بوارەکانی بەکارھێنانی (RS) و (GIS) لە ھەرێمی کوردستان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-09-10-21:50:00 - کۆدی بابەت: 14578
بوارەکانی بەکارھێنانی (RS) و (GIS) لە ھەرێمی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

بوارەکانی بەکارھێنانی (RS) و (GIS) لە ھەرێمی کوردستان  (بە عەرەبی: مجالات تطبيق RS و GIS في إقليم كوردستان، بە ئینگلیزی: Areas of application of RS and GIS in the Kurdistan Region). بەکارھێنانی تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە و پڕۆگرامەکانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان لە ھەرێمی کوردستان مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە، بەڵکوو ماوەی بەکارھێنانی دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرەتا لەسەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان لە ھەریەک یەک لە کۆلێژەکانی (جوگرافیا و ئەندازیاری) پێشەنگ بوون لە کردنەوەی مەنھەج و پڕۆگرامی (RS) و (GIS) کە بە شێوەیەکی تیۆری و پراکتیکی فێرخوازان ڕاھێنانیان پێدەکرا.

دواتر ئەم بوارە گەشەی سەند بەرەو ئاستی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بە جۆرێک توێژەران لەکاتی ئەنجامدانی توێژینەوە زانستییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەکاریاندەھێنا، پاشان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئەم تەکنیکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەی سەند تاکوو گەیشتە ئاستی ئەوەی لە دامەزراوە حکوومییەکانیش سوودی لێوەربگیردرێت بە تایبەتی لە بواری (سەربازی و بەڕێوبەرایەتییەکانی شارەوانی و ئاو و کارەبا و ڕێگا و بان و بواری بازرگانی و هاتووچۆ و گواستنەوە) لە ئێستادا لە ناوەندە ئەکادیمییەکان گرنگی زۆر بەم بوارەدراوە بەجۆرێک چەندەھا توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراون کە پشت بە تەکنیکەکانی (GIS و RS) بەستراوە و دەرئەنجامی زۆر ورد و زانستی بەدەستەوە داوە تەنانەت لەسەر ئاستی کۆلێژی جوگرافیا لە ئاستی خوێندنی (دبلۆمی باڵا و بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا و توێژینەوە بڵاوکراوەکان) گرنگی زۆر بەم تەکنیکە دەدرێت، بە جۆرێک ھیچ توێژینەوەیەکی جوگرافی ئەنجام نادرێت بەبێ بەکارھێنانی یەکێک لەم دوو تەکنیکانە.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ دۆزینەوەی بڕی ڕووچوونی زەوی لە شاری ھەولێر

ڕووچوونی زەوی مەترسی گەورەی ھەیە لەسەر سەلامەتی بینا و باڵەخانەکان کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی درز و داڕووخانی خانوو و باڵەخانەکان، لە بەدواداچوونێکی خێرا بۆ ئەم دیاردەیە لە ماوەی نێوان ساڵانی (٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٣) لە شاری ھەولێر بە تایبەتی لە گەڕەکی عەنکاوە ڕووبەرێکی زۆری زەوی لە بەرزی (٠,٥) مەتر دابەزیووە ھۆکارەکانی ئەم دیاردەیە جۆراوجۆرن، بەڵام ھۆکاری سەرەکی بۆ ڕووچوونی زەوی لە ناوچەی توێژینەوە دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵکەندنی بیری دەستکرد و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، فشەڵی جۆری خاک و ئەو پەستانە زۆرەی بەھۆی کێشی بینا و پڕۆژە گەورەکان لەسەر خاکی ناوچەکە دروسبووە جگە لە ھۆکارە ژینگەییەکان و ھۆکارە جیۆلۆجییکان. بۆ دەستنیشانکردنی ئەم دیاردەیە پشت بە ستراوە بە ھەریەک لە تەکنیکەکانی (RS و GIS) و وێنەی مانگی دەستکردی (Sentinel 1) بەکارھێنراوە.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ دۆزینەوەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی شاری ڕانیە 

