ھەستکردن لە دوورەوە

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-08-12-17:30:00 - کۆدی بابەت: 13990
ھەستکردن لە دوورەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ھەستکردن لە دوورەوە (بە عەرەبی: الاستشعار عن بعد، بە ئینگلیزی: Remote Sensing). بریتییە لەو زانستەی کە دەتوانێت زانیاری لەسەر ھەر دیاردەیەک لە زەوی و ئاسمان بەدەست بھێنێت، بەبێ ئەوەی بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دیاردەکە ھەبێت لەسەر زەوی یان لە ئاسمان، نموونە وەکوو وێنەگرتنی ئاسایی مۆبایل یان وێنەگرتن لە ئاسمانەوە لە ڕێگای فڕۆکە (Dron) یان لە بۆشایی ئاسمانەوە لە ڕێگای مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان (Image Satellite) کە لە ڕێگای ئەم وێنانە زانیاری تەواو لەسەر دیاردەکە کۆ دەکرێتەوە لە ڕووی ڕەنگ و تایبەتمەندی و شێوەی دیاردەکان، ھەربۆیە ھەستکردن لە دوورەوە بریتییە لە وێنەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان بەبێ بەرکەوتەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیاردەکان، بەڵام لە ھەمان کاتدا ھەستکردن لە دوورەوە ھەموو ئەو ئامێرانە دەگرێتەوە کە لەسەر زەوی و ئاسمان بەکاردەھێنرێن بە گشت سۆفتوێر و سوپەر کۆمپیوتەرەکان بۆ کۆکردنەوە و تۆمارکردنی زانیاری بەدەست نەھاتوو لەسەر دیاردەیەک لە دیاردەکان.

مێژووی سەرھەڵدان و بەروپێشچوونی (Remote Sensing)

بە شێوەیەکی گشتی مێژووی ھەستکردن لە دوورەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی کۆن کە مرۆڤ بۆ یەکەمین جار لە دوورەوە بەبێ ئەوەی بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی ھەبێت لەگەڵ دیاردەکان دەستیکردووە بە لێکدانەوە و دەسخستنی زانیاری لەسەر دیاردەکانی زەوی، بەڵام بەکارھێنانی تەکنەلۆجیای ھەستکردن لە دوورەوە بۆ یەکەمین جار دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی ١٩ داھێنانی فۆتۆگرافی ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ شیکارکردن و لێکدانەوەی وێنەکان بە مەبەستی جۆراوجۆر، بە تایبەتی لە بواری ڕووپێوی زەوی و نەخشەسازی، بەڵام لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم وێنەگرتنی ئاسمانی پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینی بەھۆی بەکارھێنانی باڵۆن و باڵندە و فڕۆکە.

بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٨٢٦ کارکرا لەسەر داھێنانی وێنە و چۆنیەتی دروستکردنی، دواتر لە ساڵی ١٨٥٠ وێنەی باڵۆنی داھێنرا لەلایەن کاسپێڵ فێلیکس یەکەمین وێنەی پاریس گیرا لە بەرزی ١٢٠٠ مەتر لە ڕێگای باڵۆنەوە، لە ساڵی ١٩٠٠ کۆتری کامێرا ھەڵگر (Pigeon Camera) داھێنرا، واتە کامێرایەکی بچووک لە بەشی ژێرەوەی ملی کۆترەکە یان قاچەکانی جێگیر دەکرا و دواتر ھەڵدەدرایە ئاسمان و ئەو شوێنەی مەبەست بوو وێنەیان پێی دەگرت، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٠٣ باڤارییەکان کۆتریان بەکارھێناوە بۆ گواستنەوەی نامە و گرتنی وێنەی ئاسمانی.

لە ساڵی ١٩٥٠ فڕۆکەی تایبەت داھێنرا بۆ وێنەگرتنی ئاسمانی، بە تایبەتی لە جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم زۆر سوودی لێ بینراوە، لە ساڵی ١٩٦٠ پڕۆگرامی بۆشایی ئاسمانی (Space Program) داھێنرا. لە ساڵی (١٩٧٠ بۆ ١٩٨٩) مانگی دەستکردی ئاسمانی (Landsad 1) بۆ گرتنی وێنەی ئاسمانی داھێنرا و لە ساڵی (١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٩) مانگی دەستکردی ئاسمانی (Landsad 4) داھێنرا، دواتر لە ساڵی ٢٠١٠ (مانگە دەستکردە بازرگانییەکان Commercial Satellites و بنکەی ئاسمانی Space Station) داھێنرا بۆ بەدەستخستنی وێنەی سەر ڕووی زەوی.

