کۆچی سپی لە ئەفریقا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-06-16:31:00 - کۆدی بابەت: 12778
کۆچی سپی لە ئەفریقا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆچی سپی یان کۆڕەوی سپی (بە ئینگلیزی: White flight or white exodus، بە عەرەبی: هجرة البيض)، کۆچی لەناکاو یان وردەوردەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سپی پێستە لەو ناوچانەی کە لەڕووی ڕەگەزی یان ئیتنۆکولتوورییەوە زیاتر هەمەچەشن بوون. ئەم کۆچە لە ساڵانی 1950 و 1960ـەوە دەستی پێ کرد و زاراوەی کۆچ یان کۆڕەوی سپی لە ئەمریکا بووە زاراوەی باوی نێو دانیشتووان. زاراوەکە ئاماژەی بە کۆچی بەرفراوانی خەڵکی ئەورووپی ڕەگەز جیاواز کرد کە لە ناوچە شارستانییە ڕەگەز تێکڵاوەکانەوە کۆچیان بۆ ناوچە قەراغ شارییە ڕەگەز هاوچەشنەکان یان ناوچە دەرەکییەکان دەکرد. زاراوەی کۆچی سپی لەو کاتەوە و تا ئەم دواییانەش بۆ ئەو کۆچانەی تر بەکارهات کە سپی پێستەکان دەیانکرد و لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکان دەچوون، هەروەها بۆ ئەو سپی پێستانەش بەکارهات کە لە باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکاوە بۆ ئەو ناوچانەی باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوا دەچوون کە کەشوهەواکەیان مامناوەندتر بوو. جگە لەوانەش، زاراوەی 'کۆچی سپی' بۆ کۆچی گەورەی سپی پێستەکانی پۆست‌ کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا، یان بەشەکانی تری کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی بەرزی ئاستی تاوانی توندوتیژی و سیاسەتەکانی دژە کۆلۆنی یان دژە سپی پێست بەکارهات.

کۆچی دانیشتووانی سپی پێستی چینی ناوەڕاست لە سەردەمی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ساڵانی 1950 و 1960ـدا لە شارەکانی وەک کلیڤلاند، دیترۆیت، کانساس سیتی و ئۆکلاند بەدیکرا، بەڵام بڕیاری نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزایەتی له قوتابخانە حکوومییەکان پێشتر لە ساڵی 1954 و لەلایەن دادگای باڵای ئەمریکاوە درا. لە ساڵانی 1970ـدا، هەوڵ بۆ کۆتایهێنان بە جیاوازی ڕەگەزایەتی درا، کە ئەویش لە رێگەی دابینکردنی پاس بوو لە هەندێک ناوچەدا بۆ گواستنەوەی قوتابیان لەناو یان لە دەرەوەی خوێندنگە ناوچەییەکانی دەڤەری خۆیان بە مەبەستی یەکخستنی ڕەگەزی، ئەمەش بارکردنی خێزانی زیاتری لێ کەوتەوە بۆ ناوچەکانی تر. بە شێوەیەکی گشتیتر، هەندێک لە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچی سپی لە پەرچەکرداری فشارەکانی دانیشتووانەوە ڕوویدا، هەم لە کۆچی گەورەی ڕەش پێستەکان کە لە گوندەکانی ئەمریکای باشوورەوە بۆ ناوچە شارستانییەکانی ئەمریکای باکوور و ڕۆژئاوای ئەمریکا کۆچیان کرد و هەم لە شەپۆلی کۆچبەرە نوێیەکانی سەرانسەری جیهان. بەڵام، هەندێک لە مێژوونووسان وەک ناوێکی چەوت کە دەبێت دووبارە لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارهێنانی بکرێت، دەستەواژەی "کۆچی سپی"ـیان بەرپەرچداوەتەوە.

مێژوونووس (ئاماندا سێلیگمان) لە لێکۆڵینەوەکەیدا، کە لە بەشی وێست سایدی شاری شیکاگۆ لە سەردەمی دوای جەنگدا ئەنجامیدا، دەڵێت دەستەواژەکە بە شێوەیەکی ڕێ لێ تێکدەر ئەوە پیشان دەدات کە کاتێک ڕەش پێستەکان چوونەتە گەڕەکەکەوە یەکسەر سپی پێستەکان گەڕەکەکەیان جێهێشتووە، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا، زۆرێک لە سپی پێستەکان بە توندوتیژی، ترساندن، یان تاکتیکی یاسایی بەرگریان لە جێگاکانی خۆیان کردووە. (لیا بوستان)، پڕۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی پرینستۆن، کۆچی سپی بۆ هەردوو هۆکارەکانی ڕەگەزپەرستی و ئابووری دەگەڕێنێتەوە. کردارە بازرگانییەكانی جیاکاری ڕەگەزی لە هەر جۆرە نیشتەجێکردنێک، جوداڕوانینی ڕەگەزی ڕەهن و پەیماننامە سنووردارە ڕەگەزییەكان بوون بە هۆی قەرەباڵغی و دابەزینی بەهای خانووبەرە لەو ناوچانەی کە دانیشتووانی كەمینەیان زۆرە. ئەم جۆرە حاڵەتانەش بە هۆکاری کۆچی دانیشتووانی دیکە دادەنرێن. خزمەتگوزارییه سنووردارەکانی بانک و بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تر بەهۆی کەمی قازانج و باجی زیادەوە تێچوویان لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچە قەراغی و گەڕەکەکانی شار زیاد کرد کە بە شێوەیەکی گشتی هاوڵاتی غەیرە سپی پێستن. بە گوێرەی جوگرافیناسی ژینگەیی (لۆرا پولیدۆ)، پرۆسە مێژووییەکانی گواستنەوەی دانیشتووان لە ناوچە ناوەندییەکانی شارەوە بۆ ناوچە قەراغییەکان و لامەرکەزی شارستانی دەستیان لە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی هاوچەرخدا هەیە.

