پەیوەندیی دەستنووس بە کەسایەتیتەوە

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-06-24-15:53:00 - کۆدی بابەت: 13285
پەیوەندیی دەستنووس بە کەسایەتیتەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەندیی دەستنووس بە کەسایەتییەوە یان شێوازی دەستنووس چی دەربارەی کەسایەتیت دەڵێ؟ (بە ئینگلیزی: handwriting relation to personality, what does handwriting says about your personality، بە عەرەبی: علاقة خط اليد بالشخصية، ماذا يقول خط اليد عن شخصيتك) خوێندنی دەستنووس بە گرافۆلۆجی ناسراوە، ماوەی سەدان ساڵە کاری لەسەر دەکرێت. خوێندن و فێربوونی گرافۆلۆجی چەندین سوودی هەیە، چۆنیەتی نووسین دەتوانێت ئاماژە بە زیاتر لە ٥٠٠٠ تایبەتمەندی کەسایەتی جیاواز بکات. لە بواری پزیشکیدا، دەتوانرێت وەک یارمەتیدەرێک بۆ دەستنیشانکردن و شوێنکەوتنی نەخۆشییەکان بەکاربهێنرێت.

هەروەها لە ڕووی یاساییەوە گرنگییەکی زۆریان پێدەدرێت، بۆ نموونە لە حاڵەتی ئیمزاکان و سەلماندنی ئەوەی کە ئایا واژۆ و ئیمزاکان ڕاستەقینەن یان ساختەن دەکرێت گرنگ بن، یان پسپۆڕانی گرافیکی دادوەریی کاریان لەسەر چەندین کەیسی دادگا کردووە بە بەکارهێنانی دەستنووس بۆ دڵنیابوونەوەی ئایا گومانلێکراوێک تاوانێکی ئەنجامداوە. شیکەرەوەی دەستنووسەکان لێکۆڵینەوە لە نموونەی نووسین دەکەن بۆ دیاریکردنی جۆری کەسایەتی و هەندێک لە کۆمپانیاکان ئەم شیکردنەوەیە ئەنجام دەدەن پێش ئەوەی کارمەندی نوێ دابمەزرێنن. تەنانەت هەندێک جار ئەم ڕێگایە بەکاردێت بۆ یارمەتیدانی هاوسەرەکان، بۆ ئەوەی بزانن ئایا پێکەوە دەگونجێن یان نا. 

دەستنووسەکەت دەتوانێت چی پێ بڵێت دەربارەی کەسایەتیی و تێڕوانینی ژیانت؟ زانایانی گراف دەڵێن کە هەرچەندە لەوانەیە لە قوتابخانە وا فێرکرابیت کە پیتەکانت بەشێوەیەکی دیاریکراو بنووسیت، بەڵام خەڵک لەو فێرکردنە لادەدەن کاتێک گەورەتر دەبن و گەشە بە دەستنووسێکی تایبەتی خۆیان دەدەن. گرافۆلۆجی لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن ئەو لادانانە دەتوانن دەربڕینی تایبەتمەندییەکانی کەسایەتییەکی دیاریکراو بن. کاتێک شیکردنەوە بۆ دەستنووس دەکرێت گرنگی بە چەندین لایەنی جیاواز دەدرێت لەوانە: قەبارەی پیتەکانت، بۆشایی نێوان وشەکان، شێوەی پیتەکانت و زیاتر هەموویان دەتوانن نیشانەی تایبەتمەندییە جیاوازەکان بن کە زۆر دەربارەی کەسایەتیی کەسێک دەڵێن. 

شێوازی دەستنووس چی دەربارەی کەسایەتیت دەڵێ؟

شێوازی نووسینی پیتەکان: چەند پیتێک هەیە لە ئەلفوبێدا کە دەتوانرێت بە چەندین شێوەی جیاواز بنووسرێت و هەموو کەسێک بە شێوازی خۆی پەرەی پێدەدات. شێوازی نووسینی هەندێک پیتی دیاریکراو لە زمانی ئینگلیزیدا دەتوانێت ئاماژەیەکی گەورە بێت بۆ کەسایەتی. ئەگەر بەشێوەی بازنەیی و بازنەی کراوە و چەماوەیی وشەکان دەنووسیت، ئەوا زیاتر کەسێکی خەیاڵی، داهێنەر و هونەرییت و زیاتر ئارام و کراوەیت. بە پێچەوانەوە، ئەو کەسانەی وشەکان بە هێڵی ڕاست و تیژ و شێوازی نووسینێکی ڕەقیان هەیە، کەسانی زیرەک و سەرنجڕاکێش و گرژ و توندوتیژن. 