ڕوودانی کۆمەڵێک ڕووداو لە ڕابردوو و مێژووی مرۆڤایەتی بۆتە مایەی داھێنانی گەورە لە بوارە جیاوازەکان، ئەگەر چی لە سەرەتادا ئەم داھێنانە بۆ ئاشتی و سوودی مرۆڤ نەبووە، بەڵکوو بۆ جەنگ و لە ناوبردنی یەکتری بووە، بۆ نموونە لە یۆنانی کۆنەوە (٤٥٠٠) ساڵ پێش ئێستا تاکوو سەردەمی ڕێنیسانس مرۆڤ لە ھەوڵی داگیرکاری و ھێرشکردن و بەرگریکردن دابووە لە خۆی، بۆیە ھەموو ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوو ڕوویانداوە بە کڕۆکی ھەوڵدان بۆ داھێنانی نوێ دادەنرێن، بەتایبەتی جەنگی یەکەمی جیھانی و جەنگی دووەمی جیھانی خواستی زیاتر لەسەر کۆکردنەوەی زانیاری زیادیکرد، ھەربۆیە لەکاتی جەنگدا پەرەپێدانی بواری فۆتۆگرافی ئاسمانی و ھەستکردن لە دوورەوە زیاتر بووە بە مەبەستی سیخوڕی و بەکارھێنانی لە بواری سەربازی و دەستنیشانکردن و ناسینەوەی ئامانجەکان، بۆیە لەو کاتدا پشت دەبەسترا بە شەپۆلە بینراوەکان (Visible) و تیشکی نزیک ژێر سوور (Near Infrared).

زانستی ھەستکردن لە دوورەوە ھەنگاوێکی گەورەتر چووە پێشەوە کاتێک یەکەمین مانگی دەستکردی چاودێری زەوی بە ناوی (TIROS - 1) لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ١٩٦٠ ھەڵدرایە بۆشایی ئاسمان، مانگە دەستکردەکان سەکۆیەکی نوێیان بۆ کۆکردنەوەی داتا و  زانیاری لەسەر ئاستی جیھان دابینکرد، بەڵام ھەموو ئەمانە تەنھا دەستپێکی شۆڕشێکی گەورەی زانستی بوون. لە ئێستادا مانگە دەستکردەکان بە ھەستەوەری فرە شەبەنگ (Multispectral) و ھایپەر شەبەنگ (Hyperspectural) بەستراون کە توانای وێنەگرتنیان ھەیە لە مەودایەکی بەرفراوانی درێژی شەپۆل.

جیاوازی نێوان وێنەی ئاسایی و وێنەی ھەستکردن لە دوورەوە

لە جەنگی جیھانی دووەم دوو ڕێبازی نوێ لە بواری ھەستکردن لە دوورەوە پەرەی پێدرا کە بریتیبوون لە (سۆنەر و ڕادار) بەم جۆرەش گۆڕانکارییەکی گەورە دروستبوو لەم بوارەدا، ئەوەی ھەستکردن لە دوورەوە جیادەکاتەوە لە وێنەی ئاسایی کە ئێمە ڕۆژانە بەرکەوتەمان لەگەڵی ھەیە، بریتییە لەوەی کە ئەو وێنە ئاساییەی مرۆڤ تۆماریدەکات دەتوانێت لە نزیکەوە بە چاو بیبینێت و ھەستی پێبکات و تۆماریبکات، بەڵام ئەو وێنانەی لە ڕێگای ھەستکردن لە دوورەوە بەدەستدەھێنرێن بە شێوەی وێنە تۆمار ناکرێن، بەڵکوو بە شێوەی ژمارە لە کۆمپیوتەرەکاندا تۆماردەکرێن وە دەکرێت دواتر ئەو ژمارانە بە شێوەی وێنە پیشان بدرێن.

