ناوهڕۆك
ناساندن
کۆچی سپی یان کۆڕەوی سپی (بە ئینگلیزی: White flight or white exodus، بە عەرەبی: هجرة البيض)، کۆچی لەناکاو یان وردەوردەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سپی پێستە لەو ناوچانەی کە لەڕووی ڕەگەزی یان ئیتنۆکولتوورییەوە زیاتر هەمەچەشن بوون. ئەم کۆچە لە ساڵانی 1950 و 1960ـەوە دەستی پێ کرد و زاراوەی کۆچ یان کۆڕەوی سپی لە ئەمریکا بووە زاراوەی باوی نێو دانیشتووان. زاراوەکە ئاماژەی بە کۆچی بەرفراوانی خەڵکی ئەورووپی ڕەگەز جیاواز کرد کە لە ناوچە شارستانییە ڕەگەز تێکڵاوەکانەوە کۆچیان بۆ ناوچە قەراغ شارییە ڕەگەز هاوچەشنەکان یان ناوچە دەرەکییەکان دەکرد. زاراوەی کۆچی سپی لەو کاتەوە و تا ئەم دواییانەش بۆ ئەو کۆچانەی تر بەکارهات کە سپی پێستەکان دەیانکرد و لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکان دەچوون، هەروەها بۆ ئەو سپی پێستانەش بەکارهات کە لە باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەمریکاوە بۆ ئەو ناوچانەی باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوا دەچوون کە کەشوهەواکەیان مامناوەندتر بوو. جگە لەوانەش، زاراوەی 'کۆچی سپی' بۆ کۆچی گەورەی سپی پێستەکانی پۆست کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا، یان بەشەکانی تری کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی بەرزی ئاستی تاوانی توندوتیژی و سیاسەتەکانی دژە کۆلۆنی یان دژە سپی پێست بەکارهات.
کۆچی دانیشتووانی سپی پێستی چینی ناوەڕاست لە سەردەمی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ساڵانی 1950 و 1960ـدا لە شارەکانی وەک کلیڤلاند، دیترۆیت، کانساس سیتی و ئۆکلاند بەدیکرا، بەڵام بڕیاری نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزایەتی له قوتابخانە حکوومییەکان پێشتر لە ساڵی 1954 و لەلایەن دادگای باڵای ئەمریکاوە درا. لە ساڵانی 1970ـدا، هەوڵ بۆ کۆتایهێنان بە جیاوازی ڕەگەزایەتی درا، کە ئەویش لە رێگەی دابینکردنی پاس بوو لە هەندێک ناوچەدا بۆ گواستنەوەی قوتابیان لەناو یان لە دەرەوەی خوێندنگە ناوچەییەکانی دەڤەری خۆیان بە مەبەستی یەکخستنی ڕەگەزی، ئەمەش بارکردنی خێزانی زیاتری لێ کەوتەوە بۆ ناوچەکانی تر. بە شێوەیەکی گشتیتر، هەندێک لە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆچی سپی لە پەرچەکرداری فشارەکانی دانیشتووانەوە ڕوویدا، هەم لە کۆچی گەورەی ڕەش پێستەکان کە لە گوندەکانی ئەمریکای باشوورەوە بۆ ناوچە شارستانییەکانی ئەمریکای باکوور و ڕۆژئاوای ئەمریکا کۆچیان کرد و هەم لە شەپۆلی کۆچبەرە نوێیەکانی سەرانسەری جیهان.
