جۆرەکانی بیبەر و سوودەکانیان

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-14-17:12:00 - کۆدی بابەت: 12509
جۆرەکانی بیبەر و سوودەکانیان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جۆرەکانی بیبەر و سوودەکانیان (بە عەرەبی: انواع من الفلفل وفوائدها، بە ئینگلیزی: Types of Pepper and their benefits)، بیبەر زۆر ڕەنگی جیاوازی هەیە و بە چەندین قەبارە هەیە و کالۆری کەمە و هەموو جۆرەکانی سەرچاوەی نایابی ڤیتامین A و C و پۆتاسیۆم و ترشی فۆلیک و ڕیشاڵن، بیبەرەکان تامیان توونە لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکی تریان شیرینە، هەروەها بیبەر بە تازەیی و بەستووی و وشککراوەی یان لە قوتوودا بەکاردەهێنرێت. بیبەری سەوز زووتر دروێنە دەکرێت پێش ئەوەی بیبەری زەرد و بەرهەم بهێنرێت، هەروەها بە بەراورد لەگەڵ بیبەری سەوز ئەوانەی سوورن نزیکەی ١١ هێندە زیاتر بێتا کارۆتین و ٢ هێندە زیاتر ڤیتامین سییان تێدایە.

جۆرەکانی بیبەر

 • بیبەری زەنگۆڵە (بیبەری خڕ - شیرین)
 • بیبەری درێژ (بیبەری توون)

سوودە تەندروستییەکانی بیبەری زەنگۆڵە

بیبەری زەنگۆڵە کالۆری کەمی تێدایە و ماددەی خۆراکی زۆری تێدایە، لەنێویاندا چەند ڤیتامینێکی گرنگ لەوانە ڤیتامین سی، تەنها لە یەک کوپ بیبەری سەوزی وردکراودا ١٢٠ میلیگرام ڤیتامین سی بەدەست دەهێنیت. ڤیتامین سی یارمەتی جەستەت دەدات بۆ هەڵمژینی ئاسن و چاکبوونەوەی برینەکان، هەروەها ڕەنگە ڕۆڵی هەبێت لە ڕێگریکردن لە چەندین حاڵەت، لەوانە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، سوودە تەندروستییەکانی تری بیبەری زەنگۆڵە، لە چوارچێوەی شێوازی ژیانی تەندروستدا.

دابەزاندنی پەستانی خوێن

چەندین لێکۆڵینەوەی گەورە دەریدەخەن ئەو کەسانەی ئاستی ڤیتامین سییان زۆرە لە جەستەیاندا بە پشتبەستن بە چڕیی ڤیتامین سی لە پلازمایاندا ئەگەری تووشبوونیان بە پەستانی خوێن کەمترە، بەتایبەتی ئەگەر خۆراکێکی کوالیتی بەرزیان هەبێت.

هەرسکردنێکی باش

سەرەڕای ئەوەی لە هەر ١ کوپێکدا تەنها ٣٠ کالۆری هەیە بەڵام بیبەری خاو ٢.٥ گرام ڕیشاڵی خۆراکی تێدایە، ڕیشاڵی خۆراکی یارمەتی بەرەوپێشبردنی تەندروستی هەرس دەدات.

کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە

ئەو خۆراکانەی کە ڕیشاڵی زۆریان تێدایە وەکو بیبەری زەنگۆڵە ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی شەکر لە خوێنەوە، هەروەها ڤیتامین سی ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئاستی شەکری خوێن لەو کەسانەی کە جۆری دووەمی شەکرەیان هەیە، هەرچەندە ئەمە بە تەواوکەرە خۆراکیەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و نەک بە بیبەری زەنگۆڵە.

سوودەکانی خواردنی بیبەری توون

یەکەم/ سوودی بۆ کۆئەندامی هەرس هەیە

ئەو کەسانەی برینی گەدەیان هەیە پێیان دەوترێت دووربکەونەوە لە خواردنی بەهارات، هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بیبەر سوودی هەیە بۆ برینی گەدە، بۆ نموونە تۆزی بیبەر بڕێکی کەم لە دژە ئۆکسێنەر و ماددە کیمیاییەکانی دیکە دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی کێشەکانی هەرس وەک چاککردنەوەی تێکچوونی گەدە، کەمکردنەوەی غازی ڕیخۆڵە، چارەسەرکردنی سکچوون و غازات و چارەسەرێکی سروشتی بۆ گرژبوون ڕیخۆڵە، هەروەها بیبەر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ترشەڵۆکی ناو کۆئەندامی هەرس کە دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی گەدە، هەروەها یارمەتی بەرهەمهێنانی لیک دەدات و ترشی گەدە هان دەدات کە یارمەتی هەرسکردن دەدات.

دووەم/ پارێزگاری لە تەندروستی دڵ دەکات

بیبەر یارمەتی کۆئەندامی سووڕی خوێن دەدات و ڕێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ دەکات بە دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خوێن و کەمکردنەوەی نیشتنی چەوری، هەر بەم هۆیەوە خوێن مەیینبوونی زیادە پێچەوانە دەکاتەوە هەروەها خوێنبەرەکان فراوان دەکات بۆ یارمەتیدانی ڕۆیشتنی خوێن.

سێیەم/ شەقیقە کەم دەکاتەوە

بیبەر دەبێتە هۆکاری نەمانی ئازاری سەر، هەروەها دەتوانرێت بوترێت کە بیبەر ئازارشکێنە و بەکاردەهێنرێت بۆ کەم کردنەوەی ئازاری شەقیقە.

چوارەم/ ئازاری جومگەکان کەم دەکاتەوە

بەهۆی تایبەتمەندییە بەهێزە ئازارشکێنەکانی کاپسایسین لە بیبەرەوە دەتوانرێت بدرێت لە پێست بۆ کەمکردنەوەی مادەی کیمیایی P، ئەو پێکهاتەیەی کە پەیامی ئازار دەگوازێتەوە بۆ مێشک و لە کۆتاییدا وەرگرەکانی ئازار خۆیان ئازاری جەستە کەم دەکەنەوە، هەروەها کاتێک ئەمە ڕوودەدات کاپسایسین وەکو ئازارشکێنێک کاردەکات، هەروەها بیبەر بە شێوەیەکی کاریگەر بۆ نەخۆشی زەردوویی و نەخۆشی دەمارەکانی HIV و جۆرەکانی تری ئازار بەکاردێت.

پێنجەم/ میتابۆلیزم باشتر دەکات / یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات

بیبەری هاڕاو ڕێژەی گۆڕانکاری لە خۆراک بەرز دەکاتەوە بە دروستکردنی پرۆسەکانی گەرمکەرەوەی جەستەمان چونکە خواردنی بیبەری توون دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی لەشمان، ئەو پرۆسەیە وزە بەکاردەهێنێت و بەو هۆیەوە کالۆری زۆر دەسووتێنێت، جگە لەوەش ئەگەر بیبەری توون لە کاتی نانی بەیانیدا بخورێت ئەوا ئارەزووی خواردن تا کۆتایی ڕۆژەکە کەم دەبێت کە لە ئەمەش یارمەتیدەرت دەبێت لە دابەزاندنی کێشت، تەنانەت لەوانەیە گۆڕانکاری لە پرۆتینەکانی جەستەتدا بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەڵەکەبوونی چەوری، هەروەها کاپسایسین وەک ڕێگەیەکی گشتگیر بۆ دابەزاندنی کێش لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو ڕیشاڵی دەمار لەناو دەبات کە پەیام لە گەدە بۆ مێشک دەنێرن.


سەرچاوەکان



39 بینین