فیکتۆفیلیا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-14-18:09:00 - کۆدی بابەت: 12514
فیکتۆفیلیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فیکتۆفیلیا (بە عەرەبی؛ فیکتوفیلیا، بە ئینگلیزی؛ Fictophilia) دۆخێکی دەروونییە کە کەسی تووشبوو لە ئەنجامی سەیرکردنی بەرهەمی سینەمایی و یاری ڤیدیۆیی تووشی دەبێت کە ئەویش هەستی سۆزداری بەرانبەر کارەکتەرە Fiction کان یان هونەری و دروستکراوەکان لا پەیدادەبێت. 

ناوەرۆک

فیکتۆفیلیا، یان فیکتۆڕۆمانس، یان فیکتۆسێکشواڵتی ناوی دۆخێکی دەروونی زۆر مەترسیدارە کە ئەو کەسەی تووشی دەبێت مەحاڵە بە ئاسانی لێی دەرچێت. ئەویش بە هۆکاری ئاڵودە بوونە بە بەرهەمێکی سینەمایی یان یاری ڤیدیۆیی لەبەر کارەکتەرێک یان ئەکتەرێک. 

توێژەرانی دەروونی لە زانکۆی تۆکیۆ ساڵی ٢٠٢١ توێژینەوەیەکیان کرد بەناوی "کاریگەری فیکتۆفیلیا، فیکتۆڕۆمانس، فیکتۆسێکشواڵتی لەسەر گەنجان) لەم توێژینەوەیدا ٧١٪ بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ئەم دۆخەیان تێدابووە، کە هەندێک حاڵەتەکەیان زۆر قورس بووە. 

توێژرەران فیکتۆفیلیا بۆ دوو لق دابەشدەکەن کە ئەمانەن: 

یەکەم: فیکتۆڕۆمانس Fictoromance 

ئەم حاڵەتە کەسی تووشبوو کارەکتەری نێو یاری یان ئەنیمێ یان ئەنیمەیشن وەک ئامرازێکی دەربڕینی هەست و سۆز و خۆشەویستی Love دەبینێت و حەز دەکات پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ببەستێت. کاتێک کەسێک بڵێ ئەم ئەکتەرە یان کارەکتەرە دڵخوازمە بە گژیدا دەچێت و دەڵێت ڕێگە نادەم قسە بە کڕەشەکەم بوترێت! سەرەڕای ئەوەی دەزانێت ئەم کارەکتەرەی خۆشی دەوێت خەیاڵییە Fiction ــە. 

یان ئەگەر ئەکتەرەکە ڕاستی بێت و لە فیلمێکی سینەمایی یان زنجیرەی تەلەفزیۆنی بەشداربووبێت، کەسی تووشبوو بە خەیاڵ کردن ئەم خانمە ئەکتەرە وەک دەستگیران یان خێزانی دەبینێت. ڕۆژانە بینەری نوێترین هەواڵ و پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەبێت. یان کاتێک ئاهەنگێک دەکرێت وەک ئۆسکار و بافتا و ئێمی و ئەمانە لەبەر خاتری ئەو ئەکتەرە بینەر دەبێت تا بزانێت چ جلوبەرگێکی پۆشیوە؟ ئایا جوان دەرکەوتووە؟ چاوەکان لەسەر ئەون؟ ئەم شتانە لە خەیاڵیدا دروست دەکات و خۆشی وا دێتە بەرچاو کە دەستی ئەوی گرتووە و لە ئاهەنگەکەدایە. 