بەڵام، هەندێک لە مێژوونووسان وەک ناوێکی چەوت کە دەبێت دووبارە لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارهێنانی بکرێت، دەستەواژەی "کۆچی سپی"ـیان بەرپەرچداوەتەوە. مێژوونووس (ئاماندا سێلیگمان) لە لێکۆڵینەوەکەیدا، کە لە بەشی وێست سایدی شاری شیکاگۆ لە سەردەمی دوای جەنگدا ئەنجامیدا، دەڵێت دەستەواژەکە بە شێوەیەکی ڕێ لێ تێکدەر ئەوە پیشان دەدات کە کاتێک ڕەش پێستەکان چوونەتە گەڕەکەکەوە یەکسەر سپی پێستەکان گەڕەکەکەیان جێهێشتووە، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا، زۆرێک لە سپی پێستەکان بە توندوتیژی، ترساندن، یان تاکتیکی یاسایی بەرگریان لە جێگاکانی خۆیان کردووە. (لیا بوستان)، پڕۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی پرینستۆن، کۆچی سپی بۆ هەردوو هۆکارەکانی ڕەگەزپەرستی و ئابووری دەگەڕێنێتەوە.
کردارە بازرگانییەكانی جیاکاری ڕەگەزی لە هەر جۆرە نیشتەجێکردنێک، جوداڕوانینی ڕەگەزی ڕەهن و پەیماننامە سنووردارە ڕەگەزییەكان بوون بە هۆی قەرەباڵغی و دابەزینی بەهای خانووبەرە لەو ناوچانەی کە دانیشتووانی كەمینەیان زۆرە. ئەم جۆرە حاڵەتانەش بە هۆکاری کۆچی دانیشتووانی دیکە دادەنرێن. خزمەتگوزارییه سنووردارەکانی بانک و بیمە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی تر بەهۆی کەمی قازانج و باجی زیادەوە تێچوویان لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچە قەراغی و گەڕەکەکانی شار زیاد کرد کە بە شێوەیەکی گشتی هاوڵاتی غەیرە سپی پێستن. بە گوێرەی جوگرافیناسی ژینگەیی (لۆرا پولیدۆ)، پرۆسە مێژووییەکانی گواستنەوەی دانیشتووان لە ناوچە ناوەندییەکانی شارەوە بۆ ناوچە قەراغییەکان و لامەرکەزی شارستانی دەستیان لە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی هاوچەرخدا هەیە.
کۆچی سپی لە ئەمریکای باکوور
تۆرینتۆ
لە ساڵی 2013ـدا، تۆرۆنتۆ ستار "قەیرانی کێیەتی یان قەیرانی ناسنامە"ـی برامپتنی تاوتوێ کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی دە ساڵدا ڕێژەی کەنەدییە سپی پێستەکان 12% (23,000 کەس) کەم بۆتەوە ئەمە لە کاتێکدا کە ژمارەی دانیشووانی شارەکە بە ڕێژەی 60% بەرزبوەتەوە. وتارەکە توێژینەوەی کۆمەڵناسێکی زانکۆی مانیتۆبای بە ناوی (جەیسن ئێدجێرتن) بڵاوکردەوە کە دەڵێت "دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵی خانەنشینی، نزمی ڕێژەی لەدایکبوون و هۆکارەکانی تر دەکەیت، دەشێت کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشووانی هەندێک ڕەگەز کۆچی سپی بێت - کۆمەڵگە پەرەسەندووەکانی پێشوو بە کەمایەتیبوون ئاسوودە نەبوون."
لە وتارێکی ساڵی 2016ـی ڕۆژنامەی (Globe and Mail)ـدا باس لە جۆراوجۆری دانیشتووانی شاری برامپتن دەکات، دانیشی بەوەدا ناوە کە سەرەڕای ئەوەی لێکۆڵەرەوەکانی کەنەدا هەندێک جار لە بەکارهێنانی زاراوەی کۆچی سپی دوودڵن، بەڵام سەبارەت بە دۆخەکە وتی کە ئەوان دەربارەی کۆچی سپی لێکدانەوەیەکی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، وە پێش ئەوەی بزانن چۆن شارە زۆر هەمەچەشن و جیاکراوەکانی وەک تۆرۆنتۆی گەورە بەڕێوەببەن پێویستە بە وریاییەوە بیر لە هەڵوێستەکانی خۆیان سەبارەت بە هەمەچەشنی ڕەگەز و نەتەوەیی بکەنەوە. لە ساڵی 2018ـدا، ڕۆژنامەی ڕۆژانەی بەریتانی (The Guardian) ڕاپۆرتی لەسەر ئەو کۆچە سپییە دا کە لە برامپتن ڕوویدابوو، لەگەڵ ئەوەی چۆن شاری لاشاری نازناوی شاری ڕەشتاڵەی پێدرابوو، "بەهۆی ئەوەی 73%ـی دانیشتووانی شارەکە لە نەتەوە کەمینەکان پێکهاتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی گەورەترین گرووپی نەتەوەیی هیندی بوو". هەروەها باس لەوەش کرا کە چۆن ژمارەی سپی پێستەکان لە 192,400 لە ساڵی 2001 بۆ 169,230 لە ساڵی 2011 دابەزیوە، لە ئێستادا لە دەوروبەری 151,000 کەسدا دەسوڕێتەوە.
