خەستبوونەوەی خوێن لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-22:59:00 - کۆدی بابەت: 13060
خەستبوونەوەی خوێن لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زیادبوونی خڕۆکە سوورەکان لە ماوەی دووگیانیدا یان خەستبوونەوەی خوێن لە ماوەی دووگیانیدا (بە ئینگلیزی: polycythemia in pregnancy، بە عەرەبی: كثرة الخلايا الحمراء اثناء الحمل) بریتییە لە زیادبوونی بارستایی خڕۆکە سوورەکان و مەترسیی خوێن مەیین زیاد دەکات کە بە خوێن مەیین لە ماوەی دووگیانیدا ناسراوە، یەکێکە لە کێشەکان کە ڕووبەڕووی خانمانی دووگیان دەبێتەوە. مەترسیی لەبارچوونی منداڵ و کێشەکانی تری ماوەی دووگیانی وەک مەترسیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، کێشەی گەشەکردنی منداڵدان و لەبارچوون زیاد دەکات. خەستبوونەوەی خوێن لە خانمانی دووگیاندا بە گشتی لە ناوچەی حەوز و پەلەکانی خوارەوەدا ڕوودەدات. دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە قورسە چونکە ڕێژەکەی لەنێوان خانمانی گەنجدا کەمە. بۆ دەستنیشانکردن دەتوانرێت نموونە لە مۆخی ئێسک وەربگیرێت و بەرزی ڕێژەی هیمۆگلۆبین و پەڕەکانی خوێن نیشانەی ڕوودانی ئەم حاڵەتەن.

لە ماوەی دووگیانیدا زیادبوونی خڕۆکە سوورەکان چەند هۆکارێکیان هەیە کە بریتین لە:

  • Gestational polycythemia: باوترین جۆری زیادبوونی خڕۆکە سوورەکانە، حاڵتەێکی بێ مەترسییە. بەهۆی زیادبوونی خڕۆکە سوورەکان لە ماوەی گەشەکردنی کۆرپەلەدا ڕوودەدات، لەدوای لەدایکبوونی منداڵەکە ئاسایی ئەم جۆرەی زیادبوونی خڕۆکە سوورەکان ئاسایی دەبێتەوە.
  • کەمی ئۆکسجین: کاتێک خانمانی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا ئەزموونی کەمی ڕێژەی ئۆکسجین دەکەن کە ئۆکسجینی پێویست بە جەستە ناگات، ئەو کاتە دووچاری خەستبوونەوەی خوێن دەبنەوە. ئەم کەمی ئۆکسجینەش دەکرێت بەهۆی کێشەی وەک نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی جگەر و جگەرەکێشانی دایکان لە ماوەی دووگیانیدا بێت.
  • جگەرەکێشان: جگەرەکێشان لە ماوەی دووگیانیدا چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆرپەلە دروست دەکات، یەکێک لەو کاریگەریانەش بریتییە لە خەستبوونەوەی خوێن. جگەرەکێشان ڕێگری لە گەیشتنی ئۆکسجینی پێویست بە کۆرپەلە دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خڕۆکە سوورەکان و خەستبوونەوەی خوێن.
  • شەکرەی ماوەی دووگیانی: شەکرەی کۆنتڕۆڵنەکراوی ماوەی دووگیانی، کاریگەری لەسەر ڕێژەی ئۆکسجینی لەش دروست دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی ئەم حاڵەتە.

نیشانەکان

نیشانەکان بەپێی سەختی بارودۆخەکە و ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی ڕوودانی خەستبوونەوەی خوێنەکە جیاوازن کە بریتین لە:

نیشانە باوەکان

  • لاوازی و بێ تاقەتی
  • هەناسە کورتی
  • سەرسوڕان
  • سەرئێشە
  • لێڵبوونی چاو
  • سووربوونەوە و خورانی پێست

نیشانەکانی سیستمی خوێن

گرنگە تێبینی بکەیت کە ئەم نیشانانە تەنها تایبەت نین بە خەستبوونەوەی خوێن، بەڵکوو لەگەڵ کێشەکانی تری ماوەی دووگیانیشدا دەردەکەون. بەهۆی ئەمەش پێویستە لەڕێی پشکنینی تایبەتەوە دەستنیشان بکرێت.

ئەم حاڵەتە کێشە بۆ دایکی دووگیان و کۆرپەلەش دروست دەکات، چارەسەرەکان پشت بە سەختی حاڵەتەکە و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ڕوودانی خەستبوونەوەی خوێن دەبەستێت. لە کاتی تووشبوون بە خەستبوونەوەی خوێن، گرنگە دایکانی دووگیان سەردانی پزیشک بکەن و ڕێ و شوێنی تایبەت بۆ چارەسەرکردن بگرنە بەر.

چارەسەرەکان

یەکێک لە چارەسەرەکان بریتییە لە:

  • ئەنجامدانی پشکنینەکانی ماوەی دووگیانی و چاودێری بەردەوام وەک ئەنجامدانی پشکنینی خوێن و پشکنینەکانی تر بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی دایک و کۆرپەلە.
  • چارەسەرکردنی هۆکارەکانی پەیوەندیدار بە ڕوودانی ئەم حاڵەتە
  • شێوازی ژیانی گونجاو و ڕێکخراو وەک مانەوەی کێش بە تەندروستی و ئەنجامدانی ڕاهێنانی گونجاو.
  • دەرمان، هەندێک دەرمانی وەک ئەسپرین بۆ ڕێگریکردن لە مەیینی خوێن بەکاردێن، بەڵام زۆر گرنگە وەرگرتنی هەر دەرمانێک لە ماوەی دووگیانیدا لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت نە دەرمانی ئەسپرین و نە هیچ دەرمانێکی تر نابێت بەبێ ڕازامەندی پزیشک و چاودێری پزیشک بەکاربهێنرێت.
  • لە هەندێک بارودۆخی پێویستدا پزیشک پێشنیازی زووتر لەدایکبوونی کۆرپەلە لە کاتی دیاریکراوی خۆی دەکات.


سەرچاوەکان



1225 بینین