یاساکانی حامورابی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-10-18:38:00 - کۆدی بابەت: 12861
یاساکانی حامورابی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یاساکانی حامورابی (بە عەرەبی: شریعة حمورابي، بە ئینگلیزی: Hammurabi´s codes of lawیاساکانی حامورابی گرنگترین بەشی ژیانامەی حامورابییە کە هەموو کەسێک بە ئەم بڕگە یاسایانە دەیناسنەوە کە ٢٨٢ بڕگە یاسایە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەی بابل کە بەشێک لە یاساکانی لە سەردەمی هاوچەرخیشدا بەکاردەهێنرێن بێ گۆڕانکاری، یاخود ئیلهام بەخش بووە بۆ زۆرێک لە نەتەوەکان تاوەکو یاسا دابنێن. 

یاساکانی حامورابی خۆی لە زۆر بواردا دەبینێتەوە، وەکو مامەڵەکردن لەگەڵ کەسی ستەم لێکراو و ستەمکار، بکوژ، دز و پێکهێنانی خێزان و بەخێوکردنی منداڵ و یاسای بازرگانی و هەڵگرتنی چەک و کشتوکاڵ و چەندین بواری تر.

لە یاساکاندا باس لەوە کراوە کاتێک کەسێک مافی پێشێل دەکرێت بە چ ڕێگایەک مافەکانی بۆ دەستەبەر دەکرێتەوە و چۆن سزای ستەمکار دەدرێت. یاخود کاتێک کەسێک دزی دەکات بە گوێرەی ئەو شتەی دزیویەتی یاخود قەبارەی دزییەکە چۆن سزا دەدرێت و جۆری سزاکەش دەبێت چی بێت.

یاساکانی حامورابی لەسەر پەیکەرێک بە نووسینی مێخی یاخود بزماری نووسراون کە بەرزی پەیکەرەکە ٢٫٢٥ مەترە. لە نێوان ساڵانی ١٧٥٥-١٧٥٠ی پێش زایینیدا نووسراوە. ئەم بڕگە یاسایانە بۆ چەندین سەردەم بەکارهێنراون وەک سەردەمی ئوور نەمۆ، سەردەمی عەشتار، سەردەمی ئیشونا و دادوشا. 

بڕگەکانی یاساکانی حاموڕابی

یاسای ١-٥ تاوانەکان دژی یاسا کارگێڕییەکان

ئەم یاسایە سێ بڕگە دەگرێتە خۆی ئەوانیش:

  • بڕگەی ١-٢ تۆمەتی ساختە.
  • بڕگەی ٣-٤ شایەتحاڵی درۆ.
  • بڕگەی ٥ حووکمدانی ساختە.

نموونە بڕگەی یەکەم، کاتێک کەسێک هەستا بە تۆمەتبارکردنی کەسێکی تر و تۆمەتی کوشتنی بەسەردا سەپاند بەڵام بەڵگەی سەلمێنراوی نەبوو ئەوا ئەو کەسەی سکاڵای کردووە دەکوژرێت.

یاسای ٦-٢٥ تاوان دژی موڵکی هاوڵاتیان

ئەم یاسایە شەش بڕگە لە خۆ دەگرێت ئەوانیش:

  • بڕگەی ٦-١٣ دزی کردن و وەرگرتنی موڵکی دزراو.
  • بڕگەی ١٤ ڕفاندن.
  • بڕگەی ١٥-٢٠ داڵدەدانی کۆیلەی هەڵاتوو.
  • بڕگەی ٢١ شکاندن و چوونە ژوورەوە.
  • بڕگەی ٢٢-٢٤ دزی کردن.
  • بڕگەی ٢٥ دزیکردن لە ماڵی هاوڵاتیان و سووتاندنی.

نموونە بڕگەی ٢١: ئەگەر کەسێک چووە ناو ماڵی کەسێکی تر بە مەبەستی دزی کردن، پێویستە لە سێدارە بدرێت لە بەردەم ئاپۆڕای جەماوەر.

یاسای ٢٦-١٠٠ زەوی و خانوو

ئەم یاسایە هەشت بڕگە لە خۆ دەگرێت:

  • بڕگەی ٢٦-٤١ ماوەی حوکمڕانی دەرەبەگەکان. 
  • بڕگەی ٤٢-٤٨ ئەرکەکانی جووتیاران.
  • بڕگەی ٤٩-٥٢ قەرزی جووتیاران. 
  • بڕگەی ٥٣-٥٦ تاوانەکانی ئاودێری. 
  • بڕگەی ٥٧-٥٨ سەرپێچیکردنی ئاژەڵ.
  • بڕگەی ٦٠بڕینی درەخت.
  • بڕگەی ٦١ چاودێری باخی خورما. 
  • بڕگەی ٦٢-١٠٠ تاوانەکانی پەیوەست بە خانووەکانەوە.

