لە وەرزی هاویندا چۆن ئاگاداری پێستم بم؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-13-18:25:00 - کۆدی بابەت: 13166
لە وەرزی هاویندا چۆن ئاگاداری پێستم بم؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە وەرزی هاویندا چۆن ئاگاداری پێستم بم؟ (بە ئینگلیزی: How to take care of my skin in summer، بە عەرەبی: كيف أعتني ببشرتي في الصيف) کۆمەڵێک هۆکار هەن لە وەرزی هاویندا وادەکەن پێست زیاتر پێویستی بەگرنگی پێدان بێت. وەکوو بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی تیشکی بەهێزی خۆر. بێگومان کۆمەڵێک ڕێگاش هەن دەتوانین بیانگرینە بەر بۆ ئاگاداربوونی زیاتر لە پێستمان و پاراستنی لە گەرمای وەرزی هاوین.

چاودێری پێست لە هاویندا

وەرزی هاوین کاریگەری لەسەر پێست دەبێت، هەر بۆیە شایەنی ئەوەیە گرنگی پێبدەیت، هەروەها گۆڕینی ڕۆتینی چاودێری پێستت بۆ ئەوەی لە مانگە گەرمەکانی هاویندا بە باشترین شێوە دەربکەوێت، هەروەها ڕەچاوکردنی ئەوەی پێست پێویستی پێیەتی. هەرچەندە ڕەنگە پێست وەک زستان بە ئاسانی وشک نەبێتەوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە چاودێری هەیە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تیشکی خۆر و کاریگەرییەکانی بەرهەمەکانی دژەخۆر. هەروەها گرنگە لەم وەرزەدا پاککردنەوە و شێدارکردنەوە بەجێنەهێڵرێت؛ بۆ ئەوەی زیپکە دەرنەکەوێت.

پاککردنەوەی دەموچاو

بە بەکارهێنانی پاککەرەوەی دەموچاوی سووک ڕۆژانە چوار جار دەموچاو بشۆ، باشترە جۆری جێڵ بێت، مەگەر پێستەکە زۆر وشک بێت لەو حاڵەتەدا دەتوانرێت کرێمی پاککەرەوەی دەموچاو بەکاربهێنرێت. هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کێشەی پێستیان هەیە باشترە پێست پاک بکرێتەوە بە چوون بۆ ناوەندەکانی پاککردنەوەی پێست مانگی جارێک، لەوێ پسپۆڕان ڕێگای گونجاو دەگرنەبەر بۆ ئارامکردنەوەی پێست و پاککردنەوەی کونیلەکانی پێست و ڕزگاربوون لە هەستیاری پێست، چونکە بەرهەمهێنانی چەوری لەسەر پێست لە هاویندا زیاد دەکات و ئەمەش کونیلەکانی پێست دادەخات و دەبێتە هۆی کێشەی پێست.

پاراستنی لە خۆر

پێویستە دژەخۆر نیو کاتژمێر پێش بەرکەوتن بە تیشکی خۆر بەکاربهێنرێت، هەروەها لە کاتی ڕۆژدا دووبارە بەکاریبهێنرێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر بەرکەوتنی تیشکی خۆر لە نێوان کاتژمێرەکانی یانزەی بەیانیان و سێ ئێوارەدا بێت. چونکە تیشکی خۆر لەو کاتەدا بەهێزە.

بەکارهێنانی تۆنەر

تۆنەر کونیلەکانی پێست بە داخراویی دەهێڵێتەوە و پێست سارد دەکاتەوە، بۆیە دەبێت ئەو تۆنەرە بەکاربهێنیت کە گونجاو بێت لەگەڵ جۆری پێستت، یان ئاوی گوڵ بەکاربهێنیت، کە تایبەتمەندی ساردکردنەوەی پێستی هەیە.

بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی پێست 

پێویستە لە وەرزی هاویندا ئاوێکی زۆر بخۆیتەوە بۆ ئەوەی شێداری پێست بپارێزیت لەگەڵ ئەوەشدا نابێت واز لە شێدارکردنی پێست بهێنیت، بەتایبەتی بە شێدارکەرەوەی بنەمای ئاو، بۆ ئەوەی پێست بپارێزیت.