قەبارەی پیتەکان: قەبارەی پیتەکانی نووسەر نیشانی دەدات کە چۆن لەگەڵ ژینگەکەیان دەگونجێن. گرافیکناسان هێڵێکی نووسین دابەش دەکەن بەسەر سێ ناوچەدا- ناوچەی سەرەوە، ناوەڕاست و خواروو، لەوانەوە قەبارەی پیتەکان دیاری دەکەن. لەوانەیە پیتە گەورەکان ئاماژە بەوە بکەن کە کەسەکە کۆمەڵایەتییە و حەزدەکات ببێتە ناوەندی سەرنج، هەروەها دەتوانێت ئاماژە بە متمانەبەخۆبوونێکی ساختە بکات و ئارەزووی ئەوە بێت کە کەسەکە ببێتە شتێک کە ئەوان نین. لەکاتێکدا ئەوانەی پیتەکان بچووکتر دەنووسن، شەرمنن، ترسنۆکن، سادەن، هەروەها دەستنووسی بچووک دەتوانێت ئاماژە بە کەسێک بکات کە وردبینن و تیشکێکی بەهێزی هەیە و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە یەک کاتدا، کار لەسەر یەک شت دەکات نەک فرە ئەرک بێت. ئەو دەستنووسانەی قەبارە مامناوەندن، واتە کەسەکە دەتوانێت بەباشی خۆی بگونجێنێت و کەسێکی بێفیز و مامناوەندە و هاوسەنگی ڕادەگرێت.

لارکردنەوەی پیتەکان: سەیری وشەکان و پیتەکان بکە لەوانەیە وشەکان بەلای ڕاست یان چەپ لار کرابنەوە، یان لەوانەیە بە تەواوی ڕاست بن. ئەگەر پیتەکان بەلای ڕاست لار ببنەوە (واتە لە شێوازی نووسینی فۆنتی ئیتاڵی بن)، ئەوا نووسەر کەسێکی کراوە و هەڵەشەیە، هەمیشە بەدوای شتی نوێدا دەگەڕێت و خەڵکی نوێ دەناسێت. ئەو نووسەرانەی کە وشەکانیان بەلای چەپ لار دەکەنەوە، چێژ لە تەنیایی و نەناسراوی خۆیان وەردەگرن، لەوانەیە بەرگریکار بێت و لە داهاتوو بترسێت. ئەگەر نووسینەکانی کەسێک ڕاستەوخۆ بەرەو سەرەوە و خوارەوە ڕێک بێت، لۆژیکیین و مێشکیان زاڵە بەسەر هەستەکانیان و سەربەخۆن. هەروەها چەند پیتەکان لار دەکرێنەوە بەلای ڕاست یان چەپدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە باسکران چەندێک زاڵ بووە بەسەر کەسەکەدا، بۆیە لاربوونەوەیەکی زۆر دەتوانێت نیشانەی نەبوونی کۆنترۆڵی خۆیی بێت. بەڵام ئەگەر نووسەر دەستی چەپ بێت، پێویستە شیکردنەوەی لای ڕاست و چەپ کە لەسەرەوە باسکران پێچەوانە بکرێنەوە.

