چەند زانیارییەک لەسەر یاری Ryse: son of rome

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-22-20:25:00 - کۆدی بابەت: 12642
چەند زانیارییەک لەسەر یاری Ryse: son of rome

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاری Ryse: son of rome (بە عەرەبی: لعبة Ryse: son of rome، بە ئینگلیزی: Ryse: son of rome video gameیاری رایس سەن ئۆف ڕۆم، یارییەکی بینایی کەسی سێیەمی ئاکشن و سەرکێشییە کە لەلایەن ستۆدیۆی کرایتێک کاری پەرەپێدانی بۆ کراوە و لەلایەن ستۆدیۆیەکانی مایکرۆسۆفت کاری بڵاوکردنەوەی بۆ کراوە لە ساڵی ٢٠١٣. چیرۆکی یارییەکە لە سەردەمی شارستانیەتی رۆمدایە، کە باس لە کوڕێک دەکات بە ناوی (ماریۆس تایتۆس)، کە دەبێتە سەرکردەیەی یەکێک لە سوپاکانی ڕۆم. شێوازی یاریپێکردنی یاریەکە خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە ماریۆس بە شمشێرەکەی هێرش دەکات وە بە قەڵغانەکەی هێرشی دوژمنەکان دەگەرێنێتەوە. تەواوکردنی دوژمنەکان لە نێو یاریەکە یەکێکە لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی یارییەکە. یارییەکە مۆدێکی مۆڵتەپلەیری هەیە کە تێیدا یاریکەر ڕووبەڕووی دوژمنەکانی دەبێتەوە قۆناغ بە قۆناغ لە چەند نەخشەیەکی جیاواز کە بەردەوام لە گۆڕاندان. 

سەرەتای پەرەپێدانی یاریەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦. سەرەتا بڕیار بوو بینایی کەسی یەکەم بێت و بۆ کۆنسڵی ئێکس بۆکس ٣٦٠ بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دواتر پەرەپێدەرانی یارییەکە دووبارە پێداچوونەوەیان بە یارییەکە کردەوە و بڕیاریان دا بیکەنە کامێرای کەسی سێیەم لە شێوەی یاریەکانی (هاک و سلاش). سەرەتا یاریەکە لەلایەن لقی (کرایتێک)ی شاری بوداپێستی هەنگەریا کاری پەرەپێدانی بۆ کراوە، بەڵام دواتر گواسترایەوە بۆ بارەگای سەرەکی ستۆدیەکە لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا. بۆ پەرەپێدانی دیمەنی سینەمایی و جوڵاوەکانی یارییەکە ستۆدیۆی (کرایتێک) لەگەڵ ستۆدیۆی (زە ئیماجنریۆم) رێکەوتنی کرد کە ئەم کارانەی بۆ ئەنجام بدات. بڕیار بوو مۆدێکی ئۆنلاینی تایبەت لەلایەن ستۆدیۆی (روفیان گەیمس) دروست بکرێت، بەڵام دواتر هەڵوەشێندرایەوە.

سەرەتا یاریەکە بە ناوی نهێنی (کینگدەم/شانەشین) ئاشکرا کرا لە پێشانگای (E3) لە ساڵی ٢٠١٠، بەڵام دوای دوو ساڵ بە ناوی تەواوی خۆی کە (رەیس سەن ئۆف رۆم) بوو ئاشکرا کرا. لە نۆڤەمبەری ٢٠١٣ بۆ کۆنسڵی ئێکس بۆکس وەن بڵاوکرایەوە، لە ئۆکتبەری ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن (کرایتێک) و (دیپ سیلڤەر) بۆ ویندۆز بڵاوکرایەوە. پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانەی جیاواز هەبوو لەسەر یارییەکە دوای بڵابوونەوەی، ڕەخنەگران ستایشی چیرۆک و گرافیکی یارییەکەیان کرد، بەڵام رەخنەیان لە شێوازە یاریپێکردنە سادەکەی گرت. (کاڤێت یێرلی) سەرۆکی ستۆدیۆی کرایتێک، رایگەیاند کە وا فرۆشی یاریەکە زۆر دڵخۆشکەر نەبووە بۆیان. دوای بڵاوبوونەوەی چەندین مۆدی مۆڵتەپلەیری جیاواز بڕیار بوو بۆ یاریەکە بڵاوبکرێنەوە، بەڵام دواتر هەڵوەشێندرانەوە.   

