چۆن زمانی ئینگلیزی بوو بە زمانێکی جیهانی؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-03-23:01:00 - کۆدی بابەت: 12755
چۆن زمانی ئینگلیزی بوو بە زمانێکی جیهانی؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن زمانی ئینگلیزی بوو بە زمانێکی جیهانی؟ (بە عەرەبی؛ كيف أصبحت اللغة الإنجليزية لغة عالمية؟، بە ئینگلیزی؛ How English language became a global language) زمانی ئینگلیزی یەکێکە لە زمانە دێرینەکان و لە لیستی ئەو زمانانەیە کە زۆرترین کەس قسەی پێدەکات لە جیهاندا و بە زمانێکی جیهانی دادەنرێت. هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی چۆن زمانی ئینگلیزی بووە بە زمانێکی جیهانی و گەشەی کردووە.

گرنگترین ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی ئەوەی زمانی ئینگلیزی ببێتە زمانێکی جیهانی

هۆکاری داگیرکاری 

زمانی ئینگلیزی لەسەرەتادا زمانی چەند ١٠٠ کەسێک بوو کە پێیان دەوترا ئەنگلۆ ساخۆنی یاخود ساکۆنیس. کە لە سەدەی پێنجەمی زایینی خاکی ئینگلتەرایان داگیرکرد و زمانی خۆیان بەسەر خەڵکە ڕەسەنەکەی ئینگلاند سەپاند. دوا بەدوای ئەمەش کاتێک ئیمپڕاتۆریەتی بەڕیتانی دروست بوو لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ڕێگەی داگیرکاری نزیکەی ٢٥ ملیۆن کیلۆمەتریان داگیرکرد وەک (هۆنگ کۆنگ، هندستان، بەشێک لە ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کیشوەری باکووری ئەمریکا بەتایبەتی کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوورگەکانی جامایکا و نۆسا لە دەریای کاریبی، دوورگەی سانت هێلینا، نیوزلەندا، ئوسترالیا و سکۆتلەندا و ئێرلەندا و چەندان جێگەی تر) هەر لەبەر ئەمەش پێی دەوترا شانشینی خۆر لێ ئاوا نەبوو. ئەم داگیرکارییە بووە هۆی ئەوەی کولتوور و فەرهەنگی ئینگلیزی بڵاوببێتەوە بە نێو ئەو وڵاتانەی بەڕیتانیا داگیری کردبوون. 

هۆکاری ئابووری 

کاتێک بەڕیتانیا داگیرکاری دەکرد و دەسەڵاتی خۆی لەو وڵاتانە دەچەسپاند خەڵکی ژێردەستەی ناچار دەکرد پەیوەندی بازرگانی دروست بکەن لەگەڵ بەڕیتانیادا هەر لەبەر ئەمەش کاتێک خاوەن کارەکان دەچوون بۆ بەڕیتانیا ناچاربوون فێری زمانی ئینگلیزی ببن و فەرمانبەر و کرێکارەکانیشیان فێری ئینگلیزی بکەن تاوەکو کە چوونە بەڕیتانیا ئەوا بتوانن کارەکان ڕاپەڕێنن. 

هۆکاری سیاسی 

سەردەمی شاژن ڤیکتۆریا بە سەردەمێکی زۆر گرنگی مێژووی بەڕیتانیا دادەنرێت لەم سەردەدا ئیمپڕاتۆریەتی بەڕیتانیا خۆری لێ ئاوا نەدەبوو. لە ڕووی ڕامیارییەوە کارێک کرابوو کە فەرهەنگی ئینگلیزی دەوڵەمەند بکرێت بەتایبەتی لە ڕووی ئەدەب. نووسەرانی وڵاتە ژێر دەستەکان بە زمانی ئینگلیزی دەیان نووسی تاوەکو فەرهەنگی ئینگلیزی دەوڵەمەند بکەن. بەتایبەتی لە هندستان نووسینی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بە زمانی ئینگلیزی بوو. یاخود بەرهەمە ئینگلیزییەکان وەردەگێڕدران بۆ زمانی دووەم تاوەکو خەڵک هان بدرێت بۆ فێربوون و شارەزابوون لە زمانی یەکەم کە ئینگلیزی بوو نووسین بخوێننەوە یاخود خۆیان فێری ئینگلیزی بکەن. ئەمەش سیاسەتێکی شاژنە ڤیکتۆریا بوو تا فەرهەنگی ئینگلیزی بەهێزبکات کە لەگەڵ ئەوەی بەرهەمی ئینگلیزی وەردەگێڕدرا لە هەمان کاتدا بەرهەمی زمانەکانی تریش وەردەگێڕدران بۆ ئینگلیزی. 

زمانی ئینگلیزی زمانی زانستە 

ڕەنگە خوێنەر هەمیشە پرسیاری ئەوەی لا دروست بێت بۆچی کاتێک لە وێب گەڕی گۆگڵ کە بە زمانی ئینگلیزی گەڕان دەکەیت سەرچاوەی زیاتر بەردەستن وەک لە زمانەکانی تر؟ هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی بەڕیتانیا هەر لە سەرەتای مێژوو پیادەی کردووە لە هەمان کاتدا باڵادەستی بەڕیتانیا لە ئەورووپادا وای کردبوو کتێبەکان بە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی زیاتر بنووسرێن یان وەربگێڕدرێن. ئەمە لەلایەک و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ئەورووپادا هاتووە وای کردووە زمانی ئینگلیزی زاڵتر بێت لەلایەنی زانستدا. زۆربەی بیردۆزە زانستییەکان لە بوارە جیاجیاکانی زانستدا لە دانانی ئینگلیزەکان بووە یاخود زانا ئینگلیزییەکان بە سوود وەرگرتن لە زاناکانی سەردەمی زێڕینی ئیسلام بیردۆزیان داناوە یاخود گەشەپێداوە ئەمەش وایکردووە زۆرترین کتێبی زانستی بە ئینگلیزی بنووسرێن بەتایبەتی لە پزیشکی و زیندەزانی و کیمیا و فیزیا و ئەندازیاری و بوارەکانی تر. 

ئینگلیزی زمانی فەرمی سینەمایە

سینەمای ئەورووپی و سینەمای ئەمریکی کە بە هۆڵیود ناسراوە دوو جەمسەری گرنگی بواری فیلم و درامان بەڵام ئەوەندەی سینەمای هۆڵیود کاریگەرە هێندە سینەمای ئەورووپی کە بەرهەمی وڵاتە ئەورووپییەکانە کاریگەر نییە. کاتێک فیلمێک لە ستۆدیۆکانی هۆڵیود بەرهەم هاتبێت پێشوازی زیاتری لێ دەکرێت وەک لە فلمێک لە وڵاتێکی تری جیهان بەرهەم هاتبێت.


سەرچاوەکان



61 بینین