ڤانکۆڤەر
لە ساڵی 2014ـدا ڕۆژنامەی ڤانکۆڤەر سەن پرسی کۆچی سپی لە سەرانسەری گەورەناوچەی ڤانکۆڤەر خستەڕوو. ئەم بابەتە بە وردی باس لە دیاردەی "جیاکاری ڕەگەزیی نائەنقەست" دەکات و ئاماژە بە ناوچەکانی ئاسیا ڕۆژهەڵات و ئاسیای باشوور دەکات لەناو ڤانکۆڤەری گەورە کە دانیشتووانەکەیان لەڕووی ئایینی، نەتەوەیی و کولتوورییەوه لێک جیاوازن.
ویلایەتە یەکگرتووەکان
لە ویلایەته یەکگرتووەکان و لە ماوەی ساڵانی 1940ـدا، یاسای ڕێگا خێراکانی دەرەوە بۆ هاوکارییە فیدڕاڵییەکانی ساڵی 1956، وامی خانووبەرەی تێچوو کەم و جیاکاری ڕەگەزی نیشتەنی وایکرد خێزانە سپی پێستەکان ناوچە ناوەکییەکانی شار بەجێبهێڵن و ڕوو لە ناوچە قەراغییەکان بکەن. ئەنجامی ئەم کۆچەش بەتوندی پووکانەوە و لەناوچوونی شارەکانی لێ کەوتەوە کە تا ساڵی شەستەکان بووە هۆی تێکچوونی وردەوردەی شیرازەی ئەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتووانەکەی لە هەمان ڕەگەز بوون. بەر لە بەردەستبوونی زانیارییە نیشتیمانییەکانی سەرژمێری ساڵی 1950ـی ئەمریکا، کۆچی ژمارەیەکی زۆری سپی پێستەکان لە شارەکانەوە بۆ ناوچە قەراغییەکان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە نازانستییەکان بەئاسانی ڕەتدەکرایەوە. چونکە ژمارەی دانیشتووانی شارەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو لە گەشەکردندا بوو، کەمبوونەوەی ڕێژەیی لە یەک پێکهاتەی ڕەگەزی یان نەتەوەییدا بەڵگەی زانستی لە بەرانبەر ڕەزامەندی داڕێژەرانی سیاسەتدا دەربازکرد. بە شێوەیەکی بنچینەیی، زانیارییەکانی گۆڕانی دانیشتووانی شارەکان بەم شێوەیەی کە ئێستا پێکهاتەکانیش دەستنیشان دەکرێت جیا نەکرابوونەوە، بۆیە سەرەتاترین زانیاری کە "کۆچی سپی" پشتڕاستکردەوە، سەرژمێری ساڵی 1950 بوو.
