ڕۆمانی چاوەڕوانییە مەزنەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-29-21:37:00 - کۆدی بابەت: 12377
ڕۆمانی چاوەڕوانییە مەزنەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاوەڕوانییە مەزنەکان (بە عەرەبی؛ توقعات رائعه، بە ئینگلیزی؛ great expectations) بریتییە لە ڕۆمانێکی نووسەری دیاری سەردەمی ڤیکتۆریای بەڕیتانیا بە ناوی چارلز دیکنز کە ساڵی ١٨٦١ هەفتانە لە ڕۆژنامەدا بڵاوکراوەتەوە و دواتر لەسەر ئەرکی دەزگاکانی چاپ کراوەتە کتێب. ژانەری ڕۆمانەکە بریتییە لە Bildungsroman کە بە زمانی کوردی بریتییە لەو شێوازەی نووسین کە لایەنی دەروونی و مۆڕاڵی (ڕەوشت) زۆر جەختی لێ دەکرێتەوە لە دیالۆگەکان و زنجیرەی ڕووداوەکان. بە جۆرێک نووسەر لایەنێک بە ستەم لێکراو نیشان دەدات و لایەنێکی تر کە ستەم کارە غروریەت و خۆ بە گەورەزانین بە هۆی پلەی بەرزی چینایەتی دەخرێتە ڕوو.

چارلز دیکنز ١٨١٢-١٨٧٠ نووسینەکانی بەوە دەناسرێنەوە کە کەسایەتییە سەرەکییەکانی نێو ڕۆمانەکانی بە دۆخێکی دژوار و خراپدا تێپەڕ دەبن. یان کەسانێکن کۆمەڵگە پشتگوێی خستوون یان بێ دایک و باوکن. بەزۆری وێنای ژیانی چینی هەژاران دەکات هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم جۆرە ژانرانەیە کە گوزارشت لە دۆخی دەروونی کەسانی هەژار و کەم دەرامەت دەکات لەگەڵ لایەنی ئەخلاقی و ڕەوشت.

دەگەڕێتەوە بۆ واقعی کۆمەڵگەی ئینگلیز کە هاوکات بوو لەگەڵ دەسەڵاتی شاژنە ڤیکتۆریا. کە ئەو ماوەیە نووسەرەکانی هاوسەردەمی چارلز دیکنز لەم بوارەدا دەستی باڵایان هەبووە چونکە جیاوازییەکی زۆری چینایەتی هەبووە لە بەڕیتانیادا، کەسانی هەژار دەبوو کاری سەخت بکەن لە بەرامبەر چەند جونیەیەکی ئیسترلینی. ئەگەر داوای زیادکردنی کرێیەکەیان بکردایە دەبوو زیاتر کاربکەن، واتا مرۆڤ لەو سەردەمەدا ڕۆڵی ئامێری دەبینی یان یەکسان بووە بە ئامێر. ئەم ڕۆمانە "چاوەڕوانییە مەزنەکان" بە ڕوونی ئەم بابەتەی تیادەبینرێت کە جیاوازی چینایەتی و لووت بەرزی و غروریەتی چینی خانەدان بەسەر هەژاران ڕوون دەکاتەوە.

پوختەیەک لە کتێبەکە

دەستپێکی ڕووداوەکان بە باسی پاڵەوانەکە دەست پێ دەکات لە گۆڕستانێک لە کەشێکی تەم و سارد ڕۆژێک پێش جەژنی کریسمس بەناوی "فیلیپ پیریپ" کە بە "پیپ" بانگ دەکرێت، ئەم کوڕە لەسەر گۆڕی دایک و باوکی وەستاوە. 

نووسەر ڕاستەوخۆ دوو شتی گرنگ لە چەند دێڕی سەرەتادا باس دەکات "گۆڕستان" و "جەژنی کریسمس" هەڵبەتە ئەمە دۆخی دەروونی پیپ دەردەخات کەکاتێک لە بۆنەیەکی وا گرنگدا بێ دایک و باوکی جەژن دەکات، لێرەشدا کاتێک ئەم چەند دێڕە دەخوێنینەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە هەر چەندە بۆنەیەکی گرنگ لە پێشمانەوە بێت، بێ دایک و باوک ژیانمان وەک گۆڕستانێک کپ و بێ دەنگ و سارد و سڕ دەکات، کە لێرەدا ساردی کەشی زستانیشی باس کردووە دەڵێت ڕۆژێکی سارد و تەماوی زستان ڕۆژێک بەر لە ئێوارەی کریسمس.

نووسەر لە شوێنێکی تردا ئاماژە بە جیاوازی گوزەرانی چینی هەژار و خانەدان دەدات، کاتێک پیپ دەچێت بۆ بینینی کەسێک کە لە ماڵەکەدا کچێکی هاوتەمەنی خۆی هەیە و خانەدانە توانج دەدات لە پیپ بەوەی دەڵێت "دەستەکانت زبرن و پێڵاوەکانیشت چەرمن" کە ئەمەش ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت کە ژیانی کەسانی هەژار پڕیەتی لە زەحمەتی و ناڕەحەتی، پێڵاوی چەرمیش لێرەدا ئەوە هەموو توانای کەسێکی هەژار بووە بتوانێت کە بیکڕێت. 

پیپ باسی ژیانی خۆی دەکات کە لەگەڵ خوشکەکەی و هاوژینی خوشکەکەی دەژی، بەڵام خوشکەکەی ئەشکەنجەی دەدات. لە کاتێکدا خوشک و بران، ئەمەش پەیوەستە بەو خاڵەی کە هیچ کەسێک لە دونیادا جێگەی دایک و باوک پڕ ناکاتەوە، ئەگەر تەنانەت کەسانێک هەبن لە گۆشت و خوێنی خۆشت بن. بەبڕوای نووسەر کاتێک دایک و باوک لە ژیاندا نەمان ئەوا ئیتر خوشک و برا و خزمەکانیش ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە. ئەگەر چی هەندێک جار بزەشت بۆ بکەن یان هاوکاریت بکەن کە لێرەدا هاوژینی خوشکەکەی پیپ کەسێکی میهرەبانە بەڵام هەرگیز نابێتە باوک بۆ پیپ. 

ئەم کتێبە نموونەیەکی جوانی کۆڵنەدان و قوربانیدانمان نیشان دەدات، و وەک لە ناوی کتێبەکەدا دەردەکەوێت دەکرێت شتێک لە ڕابردوو کردووتە وەک کارێکی مرۆڤانە، بەڵام لەو ساتەدا بەرهەمەکەی نەبینیت و دوای ساڵانێک بەرهەمی ئەو کارەت وەربگریتەوه، مرۆڤ دەبێت بەردەوام هیوای هەبێت و سەرەڕای ناخۆشییەکان دڵی خۆشبێت و بە گڕ و تینەوە لە ژیان بەردەوام بێت.


سەرچاوەکان



61 بینین