کۆچی سپی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-06-16:17:00 - کۆدی بابەت: 12777
کۆچی سپی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆچی سپی یان کۆڕەوی سپی (بە ئینگلیزی: White flight or white exodus، بە عەرەبی: هجرة البيض)، کۆچی لەناکاو یان وردەوردەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سپی پێستە لەو ناوچانەی کە لەڕووی ڕەگەزی یان ئیتنۆکولتوورییەوە زیاتر هەمەچەشن بوون. ئەم کۆچە لە ساڵانی 1950 و 1960ـەوە دەستی پێ کرد و زاراوەی کۆچ یان کۆڕەوی سپی لە ئەمریکا بووە زاراوەی باوی نێو دانیشتووان. زاراوەکە ئاماژەی بە کۆچی بەرفراوانی خەڵکی ئەورووپی ڕەگەز جیاواز کرد کە لە ناوچە شارستانییە ڕەگەز تێکڵاوەکانەوە کۆچیان بۆ ناوچە قەراغ شارییە ڕەگەز هاوچەشنەکان یان ناوچە دەرەکییەکان دەکرد. زاراوەی کۆچی سپی لەو کاتەوە و تا ئەم دواییانەش بۆ ئەو کۆچانەی تر بەکارهات کە سپی پێستەکان دەیانکرد و لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکان دەچوون، هەروەها بۆ ئەو سپی پێستانەش بەکارهات کە لە باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکاوە بۆ ئەو ناوچانەی باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوا دەچوون کە کەشوهەواکەیان مامناوەندتر بوو.

جگە لەوانەش، زاراوەی 'کۆچی سپی' بۆ کۆچی گەورەی سپی پێستەکانی پۆست‌ کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا، یان بەشەکانی تری کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی بەرزی ئاستی تاوانی توندوتیژی و سیاسەتەکانی دژە کۆلۆنی یان دژە سپی پێست بەکارهات. کۆچی دانیشتووانی سپی پێستی چینی ناوەڕاست لە سەردەمی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ساڵانی 1950 و 1960ـدا لە شارەکانی وەک کلیڤلاند، دیترۆیت، کانساس سیتی و ئۆکلاند بەدیکرا، بەڵام بڕیاری نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزایەتی له قوتابخانە حکوومییەکان پێشتر لە ساڵی 1954 و لەلایەن دادگای باڵای ئەمریکاوە درا. لە ساڵانی 1970ـدا، هەوڵ بۆ کۆتایهێنان بە جیاوازی ڕەگەزایەتی درا، کە ئەویش لە رێگەی دابینکردنی پاس بوو لە هەندێک ناوچەدا بۆ گواستنەوەی قوتابیان لەناو یان لە دەرەوەی خوێندنگە ناوچەییەکانی دەڤەری خۆیان بە مەبەستی یەکخستنی ڕەگەزی، ئەمەش بارکردنی خێزانی زیاتری لێ کەوتەوە بۆ ناوچەکانی تر.

بە شێوەیەکی گشتیتر، هەندێک لە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچی سپی لە پەرچەکرداری فشارەکانی دانیشتووانەوە ڕوویدا، هەم لە کۆچی گەورەی ڕەش پێستەکان کە لە گوندەکانی ئەمریکای باشوورەوە بۆ ناوچە شارستانییەکانی ئەمریکای باکوور و ڕۆژئاوای ئەمریکا کۆچیان کرد و هەم لە شەپۆلی کۆچبەرە نوێیەکانی سەرانسەری جیهان. بەڵام، هەندێک لە مێژوونووسان وەک ناوێکی چەوت کە دەبێت دووبارە لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارهێنانی بکرێت، دەستەواژەی "کۆچی سپی"ـیان بەرپەرچداوەتەوە. مێژوونووس (ئاماندا سێلیگمان) لە لێکۆڵینەوەکەیدا، کە لە بەشی وێست سایدی شاری شیکاگۆ لە سەردەمی دوای جەنگدا ئەنجامیدا، دەڵێت دەستەواژەکە بە شێوەیەکی ڕێ لێ تێکدەر ئەوە پیشان دەدات کە کاتێک ڕەش پێستەکان چوونەتە گەڕەکەکەوە یەکسەر سپی پێستەکان گەڕەکەکەیان جێهێشتووە، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا، زۆرێک لە سپی پێستەکان بە توندوتیژی، ترساندن، یان تاکتیکی یاسایی بەرگریان لە جێگاکانی خۆیان کردووە.