بەدرێژایی سەدەی بیستەم، داڕشتنەوەی ئابووری بووە هۆی نەمانی ئیش و کار لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکرد دانیشتووانی چینی ناوەڕاست به دەست هەژارییەوە بناڵێنن، بەهۆی ئەوەی هەندێکیان نەیانتوانی لە شوێنێکی خۆیان دوور بکەونەوە و لە شوێنێکی تردا بەدوای کاردا بگەڕێن. زۆرجار نرخی خانووبەرە لەو ناوچانەی کە تووشی پووکانەوەی ئابووری بوون دادەبەزێت، ئەمەش ڕێگە بە کەسە داهات کەمترەکان دەدات خانوو لەم جۆرە ناوچانەدا بکڕن. لە ساڵانی شەستەکان و لەو کاتەوەی کە یاساکانی کۆچبەری گۆڕا، ئەمریکا کۆچبەرانی لە مەکسیک، ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور، ئاسیا و ئەفریقا وەرگرتووە. کۆچکردن دیمۆگرافیای هەردوو شار و ناوچە قەراغییەکانی گۆڕیوە و ئەمریکاش تاڕادەیەکی زۆر بووەتە وڵاتێکی دێهاتی، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچە قەراغییەکانیش تا بێت هەمەچەشنتر دەبن. جگە لەوەش، لاتینییەکان، کە خێرا گەشەسەندوترین گرووپی کەمینەن لە ئەمریکا، دەستیان کرد بە کۆچکردن لە شارە دەروازەییەکانەوە بۆ شارەکانی باشووری ڕۆژئاوا، وەک ئەلبوکێرک، فینیکس و توسۆن. لە ساڵی 2006، زیادبوونی ژمارەی لاتینییەکان لە هەندێک شاری ڕۆژئاوادا سپی پێستەکانی کرد بە گرووپێکی کەمینە.
هۆکارە هاندەرەکان
وەدەرنانی یاسایی
لە ساڵانی 1930ـدا، ویلایەتەکان، جگە لە ویلایەتە باشوورییەکان کە جیاکاری ڕەگەزی تێیاندا یاسایی بوو، جیاکاری رەگەزی نافەرمییان لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی وەدەرنانی لە بەڵگەنامە خاوەندارێتییەکان و خانووبەرەدا ئەنجامدا. ڕێگری لە ڕەش پێستەکان دەکرا لەوەی کە خاوەندارێتی خانوویەک یان موڵکێک بکەن، تەنانەت ئەو کاتانەشی کە توانای کڕینییان هەبوو. هەروەها فراوانکردنی ناوچە قەراغییەکان بۆ خەڵکی سپی پێستی چینی ناوەڕاست و چینی کرێکار تەرخانکرابوو و تەنها سپی پێستەکان بۆیان هەبوو خانووی نوێ بکڕن.
ڕێگاوبانەکان
دوای جەنگی جیهانیی دووەم، بەهۆی دروستکردنی سیستمی ڕێگاوبانی نێوان ویلایەتەکان، زۆرێک لە ئەمریکییە سپی پێستەکان شارە پیشەسازییەکانیان بەجێهێشت و لە ناوچە قەراغییەکاندا جێگیربوون. ڕێگاوبانەکان وەکوو لینکێک لە نێوان ناوچە قەراغییەکان و شارەکاندا خزمەتیان دەکرد و دانیشتووانی ناوچە قەراغییەکان لەڕێیانەوە هاتوچۆی شارەکانیان دەکرد، جگە لەوەش ئاسانکاری زۆری بۆ گەشەی ناوچە قەراغییەکان کرد و بووە هۆی گۆڕانی بنەماکانی باج لە شارەکان. ڕەنگە ئەمەش پووکانەوە یان لەناوچوونی شارەکانی خراپتر کردبێت. هەندێکجار، لە باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان، حکوومەتە ناوخۆییەکان بەئەنقەست دروستکردنی ڕێگاوبانەکانیان بۆ دابەشکردن و جیاکردنەوەی گەڕەکە ڕەش پێستەکان بەکارهێنا تا لە خزمەتگوزارییەکان بەدوور بن. دروستکردنی ڕێگای سەرەکی نێوان ویلایەتەکان بەناو ئەو گەڕەکانەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەیان ڕەش پێستەکانن ژمارەی دانیشتووانی کەمکردەوە و بەجۆرێک ئەو کەسانەی لێ مایەوە کە لەڕووی داراییەوە نەیاندەتوانی کۆمەڵگەی وێرانکراویان بەجێبهێڵن.