پێکھێنەرەکانی ھەستکردن لە دوورەوە

ھەڵگر (Platform)

بریتییە لەو باربەرەی کە خودی ئامێری ھەستەوەر ھەڵدەگرێت پێی دەگوترێت ھەستەوەر کە بەھۆیەوە دەتوانرێت داتا و زانیاری کۆبکرێتەوە لە دوورەوە لە زەوی و ئاسمان. چەندین جۆری ھەڵگر ھەن وەکوو (فڕۆکە، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، مانگی دەستکر، ئامێری دەستی) بەم جۆرەش ھەڵگرەکان پۆڵێندەکرێن بۆ سێ جۆر کە بریتین لە: 

١- فڕۆکە (Aircraft): توانای ھەڵگرتنی ئامێری ھەستەوەری جیاوازیان ھەیە وەکوو ھەستەوەرەکانی (تیشکی بینراو و گەرمی و ڕادار و لیدار) بەم جۆرەش داتای زۆر ورد بەکاردەھێنێت بۆ ڕووبەرێکی دیاریکراو لە دیاردەیەک.

٢- فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (UAV): فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان یان دڕۆن بە ھەمان شێوەی فڕۆکە دەتوانێت ھەستەوەری کامێڕا ھەڵبگرێت بەو ھۆیەوە داتا کۆبکاتەوە، بەم جۆرەش لەم چەند ساڵەی دوایدا خواستی زۆر لەسەر دڕۆنەکان زیادی کردووە بە تایبەتی لە بواری سەربازی و سیخوڕی و بواری ژینگەیی و ڕووپێوی و نەخشەسازی و کشتوکاڵ، ھۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی تێچوو و ئاسانی لە ئاڕاستەکردن و بەکارھێنانی وە توانای بەدەستھێنانی داتای وردی ھەیە لە کاتێکی کەمدا.

٣- ھەڵگری مانگی دەستکرد (Satellite Platform): ئەم جۆرەیان دابەشدەکرێت بەسەر دوو جۆری جیاواز کە بریتین لە:

  • ئەو مانگە دەستکردانەی بە ئاڕاستەی باکوور و باشوور بە دەوری زەویدا دەخولێنەوە ھەموو زەوی پێوانە دەکەن، زیاتر بۆ بواری کەش و ھەوا و ژینگە بەکاردێن و ناو دەبرێن بە (Polar - Orbiting Satellites).
  • ئەو مانگە دەستکردانەی لە کەمەرەی زەوی لە خولگەی وەھادان بەھۆی دووری و ھێزی کێشکردنەوە بە جۆرێک بە دەوری زەوی دەخولێنەوە کە ڕوویان لە ھەمان شوێنە و تەنھا چاودێری یەک شوێن دەکەن، ئەم جۆرە مانگە دەستکردانە بۆ چاودێریکردنی ڕووبەرێکی گەورەی زەوی و چاودێریکردنی کەش و ھەوا بەکاردێن و ناو دەبرێن بە (Geostationary Satellites).

ئامێری ھەستەوەر (Sensor)

لە زانستی ھەستکردن لە دوورەوە چەندین جۆری ئامێری جیاواز ھەن بۆ گرتنی وێنەی ئاسمانی و تۆمارکردنی داتا و زانیاری کە پێیان دەوترێت (ھەستەوەرەکانی ھەستکردن لە دوورەوە Remote Sensing Sensor) جیاوازی ئەم ھەستەوەرانە بە شێوەیەکی گشتی بەوە دیاریدەکرێت کە چ جۆرە شەپۆلێکی کارۆموگناتیسی و چ جۆرە تایبەتمەندییەکی فیزیایی ماددەکان ھەستپێدەکەن و تۆماری دەکەن. لە گرنگترین ھەستەوەرەکانی ھەستکردن لە دوورەوە بریتین لە: 

١- ھەستەوەری شەپۆلی بینراو (Optical Sensors): ئەم ئامێرانە شەپۆلەکانی بینراو و نزیک سوور کەمێک لە شەپۆلەکانی نزیک سوور تۆماردەکەن و پۆلیندەکرێن بۆ دووجۆر: 

  • فرەشەبەنگ (Multispectural) ئەم جۆرە ھەستەوەرە زانیاری لە نزیکەی چەند باندێکی جیاواز کۆدەکاتەوە لەسەر ڕووی زەوی کە یارمەتیدەردەبێت بۆ شیکردنەوەی جیاواز لەسەر ھەمان ڕوو کە بە چەند شەپۆلێکی جیاواز زانیاری لەسەر کۆکراوەتەوە، بۆ نموونە لە (٧ بۆ ١٢ باندی جیاواز وەکوو سەتەلایتی Landsat).
  • ھایپەر شەبەنگ (Hyperspectural) ئەم جۆرە ھەستەوەرە زانیاری لەسەر نزیکەی ١٠٠ باندی بارێک و جیاواز کۆدەکاتەوە لەسەر ڕووی ماددەکان.

