مەبەست لە ڕۆژووی شەشەڵان چییە؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-04-23:48:00 - کۆدی بابەت: 12442
مەبەست لە ڕۆژووی شەشەڵان چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژووی شەشەڵان یان ڕۆژووی مانگی شەوال یان مانگی شەووال (بە ئینگلیزی: Six days fasting in shaawal، بە عەرەبی: صيام ٦ أيام في شوال) بۆ موسوڵمانەکان، شەش ڕۆژ بەڕۆژوو بوون لە مانگی شەوالدا سوننەتە. ئەمە یاسایەکی پێشنیارکراوە کە نەک تەنها چەندین سوودی تەندروستی دەهێنێت، بەڵکو پاداشتێکی گەورە بۆ ئەو کەسانەش دەهێنێت کە ئەنجامی دەدەن.

شەش ڕۆژ بەڕۆژوو بوون لە شەوال وەک ڕۆژووگرتن وایە بە درێژایی ساڵ

پاداشتی گەورەی شەشەڵان لە فەرموودەیەکدا ڕوونکراوەتەوە کە لەلایەن ئەبو ئەیوبەوە گێڕدراوەتەوە: (هەرکەسێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت و پاشان شەش ڕۆژ بەڕۆژوو بێت لە مانگی شەوالدا، وەک ئەوە وایە یەک ساڵی بەردەوام بەڕۆژوو بووبێت.)

ئەمەش لەوەوە دێت خوای گەورە لە سووڕەتی (الانعام) لە قورئانی پیرۆزا فەرموویەتی: هەر کەسێک کردەوەیەکی چاکبکات، ئەوە دە هێندە پاداشت وەردەگرێت. لەبەر ئەوەی چاکەی کەسێک دە هێندە زیاد دەکات، ڕۆژوو گرتن لە مانگی ڕەمەزاندا وەک ڕۆژووگرتن وایە بۆ ماوەی دە مانگ و شەش ڕۆژ بەڕۆژوو بوون لە مانگی شەوال وەک ڕۆژووگرتن وایە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ (دوو مانگ). کاتێک هەردووکیان کۆدەکرێنەوە، دەبێتە ساڵێک. 

هەروەها پێغەمبەر فەرموویەتی: (هەرکەسێک شەش ڕۆژی شەوال دوای مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت، ڕۆژووی ساڵەکەی تەواو دەکات، چونکە هەرکەسێک چاکەیەکی چاک بکات، ئەوا پاداشتی دە پاداشتی وەک ئەو دەبێت)

ئایا دەتوانیت چی ڕۆژێک بەڕۆژووبیت لە مانگی شەوالدا؟

موسوڵمانان دەتوانن هەر ڕۆژێکی مانگی شەوال بەڕۆژووبن جگە لە یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال کە دەکاتە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز. چونکە بە ڕۆژووبوون لە هەر دوو جەژنی موسوڵمانان لە ئایینی ئیسلامدا ڕێگەپێدراو نییە. خاتوو عائیشە دەگێڕێتەوە پێغەمبەر فەرموویەتی (بەڕۆژووبوون لە هەردوو جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قورباندا قەدەغەیە لەسەر موسوڵمانان).

نیشانەی ڕەمەزانێکی پەسەندکراوە

زۆرێک لە زانایان دەڵێن کە توانای بەردەوام بوون لە کردەوەیەکی باش نیشانەی ڕەزامەندییە لەلایەن خوای گەورەوە. بۆیە بەردەوامبوون لە ڕۆژووگرتن دوای ڕەمەزان نیشانەی ئەوەیە کە ڕۆژووگرتنت قبوڵکراوە بە ئیزنی خوای گەورە.

خوای گەورە ئەو کەسانەی خۆشدەوێ کە پەلە دەکەن لە ئەنجامدانی چاکە

خوای گەوره له قورئاندا باسی ئەو کەسانه دەکات که به خێرایی هەنگاودەنێن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی چاک. هەرچەندە زانایان جیاوازییان هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا دەبێت ئەو شەش ڕۆژەی بەڕۆژوو بوون ڕاستەوخۆ دوای جەژن ئەنجام بدرێت یان نا، بەڵام هەموویان موسوڵمانانیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کە خۆیان بەدووربگرن لە دواخستنی ڕۆژوو گرتن تا ئەو ئاستەی کە لەوانەیە تەواوکردنی شەش ڕۆژەکە لە دەست بدەن. واتا هەتا توانیان زووتر ڕۆژووی شەش ڕۆژەکەی شەشەڵان بگرن.

