حەمەماڵتا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-05-14:44:00 - کۆدی بابەت: 13118
حەمەماڵتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەمەماڵتا (بە ئینگلیزی; Brucellosis، بە عەرەبی; الحمَّى المالطية) نەخۆشییەکی گوازراوەیە کە بەهۆی بەکتریای بروسێلاوە دروست دەبێت. خەڵک دەتوانن تووشی نەخۆشییەکە ببن کاتێک بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ ئاژەڵە تووشبووەکان یان بەرهەمە ئاژەڵییە پیسبووەکان بە بەکتریاکە. ئەو ئاژەڵانەی کە بەزۆری تووشی نەخۆشییەکە دەبن بریتین لە مەڕ، بزن، بەراز و سەگ.

گواستنەوە

خواردنی گۆشتی کەم کوڵاو یان خواردنی بەرهەمی شیری گەرمنەکراو: باوترین ڕێگا بۆ تووشبوون بریتییە لە خواردن یان خواردنەوەی ئەو بەرهەمە شیرییانەی کە گەرمنەکراون. کاتێک مەڕ، بزن، مانگا، یان وشتر تووش دەبن، شیریان بە بەکتریاکە پیس دەبێت. ئەگەر شیری ئاژەڵە تووشبووەکان گەرمنەکرێت و پاکنەکرێتەوە، ئەوا هەوکردنەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو کەسانەی شیر و/یان بەرهەمەکانی پەنیر دەخۆن.

هەڵمژیمی ئەو بەکتریایانەی دەبنە هۆی حەمەماڵتا: هەڵمژینی ئەو بەکتریایانەی کە دەبنە هۆی حەمەماڵتا واتا بەکتریای بروسێلا (Brucella species) لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردن. ئەم مەترسییە بە شێوەیەکی گشتی زیاترە بۆ ئەو کەسانەی لە تاقیگەکاندا کار لەگەڵ بەکتریاکان دەکەن. هەروەها کارمەندانی سەربڕ خانەکان کە سەربڕین و پاککردنەوەی گۆشت دەکەن ناسراون بەوەی بەرکەوتنیان بە بەکتریاکە هەیە و لە کۆتاییدا تووش دەبن.

ئەو بەکتریایانەی کە دەچنە ناو جەستەوە لە ڕێگەی برینەکانی پێست یان چڵمە پەردە: بەکتریاکان دەتوانن بچنە ناو برینەکان کە لەسەر پێست بوونیان هەیە لەڕێی پەردەی پێست و چڵمە پەردەوە، کاتێک کە کەسەکان بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵە تووشبووەکان هەیە پێیویستە ئاگاداری بوونی برین و پاراستنی ببن.

ئەمە کێشەیەک دروست دەکات بۆ ئەو کەسانەی کارێک دەکەن کە پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە لەگەڵ ئاژەڵ یان دەرکراوەکانی ئاژەڵ (ئاژەڵە تازە لەدایکبووەکان، کۆرپەلە و دەردراوەکان کە لەوانەیە لە ئەنجامی لەدایکبوونەوە دەربدرێن). ئەو کارانە لەوانەیە بریتیبن لەمانە:

  • کرێکارانی کوشتارگە
  • کرێکارانی کارگەی گۆشت
  • پزیشکانی ڤێتێرنەر

بە هەمان شێوە ئەو کەسانەی کە ڕاوی ئاژەڵ دەکەن لەوانەیە لە مەترسیدان. کاتێک بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ ئاژەڵە تووشبووەکان، بەرکەوتن بە بەکتریا لەوانەیە ڕووبدات و بگوازرێتەوە بۆ جەستەکی کەسەکە لە ڕێگەی:

  • برینی پێست
  • خواردنی گۆشتی نەکوڵاو
  • هەڵمژینی بەکتریا له کاتی لەبەرکردنی جلوبەرگیان، ئاژەڵە تووشبووە باوەکان بریتین لە: بایسوو، جۆرە ئاسکێک، ئاسکی کێوی، موس و بەرازی کێوی.

گواستنەوەی بەکتریاکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە: بە گشتی ئەمە جۆرە گواستنەوەیەکی زۆر دەگمەنە، بۆ نموونە ئەو دایکانەی کە شیر بە مەمک دەدەن لەوانەیە نەخۆشییەکە بگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان. بە دەگمەن ڕاپۆرتی گواستنەوەی سێکسی بەکتریاکە کراوە. لە کاتێکدا کە گواستنەوەی ناباو لەوانەیە لە ڕێگەی گواستنەوەی شانە یان گواستنەوەی خوێن ڕووبدات.

