ڤلادمیر ڤیترۆڤ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-14-18:52:00 - کۆدی بابەت: 12907
ڤلادمیر ڤیترۆڤ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڤلادمیر ڤیترۆڤ (بە عەرەبی: فلادمیر فیتروف، بە ئینگلیزی: Vladimir Vetrov) ڤلادمیر ڤیترۆڤ یاخود ڤلادمیر پیترۆڤ سیخوڕێکی دەزگای هەواڵگری سۆڤێت KGBی بوو و سەرۆک و ڕێکخەری هێڵی ئێکس بوو بۆ بردنی زانیاری تەکنەلۆجی لە وڵاتانی ڕۆژاوا. یەکێک بووە لە سیخوڕە مەترسیدارەکانی سۆڤێت کە سەدان بەڵگەنامە و زانیاری تەواو نهێنی دزە پێکردووە و ڕادەستی هەواڵگری سۆڤێتی کردوونەتەوە، کە ماوەیەکی زۆر سۆڤێت بەهۆی ئەم داتا و زانیارییانە توانی پێشکەوتنێکی تەکنەلۆجی بە خۆیەوە ببینێت. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە سۆڤێت و ئەمریکا لە جەنگی سارددا بوون. 

زانیارییە گشتییەکان

ناو ڤلادمیر ڤیترۆڤ
لەدایکبوون ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٢
مردن ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٨٥
تەمەن ٥٢ ساڵ
شوێنی مردن مۆسکۆ - یەکێتی سۆڤێت
هۆکاری مردن گوله باران کردن 
شوێنی خزمەتکردن KGB و DST
پلەی سەربازی ملازم
ناوی خوازراو Farewell
ئۆپراسیۆن Farewell Dossier

ژیان

ڤلادمیر ڤیترۆڤ یەکێکە لە ناوە دیارەکانی هەواڵگری سۆڤێت و فەڕەنسا، ماوەیەک وەک یەکێک لە مەترسیدارترین سیخوڕەکانی سۆڤێت خزمەتی کردووە و دواتریش وەک ناپاکێک خزمەتی بە هەواڵگری فەڕەنسا کردووە. ڤیترۆڤ، سەرپەرشتی تۆڕ یاخود هێڵی ئێکسی لە هەواڵگری سۆڤێت دەکرد، کە تیمێک هەواڵگری ناوخۆیی و بیانی بوون داتا و زانیارییە تەکنەلۆجییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایان دزە پێدەکرد و دەیان گواستەوە بۆ هەواڵگری سۆڤێت KGB

ڤلادمیر ڤیترۆڤ ساڵی ١٩٣٢ لە مۆسکۆ لە دایکبووە، کۆلێجی ئەندازیاریی کارەبای تەواو کردووە، ڕاستەوخۆ دوای تەواوکردنی زانکۆ پەیوەندی بە هەواڵگری KGB کرد. ماوەیەکی زۆر ناوێکی دیاری دەزگاکە بوو و هەوڵەکانی لە گەیاندنی داتا و زانیارییەکان بەرز دەنرخێنرا.

بۆچی ڤلادمیر ڤیترۆڤ لە KGB هەڵگەڕایەوە؟

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨١ ڤیترۆڤ پەیوەندی بە هەواڵگری فەڕەنسییەوە کرد لە پێناو ئەوەی لە حووکمی سەرکوتکەری سۆڤێت ڕزگاری ببێت، هەستا بە پێدانی ٤٠٠٠ بەڵگەنامەی نهێنی بە نووسینگەی CIA ئەمریکی و DST فەڕەنسی. ئەو بەڵگەنامانەی ڤیترۆڤ ڕادەستی هاوپەیمانانی کرد لەسەر بەرگەکانیان نووسرابوو "وێنەگرتن قەدەغەیە" بە شریتی سوور پێیەوە لکێنرابوو. داتا و زانیارییەکان لە بارەی بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆجی سۆڤێت و ئەو زانیارییانە بوو کە سیخوڕە سۆڤێتی و بیانییەکان هاوکار بوون بۆ دزە پێکردنیان و گەیشتنیان بە دەستی سۆڤێت. لە ئەنجامی ئەم هەوڵەی ڤیترۆڤدا سەدان سیخوڕ و هاوکاری هەواڵگری KGB سۆڤێت دەستگیرکران. 