پێست لە ناوەوە شێدار بهێڵەرەوە

پێویستە خۆت بەدوور بگرێت لە خواردنەوە گازییەکان؛ چونکە شەکری تێدایە، کە بۆ پێست خراپە، بۆیە پێویستە شەربەتی تازە بخۆیتەوە، بۆ نمونە ئاوی گوێزی هیندی، ئاوی میوە، بە دڵنیاییەوە خواردنەوەی ئاویش زۆر گرنگە بۆ پاراستنی پێستێکی نەرم و تەندروست.

دانانی ماسکی پێست

هەفتانە دووجار پێست بە ماسک دابپۆشە و دواتر بیشۆوە، ئەگەر پێست چەور بوو، دەتوانرێت لە هەفتەیەکدا ٢-٣ جار ماسکی پێست بکرێت، بۆ ڕزگاربوون لە پێستی مردوو، ڕەنگکردنی پێست، بەرزکردنەوەی سوڕی خوێن، نوێکردنەوەی خانەکانی پێست، و هێشتنەوەی پێست بە نەرمی و ڕوونی.

کرێمی چاو

کرێمی چاوی ڕۆژانە لە هاویندا قورسە، بۆیە دەتوانرێت بە کرێمی چاوی سووک بگۆڕدرێت، هەروەها ئەوەی قورسە تەنها لە شەودا بەکاربهێنرێت، هەروەها دەبێت لێوەکان بە شێدارکەرەوەی لێو بپارێزرێت.

لابردنی ماکیاژ

زۆر پێویستە لە ئێواراندا ماکیاژ لاببرێت، بە بەکارهێنانی کرێمی تایبەت لەگەڵ لابەری ماکیاژێکی سووک، پاشان شۆردنی دەموچاو بە پاککەرەوەیەکی نەرم یان شوشتن بە ترشی گلایکۆلیکی سووک. دواتریش شێدارکەرەوەیەکی سووک و بێ بۆن بەکاربهێنە.

چاودێری پێستی چەور لە هاویندا

چەند شتێک هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت بۆ گرنگیدان بە پێستی چەور لە هاویندا، لەوانە:

  • لەکاتی دانانی ماسکی پێست بە توندی پێست مەشۆ، چونکە ئەو چەوریانەی پێست بەرهەمی دەهێنێت پێست شێدار دەهێڵنەوە و لە خوران دەیپارێزن، هەروەها پاککەرەوەیەکی نەرم و بێ کحولی پێست بەکاربهێنە.
  • زوو زوو شۆردنی دەموچاو هاندەری بەرهەمهێنانی چەورییە لە مانگەکانی هاویندا، بۆیە دەتوانرێت تەنها دوو جار لە ڕۆژێکدا دەموچاو بشۆردرێت، هەروەها پێویستە پاککەرەوەیەک کە ترشی سالیسیلیکی تێدایە هەفتەی جارێک بەکاربهێنرێت.
  • بە دەست دەست لە دەموچاو مەدە، بۆ ئەوەی پێست چەورتر نەبێت.
  • بەکارهێنانی تۆنەرێک کە کوالێتی چەورکەری هەبێت دەتوانیت بە ڕێژەیەکی یەکسان لەگەڵ ئاوی گوڵدا تێکەڵی بکەیت و لە ساردکەرەوەدا بیهێڵیتەوە کە شێدارکەرەوە و پاککەرەوەی تێدایە و ترشی گلایکۆلیک و ترشی سالیسیلیک و نیاسین ئەمید و کافاینیان تێدایە بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانە گرنگە ڕۆژانە جارێک یان دووجار.
  • ئەو خۆراکانە بخۆ کە ڤیتامین ئەی تێدایە؛ چونکە پێستی چەور دەکاتە سروشتی و ئاسایی، هەروەها پێویستە لە پرۆسەی نوێکردنەوەی خانەکانی پێستدا، دەتوانرێت لەڕێگەی تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە وەربگیرێت، یان لەڕێگەی خواردنی گێزەر و سپێناخ و شووتی و ماسی.
  • هەفتەی جارێک ماسکی پێست دابنێ، هەروەها دەتوانیت میوە و خەیار و لیمۆی تێبکەیت بۆ ئەوەی سکرابێکی سروشتی ماڵەوە دروست بکەیت. چونکە ئەمە زیاتر لەگەڵ پێستی چەوردا دەگونجێت.