بە واتایەکی دیکە ئەگەر کەسێکی دەستی چەپ وشەکانی بۆ لای ڕاست لار بکاتەوە، لەوانەیە زیاتر داخراو بێت، لە کاتێکدا ئەگەر وشەکانی بۆ لای چەپ لار بکاتەوە، لەوانەیە زیاتر کراوە و کۆمەڵایەتی بێت. بۆشایی نێوان پیتەکان و وشەکان: بۆشایی نێوان پیتەکان نیشانی دەدات کە نووسەر چەندێک پێویستی بە بۆشایی کەسیی هەیە. کەسێک کە بۆشاییەکی زۆر لە نێوان پیتەکانیدا بەجێدەهێڵێت، حەزی لە قەرەباڵغی نییە و پێویستی بە سەربەخۆیی و بۆشاییەکی تایبەتیی زۆرە. ئەگەر پیتەکانیان لە یەکتر نزیک بن یان تەنانەت لەسەر یەک بن، ئەوە نیشان دەدات کە ئەوان پێیان باشترە لە دەوروبەری خەڵک بن و زوو لە تەنیایی بێزاردەبن، هەندێک کات کەسانی بێزارکەرن و بۆشایی کەسییی نادەن بە کەسی بەرانبەریان کە پێویستیان پێیەتی.

هەروەها بۆشایی نێوان وشەکان پەیوەندی بە کەسێکەوە هەیە کە چەند کۆمەڵایەتیە. نووسەرێک کە بۆشاییەکی فراوانتر لە نێوان وشەکانی بەجێدەهێڵێت، زۆربەی کات خۆی لە خەڵک دوور دەگرێت و زۆر گۆشەگیرە. بە پێچەوانەوە، کەسێک کە وشەکانی نزیک لەیەکەوە دەنووسێت، لەوانەیە چێژ لە قەرەباڵغی و دەوروبەری خەڵک ببینێت. ئەگەر شێوازی نووسینی پیتەکان هەموویان بەیەکەوە لکابوون و بەسەریەکەوە نووسرابوون، ئەوا نووسەر کەسانی لۆژیکین و سیستەماتیکن و بڕیارەکان بە وریاییەوە دەدەن و ڕێکوپێکتر کارەکانیان دەکەن.

بۆشایی نێوان ڕیزەکان (دێڕەکان): ماوەی نێوان دێڕەکان کاردانەوەی کەسەکان لە پەیوەندییکانیاندا نیشان دەدات. ئەو نووسەرانەی کە بۆشاییەکی گەورە لە نێوان دێڕەکان جێدەهێڵن، بیرکردنەوەی ڕوون و ڕێکخراوییان هەیە و لە پەیوەندیەکانیان سنوور دانانیان هەیە. لەخۆدڵنیان و دووربینن. ئەو نووسەرانەی کە بۆشایی بچووک لە نێوان هێڵەکان جێدەهێڵن بە گشتی لە دابڕان و تەنیامانەوە دەترسن و لەوانەیە کێشەیان لەگەڵ سنوورە کەسییەکاندا هەبێت.

خێرایی نووسین: ئەگەر کەسێکیت بەخێرایی دەنووسیت ئەوا  بێئارامیت، ڕقت لە دواخستنی کارەکانت و کات بەفیڕۆدانە. ئەگەر بە هێواشی بنووسیت ئەوا کەسێکی ڕێکخراوتریت،  پشت بە خۆت دەبەستیت، کارەکانت هەنگاو بە هەنگاو و لەسەرخۆیی دەکەیت.

لاربوونەوەی ڕیزی نووسین: ئەمە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕوانگەی نووسەرەوە ژیان چۆنە. کەسێک کە ڕیزی نووسینەکەی لە چەپەوە بەرەو سەرەوە دەڕوات بەگشتی بە گەشبینی لە ژیان دەڕوانێت، لە کاتێکدا کەسێک کە نووسینەکەی بەرەو خوارەوە لێژ دەبێتەوە زیاتر بە ڕەشبینن دادەنرێت. ئەگەر ڕیزی نووسین بە شێوەیەکی گشتی ڕێک و یەک ئاست بن، ئەوا کەسێکی هاوسەنگن. لاربوونەوەی لێواری بنچینەیی بەزۆری زیاتر نیشانەی هەستی کەسەکەیە لەکاتی نووسیندا، نەک کەسایەتیی گشتی. بۆیە ئەگەر دەتەوێت شیکردنەوەی کەسایەتی گشتی کەسێک بکەیت، چەند نموونەیەکی جیاواز لە ڕۆژ و کاتی جیاواز وەربگرە.