بلۆکباستینگ
پیشەی بازرگانی خانووبەرەی بلۆکباستینگ، کارایەکی هاندەری قازانجدار بوو بۆ کۆچی سپی و ڕێگایەک بوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی ناسپی پێست. بریکارەکانی خانووبەرە، بە فێڵ، ئاسانکارییان بۆ کەسە ڕەش پێستەکان دەکرد کە خانوویەک لە گەڕەکێکی سپی پێست بکڕن، ئیتر یان خودی خۆیان یان لە ڕێگەی کڕیارێکی سپی پێستەوە خانووەکەیان دەکڕی و دواتر دووبارە دەیانفرۆشتەوە بە خێزانێکی ڕەش پێست. ئەو دانیشتووانە سپی پێستانەی کە مابوونەوە لە ترسی ئەوەی نرخی موڵکەکانیان زیاتر دانەبەزێت، بە خێرایی خانووەکانیان دەفرۆشت، زۆربەی کاتیش زەرەریان دەکرد. خانووبەرەکان لەم فرۆشتنە بەکۆمەڵانە و توانای فرۆشتنەوەیان بە خێزانە ڕەش پێستە تازەهاتووەکان، لە ڕێگەی ئاربیتراژ و لیژنەکانی فرۆشتن لە هەردوو گرووپەکە قازانجیان کرد. بەم جۆرە تاکتیکانە، زۆرجار پێکهاتەی ڕەگەزی دانیشتووانی گەڕەکەکان لە چەند ساڵێکی کەمدا بەتەواوی گۆڕدرا.
پووکانەوە و لەناوچوونی شارستانییەت
پووکانەوە و لەناوچوونی شارستانییەت پرۆسەیەکی کۆمەڵناسییە کە بەهۆیەوە شارێک، یان بەشێک لە شارێک، بەخێرایی دەکەوێتە بارودۆخێکی خراپ و وێرانییەوە. تایبەتمەندییەکانی پووکانەوەی شارستانییەت بریتین لە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان، داڕشتنەوەی ئابووری، باڵەخانە چۆڵەکان، ڕێژەی بەرزی بێکاری و هەژاری)، خێزانە جیابوەوەکان، بێبەشکردنی سیاسی، تاوان، و دیمەنی شارێکی وێران و ناخۆش کە ژیان تێیدا سەختە. کاتێک خەڵکی چینی ناوەڕاست شارەکەیان جێهێشت گەشتی سپی بووە هۆی کەمبوونەوەی لەسەرخۆی بنەماکانی باجی شارەکان. تاوانباران و چەتەی سەر شەقامەکان لە موڵکە چۆڵەکاندا کۆدەبوونەوە و بەمەش ڕێژەی تاوان بەرز دەبوویەوە.
لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان، لەناوچوونی شارستانییەت بۆ شارەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی شارەکانی ئەمریکای باکوور و بەشەکانی ئەورووپا گەڕایەوە. لەو کاتەدا، گۆڕانکارییە پێکهاتەییە سەرەکییەکانی ئابوورییە جیهانییەکان، گواستنەوە و سیاسەتی حکوومەت بارودۆخێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی وایان دروستکرد کە لە ئەنجامدا پووکانەوە و لەناوچوونی شارستانییەتی لێ کەوتەوە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا کۆچی سپی لە ئەمریکای باکوور دەستی بە پێچەوانەبوونەوە کرد، ئەویش ئەو کاتە بوو کە دەوڵەمەندەکانی ناوچە قەراغییەکان گەڕانەوە بۆ شارەکان و بینا کۆنەکانی گەڕەکە شارستانییە لەناوچووەکانیان نۆژەنکردەوە.