هەوڵەکانی سۆڤێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر

لە ساڵی ١٩٨٣-١٩٨٥ بەشێکی زۆری ئەندامانی هێڵی ئێکس (Line X) دەستگیرکران و جگە لەوەش ناو و وێنەی بەشێکی زۆری سیخوڕە سۆڤێتییەکان بە ناوە خوازراوەکانیشیان ئاشکرا بوون. سۆڤێت بەمە زۆر نیگەران و شۆک ببوو، چۆن دەبێت لە پڕێکدا هێرشی پێچەوانەی هەواڵگری بکرێتە سەر خۆیان و ئەو داتا و زانیارییانەی لە بارەی دروستکردنی موشەک و چەکی قورس بەدەستیان هێنابوو بکەوێتەوە دەست هاوپەیمانان. بۆیە چاودێریان خستە سەر تەواوی سێکتەرەکان تاوەکو خیانەتکارەکە بدۆزنەوە. 

لە شەوێکی ساڵی ١٩٨٥ لە نزیک پارکێک لە مۆسکۆ، ڤیترۆڤ چاوەڕێی دۆستێکی فەڕەنسی دەکرد سەردانی بکات، لەو کاتەدا پۆلیسێکی نهێنی لە نزیکییەوە تێپەڕ دەبێت، ڤیترۆڤ هەست بە ترسێکی زۆر دەکات و لە ئەنجامیشدا بە چەقۆ پۆلیسە نهێنییەکە دەکوژێت و ڕادەکات، کاتێک تیمی فریاگوزاری و پۆلیس لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کوشتنەکە دەکەن بۆیان دەردەکەوێت بکوژەکە سیخوڕێکی سۆڤێتییە! لەمەوە تووشی بەدگومانییەک دەبن و ڤیترۆڤ دەستگیر دەکەن، چونکە ئەو پۆلیسە نهێنییە بۆ چاودێری سیخوڕێکی فەڕەنسی لەو شەوەدا لە ئەرکدا بووە. 

دانپێدانانی ڤیترۆڤ

هەواڵگری سۆڤێتی تووشی شۆک ببوو، چونکە ئەو کەسەی دزەی بە ٤٠٠٠ فایلی داتا و زانیاری کردبوو و پێشکەشی هاوپەیمانانی کردبوو گرنگترین سیخوڕی سۆڤێت بوو، دامەزرێنەر و سەرۆکی هێڵی ئێکس بوو، سەدان و هەزاران بەڵگەنامەی نهێنی هێنابووەوە سۆڤێت.

لە کاتی لێکۆڵینەوەدا پێی گوترا: دان بنێ بە هەموو تاوانەکانت و سزاکەت لە کوشتنەوە دەکرێتە زیندانی هەتاهەتایی، ڤیترۆڤ لە سەرەتاوە هەموو شتێکی باس کرد و ئەوەشی خستە ڕوو کە بەهۆی نیگەرانی گوزەرانی خەڵک و نادادپەروەری سەرانی سۆڤێت بڕیاری خیانەتی داوە. 

ڤیترۆڤ لە بەرواری ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٨٥ بە کوشتن سزا درا و بە دەستڕێژی گولە کوژرا. ڤیترۆڤ ئەو سیخوڕە سۆڤێتییە بوو پڕۆگرامی تەکنەلۆجی سۆڤێتی پێشخست و هەر خۆشی هۆکاری داڕمانی پڕۆگرامەکە بوو کە هۆکارێکی هەرە گرنگی هەڵوەشانەوە و ڕووخانی یەکێتی سۆڤێت بوو لە ساڵانی دواتردا. 

بەرهەمە سینەماییەکان لە بارەی ڤلادمیر ڤیترۆڤ

  • فیلمی Farewell (2009) کە لە ژیاننامەی ڤلادمیر ڤیترۆڤ وەرگیراوە کە کتێبەکە بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە.
  • هەروەها، زنجیرەی Farewell (2019) کە لە بەرهەمی کەناڵی France 5ــە.


سەرچاوەکان



4078 بینین