کۆچی سپی لە ئەفریقا

ئەفریقای باشوور

بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2009ـی نیوزویک، لە دوای ساڵی 1995 و دوای ئەو جیاوازییە ڕەگەزیەی کە لە ئەفریقای باشوور لە نێوان ئەورووپی و نائەورووپییەکاندا کرا، نزیکەی 800 هەزار کەس، لە کۆی ژمارەی دانیشتووانی ڕابردوو 5.2 ملیۆن دانیشتووی سپی پێست، کۆچیانکرد. یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە کۆچکردنی سپی پێستەکانی لێ کەوتەوە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانی توندوتیژی بوو لە وڵاتدا. ئەو هۆکارانەی دیکە کە لە ڕاپۆرتەکەی نیوزویکدا ئاماژەیان پێکراوە بریتین لە هێرشکردنە سەر جووتیارە سپی پێستەکان، ناسەقامگیری سیاسی و نیگەرانی لە گەندەڵی و لەوەی جیاوازی دانانی ئەرێنی نەیانگرێتەوە. زۆرێک لەو کەسانەی کۆچیان دەکرد کەسانی زانا و تێگەیشتوو بوون، لە ئەنجامدا پسپۆڕێکی کەم له ناوچەکەدا مایەوە. هەندێک لە چاودێران ترسیان لە دەرئەنجامە درێژخایەنەکان هەیە، چونکە سیاسەتەکانی کاری ئەفریقای باشوور کۆسپ دەخاتە سەر ڕاکێشانی کۆچبەرانی لێهاتوو بۆ ناوچەکە. لە ئابووری جیهانیدا، سەرنجی هەندێک لە پیشەگەران و کەسانی لێهاتوو بۆ کارکردن لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەورووپا ڕاکێشراوە.

زیمبابۆی (ڕۆدێسیا)

زیمبابۆی تا ساڵی 1980، وەک یەکێک لەو دوو وڵاتەی ئەفریقا کە دەکەوێتە بەشی باشووری سەحارا، خاوەنی کەمینەیەکی سپی پێستی بە ڕەچەڵەک و کولتووری ئەورووپی بوو کە لەڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە کۆنتڕۆڵی زۆرینەیەکی ڕەش پێستی ئەفریقییان کرد. دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ئەورووپییەکان بە لێشاو کۆچیان بۆ ناوچەکە کرد، لەنێویاندا دانیشتووانی پێشووی هیندستان، پاکستان و ناوچەکانی دیکەی ئەفریقایان تێدا بوو. لە ساڵی 1969ـدا تەنیا 41%ـی کۆمەڵگەی سپی پێستی زیمبابۆی هاوڵاتیی لەدایکبووی ئەمریکا بوون، کە بە ژمارە 93,600 کەس بوون. ئەوانەشی مایەوە هاونیشتیمانکراوی ئەورووپی و هاوڵاتیانی ئەفریقای باشوور یان ئاوارە بوون، سەرباری ئەوەش زۆرێکیان دوو ڕەگەزنامەیان هەبوو.

لە کاتی شەڕی سەربەخۆیی زیمبابۆیدا، نزیکەی تەواوی دانیشتووە نێرە سپی پێستەکانی وڵات کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 58 ساڵیدا بوو دەکران بە سەرباز و دەبران بۆ جەنگ، بەم هۆیەشەوە ساڵانە پێنج یان شەش مانگ لە پیشەکانی خۆیان دوور دەکەوتنەوە، بەسەربردنی ئەم ماوە زۆرەی خزمەتکردن لە مەیدانی جەنگدا بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچی پیاوانی لێ کەوتەوه. لە تشرینی دووەمی ساڵی 1963ـدا، میدیای دەوڵەت ئاماژەی بە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردنی دانیشتووان کرد، لەوانە، نادڵنیایی لە داهاتوو، داڕمانی ئابووری بەهۆی گەمارۆ و شەڕ و پابەندبوونە قورسەکانی خزمەتی نیشتیمانی، کە بە "هۆکاری سەرەکیی کۆچی خەڵک وەسف کرا". تەمەنی نزیکەی نیوەی کۆچبەرە نێرەکانی ساڵی 1976 لە نێوان 15 بۆ 39 ساڵیدا بوو و لە نێوان ساڵانی 1960 بۆ 1976، 160,182 کەسی سپی پێست کۆچیان کرد. کۆچی ئەم سپی پێستانە بووە هۆی دابەزینی بەهای خانووبەرە لە بازاڕدا، سستی پیشەسازی بیناسازی و دابەزینی ڕێژەی تاک فرۆشی.