پەستانی پێنووس: پەستانی پێنووس پێت دەڵێت چۆن وزەی جەستەیی و سۆزداری نووسەر کار دەکات. دەتوانیت بە تاریکی و چڕی مەرەکەبەکە لەسەر لاپەڕەکە ئەمە بزانیت، یان هەڵدانەوەی ئەودیوی تری کاغەزەکە و سەیرکردنی بەجێمانی شوێنی پێنووسەکە. ئەو کەسانەی کە بە فشارێکی زۆرەوە دەنووسن هەستەکانیان بەهێزن، شتەکان زۆر بە جددی وەردەگرن، زۆرجار زوو هەڵدەچن و ناجێگیرن. ئەو کەسانەی کە زۆر بەسووکی دەنووسن بەشێوەیەکی گشتی زیاتر ناچالاکن، وزەیان کەمترە، هەستیار و میهرەبانن، خۆیان بەدووردەگرن لە ڕووبەڕووبوونەوە. زۆربەی خەڵک بە پەستانی مامناوەند دەنووسن، کە زیاتر ئاماژە بە هاوسەنگی دەکات. کەسێک کە بە پەستانێکی زۆرەوە دەنووسێت زۆرجار زۆر بە هێواشی دەنووسێت، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە بە پەستانی سووک دەنووسن زۆرجار زۆر بە خێرایی دەنووسن.  ئەمیش زۆرجار تەنها ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ئەوان چۆن هەست دەکەن لەوکاتەدا، نەک کەسایەتی گشتییان بێت.

پەڕاوێز: پەڕاوێز واتە ئەو بۆشایی و ماوەیەی کە لە قەراغەکانی لاپەڕەکەتەوە بەجێی دەهێڵیت لەکاتی نووسیندا. ئەو بۆشاییەی کە کەسێک بەجێیدەهێڵێت بۆ نووسین هاوتایە لەگەڵ بیرکردنەوە لە کاتەکانی. لە نووسینی ئینگلیزیدا، ئەو کەسانەی لەسەرەتای دێڕەکان، واتا لە لای چەپەوە بۆشایی بەجێدەهێڵن، کەسانێکن کە زۆر بیر لە ڕابردوو دەکەنەوە و زوو شتەکان لەبیر ناکەن، ئەوانەی کە لەکۆتایی دێڕەوە واتە لەلای ڕاستەوە بۆشایی بەجێدەهێڵن، زۆر بیر لە داهاتوو دەکەنەوە و لە داهاتوو دەترسن. لە کاتێکدا ئەوانەی لە هیچ لایەکی لاپەڕەکەوە بۆشایی جێناهێڵن، پێت دەڵێت کە کەسەکە هەمیشە بیردەکاتەوە و بەپەرۆشە بۆ ئەنجامدانی شتی نوێ یان کەسێکی شلۆقە و زۆر بڕوای بەخۆی نییە. نووسین لە نزیک سەرەوەی لاپەڕەکە مانای ئەوەیە کە کەسەکە خەیاڵییە، لەکاتێکدا نووسین بۆ لێواری خوارەوەی لاپەڕە پێت دەڵێت کە کەسەکە مەنتیقی و کردارییە. ئەو کەسانەی کە لە هەموو لایەنەکانی نووسینەکەیاندا پەراوێزێکی زۆر یەکسان بەجێدەهێڵن، وا بیر دەکرێتەوە کە کەسێکی هاوسەنگ و ڕێکخراون.

گۆڕانی دەستنووس: هەندێک کەس لەکاتی نووسین چەندین شێوازی جیاواز بەکاردەهێنن و زۆرجار لە لاپەڕەیەکدا چەند شێوازێکی نووسینیان دەبینرێت. دەستنووس دەگۆڕێت لەگەڵ هەست و بیرکردنەوە و بارودۆخی کەسەکە لەوکاتەدا. بەڵام بەشێوەیی گشتی گۆڕانی دەستنووس واتای ئەوەیە کە نووسەر زۆر ناجێگیر و پێشبینی نەکراوە، پەیوەست نییە بە پلانی ڕێکخراوەوە. بەتایبەتی ئەگەر بێ ئەوەی خۆی ئاگای لێبێت نووسین لە شێوازێکەوە بۆ شێوازێکی تر بگۆڕێت. 