گەشتی سپی بە یارمەتی حکوومەت
شارەوانییە نوێیەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەری شارە چۆڵکراوەکە دامەزران بۆ دوورکەوتنەوە لە تێچووی میراتی پاراستنی ژێرخانی شارەکان؛ لەبری ئەوە حکوومەتە نوێیەکان باجیان بۆ دامەزراندنی ژێرخانی ناوچە قەراغییەکان خەرج کرد. حکوومەتی فیدراڵی بووە هۆی کۆچی سپی و پووکانەوەی پێشوەختەی ئەو گەڕەکە شارییانەی کە سپی پێستەکانی لێ نیشتەجێ بوو، ئەویش بە ڕاگرتنی چاکسازیی دەسمایەکانی ڕەهن، بەم جۆرە ڕاکێشانی کۆمەڵگاکان یان دانیشتووانی چینی ناوەڕاست ئەستەم دەبوو.
کۆمەڵگە نوێیەکانی ناوچە قەراغییەکانی شار بە ناوچەسازی سنووردارکەر کۆچی دانیشتووانی هەژار و ناسپی پێستیان لە شارەکەوە سنووردار کرد؛ بەم شێوەیە، کەم کەسی خوار چینی ناوەندی دەیتوانی خانوویەک لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شار بکڕێت. لە کۆتاییدا زۆرێک لەو گەڕەکانەی کە بەس سپی پێستەکانیان لێ نیشتەجێبوو درانەدەم ئەو شارانەی کە دانیشتووانەکانیان بەجێیان هێشتبوو.
نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزایەتی لە قوتابخانەکاندا
لە هەندێک ناوچەدا، نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزایەتی دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە قوتابخانە حکوومییەکان وایکرد کۆچی سپی خێراتر ڕووبدات. لە ساڵی 1954، دادگای باڵای ئەمریکا فەرمانی بە کۆتاییهێنان بە ڕەگەزپەرستی لە قوتابخانە حکوومییەکان کرد و ڕایگەیاند کە ههڵاواردنی رهگهزیی قوتابخانە حکوومییەکان شتێکی نادەستوورییە. زۆرێک لە دەسەڵاتە دادوەرییەکانی باشوور بەرخۆدانێکی بەرفراوانیان بەرامبەر بە سیاسەتەکە ڕێکخست. هەندێک جار، باوانی سپی پێست منداڵەکانیان لە قوتابخانە حکوومییەکان دەردەهێنا و لە قوتابخانەی ئایینیی ئەهلیدا جێگیریان دەکردن. ئەم قوتابخانە ئەهلییانە لە باشووری ئەمریکا لە نێوان کۆتایی پەنجاکان و ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن باوانە سپی پێستەکانەوە دامەزران بۆئەوەی ناوی منداڵەکانیان لە قوتابخانە ڕەگەز تێکەڵەکاندا تۆمار نەکەن.
لە ساڵی 1957ـدا، قوتابخانەی ئامادەیی کلیفتۆن پارک جونیەر، لە شاری بالتیمۆر لە ویلایەتی میریلاند، 2,023 خوێندکاری سپی پێست و 34 خوێندکاری ڕەش پێستی هەبوو؛ دوای دە ساڵ، ژمارەی خوێندکارانی سپی پێست بۆ 12 خوێندکار دابەزی و ژمارەی خوێندکارانی ڕەش پێستی بۆ 2,037 خوێندکار بەرزبوویەوە. لە هەمان ماوەدا و لە باکووری ڕۆژئاوای بالتیمۆر، ژمارەی خوێندکارانی ئامادەیی گاریسۆن جونیەر لە 2,504 خوێندکاری سپی پێست و 12 خوێندکاری ڕەش پێستەوە بۆ 297 خوێندکاری سپی پێست و 1,263 خوێندکاری ڕەش پێست دابەزی. لە هەمان کاتدا، ژمارەی دانیشتووانی چینی کرێکاری شارەکە بەهۆی نەمانی کار لە پیشەسازی و دامەزراندنەوەی پیشەسازی قورس دابەزی.