لە توێژینەوەیەکی جوگرافیدا بە بەکارھێنانی مانگی دەستکردی (Landsat 7) بۆ ساڵی (٢٠٠٠) و (Landsat 8) بۆ ساڵی (٢٠٢٣) شیکردنەوە کراوە بۆ گۆڕانکارییە ژینگەییەکانی شاری ڕانیە لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا، لە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە  پشت بەستراوە بە ھەریەک لە تەکنیکەکانی (RS و GIS) دەرکەوتووە کە شاری ڕانیە فراوانبوونێکی زۆر خێرای بە خۆیەوە بینیووە بە شێوەیەکی ناسروشتی لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا کە سێ ھێندە فراوانبووە و زەوییە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی خێرا گۆڕدراون بۆ یەکەی نیشتەجێبوون و پیشەسازی، بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی چەند ساڵی داھاتوودا لە شاری ڕانیە بەھۆی خێرایی فراوانبوونییەوا کێشەی نەبوونی زەوی نیشتەجێبوون دروست دەبێت بۆیە خەڵک پەنا دەبەنە بەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەیگۆڕن بۆ یەکەی نیشتەجێبوون.

لەم توێژینەوەیەدا سوود لە داتای ھەستکردن لە دوورەوە وەرگیراوە بۆ دروستکردنی نەخشەی (Land Use Land Cover) بە بەکارھێنانی مانگی دەستکردی لاندسات کە وردیەکەی ٣٩ مەترە کە داتاکانی لە ساڵانی حەفتاکانەوە بەردەستە بێ بەرامبەر بۆ ھەموو شوێنێکی زەوی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە. لەم توێژینەوەیەدا پشت بەستراوە بە میتۆدی (Unsupervised Classification) بۆ ئەوەی داتای مانگی دەستکردی لاندسات بگۆڕدرێت بۆ (LULC) لە ڕێگای ئەم پڕۆسەیەی خوارەوە: 

  • Satellite Imageries
  •  Pre - Processing
  • Classifier
  • Unsupervised Classification
  • Indenfitication of Target Land Use - Land Cover Classes
  • Recode
  • Assignment Name to Each Class
  • Map of Land Use

بەکارھێنانی (RS) بۆ دیاریکردنی لە ناوچوونی شوێنەوارە دێرینەکان

شوێنەوارە دێرینەکان لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا بە گرنگترین ھۆکار دادەنرێن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران و بینینی ئەو شوێنەوارانە و چۆنییەتی ژیانی مرۆڤ بەر لە هەزاران ساڵ، لە توێژینەوەیەکی ھاوبەشی لایەنی کوردی و عێراقی بە بەکارھێنانی تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە (RS) کاریان لەسەر ٣٧٦ ناوچەی شوێنەواریکردووە لە ناوچەی گەرمیان لە ئەنجەمدا  دەرکەوتووە کە بە ڕێژەی ٨٦٪ ناوچە شوێنەوارییەکان دووچاری لە ناوچوون بوونەتەوە لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٥١ بۆ ٢٠١٨)، بۆیە پێویستیان بە ڕێگاری خێرا و بەپەلە ھەیە بۆ پاراستنیان و پارێزگاریکردن لە لەناوچوونیان.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ ناوچە بەرکەوتەکانی ئەنفال

جینۆسایدی ئەنفال یەکێکە لە گەورەترین کارەساتەکانی مێژووی کوردستانی عێراق کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە شاڵاوەکانی ئەنفال بە هەشت قۆناغ لە ٢٣ شوبات تا ٦ ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بوون و لە ئەنجامدا کوشتنی بەکۆمەڵ، بێسەروشوێنکردن و نفی کردنی کورد و ڕاگواستنی بەزۆرە ملێ و ئاوارەبوونی سەدان هەزاران کورد و ڕووخاندن و خاپوورکردنی ٤٥٠٠ گوند بە شێوەیەکی سیستەماتیکی لێکەوتەوە.

شیکردنەوە بۆ کاریگەرییەکانی ئەنفال و گوندە خاپوورکراوەکان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام پشت بەستن بە داتاکانی ھەستکردن لە دوورەوە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم شیکردنەوەیە، لە توێژینەوەیەکی جوگرافیدا کە بۆ گوندەکانی (قازبەگی) کراوە لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ شیکردنەوە و دیاریکردنی گۆڕانکارییەکانی دوای ئەنفال بە بەکارھێنانی زانیارییەکانی ھەستکردن لە دوورەوە سوودی زۆری ھەبووە بۆ گەشتن بەو دەرئەنجامەی کە دوای کارەساتی ئەنفال و شوێنە بەرکەوتەکانی بە بەراورد بەکاتی ئێستا چەند جار گوندەکان وێرانکراون و خاپوورکراون و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئاوەدانکراونەتەوە و سەرلەنوێ ژیاونەتەوە.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ دۆزینەوەی باشترین شوێن بۆ گڵدانەوەی ئاو لە ئیدارەی گەرمیان