یان لە یاریدا بە نموونە، هەندێک ستۆدیۆ یارییەکانیان بە کارەکتەر بەناوبانگە لەبری لە چیرۆک و یاریپێکردن، کەسی تووشبوو دەگاتە حاڵەتێک کە ڕۆژانە بۆ دەربڕینی هەست و سۆزی زیاتر بۆ کارەکتەرەکە پۆست دەکات لەسەری، پرۆفایلی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی دەکات بەو، لە ژوورەکەی وێنەی ئەو کارەکتەرە هەڵدەواسێت، یاخود جلوبەرگ وێنەی ئەو کارەکتەرەی لەسەر چاپ دەکات بەتایبەتی T-Shirt و تەنانەت ئەگەر دەستی وێنە کێشانی هەبێت ئەوا وێنەی ئەو کارەکتەرە دەکێشێت هەندێک جار مۆدێلی نوێ دەکێشێت کە لە ئینتەرنێت نەبێت ئەمەش تەنها بۆ دەربڕینی هەست و سۆزی زیاتر بەرانبەری.

دووەم: فیکتۆسێکشواڵتی Fictosexuality 

ئەم دۆخەیان هەرە حاڵەتە قورسەکەیە. کە بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ حاڵەت هەیە. کەسی تووشبوو حەزدەکات سێکس بکات لەگەڵ ئەو ئەکتەرە یان کارەکتەرە. کۆمەڵەی APA ئەمریکی کە ڕێکخراوی پزیشکانی دەروونی ئەمریکای پێ دەوترێت زۆرجار لە کۆنفرانسەکان ئاماژە بەوە دەدەن " کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی یاری و ئەنیمێ و ئەنیمەیشن و تەنانەت سینەماش بەرپرسن لە نەخۆشکردنی بینەر". 

پرۆفیسۆر دکتۆر لاورەنس جۆنس پزیشکێکی دەروونییە لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور لە بڵۆگێکدا دەڵێت: "حەزکردن بە سێکس کردن لەگەڵ کارەکتەری fictional یان ئەکتەرێکی سینەمایی کە دڵنیایت لەوەی هەرگیز بوارت بۆ ناڕەخسێت ببیتە هاوژینی، دۆخێکی زۆر مەترسیدارە، چونکە کەسی تووشبوو حەزناکات سێکس بکات لەگەڵ کەسی تردا یان هاوسەرگیری بکات، تەنها ئەو کارەکتەرە خەیاڵییە یان ئەو ئەکتەرە دەخاتە مێشکیەوە".

بەشێوەیەکی گشتی هەندێک یاری یان ئەنیمێ و ئەنیمەیشن هەن کارەکتەری وای تێدایە کە جەستەیان حەزی سێکسی بینەر دەوروژێنێت بۆ هەردوو ڕەگەز. بەتایبەتی لە ڕەگەزی نێردا باوە بەهۆی ئەوەی کوڕان زیاتر ئاڵوودەی یاریکردنن وەک لە کچان، زیاتر تووشی ئەم دۆخە دەبن. 

یاری هەیە بە کچ یاری دەکەیت بەڵام وا دروستکراون بێزارکەر نەبن و زوو بچنە دڵی یاریکەرەوە. نموونە ئێڵی ولیەمس کارەکتەری سەرەکی یاری The last of us کە خاوەنی ڕووخسارێکی جوانە و لە دیالۆگەکانیدا بە ئاسانی دەچێتە دڵ. کەسانێک هەن لە توێژینەوەکەی زانکۆی تۆکیۆ باسیان لە دۆخی خۆیان کردووە کە حەزی سێکسیان وروژاوە بەرامبەر ئەم کارەکتەرە، هەندێک پەنایان بۆ خووی نهێنی بردووە. کاتێک زنجیرەی تەلەفزیۆنی The last of us لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لە تۆڕی HBO پەخش کرا ڕەخنەی زۆر لە ڕوخساری بێلا ڕامزی گیرا کە ڕۆڵی ئێڵی ولیەمسی دەگێڕا دەیانوت لە ئێڵی ناچێت ئەو کەسانەش کە ڕەخنەیان دەگرت یاریکەران بوون.