لە ساڵی 1971ـدا، دادگای باڵا بە مەبەستی یەکخستنی ڕەگەزی فەرمانی بە دابینکردنی پاسدا، تا بەو شێوەیە خوێندکارانی ڕەش پێستی هەژار بۆ قوتابخانەی سپی پێستەکانی ناوچە قەراغییەکان و خوێندکارانی سپی پێستی ناوچە قەراغییەکان بۆ شار بگوازێتەوە، بەم ڕێگەیە هەوڵیدا خوێندکارانی ڕەگەزجیاواز تێکەڵ بکات. بە هەمان شێوە، لە ساڵی 1977، بڕیارێکی فیدڕاڵی کۆچی سپی لە شاری کۆڵۆمبسی ویلایەتی ئۆهایۆ خێراتر کرد. هەرچەندە نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزایەتی لە قوتابخانەکاندا تەنیا کاریگەری لەسەر ئەو ناوچانە هەبوو کە خوێندنگە گشتییەکانی لێ هەڵکەوتبوو، بەڵام هەندێک جار بەهێزترین نەیارەکانی نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی ئەو سپی پێستانە بوون کە منداڵەکانیان لە قوتابخانە ئەهلییەکان دەیانخوێند.
دەرئەنجامێکی لاوەکی و ناجوگرافی نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی قوتابخانە و دابینکردنی پاس کۆچی سپی "کولتووری" بوو، کە ئەویش دەرهێنانی منداڵانی سپی پێست لە سیستەمی خوێندنگەی گشتی ڕەگەز تێکەڵاو و ناردنیان بۆ قوتابخانە ئەهلییەکان بوو، چونکە یاساکانی یەکخستنی فیدراڵی ئەمریکا قوتابخانە ئەهلییەکانی نەدەگرتەوە. لەساڵی 1970، کاتێک دادگای هەرێمی ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای لە خوێندنگاکانی شاری پاسادینای هەرێمی کالیفۆرنیا کرد کۆتایی بە جیاوازی ڕەگەزایەتی بهێنن، ڕێژەی خوێندکارە سپی پێستەکان 54% بوو. هەرکە بە شێوەیەکی فیدراڵی فەرمان بە نەهێشتنی جیاکاری ڕەگەزی لە قوتابخانەکاندا کرا، ئەو سپی پێستانەی کە باری ماددیان باش بوو و پارەی قوتابخانە ئەهلییەکانیان بە ئاسانی پێ دەدرا، منداڵەکانیان لە سیستەمی خوێندنگە گشتییەکانی پاسادینا، کە لەڕووی ڕەگەزییەوە هەمەچەشن بوون، دەرهێنا. تا ساڵی 2004، پاسادینا 63 قوتابخانەی ئەهلی هەبوو کە نزیکەی 33%ـی منداڵانی بەرخوێندنی پەروەردە دەکرد، لە کاتێکدا خوێندکارە سپی پێستەکان تەنها 16%ـی قوتابخانە حکوومییەکانیان پێک دەهێنا. بەڕێوبەری هەرێمی خوێندنگە یەکگرتووەکانی پاسادینا، قوتابخانە حکومییەکانی بە نیسبەت سپی پێستەکانەوە وەک "دێوەزمە"ـیەک وەسفکرد. بۆیە چەند سیاسەتێکی جێبەجێ کرد کە لێیانەوە دایک و باوکانی سپی پێست بۆ خوێندنگەی گشتی پاسادینای ڕەگەزجیاواز ڕابکێشێت.
تاوان
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە خێزانە سپی پێستەکان لە ساڵانی شەست و حەفتاکاندا شارەکانیان بەجێهێشت و ڕوویان لە ناوچە قەراغییەکان کرد. (ساموێل کای) لە ساڵی 2018ـدا بە بەکارهێنانی چەند لێکۆڵینەوەیەک بەڵگە بۆ قسەکانی دەهێنێتەوە کە "هۆکارەکانی وەک تاوان و پووکانەوەی گەڕەکەکان، نەک جودایی ڕەگەزی، هۆکاری کاریگەری کۆچی سپین".