شێوازی یاری پێکردن (گەیم پلەی)

یاریەکە بینایی کەسی سێیەمی ئاکشن و سەرکێشیە کە شێوازەکەی (هاک و سڵاشە: ئەم جۆرە دەستەواژەیە بۆ ئەو یاریانە بەکاردێت کە یاریکەر یاری بە شمشێر و قەڵغان و ئەو چەکە کۆنانە دەکات نەوەک چەکی مۆدێرن). یاریکەر یاری بە گەنجێک دەکات بە ناوی (ماریۆس تایتۆس)، کە ژەنەراڵێکی سوپای ڕۆمەکانە و دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە بکوژانی خێزانەکەی بکاتەوە. بە درێژای چیرۆکی یارییەکە، کەسایەتی یاریەکە چەکی جیاواز بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردن دوژمنەکانی و بەرگریکردن لە خۆی. بۆ نموونە بۆ هێرشکردن شمشێر بەکاردەهێنێت و بۆ بەرگری کردن لە خۆی قەڵغان بەکاردێنێت. هێزی هەر هێرشێک دەتوانێت لەلایەن یاریکەرەوە دیاری بکرێت کە ئایە هێرشی سووک و سادە دەکات یان قورس. وە دەتوانێت ڕم بەکاربهێنێت وەکو چەکی دوورمەودا بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانی. 

شێوازی یارییەکە خۆی لە (تەوژم) دەبینێتەوە کە ڕێگا بە یاریکەر دەدات دوژمنێک لەناو ببات دانەیەکی تر بە هێرشی کەمتر لەناوببات. شەڕکردنی یارییەکە خۆی لە زنجیرە لێدانێکی یەک لە دوای یەکی دەبینێتەوە، کە ئەو زنجیرە لێدانانە ئامادەکاری دەبێت بۆ هێرشی کۆتایی. ماریۆس دەتوانێت لێدانی بەرامبەرەکەی بگەڕێنێتەوە و ڕێگری بکات لە زنجیرە لێدانەکانی بەرامبەرەکەی. ماریۆس لە هەندێک شوێنی چیرۆکی یارییەکە بەژداری لە جەنگی گەورە و فراوان دەکات. یاریکەر دەبێت هاوهەمانگی یاخود فەرمان بکات بە کەسایەتی و سەربازە ئاساییەکانی یاریەکە تاوەکو بەسەر سوپای بەرامبەریدا زاڵ بێت لەو جەنگە گەورانە. کەسایەتی سەرەکی یارییەکە لە رێگای قسەکردنەوە فەرمان دەکات. بۆ نموونە فەرمان بە تیر هاوێژ و مەنجەنیقەکان دەکات تاوەکو هێرشبکەن. 

کاتێک یاریکەر چەند لێدانێک لە بەرامبەرەکەی دەدات دەتوانێت بۆ تەواوکردنی بە شێوازێکی جیاواز جیاواز بیانکات کە لە شێوەی ئەنیمەیشنێک ڕوودەدات تەواوکردنیان. بۆ ئەوەی بزانیت کە دەتوانیت بەم شێوە تایبەتە دوژمنەکانت تەواوبکەی ئەوە لە رێگای ئایکۆنێکەوە ئاماژەیەک دێتە سەر دوژمنەکەت کە ئێستا کاتی ئەوەیە تەواوی بکەیت. وە ئەم تەواوکردنە سوودی زۆر بە یاریکەر دەگەینن و پۆینتی پێدەدات کە دەتوانێت بەکاریبهێنیت بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی یارییەکە، و پۆینەتەکان بە پێی باشی بەرێوەچوونی تەواوکردنەکە زیاد دەکات. 

