پڕۆگرامی پۆرتاج

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-24-15:07:00 - کۆدی بابەت: 13279
پڕۆگرامی پۆرتاج

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پڕۆگرامی پۆرتاج بە ئینگلیزی (Portaj program)، بە عەرەبی (برنامج بورتج)، یەکێکە لە پڕۆگرامە جیھانییەکانی دەستێوەردانی پێش وەختە ئەم پڕۆگرامە تایبەتە بە ڕاھێنان پێکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناو ماڵەکانیاندا و لەو ژینگەیەی کە تیایدا دەژین، بیرۆکەی پڕۆگرامەکە بریتیە لە زیاد کردنی زانیاری بۆ دایک لەڕێگەی سەردانیکردنی منداڵەکانیان یەک جار لە ھەفتەیەکدا ماوەکەی یەک کاتژمێرو چارەکێکە کە سەبارەت بە بنەماکانی پەیوەندیدار بە چاودێریکردنی منداڵەکە و فێرکردنی تایبەت و وروژێنەرە ھەستیەکان  کە دەبێتە ھۆی گەشە پێکردنی تواناکانیان، ئەم پڕۆگرامە خزمەتی چینە جیاوازەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات وەک: پەککەوتە ژیرییەکان، پەککەوتەییە جەستەیەکان، فرە پەککەوتە، گرفتەکانی ئاخاوتن، ئەم پڕۆگرامە بنیادنرا لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٩ بۆ چەندین زمان وەرگێڕدرا.

جێبەجێکردنی پرۆگرامی پۆرتاج

  • دیاریکردنی تەمەنی دەستپێکردن (خاڵی دەستپێکردن).
  • دیاریکردنی تەمەنی منداڵ بە ڕێکوپێکی.
  • ئەنجامدانی سەربەخۆی منداڵەکە: واتە منداڵەکە دەتوانێت ڕەفتارەکە ئەنجام بدات بەبێ یارمەتیدانی هیچ کەسێک کاتێک داوای لێدەکرێت ئەنجامی بدات.
  • ئەنجامی هاوشێوە: پێویستە منداڵەکە لە دوای ئەنجامدانی ھەر ڕەفتارێک دەبێ لە لیستێکدا تۆماری بکات و چاودێری بکات بە پێی پێویست.
  • یاسای ڕاگرتن: پێویستە تاقیکار بوەستێت ئەگەر منداڵەکە ٧ بۆ ١٠ شت لە ئاستێکدا جێبەجێ نەکات و نابێت بچێتە ئاستی داهاتوو تا ئەو کاتەی ئاستی پێشووی بە تەواوی ئەنجام نەدابێ کە بە سەرکەوتووی ئەنجامی دا ئینجا دەتوانێت تێپەڕ ببێت بۆ قۆناغێکی تر.
  • بەرواری تەواوبوون: ئەو ڕۆژەیە کە منداڵەکە ئەنجامی ڕەفتارێکی نوێی تەواو کردووە کە پێشتر نەیبووە.

ئامانجی بەرنامەی پۆرتاج

١- پێشکەشکردنی پێش وەختە لە ناو ماڵەکاندا واتە ژینگەی منداڵی پەککەوتە لە تەمەنی لە دایک بوون تا تەمەنی ٩ ساڵان.

٢- دەستنیشان کردن و دۆزینەوی پێش وەختە بۆ پەککەوتنەکە لە ڕێگای ھەڵسەنگاندنی ئەو منداڵانەی کە دەناڵێنن بە دەست ئەو کێشانەی کە پەیوەندیان ھەیە بە گەشەو پێدانی پڕۆگرامەکانی  پێش وەختە لە تەمەنی زۆر بچوک تا دەتوانرێت.

٣- بەشداری پێکردنی ڕاستەوخۆی دایک و باوک لە پڕۆسەی فێرکردن و ڕاھێنان پێکردنی منداڵی پەککەوتوو، کە ئەم ڕێگایە بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازە کاراکان دادەنرێت  بۆ ڕاھێنان پێکردنی منداڵی بچوک لەبەر پێویستی خێزانی منداڵەکان بە ڕاھێنان بەردەوام سەبارەت بە کاریگەری خستنە سەر منداڵەکان و پێدانی لێھاتوویەکان کە یارمەتیان بدات بۆ گونجاندن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.

٤-پێدانی پڕۆگرامێک کە گرنگی بدات بە قۆناغی منداڵی سەرەتای و فێرکردنی تایبەت.

٥- دیاریکردنی خاڵی لاواز و بەھێزی منداڵەکە بەدروست کردنی پڕۆگرامێکی تایبەت بۆ ھەر منداڵێک بنەماکە بەپێی ئەو خاڵانە و لەسەر ئاستی ئێستای منداڵەکە و توانستەکانی بە ھاوکاری خێزانەکەی.