ژمارەی زیمبابۆییە سپی پێستەکان لە ساڵی 1975ـدا گەشتە لووتکە و بە 278,000 کەس تۆمارکرا، بەڵام کاتێک شەڕی سەربەخۆیی وڵات هەڵگیرسا ئەم ژمارەیە بەخێرایی کەمیکرد. لە ساڵی 1976ـدا نزیکەی 14,000 هاوڵاتی سپی پێست وڵاتەکەیان بەجێهێشت و یەکەم ساڵ بوو لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تاکلایەنەی ڕۆدێسیا لە ساڵی 1965ـدا کە ژمارەی ئەو سپی پێستانەی وڵاتیان جێهێشت زیاتر بوو لە ژمارەی ئەو سپی پێستانەی هاتنە وڵاتەوە. خەڵکی ڕەسەنی وڵات دەستەواژەی 'مریشکەکان ڕا دەکەن'ـیان بۆ وەسفکردنی کەسە ڕۆشتووەکان بەکار دەهێنا. هەروەها ڕەدکردنەوەی ئیدارەی زیمبابۆی-ڕۆدێسیای دووڕەگەزی لە ساڵی 1979ـدا بوو بە هۆی کۆڕەوی بەکۆمەڵ. دامەزراندنی کۆماری زیمبابۆی لە ساڵی 1980ـدا زەنگی مەرگی بۆ دەسەڵاتی سیاسی سپی پێستەکان لێدا و لە سەردەمێکی نوێدا دەسەڵات کەوتە دەست زۆرینەیەکی ڕەش پێست. لە ئەنجامدا، کۆچی سپی پێستەکانی لێکەوتەوە، لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1982، 53,000 کەس کۆچیانکرد. شکانی پەیڕەوی گشتی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان لە ناوچە گوندنشینەکان و هەڵوێستی ڕق‌ هەستێنی بەرپرسانی زیمبابۆی بە هۆکاری سەرەکیی کۆچی دانیشتووانی سپی پێست ئاماژەیان پێ دەکرا.

بە شێوەیەکی گشتی، بارودۆخی سیاسی کاریگەری زیاتری لەسەر بڕیاری کۆچکردن لەنێو سپی پێستەکاندا هەبوو بە بەراورد بە ڕەش پێستە پیشەگەرەکان. لە نێوان ساڵانی 1982 و 2000ـدا زیانی ڕووتی زیمبابۆی 100,000 دانیشتووی سپی پێست بوو، بە تێکڕایی لە ساڵێکدا پێنج هەزار کەس کۆچیانکرد. شەپۆلی دووەمی کۆچی سپی پێستەکان بە شێوەیەکی لەناکاو لە دوای ساڵی 2000 بەهۆی بەرنامەی زۆردارانەی چاکسازی زەویی سەرۆک (ڕۆبێرت موگابی)ـەوە دەستی پێکرد. شوێنە پەسندکراوەکانی کۆچبەران بریتی بوون لە ئەفریقای باشوور و ئوسترالیا، کە تێیدا کۆچبەران وا هەستیان دەکرد لەڕووی جوگرافی، کولتووری یان لەڕووی کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەوە هاوشێوەی وڵاتی خۆیانن.

لە ڕوانگەیەکی وردی‌ ئابوورییەوە، ئامارەکانی کۆچکردن بەقەد لەدەستدانی دانیشتووی لێهاتوو گرنگ نەبوو. ژمارەیەکی ناهاوڕێژەی کۆچبەرە سپی پێستەکانی زیمبابۆی زانا و زۆر لێهاتوو بوون. لەنێو ئەوانەی لە ئەمریکا دەژیان، بۆ نموونە، 53.7%ـیان بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەبوو، لە کاتێکدا تەنها 2%ـیان خوێندنی ناوەندییان تەواو نەکردبوو. زۆربەیان (52.4%) پۆستی تەکنیکی یان سەرپەرشتییان هەبوو و گرنگییەکی زۆریان لە کەرتی مۆدێرنی ئابووریدا هەبوو. تا ئەو ڕادەیەی کرێکارە ڕەش پێستەکان تا ساڵانی حەفتاکان دەست درێژییەکی زۆریان نەدەکردە سەر شوێنی شاگردەکان و بەرنامەکانی تری ڕاهێنان، لە ساڵانی هەشتاکانیشدا ژمارەیەکی کەم کەس لە پۆستێکدا بوون کە لەجیاتی هاوکارە سپی پێستەکانیان دایان بنێن.


سەرچاوەکان



27 بینین