شێوازی ئەنیمەیشنی تەواوکردنەکە دەتوانێت بگۆڕێت و یاریکەر خۆی دەتوانێت هەلیبژێرێت کە کامەیان بەکاردەهێنێت، بەڵام بێگومان پێویستە هەموویان بکاتەوە. کەسایەتی یارییەکە چەند بەهرەکی تریشی هەیە کە پێیان دەگووترێت (پێرکس) کە چەند سوودێک دەگەینن لەوانە: بەهێزترکردنی لێدانی کەسایەتی یارییەکە، پرکردنەوەی خوێن، هێمن کردنەوە، زیاتر کردنی ئەو پۆینتانەی بەدەستی دەهێنیت. پۆینتەکان دەتواندرێت بەکاربهێنێرێت بۆ زیادکردنی خوێن و لێدان، بەرزکردنەوەی ئاستی شتەکان، کردنەوەی تەواوکردنی نوێ. تەواوکردنی دوژمنەکەت خودکارانە خۆی تەواو دەبێت، بەڵام پۆینتی کەمتر بەدەست دەهێنیت گەر خۆت نەیکەیت. هەندێک جار یاریکەر دەتوانێت دوو دوژمن بە یەکەوە تەواو بکات بەمەش پۆینتی زیاتر بەدەست دەهێنێت.

یارییەکە مۆدێکی مۆڵتەپلەیری هەیە کە دوو یاریکەر دەتوانن بە یەکەوە ڕووبەرووی هێرشی بە لێشاوی دوژمن ببنەوە یاخود لە ئارینا ڕووبەڕوی جەنگاوەرێک ببنەوە. شوێنی مۆدە مۆڵتەپلەیرەکە دەگۆرێت لە کاتی یاریکردن تێیدا. دوای تەواوکردنی یاریکەر هەندێک زریپۆش و شتی تایبەت بەدەست دەهێنێت ئەگەر مۆدە ئۆنلاینەکە بکات. یاریکەر دەتوانێت بە پارەی ڕاستەقینە شت بکرێت بۆ مۆدە ئۆنلاینەکە.

چیرۆکی یاریەکە

دەستپێکی یاریەکە لە ناوەڕاستی چیرۆکی یارییەکەیە، کاتێک ماریۆس تایتۆس کە ژەنەراڵی سوپای ڕۆما سەرکردایەتی هێڵەکانی بەرگری دەکات لە دژی داگیرکاری بەربەریەکان. ماریۆس ئیمپراتۆری ڕۆم کە ناوی (نێرۆ)یە دەبات بۆ ژوورێکی نهێنی سەلامەت، دەست بە گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات بۆ ئیمپراتۆر. ماریۆس باس لە چیرۆکی خۆی دەکات کە سەرەتا وەک سەربازێکی ئاسایی لە سوپایەکی ڕۆم خزمەتی دەکرد و پێش ئەوەی بنێردرێت بۆ (ئەسکەندەریە) سەردانی ماڵباتەکەی کردووە. هەر لە کاتی سەردانەکەی بەربەریەکان هێرش دەکەنە سەر شارەکە و باوان و خوشکەکەی دەکوژن. فەرماندە (ڤێتاڵیۆن) کە کاتی خۆی لەگەڵ باوکی ماریۆس لە سوپادا پێکەوە خزمەتیان کردووە دوای ئەم ڕووداوە ماریۆس دەگوازێتەوە بۆ سوپاکەی خۆی تا لەوێ خزمەت بکات و بەڵێنی پێدەدات کە تۆڵەی خێزانەکەی بکەنەوە. سوپای ڤێتاڵیۆن کە ماریۆسی تێدابوو نێردران بۆ سەرکووت کردنی یاخیبووان لە هەرێمی بریتن (کە دەکاتە بەریتانیای ئێستا)، بەڵام لە نێو زەریا کەوتنە تەڵە و بۆسەی ڕووبارەکەوە و هێندە نەمابوو بەتەواوی کەشتییەکەیان تێکبشکێت.