لە ئێستادا گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی ھاوین و دابەزینی ئاستی ئاو گرفتی گەورەی کەم ئاوی دروستکردووە بۆ دانیشتوان، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت سوودی لە ئاوی لافاو و باران وەربگیردرێت لە ڕێگای گڵدانەوەی ئاو و دروستکردنی بەست و بەنداوەکان بۆ ئەوەی لە وەرزە وشک و کەم ئاوییەکان قەرەبووی بێ ئاوی پێبکرێتەوە بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، بەڵام ھەڵبژاردن و دۆزینەوەی باشترین شوێن بۆ گڵدانەوەی ئاو کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بەکارھێنانی تەکنیکەکانی (RS) و (GIS) لە ئێستادا بە ئاسانترین و کەمترین ماوە دەمانگەیەنن بە دەرئەنجامێکی زانستییانە، بۆ ئەم مەبەستەش توێژینەوەیەکی جوگرافی لە ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدراوە بە بەکارھێنانی ھەردوو تەکنیکی (AHP) و (Fuzzy AHP) و زانیارییەکانی (Remote Sensing) توانراوە باشترین شوێن دەستنیشانبکرێت بۆ گڵدانەوەی ئاو لە سنووری گەرمیان.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ شیکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی دارستانەکانی سەکران: 

دارستان و ڕووبەری سەوزایی بایەخی گرنگی ئابووری و ژینگەیان ھەیە، جگە لەوەی دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش بە ناوچەکە دەبەخشن و ھۆکارێکن بۆ کەمبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و زیادبوونی بڕی ئۆکسجین لە ھەوادا ھۆکارێکی گرنگیشن بۆ کەرتی گەشت و گوزاری سروشتی و ڕاکێشانی گەشتیاران، بە نەمان و لەناوچوونیان کاریگەری گەورەی ژینگەیی و ئابووری لێدەکەوێتەوە.

لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا بە سوود وەرگرتن لە داتاکانی ھەستکردن لە دوورەوە و بەکارھێنانی پڕۆگرامی (GIS) کارئاسانی زۆری لەم بوارەدا ڕەخساندووە بۆ نموونە لە توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ناوچەی لێکۆڵینەوە بەدیارخراوە کە لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٨٤ بۆ ٢٠١٥) بەراوردکراوە بۆ تێگەیشتن لە دارستانەکانی ناوچەی سەکرانی دەڤەری باڵەکایەتی، لە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکی زۆری دارستانەکانی سەکران و خاکەکەی کەمبۆتەوە و سیفات و تایبەتمەندی خاکەکەی گۆڕاوە، ھۆکاری سەرەکیش بۆ ڕوودانی ئەم دیاردەیە بەکارھێنانی زەوی بووە لەو ناوچەیە لە بواری چالاکییە کشتوکاڵییەکان.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ شیکردنەوەی ڕێژەی بەفری باریوو لە ھەرێمی کوردستان

بەفر یەکێکە لە جۆرەکانی دابارین کە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ھەیە بۆ بوژانەوەی سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی، جگە لەمەش ھۆکارێکی گرنگە بۆ لە ناوچوونی بەکتریا و زیندەوەرە زیان بەخشەکان لە خاکدا لە بواری گەشتیاری زستانەش ھۆکارێکی گرنگە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ بینینی دیمەنی بەفر و ئەنجامدانی چەندی یاری جۆراوجۆر، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک بە بەکارھێنانی داتا ھەستکردن لە دوورەوە و پڕۆگرامی (Arc GIS) بەراوردێکی ڕێژەی بەفری باریوو کراوە لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٢ بۆ ٢٠٢٤) لە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەرکەوتووە ڕێژەی بەفر بە بەراورد بە ٢٢ ساڵی ڕابردوو زۆر دابەزیووە بەم جۆرەش کاریگەری ڕاستەوخۆ و خراپی ھەبووە لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و ئەنجامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان، جگە لە لێکەوتە ژینگەییەکانی وەکوو بەبیابانبوون و وشکەساڵی درێژخایەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئەرکە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانە ژینگەییەکان بکرێت و ڕێوشوێنی پێویست بگیردرێتە بەر.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ دەستنیشانکردنی گونجاوترین شوێن بۆ دامەزراندنی وێستگە کەشناسییەکان لە ئیدارەی سۆران بە بەکارھێنانی مۆدێڵەکانی (Boolean) و (AHP)

ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە دەستنیشانکردنی باشترین شوێن بۆ دامەزراندنی وێستگە کەشناسییەکان لە سنووری ناوچەی توێژینەوە، بە جۆرێک کە وێستگە کەشناسییەکان زۆربەی ڕووبەری ناوچەی لێکۆڵینەوە دابپۆشن و لە ھەمان کاتدا بەسەر زۆربەی ھەرێمەکانی باران بارین و بەرزی لەسەر ئاستی ڕووی دەریای دابەشببن، لە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوە جوگرافییە دوای وەرگرتنی داتا و زانیاری و شکردنەوە بۆیان لە ڕێگای تەکنیکەکانی (RS) و (GIS) بە دیارکەوتووە کە وێستگە کەشناسییەکانی ناوچەی لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی و نازانستی دابەشبوونە و داتا کەشناسییەکانی وێستگەکان نوێنەرایەتی تەواوی ڕووبەری ناوچەی لێکۆڵینەوە ناکەن و لە ئێستادا ناوچەی لێکۆڵینەوە پێویستی بە بوونی ١٢ وێستگەی کەشناسی ھەیە، بەڵام تەنھا ٧ وێستگەی کەشناسی لە ناوچەی لێکۆڵینەوە بوونیان ھەیە.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ پۆلێنکردنی ڕووپۆشی ڕووەکی و بەکارھێنانی زەوی ھەرێمی کوردستان و عێراق

لە توێژینەوەیەکی ھاوبەش لە نێوان دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان (KRSO) و پشتیوانی پڕۆگرامی خۆراکی جیھانی (WFP) بە ھاوبەشی لەگەڵ تیمێکی زانکۆی سەڵاحەددین - ھەولێر، پۆلێنی ڕووپۆشی بەکارھێنانی زەوی ھەرێمی کوردستان کراوە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە بەکارھێنانی داتای مانگی دەستکردی (Landsat 8 و Sentinel 1 - 2) وەرگرتنی داتای زەمینی لە ڕێگای کاری مەیدانی کە کۆی ڕووبەری توێژینەوەکە (٤٦٤,٦٥١) کیلۆمەتر دووجابووە، لە دەرئەنجامدا دەرکەوتووە کە چەند ڕووبەری زەوی لە ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ھەر چوار پارێزگاکە (ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە) لە بواری چالاکییە کشتوکاڵییەکان و لەوەڕگا و زەوی نیشتەجێبوون بەکارھێنراوە و گرنگی ئەم توێژینەوەیە لە بواری پلاندانانی شار و ماستەر پلانی شارەکان و لێکەوتە ژینگەییەکان شیکراوەتەوە. داتاکانی (LULC) گرنگی زۆری ھەیە لە بەڕێوەبردنی ژینگە و ئەنجامدانی چالاکییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕانی کەش و ھەوا و پلاندانان بۆ پەرەپێدان بە دەرامەتە سروشتییەکان.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ھاوسەنگی ئاو و ھەوایی و دارستانەکانی ناوچەی شاخاوی  پارێزگای سلێمانی چۆنییەتی پەرەپێدانیان - بە بەکارھێنانی ھەستکردن لە دوورەوە

ھاوسەنگی ئاو و ھەوایی پێوانەیەکە بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان دابارین و بەھەڵمبوون و ئاڕەقکردن(Evaportanspiration) لە ناوچەیەکی دیاریکراو پێوانەیەکی گرنگە لە کۆمەڵێک بواری دیاریکراودا وەکوو بواری ژینگەیی و ھایدرۆلۆجی و زانستی ئاو و ھەوا. ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ھاوسەنگی ئاو و ھەوایی و دارستانەکانی ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی لە باکووری عێراق لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٨٤ بۆ ٢٠٢١) لە ڕێگای وەرگرتن و شیکردنەوەی داتای مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان.

لە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوە جوگرافییەدا دەرکەوتووە کە ھەموو ڕەگەزە ئاوھەواییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ھاوسەنگی ئاوھەوایی ھەیە، بەڵام سەنگی باران و پلەی گەرمی لە ھاوکێشەکانی ھاوسەنگی ئاو و ھەوایی لە ھەموو ڕەگەزەکانی تر زیاترە، ڕووبەری دارستانەکان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٨٤ بۆ ٢٠٢١) بە شێوەیەکی پلە بەندی فراوانبوونیان بەخۆیانەوە بینیووە، بە جۆرێک کە لە ساڵی ١٩٨٤ بە ڕێژەی ٩,١٪ ڕووبەری ناوچەی توێژینەوە بە دارستان داپۆشراوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە زیاتر لە دوو ھێندە زیادیکردووە بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکە بووە بە ٨١,٤٪ ڕووبەری ناوچەی توێژینەوە.