ئایا پێویستە شەش ڕۆژ لەسەر یەک بەڕۆژوو بیت لە شەوال؟

چەند بۆچوونێک هەیە لەلایەن زانایانی بەناوبانگی ئیسلامەوە و نەرمییەکی زۆر لەم بارەیەوە هەیە. بەگوێرەی ئیمامی شافیعی، باشترە شەش ڕۆژ بە یەک لەدوای یەک بەڕۆژوو بیت، کە لە ڕۆژی دووەمی شەوالەوە دەست پێبکات. لە لایەکی ترەوە، زانایانی دیکە لەوانە ئیمام ئەحمەدی کوڕی حەنبەل لەو بۆچوونەدان کە پێشنیاری ئەوە دەکرێت کە شەش ڕۆژەکە بە شێوەیەکی ناوبەناو بەڕۆژوو بن و بە درێژایی مانگی شەوال بڵاویان بکەنەوە. 

ئایا دەکرێت ڕۆژووی سوننەتی شەشەڵان لەگەڵ ڕۆژووە قەرزەکانی مانگی ڕەمەزان بێت؟

ئەوە ڕێگەپێدراوە بۆ ئافرەتان کە ڕۆژووی ڕەمەزانیان لە دەست چوو لە مانگی شەوالدا بیگرەنەوە. کە ئەمە بۆ وەرگرتنی پاداشتی ڕۆژووی شەشەڵانیشە لەگەڵیدا. بەگوێرەی زانایانی شافیعی، هەرکەسێک ڕۆژە لەدەستچووەکانی ڕەمەزان لە هەمان کاتدا لەگەڵ شەش ڕۆژی شەوال بەڕۆژوو بێت، پابەندییە ئاینییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەروەها پاداشتی ئەو شەش ڕۆژەی لە شەوالەوە وەرگرتووە.

لەمەش ڕاجیایی هەیە، هەندێک لە زانایانی ئیسلام پێیان وایە کە ڕۆژووگرتنی قەرز پێش سوننەتە، هەنێکیش بە پێچەوانەوە پێیان وایە ئاساییە دەتوانرێت ڕۆژووی سوننەت پێش قەرزەکە بێت.

هەندێک لە سوودە تەندروستییەکانی ڕۆژوو بە پشت بەستن بە زانست

جگە لەو پاداشتە گەورەیەی کە کەسێک بەدەستی دەهێنێت کاتێک لە شەشەڵان بەڕۆژوو دەبێت، ڕۆژوو گرتن سوودی تەندروستی زۆری هەیە. پسپۆڕان دەڵێن سنووردارکردنی خواردنی خۆراک لە ماوەی ڕۆژدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە کێشە تەندروستییەکان و باشترکردنی بەڕێوەبردنی کێش و نوێبوونەوەی خانەکانی خوێنی تەندروستتر.

بەگوێرەی پزیشکێکی خۆراک، کلێر ماهی، "ڕۆژوو ڕێگە بە ڕیخۆڵە دەدات بۆ پاککردنەوە و بەهێزکردنی ناوپۆشەکەی. هەروەها دەتوانێت پرۆسەیەک هانبدات کە پێی دەوترێت ئەوتۆفەیجی یان خۆخۆری، خۆخۆری ئەو پرۆسەیەیە کە خانەکان خۆیان خاوێن دەکەنەوە و تەنۆلکە زیانلێکەوتووەکان لادەبەن." بە واتایەکی تر، ئەمە ڕێگایەکی باشە بۆ پاککردنەوەی جەستەی مرۆڤ و لابردنی ژەهری جەستە. باشترکردنی کرداری ئەندامەکان لە کاتی لابردنی هەر ژەهرێکی زیانبەخش لە جەستەدا. 


سەرچاوەکان



141 بینین