٢- تاک شەبەنگ (Panchromatic): جۆرێکی ھەستەوەرە کە تەنھا لەیەک باندا (یەک شەپۆل) بە شێوەی ڕەش و سپی زانیاری کۆ دەکاتەوە بە شێوەیەکی گشتی لە شەپۆلی بینراودا بەکاردێت.

٣- ھەستەوەرە گەرمیپێوەکان (Thermal Sensors): ئامێری ھەستەوەری تایبەت بە تۆمارکردنی شەبەنگی ژێرسوورە کە خودی ماددەکە خۆی شەپۆلەکەی بڵاوکردۆتەوە، دوو جۆری ھەیە کە بریتین لە: 

  • ھەستەوەرە گەرمیپێوەکانی ژێر سوور (Thermal Infrared Sensors) ئەم جۆرە ھەستەوەرە بەکاردێت بۆ تۆمارکردنی شەپۆلەکانی (Mide - Wave Infrared) و (Long - Wave Infrared) بۆ تۆمارکردنی پلەی گەرمی.
  • کامێرای گەرمیپێو (Thermal Camera) ئەم کامێرایانە شەپۆلەکانی ژێر سوور (Infrared) بەکاردێنن بۆ تۆمارکردن و پیشاندانی تیشکدانەوە گەرمییەکان بە شێوەی وێنە و نەخشەی پلەی گەرمی.

٤- مایکرۆوەیڤ (Microwave Sensors): ھەستەوەرێکی تایبەتە بەشێوەیەکی باو لە تەکنەلۆجیای ھەستکردن لە دوورەوە بەکاردێت و پۆلێندەکرێت بۆ دووجۆر: 

  • SAR: ھەستەوەری ڕادار شەپۆلی مایکڕۆوەیڤ بەکاردەھێنێت بۆ تۆمارکردنی شەپۆلە پەڕشووبڵاوەکان لە ژێر کاریگەر ھەر بارودۆخێکی کەش و ھەوابێت بەبێ ئەوەی گرنگی بدات کە دوونیا ڕووناکە یان تاریکە.
  • Radiometers: ھەستەوەرێکە شەپۆلە دەردراوەکانی (Emitted)، دیاردەکانی سەر ڕووی زەوی و بەرگەھەوا تۆماردەکات بۆ شیکردنەوە بۆ زانیارییە کەش و ھەواییەکان.

٥- لیدرا (LDR Sensors): ھەستەوەرەکانی لیدرا شەپۆل لە شێوەی لێزەر دەنێرن بۆ ماددەکان و دواتر شەپۆلە گەڕاوەکە لای خۆی تۆماریدەکات لەگەڵ ئەو کاتەی شەپۆلەکە پێویستی بووە لە ساتی ناردنی تاکوو گەڕانەوەی بۆ ھەستەوەرەکە، بەم جۆرەش ناتوانرێت ھەستەوەری لیدرا بەکاربھێنرێت بۆ دروستکردنی نەخشەی سێ ڕەھەندی (3D Map)، بە تایبەتی نەخشەی بەرزی و نزمی و شیکردنەوەی ڕووەکانی زەوی.

گرنگی ھەستکردن لە دوورەوە

گرنگی ھەستکردن لە دوورەوە لەوەدایە کە دەتوانێت زۆر شت تۆماربکات کە چاوی مرۆڤ ھەستی پێناکات، وە دەتوانێت زۆر شت ببڕێت بە پێچەوانەی ئەو شەپۆلانەی چاو دەیانبینێت، بۆ نموونە شەپۆلە بینراوەکان ناتوانن سنووری ھەورەکان ببڕن، بەڵام شەپۆلەکانی سیستمی ڕادار کە شەپۆلی ڕادیۆیی بەکاردەھێنێت بۆ پێوانەکردنی تایبەتمەندی تەنەکانی سەر ڕووی زەوی دەتوانێت سنووری ھەورەکان ببڕێت تەنانەت لەو کاتانەش کە بارودۆخی کەش و ھەوا جێگیر نییە.