واتا دۆخێکی وایان بۆ دروستببوو سیمای ڕووخساری کارەکتەرێکی هونەری Fictional بەراوردی مرۆڤێکی ڕاستەقینە دەکرد. یان هەندێک یاری هەن لە ژانرای ئیرۆتیک و سێکسن بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا ئەم دوو ژانرایە نییە، کەسی تووشبوو بە شێوەی VR سێکس دەکات لەگەڵ کارەکتەری Fictional  یان بۆ چێژی دەروونی یارییەک لە ژانەری ئیرۆتیک دەکات. بەڵام ئەمانە لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا نین. ئەو وڵاتەی ئەم دوو ژانەرە تیایدا پڕفرۆشە ژاپۆنە کە هەندێک یاری لە دوای بڵاوکردنەوەیان بۆ چەند مانگێک لە لیستی پڕفرۆشترینەکان دەمێننەوە. وەک وتمان ئەم یارییانە لە ڕێگەی ئامێرێکە لە چاو دەکرێت و ئەو شوێنەی لێی وەستاویت دەبێتە ژینگەی یارییە نموونە لە ژووری دانیشتن یان نان خواردنیت ئامێرەکەش هەمان شت دەبێت لە باخچەی ماڵەکەت بیت یارییەکەش بەهەمان شێوە لە باخچە دەبێت. بەشێوەیەکی گشتی هەمان ژینگەی تۆ لە یارییەکەدا بووەتە ئەنیمەیشن. 

چارەسەر چییە بۆ ئەم دۆخە دەروونییە؟ 

کۆمەڵەی APA چارەسەری گونجاویان داناوە بۆ ئەم دۆخە بەڵام لە ڕێگەی ڕاوێژی هەفتانە و مانگانە بە کەسی تووشبوو، لەبری بەکارهێنانی دەرمان. کە لە ژێرچاودێریدا  هەوڵ دەدرێت کەسی تووشبوو لە کەش و ژینگەی خەیاڵی بهێنرێتە دەرەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ دونیای واقعی (ڕاستی) بەڵام ئەم چارەسەرە هێندە ئاسان نابێت بەڵکو بە ڕێکخستنی کاتەکان و سەرقاڵکردنی کەسی تووشبوو دەبێت بە بابەتی تر وەک خوێندنەوەی کتێب و چوونە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێ یان چوون بۆ بازاڕیکردن و قاوە خوادنەوەی بەیانیان یاخود وەرزش کردن و چوون بۆ هۆڵی لەشجوانی و وەرزشکردن. بەم ڕێگایانە هەوڵ دەدرێت کەسی تووشبوو دوور بخرێتەوە لە ژینگەی Fictional و بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی. 

لە کۆتا هەنگاودا گەر هیچ گۆڕانکاری ئەرێنی ڕووینەدا ئەوا پەنا دەبرێتە بەر کەپسوولی ئۆکسجینی کە شێوازەکەی وەک شۆردنی مێشک وایە کە بەچەند جارێک ئەنجام دەدرێت کەسی تووشبوو دەخرێتە ناو کەپسولێک و تیایدا دەخەوێنرێت بۆ چەند کاتژمێرێک و لەو ماوەیەدا تەنها ئۆکسجین وەردەگرێت و هیچ شتێک نابینیت بەم جۆرە بیرکردنەوەی خراپی نامێنێت کەسەکە و هەست بە ئارامی زۆر دەکات. ئەم ڕێگایە سەلمێنراوە زیانی نییە چونکە هەر پێدانی ئۆکسجینە بە کەسەکە لە کەپسولێکی تارک و ئۆکسجینەکە تەواو پاکە و هیچ شتێکی زیان بەخش لەخۆ ناگرێت، لەو ساتەوەی ئەم ئامێرە بەکاردێت لە پێنج جار زیاتر بەکارنەهاتووە بۆ کەسی تووشبوو، واتا هەر کەسێک لە میانەی ئەم پێنج جار چوونە ناو کەپسولەکە بیرکردنەوەی گۆڕاوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ باری پێشتر.


سەرچاوەکان



83 بینین