نموونە بڕگەی ٤٨: ئەگەر کەسێک قەرزێکی لەسەر تۆمار کرابێت، و خوداوەندی زریان ئاداد کێڵگەکەی وێران بکات یان لافاوێک بەرهەمەکانی لەناوبەرێت، یان دانەوێڵەیەک لە کێڵگەکەدا نەڕوێت بەهۆی کەمی ئاوەوە. لەو ساڵەدا دانەوێڵە ناداتەوە بە قەرزدەرەکەی. دەبێت جێبەجێکردنی گرێبەستەکەی ڕابگرێت.

یاسای بازرگانی ١٠١-١٢٦

ئەم یاسایە پێنج بڕگە لە خۆ دەگرێت:

  • بڕگەی ١٠١-١٠٧ قەرز و بازرگانی.
  • بڕگەی ١٠٨-١١١ میوانخانە.
  • بڕگەی ١١٢ ساختەکاری لەلایەن خاوەن شوێنە بازرگانییەکان.
  • بڕگەی ١١٣-١١٩ خۆگرتن و بەڵێننامەدانی کەسەکان بۆ قەرز.
  • بڕگەی ١٢٠-١٢٦ پاراستنی سەلامەت یان پارەدان.

نموونە بڕگەی ١٠٢: ئەگەر بازرگانێک زیو بدات بە بریکاری بازرگانی بۆ وەبەرهێنانێک، و ئەو بریکاری بازرگانییە لە گەشتەکانیدا زیانێکی بەسەردا هات، ئەوا دەبێت زیو بە هەمان بڕ بۆ بازرگانەکە بگەڕێنێتەوە. 

یاسای ١٢٧-١٩٤ هاوسەرگیری، خێزان و خاوەنداریەتی

ئەم یاسایە لە ٢٢ بڕگە پێک دێت کە مەبەست لێی ڕێکخستنی کاروباری خێزانی و پێکهێنانی خێزانە:

  • بڕگەی ١٢٧ بوختانکردن بۆ ژنە قەشە ئوگبابتومەکان یان ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان کردووە.
  • بڕگەی ١٢٨ پێناسەی ژنێکی خێزاندار "وەسف کردنی لای کەسانی تر بە مەبەستی خراپ.
  • بڕگەی ١٢٩-١٣٢ زیناکردن.
  • بڕگەی ١٣٣-١٣٦ دووبارە هاوسەرگیریکردنەوەی ژنان بێ ڕەزامەندی هاوژینەکەی یان بێ ئاگاداری هاوژینەکەی یان نەبوونی بەڵگە کە ئایا هاوژینەکەی لە ژیاندا ماوە یاخود نا.
  • بڕگەی ١٣٧-١٤٣ جیابوونەوە.
  • بڕگەی ١٤٤-١٤٧ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنانی نادیتوم.
  • بڕگەی ١٤٨-١٤٩ پاراستنی ژنە نەخۆشەکان.
  • بڕگەی ١٥٠ دیاری مێرد بۆ ژن.
  • بڕگەی ١٥١-١٥٢ بەرپرسیاریەتی هاوسەرەکان بۆ قەرز.
  • بڕگەی ١٥٣ کوشتنی مێردەکان.
  • بڕگەی ١٥٤-١٥٨ پەیوەندی خۆشەویستی.
  • بڕگەی ١٥٩-١٦١ هاوسەرگیری ئینچۆوات.
  • بڕگەی ١٦٢-١٦٤ وەرگرتنی دیارییەکانی هاوسەرگیری دوای مردنی ژنەکان.
  • بڕگەی ١٦٥ دیاری بۆ کوڕەکان لەلایەن کچان. کە پێدانی بەڵێن بە یەکتر لە پێناو هاوسەرگیری یاخود بە مەبەستی سۆزداری و بەهێزکردنی پەیوەندی سۆزداری بێ ئاگاداری بەخێوکارانیان.
  • بڕگەی ١٦٦-١٦٧ جێنشینی لە نێوان کوڕاندا.
  • بڕگەی ١٦٨-١٦٩ بێ میراتگرتنی کوڕان.
  • بڕەگەی ١٧٠ شەرعیەتدان.
  • بڕگەی ١٧١-١٧٤موڵکی ئەو خانمانەی هاوژینەکانیان مردووە.
  • بڕگەی ١٧٥-١٧٦ هاوسەرگیری ژنانی چینی ئاویلوم لەگەڵ کۆیلە.
  • بڕگەی ١٧٧ دووبارە هاوسەرگیری بێوەژنەکان.
  • بڕگەی ١٧٨-١٨٤ ژنانی پیرۆز.
  • بڕگەی ١٨٥-١٩٤ بەخێوکردن و شیرپێدانی کۆرپە.

نموونە بڕگەی ١٨٥: ئەگەر کەسێک کۆرپەلەیەک لە کاتی لە دایکبوون هەڵبگرێتەوە و گەورەی بکات و ناو و ناسنامەی دەچێتە سەر بەخێوکار و دایک و باوکی ڕاستەقینەی ناتوانن داوای بکەنەوە. بە تایبەتی ئەگەر شیری بەخێوکارەکەی خواردبێت.