کەواتە پۆرتاج ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ خێزانەکان کاربکەن بۆ یارمەتیدانیان بۆ پەرەپێدانی جۆریەتی ژیان و ئەزموون، بۆ خۆیان و منداڵە بچووکەکانیان، کە تیایدا دەتوانن پێکەوە فێربن، پێکەوە یاری بکەن، بەشداری بکەن و لە کۆمەڵگاکەیاندا جێگیر بکرێن.

پۆرتاج بۆ پەروەردەی سەرەتایی پێکدێت لە

ڕێنمایی بەکارهێنان

کورتەیەک لە مێژووی پشکنینەکە، پێداچوونەوە بە پرۆسەی دەستنیشانکردن لە ڕێگەی پرۆگرامەکەوە، هەروەها ڕوونکردنەوەیەک لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی پڕۆگرامەکە و ئامرازەکانی لەخۆدەگرێت.

لیستی پشکنین (تێبینی) 

دەفتەرێکی بچووکە و کۆمەڵێک لاپەڕە لەخۆدەگرێت، لە لاپەڕەی یەکەمدا داتای منداڵەکە دەنووسرێت، وەک:  تەمەن، ئەدای کارکردن، بەرواری تەواوکردنی، تێبینی. پاشان ئەو لاپەڕانە دێن کە تێیدا لاپەڕەی تایبەت بە لایەنە جیاوازەکانی گەشەکردن هەیە، ئەم بڕگانە ئەو دەستەواژانەن کە باس لە ئەدای کارامەیی یان ڕەفتارێکی دیاریکراو دەکەن، پێویستە دایک و باوک یان پسپۆڕان دیاری بکەن کە کام لە دەستەواژەکان بۆ منداڵەکە دەگونجێت.

پرۆگرامی پۆرتاج لەسەر بنەمای ئەم هەنگاوانە دامەزراوە

سەردانیکردنی ماڵەوە

ئەمانە ئەو سەردانانەن کە لە ماڵەوەی منداڵەکەدا ئەنجام دەدرێن، زۆرجار ئەم سەردانانەی ماڵەوە لە لایەن پسپۆڕی پەروەردەی تایبەت، سەرپەرشتیاری پڕۆگرامەکە، توێژەری کۆمەڵایەتی، چارەسەرکاری قسەکردن، یان یەکێک لەو دایکانە ئەنجام دەدرێن کە بە باشی ڕاهێنانی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆگرامەکە کردووە و ئەزموونی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خێزان و منداڵان کە سەردانیکەری ماڵەوە ڕاهێنان بە دایک و باوک دەکات لەسەر چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی تواناکانی منداڵەکەیان و چۆنیەتی کارکردن لەگەڵیاندا لە ڕێگەی چالاکییە پەروەردەییە نووسراوەکانەوە.

دواتر بۆ ماوەی هەفتەیەک سەردانی خێزانەکە دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە بەدەستی هێناوە و ئەرکی پەروەردەی نوێ بە دایک و باوکەکە بدات کە چالاکییەکانی فێربوونی نووسراوە. سەردانیکەری ماڵەوە سەردانێک بۆ خێزانەکە دەکات، تیایدا چالاکییە پەروەردەییەکانیان پێشکەشیان دەکات کە بە تاک بۆ هەر منداڵێک بە جیا نووسراون و دیزاین کراون وەک ئەرکێکی پەروەردەیی کە پێویستە لەگەڵ منداڵەکانیان ئەنجامی بدەن، پاشان هەفتەی دواتر سەردانی دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی ئەرکەکانی خێزانەکە ئەنجامدان لەم چالاکییانەدا و چالاکیی نوێیان پێبدرێت.

  • چاودێری و تۆمارکردن:

سەردانیکەری ماڵەوە نەک هەر خێزانەکە ڕاهێنان دەکات لەسەر چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵەکەی، بەڵکو ڕاهێنانیان پێدەکات لەسەر چۆنیەتی تۆمارکردنی هەموو شتێک کە پەیوەندی بە منداڵەکەیانەوە هەیە بەپێی پرۆگرامی پۆرتاج و چۆنیەتی هەژمارکردنی پێشکەوتنەکانیان لە بوارە جیاوازەکانی پرۆگرامەکەدا.

  • چاودێری خولیی: سەردانێکە لەلایەن سەرپەرشتیاری پڕۆگرامەکە:

لەگەڵ سەردانیکەری ماڵەوە، یان کۆبوونەوەی خولییە کە خێزان و سەردانیکەری ماڵەوە و پسپۆڕانی بەشدار لە جێبەجێکردنی پڕۆگرامی پۆرتاج کۆدەکاتەوە ئەم سەردانە یان کۆبوونەوەیە هەموو هەفتەیەک دەبێت، هەر دوو هەفتە جارێک، یان هەموو مانگێک، بەپێی پێویستی. پاشان ئەو ئامانج و لێهاتووییانەی کە منداڵ فێری دەبێت پەرەیان پێدەدرێت. هەر سەردانێک پلانی بۆ دانراوە بۆ چالاکی تایبەت بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەی منداڵ و پێشکەوتنی ڕەفتار و لێهاتوویی منداڵ لەکاتی سەردانەکەدا باس لەوە دەکرێت پرۆگرامی پۆرتاج وەک سەکۆیەکی پەروەردەیی بۆ منداڵان بەکاردێت، کە تیایدا ڕاهێنان و چالاکییەکان بۆ پەرەپێدانی کارامەیی و تواناکان لە چوارچێوەی یاریکردندا ئەنجامدەدرێت. ئەمە دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوە و فێربوون و بەشداریکردن، یارمەتی دروستکردنی کارلێکی ئەرێنی دەدات لە نێوان دایک و منداڵدا. هەروەها ئامراز و یارمەتییە پەروەردەییەکان وەک قەرزێک بۆ خێزانەکە دابین دەکرێن بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەوەی سوود بە خێزانەکانی دیکە بگەیەنن.

هەنگاوەکانی پڕۆگرامی پۆرتاج

  • هەڵسەنگاندنی تواناکانی ئێستای منداڵ.
  • دیاریکردنی ئامانجی ڕاھێنان کردنەکە بە منداڵ.
  • دانانی پلان و چالاکییەکان و ڕاهێنانەکان لەلایەن ڕاھێنەر.   
  • ڕاهێنانی دایک و باوک لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی چالاکی لەسەر منداڵەکە.
  • تێبینی دایک و باوک لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی لەلایەن منداڵەکەوە.
  • دەستکردن بە ئەنجامدانی چالاکیەکە.
  • کۆبوونەوەی تیمەکە بۆ دیاریکردن و بەدواداچوونی ئاستی گەشەکردنی منداڵەکە.

هەنگاوەکانی سەردانیکرنی ماڵەکان

  • دیاریکرنی کاتی سەردانییەکە.
  • دڵنیابوون لەوەی دایک و باوک لە ماڵەوەن.
  • کۆبونەوە لەگەڵ دایک و منداڵ و قسە کردن لەگەڵیاندا.

جۆری یارمەتییەکان کە پێشکەش بە مناڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت

١- یارمەتیدانی جەستەیی:- وەک (قۆڵ و مەچەک و دەستگرتن لەکاتی نوسین) یان (بنباڵ و قۆڵ ودەست وپەنجە گرتنی لەکاتی ڕۆشتن بازدان).

٢- یارمەتیدانی بەچاو سەیرکردن:- کاتێک مامۆستا و دایک و باوک لەبەرچاوی منداڵدا کاروچالاکییەک دەکەن تا منداڵەکە دوای بینینیان لاساییان بکاتەوە، ئیتر لاسایکردنەوەکە هی بەشێکی کارەکە بێت یان هەمووی.

٣- یارمەتیدان بە قسە کردن لەگەڵ منداڵەکە:- واتە ڕوونکردنەوەی ئامانجی چالاکی و فێرکردنەکە بە وشە و قسەکردن، یان بۆ منداڵانی نابیست بە ئاماژەکردن دەبێت ئەمەش چەند شێوازێک لەخۆدەگرێت لەوانە:-

  • بڕگەیەکی وشەکە دەوترێت (تۆ) لەجیاتی (تۆپ) یان (با) لەجیاتی (بازنە).
  • یان تەنها پیتی یەکەم دەوترێت بۆ نموونە (چ) لەوشەی (چاو).
  • باسکردن و ڕونکردنەوەی ئەو شتەی کە مەبەستە فێری بکرێت بۆنموونە وەسفکردنی تۆپ یان چاو ڕەنگی وئەرکەکانی.
  • بە قسە ڕێنمایی وئاڕاستەکردنی مناڵ لەکاتی (دان شۆردن وجلوبەرگ لەبەرکردن و نانخواردن).

دەستکەوتی تەواو

لە کۆتاییدا دەبێت ھەڵسەنگاندنێک بۆ دەستکەوتەکانی منداڵەکە بکەین بەڵام ھەندێکجار ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ ئەو منداڵانە بەکارناھێنین کە گەورەترن ئەمەش لەبەر ئەوە نیە کە لە توانایاندا نییە ئەنجامی بدەن بەڵکو لەبەرئەوەیە زۆربەی ئەو بابەتانەی کە تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت ئەمان لە قۆناغی پێشوترا ئەنجامیان داوە و دووبارە دەبێتەوە بۆیان.

سوودەکانی پڕۆگرامەکە

  • ئاسانکاری لە بەکارهێنان.
  • پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە ژینگەی منداڵ لەگەڵ خێزان.
  • هاتنی بۆ ناوچە دوورەدەستەکان کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە.

بوارەکانی پڕۆگرامەکە

  • پەیوەندی کردن وزمان و قسەکردن.
  • لایەنی درکپێکردن و مەعریفە.
  • یارمەتیدانی خود.
  • بواری گەشەپێدانی جووڵەیی.
  • بەکۆمەڵایەتی کردن.


سەرچاوەکان



15 بینین