خەڵووزی بەردین

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-06-27-17:24:00 - کۆدی بابەت: 13350
خەڵووزی بەردین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

خەڵووزی بەردین (بە عەرەبی: الفحم الحجري، بە ئینگلیزی: Stony coalکەرەستەیەکی خاوی ڕووەکییە لە سروشتدا دروستبووە لە ئەنجامی شیبوونەوەی کیمیایی پاشماوە ڕووەکی و زیندەوەرییەکان لەسەر زەوی بەگشتی و لە ناوچەی زەلکاوەکان بە تایبەتی لە سەردەمی زەمەنی (باڵیۆزی) کە ناسراوە بە سەردەمی یەکەم یان سەردەمی ژیانی کۆن، کە لە شەش زەمەن پێکھاتووە: 

١- کامبری
٢- ئەردۆفیشی
٣- سیلۆری
٤- دیفۆنی
٥- کاربۆنی (خەڵووزی)
٦- بڕمی

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم سەردەمە بریتیبووە لە سەردەمی چاخی (کاربۆنی - خەڵووزی)، لەم چاخەدا بەشێکی زۆری ئەو ڕووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرانەی کە ژیاون بە ڕووداوێکی جیۆلۆجی زەوی لە ناوچوون و دواتر لە پلەیەکی بەرزی گەرمی تواونەتەوە بەسەر یەکتری کەڵەکە بوونە و سارد بوونەتەوە بووە بە ماددەیەکی ئەندامی ڕەق ڕوودانی ئەم گۆڕانکارییە ماوەیەکی زۆری پێویست بووە. ھەربۆیە خەڵووزی بەردین لە ناوچەی بەردی نیشتوو زۆرە

مێژووی سەرھەڵدان گەشەسەندنی خەڵووزی بەردین

تاکوو ئێستاش خەڵووزی بەردین بە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە دادەنرێت، جگە لەوەی کەرەستەیەکی خاوی پیشەسازییە کە مێژووی دروستبوون و دۆزینەوەی بۆ سەدەی ١٨ کاتێک توانرا خەڵووزی کوک بەکاربھێنرێت لە بواری پیشەسازی توانەوەی ئاسان لە ساڵی ١٧٠٨ گرنگی خەڵووزی بەردین دەگەڕێتەوە بۆ داھێنانی ئامێری ھەڵمی (مەکینەی ھەڵمی) لە ساڵی ١٧٦٤ کە تاکوو ئێستاش گرنگی ھەرماوە جگە لە دۆزینەوەی سەرچاوەکانی تری وزە وەکوو (نەوت و گازی سروشتی). لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی پێشکەوتوو ڕێژەیەکی زۆری پاشەکەوتی خەڵووزیان ھەیە، بەڵام لە ئێستادا خواستی بەرکارھێنان لەسەر ئەم سەرچاوەی وزەیە کەم بۆتەوە بە چەند ھۆکارێک:

  • لەکاتی بەکارھێنانی کاریگەری دەبێت لەسەر پیسبوونی ژینگە و تەندروستی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی و پیسبوونی ھەوا بە تایبەتی.
  • لەکاتی سووتاندنی دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ھەوادا و لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی و (پەنگ خواردنەوەی گەرمی) لە ھەوادا کە بە یەکێک لە گرفتە ژینگەیی و جیھانییەکان دادەنرێت لە ئێستادا.
  • لەکاتی بەرھەمھێنانی ئەم سەرچاوەیە دەبێتە ھۆی پیسبوون و شێوانی زەوی لە ناوچەیەی تیایدا بەرھەمدەھێنرێت.

خەڵووزی بەردین بەکاردێت وەکوو سەرچاوەیەکی وزە بۆ

١- سووتانی ڕاستەوخۆ بۆ بەدەستھێنانی وزەی گەرمی، بە تایبەتی لە خەڵووزی (ئەنثراسایت).
٢- گۆڕینی خەڵووز بۆ کاربۆن بەبێ یارمەتی پلەی گەرمی و ئۆکسجین.
٣- گۆڕینی خەڵووز بۆ وزەی ھایدرۆکاربۆنی بۆ بەدەستھێنانی وزە بۆ پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان.
٤- لە ڕابردوودا وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگی وزە بەکارھاتووە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵ و بزوێنەری شەمەندەفەر.

گرنگترین وڵاتانی جیھان لە بەرھەمھێنانی خەڵووز بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بە گوێرەی پۆلێنکردنی ماڵپەڕی الطاقة

١- چینی میللی بڕی بەرھەمھێنانی ٣ ملیار و ٧٢٧ ملیۆن تەنە، بە ڕێژەی ٤٨.٧٪.
٢- ھیندستان بڕی بەرھەمھێنانی ٨١٨ ملیۆن تەنە، بە ڕێژەی ١٠.٧٪.
٣- ئەندەنوسیا بڕی بەرھەمھێنانی ٥٦٩ ملیۆن تەنە، بە ڕێژەی ٧.٤٪.
٤- ئەمریکا بڕی بەرھەمھێنانی ٥٢٤ ملیۆن تەنە، بە ڕێژەی ٦.٨٪.
٥- ئوستڕالیا بڕی بەرھەمھێنانی ٤٦٠ ملیۆن تەنە، بە ڕێژەی ٦٪.

دە گەورەترین وڵاتانی جیھان بۆ  بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لە وزەی خەڵووز بۆ ساڵی ٢٠٢٢، بە گوێرەی پۆلێنکردنی ماڵپەڕی الطاقة

١- چین ٥٣٣٩.١ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
٢-هیندستان ١٢٧١.١ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
٣- وڵاتەیە کگرتووەکانی ئەمریکا 978.5 تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
٤- یابان ٣٠١.٩ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
٥- کۆریای باشوور ٢١١.٧ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
٦- ڕووسیا ٢٠٤.٧ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
٧- ئەفریقای باشوور ٢٠٩.٦ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
٨- ئەندەنوسیا ١٩٠.٠ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
٩- ئەڵمانیا ١٦٢.٦ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.
١٠- ئوستڕالیا ١٣٧.٤ تێراوات لە کاتژمێرێکدا.

دە گەورەترین وڵاتانی یەدەگی خەڵووز لە جیھاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بە گوێرە پۆلێنکردنی ماڵپەڕی الطاقة

١- وڵاتایە کگرتووەکانی ئەمریکا ٢٤٨.٩٤ ملیار تەن.
٢- ڕووسیا ١٦٢.١٧ ملیار تەن.
٣- ئوستڕالیا ١٥٠.٢٣ ملیار تەن.
٤- چین ١٤٣.٢٠ ملیار تەن.
٥- هیندستان ١١١.٠٥ ملیار تەن.
٦- ئەڵمانیا ٣٥.٩٠ ملیار تەن.
٧- ئەندەنوسیا ٣٤.٨٧ ملیار تەن.
٨- ئۆکڕانیا ٣٤.٣٧ ملیار تەن.
٩- پۆڵەندا ٢٨.٣٩ ملیار تەن.
١٠- کازاخستان ٢٥.٦٠ ملیار تەن.


سەرچاوەکان



240 بینین