یاسای چەک ١٩٥-٢١٤

ئەم یاسایە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی چەک بەکاردەهێنن دژی هاوڵاتیان کە دەبێتە هۆی کوشتن یان بریندار بوون. لە سێ بڕگە پێکدێت کە ڕوونکراوەتەوە جۆری تاوانەکان کامانەن:

  • بڕگەی ١٩٥ دەستدرێژیکردنە سەر باوکان.
  • بڕگەی ١٩٦-٢٠٨ هێرشکردنە سەر پیاوانی چینی ئاویلوم.
  • بڕگەی ٢٠٩-٢١٤ دەستدرێژیکردنە سەر خانمانی سکپڕ کە دەبێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەکانیان.

نموونه بڕگەی ١٩٦: ئەگەر ئەویلەمێک چاوی ئەویلەمێکی تر کوێر بکات، دەبێت چاوی هێرشکارەکە کوێر بکرێتەوە، تەنانەت دیاریش کراوە کام چاوەی بێت دەبێت هەمان چاو کوێر بکرێتەوە.

یاسای خاوەن پیشەکان ٢١٥-٢٤٠

  • بڕگەی ٢١٥-٢٢٣ پزیشکانی نەشتەرکاری.
  • بڕگەی ٢٢٤-٢٢٥ پزیشکانی نەشتەرکاری ڤێتێرنەری.
  • بڕگەی ٢٢٦-٢٢٧ سەرتاشەکان.
  • بڕگەی ٢٢٨-٢٣٣ تەلارسازان.
  • بڕگەی ٢٣٤-٢٤٠ کەشتی ساز و بەلەموانەکان.

نموونە بڕگەی ٢٣٣: ئەگەر تەلارسازێک خانوو بۆ کەسێک دروست بکات بەڵام بەپێی نەخشەی خانووەکە دروستی نەکات و کەم و کورتی هەبێت لە خانووەکەدا ئەوا دەبێت تەلارسازەکە بە سامانی خۆی قەرەبووی زیانەکە بکاتەوە و لە هەر شوێنێک هەڵەی کردبێت چاکی بکاتەوە. 

یاسای کشتوکاڵ ٢٤١-٢٧٣

ئەم یاسایە لە هەشت بڕگە پێکدێت:

  • بڕگەی ٢٤١-٢٥٢ ئاژەڵەکانی جووتکردن و زەوی کێڵان.
  • بڕگەی ٢٥٣-٢٥٦ دزینی کۆگای هەڵگرتنی سەوزە و میوە لەلایەن کرێچییەکان.
  • بڕگەی ٢٥٧-٢٥٨ بەکرێگرتنی کرێکارانی کشتوکاڵی.
  • بڕگەی ٢٥٩-٢٦٠ دزینی ئامێری کشتوکاڵی.
  • بڕگەی ٢٦١ بەکرێگرتنی مەڕدارەکان.
  • بڕگەی ٢٦٢-٢٦٧ ئەرکی شوانەکان.
  • بڕگەی ٢٦٨-٢٧٢ بەکرێدانی گالیسکە.
  • بڕگەی ٢٧٣ بەکرێگرتنی کرێکاری وەرزی.

نموونە بڕگەی ٢٥٠: کاتێک ئاژەڵێکی بێلانە ببێتە هۆی مردنی کەسێک ئەوا کەیسەکە دادەخرێت و ئاژەڵەکە دوور دەخرێتەوە لە شار تا کەسانی تر ئازار نەدات.

یاسای دامەزراندن و کارکردن ٢٧٤-٢٧٧

ئەم یاسایە دوو بڕگەیە:

  • بڕگەی ٢٧٤ کرێی پیشەوەرەکان. 
  • بڕگەی ٢٧٥-٢٧٧ بەکرێدانی بەلەم.

نموونە بڕگەی ٢٧٧: ئەگەر کەسێک بەلەمێک بەکرێ بگرێت لە چەشنی ٦٠ کور، ئەوا پێویستە ڕۆژانە ١/٦ی پارەکەی بدات لە دراوی زیو.

یاسای کڕین و فرۆشتنی کۆیلە ٢٧٨-٢٨٢

ئەم یاسایە لە سێ بڕگە پێکدێت:

  • بڕگەی ٢٧٨-٢٧٩ گەرەنتی کردنی فرۆشتنی کۆیلە.
  • بڕگەی ٢٨٠-٢٨١ کڕینی کۆیلە لە دەرەوەی وڵات.
  • بڕگەی ٢٨٢ ئینکاری کردنی خاوەن کۆیلە لە گرێبەستدا. یاخود بەزۆر فرۆشتنی کۆیلە.

نموونە بڕگەی ٢٨١: کۆیلەیەک کە لە دەرەوە هێنراوە بە خاوەنەکەی بڵێت تۆ خاوەنی من نیت تا ئازادی بە دەست بهێنێت، ئەوا خاوەنەکەی دەتوانێت تۆمەتی ئاڕاستە بکات و هەر لەو شوێنە گوێیەکانی ببڕێت.


سەرچاوەکان



2286 بینین