جگە لەمانەش دابەشبوونی دارستانەکان بەپێی بەرزبوونەوە لە ئاستی ڕووی دەریاوە گۆڕانکاری بەسەردادێت، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢١ ئەو ناوچانەی دەکەونە نێوان ھێڵی کەنتۆری (١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠) مەتر لە ئاست ڕوویدەریاوە بە ڕێژەی ١٧,٨٪ بە درەخت داپۆشراوە لەم ڕێژەیەش ١٣,٣٪ دارستانی کراوە بووە و ٤,٥٪ دارستانی چڕبووە.

لەم ماوەیشدا گۆڕنکاری گەورە لە چڕی دارستانەکان ڕوویداوە، بە جۆرێک ڕێژەی دارستانی کراوە لە ساڵی (١٩٨٤) ٩٤,٥٪ بووە لە کۆی گشتی دارستانەکان، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ ئەم ڕێژەیە دابەزیووە و بووە بە ٧٥,٥٪ ئەمەش واتای ئەوەدەگەیەنێت ڕێژەی دارستانی چڕ زیادیکردووە لەسەر حسابی دارستانی کراوە.

بەکارھێنانی (RS) و (GIS) لە بواری سەربازی

مێژووی بەکارھێنانی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان لە بواری سەربازی و سیخوڕی شتێکی تازە نییە، بەر لە داھێنانی وێنەی مانگە دەستکردەکان (Image Satellite) مرۆڤ ھەوڵی داوە لە ڕێگای باڵۆن و کۆتری کامێرا ھەڵگر داتا و زانیارییەکان کۆ بکاتەوە تاکوو سەردەمی داھێنانی فڕۆکە و دواتر مانگە دەستکردە ئاسمانییاکان) بۆ یەکەمین جاریش لە جەنگی جیھانی دووەم سوود لەم تکنیکە وەرگیردراوە لە ڕێگای پەرەپێدان بە دوو ڕێباز لە بواری ھەستکردن لە دوورەوە کە بریتیبوون لە (ڕادار و سۆنەر)، لە ئێستادا لە بواری سەربازی سوودی زۆر لەم تەکنیکانە وەردەگیردرێت بە تایبەتی بۆ دیاریکردنی ناوچەی ھێرشکردن و ھێرشبردنی و ناوچەی بەرگریکردن و  زانینی ئەو ناوچانەی دوژمن خۆیان تیادا حەشارداوە لە ڕێگای بەکارھێنانی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکانی تایبەت بە بواری سەربازی و بەکارھێنانی پڕۆگرامەکانی (GIS).

جگە لە ھەموو ئەم بوارانەی ئاماژەیان پێدرا لە ئێستادا بە شێوەیەکی زۆر فراوان لەسەر ئاستی فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان سوود لە داتا و زانیارییەکانی تەکنیکی (Remote Sensing) و پڕۆگرامەکانی (Geography Information System) وەردەگیردرێت، نموونە وەکوو (دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان و گشت بەڕێوبەرایەتییەکانی دەستەی ئامار، بەڕێوبەرایەتییەکانی شارەوانی بۆ دانانی ماستەر پلانی شارەکان و دیاریکردنی ڕووبەری سەوزایی شارەکان و گەڕەکە زێدەڕۆکان، بەڕێوبەرایەتییەکانی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ بۆ گەیاندن ھێڵی کارەبا و ئاو بەو شوێنانەی لەم خزمەتگوزارییە بێبەشکراون یاخود دەسنیشانکردنی گرفتەکانی ئاو و ئاوەڕۆ کە لە کوێ پەکیان کەوتووە، بەڕێوبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و کەشناسی و بازرگانی، وەزاڕەتی ناوخۆ و وەزاڕەتی پێشمەرگە) بەکارھێنانی داتا و زانیارییەکانی تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە (RS) و پڕۆگرامەکانی (GIS) کارێکی سادە و ئاسان نییە، بەڵکوو پێویستی بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە چۆنیەتی بەکارھێنانی ئەم تەکنیک و پڕۆگرامانە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان.


سەرچاوەکان



38 بینین