هەندێک کات نووسینێکی جیاواز لەوانی تر دەتوانێت نیشانەی نادڵنیایی یان درۆ بێت. بۆ نموونە، کاتێک لە لاپەڕەیەکدا چەند ڕستەیەک یان دێڕێک جیاواز بێت، ئەمە لەوانەیە نووسینێکی بچووک و تەسک بێت کە لە بەڵگەنامەیەکی پڕ لە دەستنووسی گەورە و بۆشاییدا نووسراوە. یان لەوانەیە بەشێک لە نووسین هەبێت کە بە پەلە دەردەکەوێت، لە کاتێکدا ئەوانی تر بە وردی نووسراون. ئەو بەشەی کە جیاوازە واتە کەسەکە لێی دڵنیا نییە یان ئەو شتەی لەو بەشەدا نووسراوە درۆیە.

شێوازی واژۆ: ئەگەر واژۆ توانرا بەئاسانی بخوێنرێتەوە واتە کەسەکە بڕوای بەخۆی هەیە و لەخۆی ڕازییە و پێویست ناکات وا خۆی پیشان بدات کەسێکە کە ئەو نەبێ. بەڵام ئەگەر واژۆ ئاڵۆز بێت، واتە کەسەکە داخراوە و ناتوانیت بەئاسانی لێی تێبگەیت و بیخوێنیتەوە. هەروەها کاتێک کەسێک خێرا  واژۆ دەکات لەوانەیە واتای ئەوە بێت کە کەسەکە بێ ئارامە و چوستی و کارایی بەرز دەنرخێنێت. واژۆکردن بەخاوی دەتوانێت نیشانی بدات کە واژۆکەرەکە ورد و ڕوون و سەربەخۆیە. 

شێوازی دەستنووس چی دەربارەی تەندروستیت دەڵێ؟

  • بەرزی پەستانی خوێن: نووسین لەگەڵ پەستانی گۆڕاو لەوانەیە یەکێک بێت لە ئاماژەکان بۆ ئەوەی کە تۆ بەرزیی پەستانی خوێنت هەیە، بەتایبەتی کاتێک تۆنی نووسینەکەت لە کاڵ بۆ تۆخ دەڕوات. 
  • نەخۆشی ئەلزەهایمەر: دەستنووس خراپتر دەبێت کاتێک تواناکانی دەروونیی خراپتر دەبێت. یەکێک لە نیشانە زۆرەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەستنووس دەگرێتەوە، کە دەگۆڕێت بۆ پیتی ناڕێک یان گۆڕاو لەگەڵ لەرزین لە نووسیندا. هەروەها نووسینەکە خاو دەبێتەوە.
  • شیزۆفرینیا: بەزۆری بریتییە لە خەیاڵکردن (باوەڕی هەڵە)، بینین یان بیستنی شتەکان کە بوونیان نییە، هەڵسوکەوتی جەستەیی نائاسایی و بیرکردنەوە و قسەکردنی ناڕێکخراو. کاتێک لاریی لە ڕستەیەکدا یان لە نێو هەمان وشەدا زۆر جار دەگۆڕێت (واتە لەکاتی نووسیندا ڕستەکە یان وشەکە بەرەو خوارەوە یان بەرەو سەرەوە لاردەبێتەوە)، ئەوە جۆرێکە لە بەڵگە کە کەسەکە پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ واقیعدا نییە و نیشانەیەکی شیزۆفرینیایە.
  • نەخۆشی پارکینسۆن: نەخۆشییەکی مێشکە کە دەبێتە هۆی جووڵەی نەخوازراو یان کۆنترۆڵنەکراو، وەک لەرزین و ڕەقی و هەبوونی کێشەی هاوسەنگی و هەماهەنگی. یەکێک لە نیشانەکانی نەخۆشی پارکینسۆن، دەستنووسی زۆر بچووکە یان دەستنووسی تەسکە. هەندێک جار دەستنووس دەتوانێت ئەوەندە بچووک بێت تەنانەت نووسەر خۆی ناتوانێت بیخوێنێتەوە.

*تێبینی: ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە دیاریکردنی تەندروستییەوە هەیە نابێت خۆت نیشانەکانی لەخۆتدا دیاریبکەیت، بەڵکو دەبێت کەسانی چواردەورت یان کەسانی شارەزا دەستنیشانی بکەن.


سەرچاوەکان



104 بینین