جگە لەمانەش پێشتر داتا و زانیارییەکان بەشێوەی (ئەنەلۆگ و وێنە) ئامادە دەکران، بەم جۆرەش دەبوایە بە شێوەی بەرجەستە بە دەست شیکردنەوە بۆ وێنەکان کرابا کە ئەمەش کارێکی سەخت و ئاڵۆز بوو، چونکە کاتێکی زۆری پێویستبوو وە پێویستی بە کەسانی شارەزا و لێھاتوو ھەبوو، بەڵام دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای دیجتاڵی شۆڕشێکی گەورە لە بواری ھەستکردن لە دوورەوە بەرپابوو ھەم لە بواری کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و ھەم لە شیکردنەوەی داتا و زانیارییەکان کە کاتێکی کەمتری پێوست بوو بە بەکارھێنانی کۆمپیوتەر و تەکنیکی تازە و نوێ.

لە بەرامبەردا لە ماوەیەکی کەم زانیاری و داتای تەواو پێویست لەسەر دیاردەیەک کۆدەکرایەوە کە پێویست بوو بە نرخێکی کەم و تێچوو و ماندووبوونێکی کەمتر، دواتر ئەم تەکنەلۆجیایە لەم قۆناغەدا ھەر ئاوا بە وەستاوی نەمایەوە، بەڵکوو ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر پێش دەکەوت تاکوو گەیشت بەم ڕۆژگارەی ئیمڕۆ.

سوودەکانی ھەستکردن لە دوورەوە

١- ڕووبەری وێنەیەکی تەواو گەورە لەسەر ئاستی شار و وڵات لە ھەموو دیاردە سروشتی و مرۆییەکانی سەر زەوی دەدات بە دەستەوە.
٢- دەتوانێت کۆمەڵێک دیاردە تۆمار بکات کە مرۆڤ ناتوانێت بە چاو بیان بینێت.
٣- وێنەی ھەمان شوێن دەگرێت لە کاتی جیاوازدا.
٤- ھەندێک لە ھەستەوەرەکانی ھەستکردن لە دوورەوە لە ھەرکات و وەرز و بارودۆخێکی کەش و ھەوا بێت دەتوانێت داتا و زانیاری تۆماردەکات.
٥- وێنەی جیۆریفرێنسکراوی دیجیتاڵی بەردەست دەکات.
٦- دەتوانێت چەند باندێک بەکاربھێنێت لە ھەمانکاتدا و زانیارییەکان لە سنووری شەپۆلی جیاواز تۆماردەکات.

بوارەکانی بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە

١- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە لە بواری دروستکردنی نەخشە و نەخشەسازی.
٢- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە لە بواری چالاکییە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان.
٣- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە گۆڕانی کەش و هەوا.
٤- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە بۆ پلانسازی شارەکان.
٥- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە لە بواری دارستان و بەبیانبوون.
٦- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە بۆ چاودێریکردنی ژینگە.
٧- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە بۆ ئاوەڕۆ و کەناراوەکان.
٨- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە بۆ پلاندانانی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت.
٩- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە فریاکاوتنی خێرا و ڕووداوە سروشتییەکان.
١٠- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە بۆ دروستکردن و چاودێریکردنی پڕۆژەی ڕێگا و بانەکان.
١١- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە لە بواری سەربازی.

لایەنە نەرێنییەکانی ھەستکردن لە دوورەوە

١- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە پێویستی بە تێچووەکی زۆر ھەیە وەکوو دابینکردنی تاقیگە و مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان و کۆمپیوتەری خێرا.
٢- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە کارێکی ئاڵۆز و سەختە، بۆیە پێویستی بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ ھەیە.
٣- بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە پێویستی بە ئامێری زۆر و تەکەلۆجیای بەرز ھەیە وەکوو سوپەر کۆمپیوتەر.
٤- کەمی پارەی تەرخانکراو لە ئێستادا بۆ بەکارھێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە سەردەمییە.
٥- لەکاتی بەکارھێنانی لە پڕۆژەکاندا دەکرێت مرۆڤ ھەڵەی زۆر بکات بەھۆی سەختی و ئاڵۆزی ئەم تەکنیکە.