کەشتییەکەیان لەلایەن بەرد هاوێژە گەورەکانەوە تێکدەشکێنرێت، بەڵام ماریۆس ڕزگاری دەبێت و سەرکردایەتی هێرشێک دەکات بۆ تێکشکاندنی ئەو قوڵەیەی کە زنجیرەکەی تێدا بەستراوەتەوە و رێگرە لەوەی کەشتی ڕۆمەکان تێپەرن بە سەرکەوتوویی تێکی دەشکێنێت. بەهۆی ئەم کارەی ئەنجامیدا ماریۆس لەلایەن ڤێتاڵیۆن پلەی بەرزدەکرێتەوە دەکرێت بە (سێنتوریان) کە پلەکی سەربازی ڕۆمەکان بوو کە وەک فەرماندەی ئێستا وایە. سوپای ڤێتاڵیۆن پێشڕەوی دەکەن بۆ شاری (یۆرک) و چەندین جەنگی یەک لە دوای لەگەڵ یاخیبووانی (بریتۆن) دەکەن کە دەکەنە خەڵکی ئێستا بەریتانیای گەورە. دوای گەیشتنیان بە شاری(یۆرک) ماریۆس سەرکردایەتی هێرشێک دەکات بۆ شارەکە و پاشای بەریتانیا و سەرکردەی یاخیبووان (ئۆسوێلد) و کچەکەی (بۆدیکا) دەستبەسەر دەکات. 

سوپای ڤێتاڵیۆن پاشا و کچەکە دەهێنن بۆ لای (باسیلۆس) کوڕی ئیمپراتۆر (نێرۆ) ئەویش پاشا ناچار دەکات پێی بڵێت کە وا برای (باسیلۆس) کە ناوی (کۆماندۆسە) بۆ کوێ بردووە. پاشا ئاشکرای دەکات کە ئاڵوگۆڕیان پێکردووە لەگەڵ دانیشتووانی پشتی شووڕای ڕۆمەکان. باسیلۆس فەرمان بە سوپاکەی ڤێتاڵیۆن دەکات کە بڕۆنە باکوور و (کۆماندۆس) بگەڕێنەوە. لە درێژەی چیرۆکەکەدا ماریۆس و ڤێتاڵیۆن لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی تر بە شاراوەیی دەچنە ناو هێڵەکانی دوژمن تاوەکو سیخوڕیان بەسەرەوە بکەن، بەڵام لەلایەن بەربەریەکان هێرشیان دەکرێتە سەر و ڤێتاڵیۆن بە دیل دەگیرێت و ماریۆس دەکەوێتە ناو دۆڵێک، بەڵام ڕزگاری دەبێت. ماریۆس دەڕوات بەرەو بارەگای سەرەکی بەربەریەکان تاوەکو ڤێتاڵیۆن رزگاربکات و لەو کاتەدا بەربەریەکان بە نیازن سەربازە رۆمانییەکان بسووتێنن.

ماریۆس سەرکردەی بەربەریەکان دەکوژێت و ڤێتاڵیۆن ڕزگار دەکات. لە کاتی گەڕانەوە بۆ شاری یۆرک ماریۆس و ڤێتاڵیۆن دەبینن کەوا ڕۆمەکان و بەریتانیەکان بڕیاری ئاشتیان داوە. بەڵام (کۆماندۆس) پاشای بەریتانیەکان دەکوژێت، بۆیدیا کچی پاشا هەلی ئەوەی بۆ دەرەخسێت ڕابکات. ماریۆس بەوە دەزانێت کە ئەو هێرشەی کرایە سەر شارەکەی و بووە هۆی مردنی خێزانەکەی خۆی لە ڕاستیدا پلانی ئیمپراتۆر نێرۆ بووە. کۆماندۆس لە شاری یۆرک ڕادەکات و فەرمان بە سوپای ڤێتاڵیۆن دەکات کە بەرگری لە شارەکە بکەن. ماریۆس خۆی دەکاتە قوربانی تاوەکو دواین کەشتی ڕۆمەکان بە سەلامەتی شارەکە جێبهێلن. ماریۆس لەلایەن خواوەند (سەمەر) یارمەتی دەدرێت و بەڵێن دەدات کە تۆڵەی خێزانەکەی بکاتەوە. 