(لیا بوستان)، پڕۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی پرینستۆن، کۆچی سپی بۆ هەردوو هۆکارەکانی ڕەگەزپەرستی و ئابووری دەگەڕێنێتەوە. کردارە بازرگانییەكانی جیاکاری ڕەگەزی لە هەر جۆرە نیشتەجێکردنێک، جوداڕوانینی ڕەگەزی ڕەهن و پەیماننامە سنووردارە ڕەگەزییەكان بوون بە هۆی قەرەباڵغی و دابەزینی بەهای خانووبەرە لەو ناوچانەی کە دانیشتووانی كەمینەیان زۆرە. ئەم جۆرە حاڵەتانەش بە هۆکاری کۆچی دانیشتووانی دیکە دادەنرێن. خزمەتگوزارییه سنووردارەکانی بانک و بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تر بەهۆی کەمی قازانج و باجی زیادەوە تێچوویان لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچە قەراغی و گەڕەکەکانی شار زیاد کرد کە بە شێوەیەکی گشتی هاوڵاتی غەیرە سپی پێستن. بە گوێرەی جوگرافیناسی ژینگەیی (لۆرا پولیدۆ)، پرۆسە مێژووییەکانی گواستنەوەی دانیشتووان لە ناوچە ناوەندییەکانی شارەوە بۆ ناوچە قەراغییەکان و لامەرکەزی شارستانی دەستیان لە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی هاوچەرخدا هەیە.

 مێژوو

لە ساڵی 1870ـدا، گۆڤاری دوو هەفتەیی زە نەیشن (The Nation) ڕاپۆرتێکی دەربارەی کۆچە بەرفراوانەکانی ئەمریکییە سپی پێستەکان بڵاوکردەوە؛ "ڕاپۆرتی نوێنەرە کۆچبەرەکانی لویزیانا، ژمارەی کۆچبەرانی کۆڕەوی سپی لە ویلایەتەکانی ئەلاباما و میسیسیپییەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سەر ڕووباری میسیسیپی، بە هەزارەها کەس تۆمار دەکات". تا ساڵی 1888، بڵاوکراوەی ڕۆژنامەی (ستەیتسمان)ـی (واڵتەر تۆماس میڵز) پێشبینی ئەوەی کرد کە گوایە یەکسانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەگەڵ باڵادەستی سیاسی گرووپی ڕەش پێستەکان لە هەر ویلایەتێکی باشووردا دەبێتە هۆی یەکێک لەم سێ شتە: کۆڕەوی سپی، شەڕی نەتەوەکان، یان لەناوبردنی دامەزراوە نوێنەرییەکان، وەک لە ناوچەی کۆلۆمبیا.

ژیاننامەیەکی ساڵی 1894ـی‌ (ویلیام لۆید گاریسۆن)، تێڕوانینی هەڵوەشێنەرەوە بۆ گرژییەکانی پێش جەنگی ناوخۆیی ئاشکرا دەکات و ئەوەش دەردەخات کە چۆن سێبەری پشێویی ناوخۆیی چاوەڕوانکراو، کۆڕەوی سپیی دانیشتووانی ویلایەتە باکوورییەکانی وەک جۆرجیا لێ کەوتبووەوە کە بۆ ویلایەتە باشوورییەکان دەچوون. لە ساڵانی پێش جەنگی جیهانیی یەکەمدا، ڕۆژنامەکانی یەکێتی ئەفریقای باشوور ڕاپۆرتیان لەسەر "ئەگەری ڕوودانی کۆچی سپی" دەدا، بەتایبەتی بەهۆی ئەفریقییە بە ڕەچەڵەک ئەورووپییەکانەوە کە گەشتیان دەکرد بۆ بەندەری دربان بەدوای ئەو کەشتییانەدا دەگەڕان کە دەچوون بۆ بەریتانیا و ئوسترالیا.


سەرچاوەکان



25 بینین