کامێرای وێنەگرتنی ئاسمانی (Cameras and Aerial Photography)

کامێرا

سادەترین و کۆنترین ھەستەوەرە بۆ وێنەگرتنی ئاسمانی کە لە زانستی ھەستکردن لە دوورەوە بەکاردێت بە مەبەستی ڕووپێویکردنی زەوی، ئەو جۆرە وێنانەی لە ڕێگای شەبەنگەوە بەدەست دەکەون لە ڕێگای کامێرا و فڕۆکەکانیش تۆماردەکرێن.

لێنس

بریتییە لەو ھەستەوەرەی لە کامێراکان بوونی ھەیە، ئەرکی سەرەکی بریتییە لە کۆکردنەوەی ھەموو دیاردەکان بە شێوەیەکی بچووککراو.

وێنەی ئاسمانی (Aerial Photography)

بریتییە لە چەمکێکی گشتی ھەموو ئەو وێنانە دەگرێتەوە کە لە ئاسمانەوە لە ڕێگای فڕۆکەوە بە شێوەی ستوونی و وردییەکی بەرز تۆماردەکرێن. بۆ وێنەگرتنی ئاسمانی سێ جۆری تیشک بەکاردێن کە بریتین لە: 
١- تیشکی بینراو Visible
٢- تیشکی نزیک ژێر سوور Near IR
٣- تیشکی ژێر سووری ناوەڕاست Middle IR

بۆ وێنەگرتنی ئاسمانی لە ڕێگای کامێرا و فڕۆکەوە پێویستمان بەمانە دەبێت: 

١- ڕووی زەوی Surface
٢- لێنس Leans
٣- دەمی کامێرا Focal Plane

بۆ وێنەگرتنی ڕووی زەوی پشت بە چەند ھۆکارێک دەبەسترێت کە گرنگترینیان ئەمانەن: 

١- بەرزی ئامێرەکە یان کامێراکە
٢- دووری تیشکۆ، واتا دووری لێنس لە دەمی کامێرا
٣- قەبارەی شوێن واتا قەبارەی ئەو شوێنەی کە وێنەکەی دەگیردرێت چەندە لەژێر ڕۆشنایی دەردەکەوێت کە (دەمی کامێرا و لێنس و ڕووی زەوی) پەیوەندییەکی زۆریان بە یەکترییەوە ھەیە، بە جۆرێک کە ھەرچەند لێنس لە دەمی کامێراکە دووربکەوێتەوە ئەوا ڕووبەرێکی کەمتر لە دیاردەکە وێنە دەگرێت، بەو واتایەی ھەرچەند دووری تیشکۆ زیاد بکات ئەوا ڕووبەرێکی کەمتر لە دیاردەکە وێنە دەگرێت، بە پێچەوانەشەوە ھەرچەند دووری تیشکۆ کەم بکات یان لێنسەکە نزیک ببێتەوە لە دەمی کامێراکە ئەوا ڕووبەرێکی فراوانتر لە دیاردەکە وێنە دەگرێت. ھەرچەندە ڕووبەری ئەو شوێنەی وێنەکەی دەگیردرێت بچووکتربێت ئەوا وردی (دیقەی) وێنەکە زیاتر دەبێت.

جۆرەکانی وێنە (Types of Photographs)

بە شێوەیەکی گشتی لە زانستی ھەستکردن لە دوورەوە وێنەکان پۆلێندەکرێن بەسەر دوو جۆری جیاواز کە بریتین لە: 
١- وێنە ڕەش و سپییەکان: بریتین لەو وێنانەی کە سێ جۆری تیشک بەکاردەێنن بۆ وێنەگرتنی دیاردەیەک.

