسەر جێگایەکی نەرم بخەویت. ئەم زەبرە دەکرێت زیان بە بڕبڕەی پشت بگەیەنێت و ببێتە هۆی ئازاری پشت بە درێژایی ڕۆژ.

خەوتن لەسەر پشت

خەوتن لەسەر پشت یان سک دەتوانێت پەستانی شلگازی چاو زیاد بکات، بەمەش مەترسی تووشبوون بە ئاوی ڕەشی چاو زیاد دەکات. ئەگەر پێستێکی هەستیارت هەیە، دەکرێت تێبینی ئەوەت کردبێت کە دەموچاو خستنەسەر پشتی زیانی زیاتر بە پێست دەگەیەنێت و تووشی سووربوونەوەت دەکات و چرچی ڕووخساریش دروست دەکات.

کەواتە خەوتن لەسەر پشت لە هەر تەمەنێکدا دەکرێت سوودی هەبێت، پزیشکانی منداڵان و شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە منداڵی تازە لەدایکبوو لەسەر پشت بخەوێنرێت بەم شێوەیەش مەترسی تووشبوون بە کۆنیشانەی مردنی لەناکاوی منداڵی ساوا کەم دەکاتەوە.

خەوتن لەسەر پشت هەمیشە بۆ کەسانی پێگەیشتوو باشترین نییە، چونکە ئەو کەسانەی کە بەدەست هەناسە توندی کاتی خەوتنەوە دەناڵێنن (کە حاڵەتێکە تیایدا بۆری هەوا دادەخرێت لەماوەی خەوتندا)، کاتێک لەسەر پشت دەخەون ئەگەری تووشبوونیان بەم حاڵەتە زیاترە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بۆرییەکانی هەوا ئاسانتر دادەخرێن کاتێک لەسەر پشت پاڵکەوتوویت.

لە هەمان کاتدا هەندێک کەس کە ئازاری خوارەوەی پشت و ملیان هەیە هەست دەکەن کە خەوتن لەسەر پشت ئازارەکەیان خراپتر دەکات. بەڵام بۆ کەسانی تر کە ئەم کێشانەیان نییە خەوتن لەسەر پشت باشترین باری خەوتنە بۆ پشوودان.



244 بینین