مەترسییەکان

ئەو ناوچانەی لە مەترسیدان

هەرچەندە حەمەماڵتا دەتوانرێت لە سەرانسەری جیهاندا بدۆزرێتەوە، بەڵام لەو وڵاتانەدا باوترە کە بەرنامەی تەندروستی گشتی و تەندروستی ئاژەڵی ماڵییان نییە. ئەو ناوچانەی کە لە ئێستادا مەترسی زۆریان لەسەرە بریتین لە: دەریای ناوەڕاست (پورتوگال، ئیسپانیا، باشووری فەڕەنسا، ئیتاڵیا، یۆنان، تورکیا، باکووری ئەفریقا).

مەترسی پیشەیی

ئەو کەسانەی کە لە هەندێک پیشە یان ڕێکخستندان لەوانەیە ڕووبەڕووی بەرکەوتنی زیاتر ببنەوە بەو بەکتریایەی کە دەبێتە هۆی حەمەماڵتا. ئەو پیشانە لەوانەیە بریتیبن لە:

  • کرێکارانی کوشتارگە
  • کارمەندانی گۆشتفرۆش
  • پزیشکانی ڤێتێرنەر
  • کارمەندانی تاقیگە

مەترسییەکانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان

شیری خاو و بەرهەمەکانی شیر ئەوانەی کە پرۆسەیەی پوختەکردن و پاککردنەوە و گەرمکردنیان (پەستێورایزکردن) بەسەر نەهاتووە دەکرێت ببنە هۆکار بۆ بڵاوبوونەوەی مەترسی بەکتریاکە، چونکە ئەو پرۆسەیە بۆ لەناوبردنی بەکتریاکان گرنگە. بەکارهێنانی شیری خاو کە بەکتریای برۆسێلای تێدایە دەتوانێت ببێتە هۆی حەمەمەڵتا. زۆربەی حاڵەتەکانی حەمەماڵتا کە پەیوەندی بە شیری خاوەوە هەیە بەهۆی جۆرێک بەکتریاوە دروست دەبێت کە پێی دەوترێت Brucella melitensis یاخود Brucella abortus لەو کەسانەی کە گەشتیان کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەم جۆرە شیرانەی کە باون دەخۆنەوە، واتا شیری مانگا و مەڕ یان بزن ئەگەری تووشبوونیان بە بەکتریاکە و پاشان نەخۆشی حەمەماڵتا زۆرترە. لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، حاڵەتەکانی حەمەماڵتا دەکرێت پەیوەستبن بە جۆرەکانی تری بەکتریاکە، لەوانە RB51 و Brucella Suis. بەکتریای برۆسێلا لە جۆری RB51 بەرگری لە هەندێک دژە بەکتریا دەکات کە بە شێوەیەکی ئاسایی بەکاردێت بۆ ڕێگریکردن یان چارەسەرکردنی نەخۆشی حەمەماڵتا. CDC پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەر کەسێک تووشی بەکتریای جۆری RB51 ببێت دەرمانی وردتری دژە بەکتریا وەربگرێت بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردن.

مەترسی بۆ دایکان

ئەو ئافرەتانەی کە دووگیانن و تووشی نەخۆشی حەمەماڵتا بوون پێویستە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی ئافرەتان بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی خۆیان و کۆرپەلەیان. تاقیکردنەوەی تاقیگەیی و کۆرسێکی کورت لە دژە بەکتریاکان کە ناسراوە بە پرۆفیلاکسی دوای بەرکەوتن (PEP) پێشنیار دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئافرەتانی دووگیان. دەستنیشانکردنی خێرا و چارەسەرکردنی حەمەماڵتا لە ماوەی دووگیانیدا دەتوانێت ژیانی کۆرپەلە ڕزگار بکات. لە کاتێکدا گواستنەوەی نەخۆشییەکە دەگمەن لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ تۆمارکراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت حاڵەتی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە دایکەوە بۆ کۆرپەکەی کەمە.