دوای گەڕانەوەی بۆ ڕۆم ماریۆس دەچێتە نێو یاری لودی (ئەو یاریە کە جەنگاوەران لە مەیداندا ڕووبەرووی یەک دەبوونە و نمایشیان بۆ خەڵک دەکرد و لە ڕۆم زۆر باو بوو) تاوەکو ڕاستەوخۆ بتوانێت چاوی بە ئیمپراتۆر نێرۆ و کوڕەکەی بکەوێت. دوای ئەوەی ماریۆس نمایشێکی تایبەت بۆ (باسیلۆس) دەکات پاش نمایشەکە هەلی بۆ دەرەخسێت و دەیکوژێت، ماریۆس یارمەتی فاڵچییەک دەدات ڕابکات ئەویش لە بەرامبەردا داهاتووی ماریۆس دەخوێنێتەوە و پێی دەڵێت کە لەلایەن (دامیکلیس) دەکوژرێت، بەڵام ماریۆسیش ئەو دەکوژێت، وە پێی دەڵێت کە ناتوانێت ئیمپراتۆر نێرۆ بکوژێت، چونکە ئیمپراتۆر هەر دەبێت بە شمشێری خۆی بکوژرێت. دوای ماریۆس لە گۆڕەپان چەند نمایشێک دەکات و هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت لە دوا نمایش ڕووبەڕووی (کۆماندۆس) ببێتەوە و بیکوژێت، هەرچەندە کۆماندۆس هەوڵیدا بە فرت و فێڵ بیکوژێت بەڵام هەر ماریۆس لەکۆتاییدا سەرکەوتوو بوو، پەیامی ئەوەشی بە ئیمپراتۆر نێرۆ دا کە ئەو ئامانجی داهاتووی دەبێت.

دوای هەڵاتن لە گۆڕەپانی نمایشەکە ماریۆس چاوی بە ڤێتاڵیۆن دەکەوێت و پێی رادەگەیەنێت سوپایەکی بەربەریەکان بە سەرکردایەتی (بۆیدیا) کچی پاشا بەرێوەیە بۆ ڕۆم و دەیانەوێت تۆڵەی پاشا بکەنەوە و کۆماندۆس بکوژن. دوای گەیشتنی سوپاکە بۆ ڕۆم جەنگێکی گەورەی لێکەوتەوە و بۆیدیا ڤێتاڵیۆن دەکوژێت و ماریۆسیش لە شەڕێکی تەنها دا سەری بۆیدیا دەپەڕێنێت. چیرۆکی یارییەکە دەگەڕێتەوە ئەو شوێنەی کە ماریۆس چیرۆکی خۆی بۆ ئیمپراتۆر نێرۆ دەگێڕایەوە لە سەرەتای یارییەکە. دوای ئەوە ئیمپراتۆر ڕادەکات بۆ کۆشکەکەی ماریۆس دوای دەکەوێت لەو کاتەدا خواوەندی بای باکور (ئەکویلۆ) دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر ماریۆس و ئەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەم خواوەندە لە سەرەتای چیرۆکی یارییەکە یارمەتی ئیمپراتۆر و کوڕەکانی داوە، چونکە ویستوویەتی ڕۆم لەناوبچێت.

خواوەند سەمەر دەردەکەوێتەوە و یارمەتی ماریۆس دەدات. ماریۆس و نێرۆ لە بەرزییەک دەکەونە خوارەوە و ماریۆس دەمرێت و نێرۆش لاشەی دەچەقێت بە شمشێری پەیکەرەکەی خۆی دەبێتە دوو کەرت. بەمەش ئەو پێشبینیەی کە فاڵچییەکە کردی هاتەدی، کە وتی ماریۆس لەلایەن دامیکلس دەکوژرێت و نێرۆش بە شمشێرەکەی خۆی. یاریەکە بە دەنگی سەمەر کۆتای دێت کاتێک باسی ئەوە دەکات بەهۆی توانا نەبەردەکانی ماریۆس ڕۆم ڕزگاری بوو لە داگیرکارییەکە و تا هەزار ساڵی تریش تەمەنی درێژ بووە.


سەرچاوەکان



334 بینین