نەخۆشیی پێی وەرزشەوان

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-05-08-17:57:00 - کۆدی بابەت: 12821
نەخۆشیی پێی وەرزشەوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشیی پێی وەرزشەوان (بە ئینگلیزی: Athlete’s foot یاخود Tinea pedis، بە عەرەبی: قدم الریاضي) هەوکردنێکی کەڕووی درمییە، کەتووشی پێ دەبێت. هەروەها دەتوانێت بە دەست و نینۆکدا بڵاوبێتەوە و تەشەنەبکات، ئەم هەوکردنە کەڕووییە ناسراوە بە نەخۆشیی پێی وەرزشەوان چونکە بە زۆری لە وەرزشەواندا باوە. ئەم نەخۆشییە مەترسیدارنیە، بەڵام هەندێک جار چارەسەرکردنی ئاسان نابێت. ئەم هەوکردنە کەڕووییە ناسراوە بە نەخۆشیی پێی وەرزشەوان چونکە بە زۆری لە وەرزشەواندا باوە.

هۆکارەکانی

هەوکردنی پێی وەرزشەوان بەهۆی Tinea Fungus (کەڕووی تینیا، زامە کەڕووەوە) ڕوودەدات. ئەم هەوکردنە کاتێک ڕوودەدات کە کەڕووەکە لەسەر پێیەکان گەشە دەکات. دەتوانیت لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسێک کە ئەو کەڕووە بگرێت، یان بە دەستدان بەو ڕووانەی کە بە کەڕووەکە پیس بوون. لە ژینگەیەکی گەرم و شێداردا گەشە دەکات بە شێوەیەکی گشتی لە ژوورەکانی خۆگۆڕین و دەوروبەری حەوزەکانی مەلەکردن دەدۆزرێتەوە.

نیشانەکانی

  • خوران و ڕووشان لەنێوان پەنجەکانی پێ یان بنی پێ
  • دروستبوونی تڵۆق لە سەرپێ کە دەبێتە هۆی خوران
  • ڕووشان و لێبوونەوەی چینی سەرەوەی پێست بەتایبەت لە بنی پێ
  • وشکبوونەوەی پێست لەبنی پێ و لاتەنیشتەکانی
  • بێڕەنگبوون و ئەستوربوون و بەئاسانی شکانی نینۆکی پێ
  • جیابوونەوەی نینۆک لە پەنجەی پێ

ئەم هەوکردنە چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

پزیشک لەوانەیە نەخۆشیی پێی وەرزشەوان دەستنیشان بکات بەهۆی نیشانەکانەوە، یان لەوانەیە داوای پشکنینی پێست بکات ئەگەر دڵنیا نەبێت لەوەی کە هەوکردنی کەڕوو دەبێتە هۆی نیشانەکانت. پشکنینی پۆتاسیۆم هایدرۆکسیدی KOH پێست باوترین پشکنینە بۆ پێی وەرزشوان. پزیشک ناوچەیەکی بچووک لە پێستی تووشبوو لادەبات و دەیکاتە ناو پۆتاسیۆم هایدرۆکسید. پۆتاسیۆم هایدرۆکسید خانە ئاساییەکان لەناودەبات و خانە کەڕووەکان بەتەنها بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەژێر مایکرۆسکۆپدا ببینرێن.

چۆن چارەسەر دەکرێت؟

پێی وەرزشوان زۆرجار دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بە دەرمانی دژە کەڕوو (OTC) وەک:

  • مایکۆنزڵ
  • تێربینافن
  • بیوتێنافین
  • تۆڵنافتەیت

ئەگەر دەرمانەکانی OTC چارەسەری هەوکردنەکە نەکەن، پزیشک لەوانەیە دەرمانی ڕەچەتەیی دەم یان ناوچەیی دژە کەڕووی بەهێزتر بنووسێت. هەروەها لەوانەیە پێشنیاری چارەسەری ماڵەوە بکات بۆ یارمەتیدان لە پاککردنەوەی هەوکردنەکە. هەموو کەسێک دەتوانێت  تووشی نەخۆشیی پێی وەرزشوان ببێت، بەڵام هەندێک ڕەفتار مەترسیت زیاد دەکات. ئەو هۆکارەنەی کە ئەگەری تووشبوون بەم هەوکردنە زیاد دەکەن:

  • ڕۆشتن بە پێیپەتی لە شوێنە گشتیەکاندا بەتایبەت لە مەلەوانگە، ژووری خۆگۆڕین و گەرماو
  • هاوبەشی پێکردنی گۆرەوی و پێڵاو و خاولی لەگەڵ کەسی تووشبوو
  • لەپێکردنی پێڵاوی داخراو
  • هێشتنەوەی پێ بەتەڕی بۆ ماوەیەکی زۆر
  • بوونی ئارەقی زۆر لە پێ
  • بوونی برین لە پێ و نینۆک

ئالۆزبوونی

ئەم هەوکردنە دەتوانێت لە هەندێک حاڵەتدا ئاڵۆزی دروست بکات. ئاڵۆزییە سووکەکان کاردانەوەیەکی هەستیاری دەگرێتەوە بۆ کەڕووەکە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی بلۆق کردن لەسەر قاچەکان یان دەستەکان. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە هەوکردنی کەڕوو دوای چارەسەرکردن بگەڕێتەوە. لەوانەیە ئاڵۆزییەکی توندتر هەبێت ئەگەر هەوکردنێکی بەکتریایی نامەبەست گەشە بکات. لەم حاڵەتەدا، لەوانەیە پێیەکانت هەڵبئاوسێن، ئازاربەخش و گەرم بێت. کێم و تا نیشانەی دیکەی هەوکردنی بەکتریایە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە بەکتریاکە بڵاوببێتەوە بۆ سیستەمی لیمف. هەوکردنی پێست لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی سیستەمی لیمفە یان لیمفە گرێکان.

خۆپاراستن

چەند شتێک دەتوانیت بیکەیت بۆ ئەوەی ڕێگری بکەیت لە تووشبوون بە نەخۆشی پێی وەرزشەوان، لەوانە وەک:

  • هەموو ڕۆژێک پێیەکانت بە سابوون و ئاو بشۆ و بە تەواوی وشکیان بکەوە، بەتایبەتی نێوانی پەنجەکانت.
  • شوشتنی پێڵاو، گۆرەوی، جێگای نوستن و خاولی لە ئاوێکدا کە ١٤٠ پلەی فەهرەنایت (٢٠ پلەی سیلیزی) یان بەرزترە.
  • هەموو ڕۆژێک پاودەری دژە کەڕوو لەسەر پێیەکانت دابنێ.
  • گۆرەوی، پێڵاو یان خاولی لەگەڵ کەسانی دی هاوبەشی پێ مەکە.
  • نەعل بەکار بهێنە لە دووش و حەوزەکانی مەلەکردنی دەرەوە.
  • گۆرەوییەکانت بگۆڕە کاتێک قاچەکانت ئارەق دەکەنەوە.
  • لە نێوان دوو جووت پێڵاو، هەموو ڕۆژێک جووتێک لەبەر بکە، بۆ ئەوەی کات بدەیت بە پێڵاوەکانت تا لە نێوان بەکارهێنانەکاندا وشک بن. شێداری ڕێگە بە گەشەکردنی کەڕوو دەدات بەردەوام بێت.


سەرچاوەکان



495 بینین