  • فلتەری شین (Panchromatic) بەکاردێت بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی تیشکی (سەروو وەنەوشەیی و تیشکی شین) بە کامێرا.
  • تیشکی ژێر سوور (IR) تیشکی سوور بەکاردەھێنێت کە درێژی شەپۆلەکانیان لە نێوان (٠,٧ بۆ ١,٠) دایە.
  • تیشکی سەروو بنەوشەیی (UV) بەکارناھێنرێت چونکە شەپۆلەکانی کورتن و توانای تێپەڕبوونیان نییە بە بەرگەھەوادا.

٢- وێنەی ملەوەن (ڕەنگاوڕەنگ): وێنە ڕەنگاوڕەنگەکان پۆلێندەکرێن بۆ دوو جۆری جیاوازی وێنە کە بریتین لە: 

  • وێنەی ئاسایی (Normal Color): بریتییە لەو جۆرە وێنەیەی کە چۆن چاوی مرۆڤ لە باری ئاسایی ھەموو ڕەنگەکان دەبینێت، لەم جۆرە وێنەیەش دا بە ھەمان شێوەی چاوی مرۆڤ ھەموو ڕەنگەکان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە پیشاندەدرێن، ئەم جۆرە وێنانە ھەستیارن بە ڕەنگەکانی (شین و سەوز و سوور).
  • وێنەی نا ڕاستەقینە (False Color Infraeed): بە پێچەوانەی وێنەی ئاسایی وێنەکان بە نا ڕاستەقینە پیشاندەدرێن و فلتەری زەرد بەکاردێت بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی تیشکە شینەکان بە کامێرا، چوار جۆری تیشک بەکاردێنێت بۆ دەسخستنی ئەم ڕەنگانە: 

أ- تیشکی ژێر سوور (Infrared) بۆ دەستکەوتنی ڕەنگی سوور
ب- تیشکی سوور (Red) بۆ دەستکەوتنی ڕەنگی سەوز
ج- تیشکی سەوز (Green) بۆ دەستکەوتنی ڕەنگی شین
د- تیشکی سوور و ژێر سوور (IR & Red) بەکاردێت بۆ دیاریکردنی ڕووپۆشی ڕووەکی (ڕووبەری سەوزایی)، چونکە توانای دانەوەی زیاترە شەپۆلەکانی درێژن.

گۆشەکانی وێنەگرتنی ئاسمانی

١- وێنەی ستوونی (Vertical Aerial Photography): لەم جۆرە وێنەیەدا کامێراکە بە بنکی فڕۆکەکەوە بەستراوە، ئەم جۆرە وێنەیە باوترین جۆری وێنەی فۆتۆگرافی ئاسمانییە لە چوارچێوەی زانستی ھەستکردن لە دوورەوە بەکاردێت بۆ نەخشەی دیاردە سروشتی و مرۆییەکان. لەم جۆرە وێنەیەدا فڕۆکەکە بەسەر ھێڵێکدا تێپەڕ دەبێت کە بەستراوەتەوە بە شوێنی فەلەکی (ئەستڕۆنۆمی) بەم ھێڵە دەگوترێت ھێڵی فڕین.

٢- وێنەی لاربوونەوەی نزم (Low - Obiique Vantage Points)

٣- وێنەی لاربوونەوەی بەرز (High - Obiique Vantage Points)

جیاوازی نێوان وێنەی ستوونی و وێنەی لارە

  • وێنەی ستوونی نرخی پیکسڵەکانی زۆر بەرزە بۆیە وێنەکانی وردییەکی زۆریان ھەیە، بەڵام وێنەی لار نرخی پیکسڵەکانی نزمە و وردییەکی کەمی ھەیە.
  • وێنەی ستوونی پیکسڵەکانی بە تەواوەتی ڕیزبوونە، بەڵام وێنەی لار پیکسڵەکانی دەکەونە سەریەک.
  • وێنەی ستوونی ڕووبەرێکی کەم لە دیاردەکان وێنە دەگرێت، بەڵام وێنەی لار ڕووبەرێکی فراوان لە دیاردەکان وێنە دەگرێت.

پیکسڵ (pixel

بریتییە لە بچووکترین یەکە بۆ دیاریکردنی زانیارییە شوێنییەکانی سەر ڕووی زەوی. وێنە دیجیتاڵییەکان پێکدێن لە توخمەکانی وێنە و پێیان دەگوترێت پیکسڵ کە پێکدێن لە ستوون و ڕیزەکانی خانە چوارگۆشەیی، ھەر پیکسڵێک نوێنەرایەتی ڕووبەرێک دەکات لەسەر ڕووی زەوی کە بەھایەکی چڕی ھەیە.