چاودێری پێستی وشک لە هاویندا

چەند شتێک هەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت بۆ گرنگیدان بە وشکبوونەوەی پێست لە مانگەکانی هاویندا، چونکە ئەم پێستە دەبێتە هۆی درز و خوران و توێکهەڵدان، لەوانە:

  • دوش بە ئاوی گەرم مەکە و دوشێکی کورت بگرە و سابونێکی گونجاو بۆ پێستی وشک و دوور لە بۆن بەکاربهێنە.
  • بەکارهێنانی شێدارکەرەوە دوای پاککردنەوەی پێست بە پاککەرەوەیەکی سووک، باشترە ئەو جۆرەی کە سیرامید لەخۆبگرێت هەروەها ماسکی توند و زۆر بۆ پێستت بەکارمەهێنە. چونکە دەبێتە هۆی خورانی وشکبوونەوەی پێست.

چاودێری پێستی تێکەڵ لە هاویندا

پێستی تێکەڵ بەزۆری چەورە لە ناوچەی پێشەوە و لووت و چەناگە کە پێی دەوترێت ناوچەی T و بەشەکانی تری پێست وشکە، بۆیە ئەستەمە ئەو بەرهەمە هەبێت کە بە تایبەتی بۆ ئەم جۆرە پێستە دروستکراوە، کە لە وەرزی هاوینیشدا تووشی هەراسان دەبێت وەک چۆن دەبێت دەردانی چەوریەکان لە شوێنە چەورەکاندا کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەروەها پێویستە شێداری لە شوێنە وشکەکاندا بپارێزرێت، بۆیە دەتوانیت هەندێک تێکەڵەی ماڵەوە تاقی بکەیتەوە کە ئاگاداری ئەم جۆرە پێستەن، وەک تێکەڵەیەک لە هەنگوین و ماست و گوڵەبەڕۆژە و ئاو. چونکە هەنگوین شێدارکەرەوەیەکی سروشتییە و ماست پێست نەرم و شێدار دەکات، هەروەها ئاوی گوڵ کۆنتڕۆڵی دەردانی چەوری دەکات، پێست تازە دەکاتەوە و لە تیشکی خۆر دەیپارێزێت، کە بەم شێوەیە بەکاردەهێنرێت:

پێکهاتەکانی

  • کەوچکێک هەنگوین.
  • کەوچکێک ماست.
  • کەوچکێک ئاوی گوڵەبەڕۆژە.

چۆنیەتی ئامادەکاری

  • پێکهاتەکان تێکەڵ بکە و بە یەکسانی بیدە لە پێست.
  • ماسکەکە لەسەر پێست بهێڵەرەوە بۆ ماوەی ١٥-٢٠ خولەک.
  • دوای ئەوە پێستەکە بە ئاوی سادە بشۆ.

چاودێری پێستی هەستیار لە هاویندا

پێستی هەستیار ئەو جۆرە پێستەیە کە زۆرترین ئازار دەچێژێت و سەختترین جۆری پێستە تا گرنگی پێبدرێت. پێست بەهۆی چەند هۆکارێکەوە هەستیار دەبێت، وەک بەکارهێنانی بەرهەمەکانی چاودێری پێست کە بۆی ناگونجێت، یان چوونە دەرەوە لەبەر تیشکی خۆر کە دەبێتە هۆی سووربوونەوە، هەروەها کاردانەوەی ئەم پێستە لە کەمێکەوە دەست پێدەکات بۆ توند، بۆیە باشترە کەم کەم بەرهەمە تازەکان بۆ ئەو جۆرە پێستە بەکاربهێنرێت. گرنگیدان بە بەکارهێنانی ماددە سروشتییەکان لەسەر پێستی هەستیار، وەک هەنگوینی سروشتی؛ چونکە بە شێوەیەکی سروشتی پێست چاک دەکاتەوە، یان مۆز بەکاربهێنیت؛ چونکە خورانی پێست ئارام دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



66 بینین