مەترسی ڕاوچی

زۆرێک لە ئاژەڵەکان دەکرێت بەکتریای برۆسڵێیان هەبێت. ئەگەر هەندێک جۆری ئاژەڵی کێوی ڕاو بکرێت، لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە حەمەماڵتا زیاد بێت. ئەمەش لەبەرئەوەی وەک ڕاوچییەک دەکرێت بەرکەوتنی هەبێت بە خوێن و ئەندامەکانی ئەو ئاژەڵانەی کە ڕاویانی کردووە. ئەو ئاژەڵانەی کە دەتوانن ڕاوچییەکان بخەنە مەترسییەوە:

  • بەرازی کێوی (بەرازی کێوی)
  • بایسوو
  • مووس
  • ئاسک
  • هەروەها، دڕندەکانی وەک ورچ و گورگەکان کە گۆشت خۆرن لەوانەیە دوای ئەوەی ئاژەڵە تووشبووەکان دەخۆن تووشی حەمەماڵتا ببن. هەروەها ئەو سەگانەی کە بۆ ڕاوکردن بەکاردەهێنرێن لەوانەیە مەترسییان بۆ حەمەماڵتا لەسەربێت. ئەگەر کەسێک ڕاو بکات یان تەڵەی ئەم جۆرە ئاژەڵە دڕندانە دابنات، پێویستە ئاگاداری مەترسییەکانی حەمەماڵتا بێت و خۆی بپارێزێت. 

دەستنیشانکردن

حەمەماڵتا دەتوانرێت لە تاقیگەدا دەستنیشان بکرێت بە دۆزینەوەی بەکتریا لە نموونەکانی خوێن، مۆخی ئێسک یان شلەکانی تری لەش. هەروەها دەتوانرێت تاقیکردنەوەی سیرۆلۆجی ئەنجام بدرێت بۆ دۆزینەوەی دژەتەنەکان دژی بەکتریاکان. لەو نەخۆشانەی گومانی تووشبوونیان هەیە سەرەتا پێویستە  خانەکانی بەکتریا بدۆزرێتەوە لە ناو ئەو نموونەیەی کە لە جەستەی کەسەکە وەرگیراوە دواتر پێشکنینی دژەتەنەکانی بۆ بکرێت بۆ دیاریکردنی جۆری بەکتریای برۆسێلا و هەروەها دیاریکردنی حاڵەتی نەخۆشییەکە و زانینی ئەوەی کە جەستەی کەسەکە بەرگری دروستکردووە یا نا.

جارەسەرکردن

پێش دەستپێکردنی چارەسەر، پێویستە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکەوە بکرێت. پاشان کاتێک بەکتریاکە لە جەستەی کەسەکە دەستنیشان دەکرێت، پزیشک دەتوانێت دژە بەکتریا بنووسێت. بە پشت بەستن بە کاتی چارەسەر و توندی نەخۆشییەکە، چاکبوونەوە لەوانەیە چەند هەفتەیەک بۆ چەند مانگێک بخایەنێت. مردن بەهۆی حەمەماڵتاوە دەگمەنە، ئامارەکان تا ئێستا لە ٢٪ی هەموو حاڵەتەکاندا زیاتریان تۆمارنەکردووە. بە شێوەیەکی گشتی، دژە بەکتریاکانی دۆکسیسایکلین و ڕیفامپین پێشنیار دەکرێن بە تێکەڵە بۆ ماوەی ٦-٨ هەفتە. پزیشک پێویستە ئاگادار بکەرێتەوە لە بوونی حاڵەتی:

  • دووگیانی
  • هەستیاری بۆ دۆکسیسایکلین یان ڕیفامپین
  • لاوازیی بەرگرییە کۆئەندام واتا کەمبوونەوە یان نەبوونی وەڵامی بەرگرییە کۆئەندام

خۆپاراستن

باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە بەکتریای بروسێلا کە هۆکاری نەخۆشی حەمەماڵتایە ئەوەیە کە دڵنیابیت لەوەی کە ئەم جۆرە خۆراکانە ناخۆیت:

  • گۆشتی کەم کوڵاو
  • بەرهەمە شیرییە بێ پاستۆرییەکان، لەوانە:
  • شیر
  • پەنیر
  • دۆندرمه

(شیری خاو گەرم دەکرێت بۆ پلەیەکی گەرمی بەرز بۆ ماوەیەکی کورت. ئەم پرۆسەی گەرمکردنەوەیە بەکتریا زیانبەخشەکان لەناو دەبات کە دەتوانێ شیرەکە سەلامەت نەکات بۆ خواردن).

ئەو کەسانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەن (وەک ڕاوچی و ئاژەڵدار) پێویستە خۆیان بپارێزن بە بەکارهێنانی:

  • دەستکێشی لاستیک
  • چاویلکە
  • جل و بەرگ

ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بەکتریاکانی ئاژەڵە تووشبووەکان ناچنە ناو چاوەکان یان ناو بڕین و برینی سەر پێست.


سەرچاوەکان



85 بینین