Streoscope

بریتییە لەو وێنەیەی لەکاتی وێنەگرتنی فڕۆکەدا وێنەی دیاردەکان لە چەند گۆشەیەکەوە دەگرێت، دوو بەشی وێنەکان دەکەونە سەریەک و لە بواری ھەستکردن لە دوورەوە گرنگییەکی زۆری ھەیە، چونکە بە شێوەی سێ ڕەھەندی (3D) وێنەکان دەگرێت و وردییەکی زۆری ھەیە.

قۆناغە سەرەکییەکانی ھەستکردن لە دوورەوە

١- سەرچاوەی وزە یان ڕووناکردنەوە: یەکەمین پێداویستی ھەستکردن لە دوورەوە بریتییە لە بوونی سەرچاوەی وزە، بە جۆێک ئەو تیشکانەی لە خۆرەوە دەردەچن بە ڕێژەیان دەگاتە ١٠٠٪، بەڵام تەنھا بە ڕێژەی ١٠٪ لە بواری ھەستکردن لە دوورەوە بەکاردێت بە پشت بەستن بە شەپۆلی کارۆموگناتیسی.
٢- تیشک و کەش: لەگەڵ دەرچوونی وزە لە شێوەی تیشک لە خۆرەوە بەرەو ئامانجەکان (دیاردەکان) ئەو وزەیە لە پەیوەندی دادەبێت لەگەڵ بەرگەھەوا کە پیایدا تێپەڕدەبێت، بۆیە بەشێک لەم وزەیە لەلایەن چینی بەرگەھەواوە ھەڵدەمژرێت.
٣- کارلێکردن لەگەڵ ئامانج: کاتێک ئەو وزەیە لە خۆرەوە دەردەچێت لە شێوەی تیشک بەرەو دیاردە سروشتی و مرۆییەکان ئاڕاستە دەبێت و بەشێک لەو وزەیە لەلایەن دیاردەکانەوە ھەڵدەمژرێت (ڕووی دیاردەکان زبڵ بێت یان ساف، گەورەبێت یان بچووک) کاریگەری دەبێت لەسەر ھەڵمژین وزە و دواتر بەشێک لەو وزەیە لەلایەن دیاردەکانەوە دەدرێتەوە.
٤- تۆمارکردن وزە لەلایەن ھەستەوەرەکان: دوای دەرچوونی وزە لە خۆر و بەرکەوتنی بە دیاردەکان و ھەڵمژین و دانەوەی وزە لەلایەن دیاردەکانەوە، ئەو بڕە وزەیەی دیاردەکان ھەڵیان مژیوە و دەیدەنەوە ڕاستەوخۆ لەلایەن ھەستەوەرەکانی مانگە دەستکردەکان تۆماردەکرێت بۆ وێنەگرتنی دیاردەکانی ڕووی زەوی و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان.
٥- گواستنەوە و وەرگرتن و پڕۆسێسکردن: ئەو وزەیەی لەلایەن ھەستەوەرەکانەوە تۆمارکراوە دەبێت بگوازرێتەوە لە شێوەی ئەلکتڕۆنی بۆ وێستگەکانی وەرگرتن و پڕۆسێسکردن کە داتاکان لە وێنەی (Hardcopy و دیجیتاڵی) دەگوازرێنەوە.
٦- لێکدانەوە و شیکردنەوە: دوای ئەوەی وێنەکان بە شێوی دیجیتاڵی بۆ وێستگەکان گوازرانەوە، دواتر پڕۆسەی شیکردنەوەی وێنەکان و دەرھێنانی داتا و زانیاری لە وێنەکان دەستپێدەکات.
٧- کاربەرنامە: کۆتا توخم لە پڕۆسەی ھەستکردن لە دوورەوە بریتییە لە بوونی بەرنامە و پڕۆگرامی جیاواز بۆ کارکردن لەسەر جۆری داتا و زانیارییەکان و چۆنیەتی دۆزینەوەی چارەسەریەکی گونجاو بۆ گرفتە سروشتی و مرۆییەکان.


سەرچاوەکان



50 بینین