بێ باوەڕان دژایەتی چییان دەکرد؟ (بۆ منداڵان)

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-04-20:36:00 - کۆدی بابەت: 54
بێ باوەڕان دژایەتی چییان دەکرد؟ (بۆ منداڵان)

ناوه‌ڕۆك

خوای گەورە

بێباوەڕان لە دژایەتی خوای گەورە هەستان بە قسە وتن بە خوای گەورە و گاڵتەیان دەهات لە خوای گەورە، ئەوان دەیان وت کە خوای گەورە هەیە، بەڵام دەیان وت خوای ئێمە و خوای موسڵمانەکان جیاوازە، ئەوان بتیان دەپەرست و دەیان وت بتەکان نزیکمان دەکەنەوە لە خوای گەورەن بێباوەڕەکان دەیان وت بە موسڵمانەکان ئێوە ڕۆژێک خوای ئێمە بپەرستن با ئێمەش ڕۆژێک خوای ئێوە دەپەرستین.

بۆچی بێباوەڕان وایان دەوت بە موسڵمانان؟

بۆ ئەوەی:
1- موسڵمانەکان دژایەتیان نەمێنێت لەگەڵ بێباوەڕاندا.
2- تا بتوانن موسڵمانەکان وا لێ‌ بکەن خوای گەورە و بتەکانی ئەوان وەک یەک سەیر بکەنن ئەگەریش موسڵمانەکان ڕازی بن بەوە ئەو کات هەڵدەگەڕێنەوە و دەبنەوە بە بێ‌ باوەڕ.

ئەی خوای گەورە چی فەرموو بە موسڵمانان؟

خوای گەورە بە موسڵمانانی فەرموو کە بەوە ڕازی نەبن و پێیان بڵێن ئاینی خۆتان بۆ خۆتان و ئاینی خۆمان بۆ خۆمان و ئێمەش وەک ئێوە ناکەین.

خوای گەورە لە کام سوڕەتی قورئاندا ئەمە دەفەرمووێت؟

خوای گەورە لە سوڕەتی(الکافرون)دا دەفەرمووێت: [قل یا أیها الکافرون...]. 

دژایەتی کردنی پێغەمبەر(د.خ)

بێباوەڕەکان دوای خوای گەورە کەوتنە دژایەتی کردنی پێغەمبەر(د.خ) و گاڵتەیان پێ‌ دەکرد و قسەی ناڕەوایان پێ‌ دەوت، ئەوان پێیان دەوت: درۆزن، شێت، جادووگەر، شاعیر، کاهین...، بەڵام لە هەموو جارێکدا خۆیان دەکەوتنەوە بە درۆ و نەیاندەتوانی بیسەلمێنن، هەروەها ئەوان بە شێوەی جەستەیش ئازاری پێغەمبەر(د.خ)یان دەدا، بۆ ئەمە کاتێک پێغەمبەر(د.خ) نوێژی کرد و چوویە سوجدە، بێباوەڕەکان پیسی وشتریان هێنا و کردیان بەسەر سەری پیرۆزی پێغەمبەر(د.خ)دا و گاڵتەیان پێ‌ دەکرد، تا فاتیمەی کچی پێغەمبەر(د.خ) هات و توڕە بوو و لایبرد و کەوتە گریان، هەروەها لە ڕێگەکەیدا بەرد و دار و دڕک و چاڵیان هەڵدەکەند تا ئازاری پێغەمبەر(د.خ) بدەن و ناچاری بکەن واز بهێنێت و بە گوێی ئەوان بکات. 
پرسیار: حەز دەکەیت تۆ لە خۆشیدا بیت و پێغەمبەر(د.خ) ئازار بدرێت؟

دژایەتی کردنی قورئان

هەروەها بێباوەڕان دژایەتی قورئانیان دەکرد و دەیان وت هەمووی درۆیە و قسەی گێلانەیە و هیچی ڕاست نیە، کەچی کاتێک دەیانبیست بێدەنگ دەبوون و هیچیان بۆ نەدەکرا و دەوەستان، ئەوان هەوڵیان دا شتێک بنووسن لە قورئان باشتر بێت یان وەک ئەو بێت کەچی نەیانتوانی.

دژایەتی کردنی موسڵمانان

پاش ئەمانە بێباوەڕان دەهاتن دژایەتی موسڵمانانیشیان دەکرد و ئازاریان دەدان و گاڵتەیان پێ‌ دەکردن، پشت بە خوا دواتر چەند نموونەیەک باس دەکەین و پەند و ئامۆژگاریان پێ‌ وەردەگرین.

ئەی بۆچی خوای گەورە فەرمانی کرد کە جەنگ نەکەن؟

چونکە:
1- موسڵمانان ژمارەیان کەم بوو هەروەها تازە دامەزراو بوون و نەدەکرا بەبێ‌ ئەوەی ژمارەیان زۆر بێت و بڵاو ببنەوە جەنگ بکەن، چونکە هێشتا ئەوان چەکیشیان پێ‌ نەبوو، ئیتر چۆن جەنگ بکەن؟
2- بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە موسڵمانان خۆڕاگرن و ئەوان ئاژاوەگێڕ نین، بەڵام هەر دەبێت دواتر تۆڵەی خۆیان بسەننەوە. 

بۆچی خوای گەورە موسڵمانانی ڕزگار نەکرد لەو ئازار و ئەشکەنجەیە؟

خوای گەورە دەیتوانی موسڵمانان ڕزگار بکات، بەڵام لەبەر ئەم هۆکارانە ڕزگاری نەکردن:
1- خوای گەورە ویستی موسڵمانەکان تاقی بکاتەوە تا بزانێت کامیان خۆڕاگرە و کامیان لاوازە و خۆی ناگرێت، ئەوەی خۆڕاگرە و لەسەر ئاینی ئیسلام و گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر(د.خ) بەردەوامە، ئەو کەسە پاداشتەکەی بەهەشتە و لای خوایە، هەر کەسیش خۆی نەگرێت و هەڵگەڕێتەوە بێتە بێباوەڕ، وەک بێباوەڕان دەچێتە دۆزەخ، واتا خوای گەورە ویستی پاک و پیس و خۆڕاگر و لاواز جیا بکاتەوە.
2- تا موسڵمانان دەروونی خۆیان ڕا بهێنن لەسەر هەموو بارودۆخێکی سەخت و ناخۆش، نەوەک ئەگەر لەسەر خۆشی و کامەرانی بژیت و دواتر تووشی سەختیەک بن خۆیان ڕانەگرن و واز بهێنن یان لە ناو بچن.
3- تا مرۆڤەکان بە گشتی خراپە و دڕندەیی و ستەمەی بێباوەڕانیان بۆ دەربکەوێت، چونکە ئەو بێباوەڕانە هەمیشە ئازاری موسڵمانیان دەدا، کەچی کاتێک موسڵمانەکان سەرکەوتن ئازاری بێباوەڕەکانیان نەدەدا و تۆڵەی خۆیان لێ‌ نەسەندنەوە.
4- خوای گەورە موسڵمانانی ڕزگارنەکرد لەو ماوەیەدا، تا پلە و پایەیان بەرز ببێتەوە و خوای گەورە پاداشتی زۆریان بۆ دابنێت، چونکە هەر موسڵمانێک لە دنیا تووشی ئازار و ناڕەحەتی ببێت خوای گەورە لە جیاتی ئەوەدا چاکەی بۆ دەنووسێت و پاداشتی خێری دەداتەوە کە بەهەشتی بەرین و هەمیشەییە. 

ئایا بێباوەڕان سوودیان بینی لە ئازاردانی موسڵماناندا؟

نەخێر، موسڵمانان هەرگیز وازیان نەدەهێنا و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبوون بۆیە بێباوەڕان لە جیاتی ئەوەی موسڵمانان کەم بکەنەوە کەچی زیادیان دەکرد، هەروەها جیهان بە گشتی کاتێک ئەو کارە توند و تیژانەی عەرەبە بێباوەڕەکانیان بینی لێیان بیزار بوون و پایەی عەرەبە بێباوەڕەکان لە لایان دایەزی، چونکە هەر کەسێک دژایەتی خوا و پێغەمبەر() و ئیسلام بکات هەر دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان سەری شۆڕ بکات و لە ناو بچێت، ئەگەریش بێباوەڕ ماوەیەک دەسەڵاتی هەبێت، با دڵی خۆی خۆش نەکات چونکە خوای گەورە دەیەوێت تاوانیان زیاتر ببێت و بەشیان نەمێنێت و بیانخاتە دۆزەخەوە.

نموونەیەک لە ئازاردانی موسڵمانان

ئەبو بەکری صدیق

ئەبو بەکر هاوەڵی بەڕێزی پێغەمبەر(د.خ) بوو، پێغەمبەر(د.خ) ئەوی زۆر خۆش دەویست و هەمیشە حەزی دەکرد لەگەڵیدا بێت. جارێکیان بێباوەڕان گوێیان لە ئەبو بەکر بوو کە باسی ئیسلامی دەکرد و پێغەمبەریش(د.خ) لە لای ئەبو بەکردا بوو، بێباوەڕەکان بە پەلە کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ئازار و ئەشکەنجەی ئەبو بەکر بدەن تا جارێکی تر باسی ئیسلامەتی نەکات، بۆیە بە دار و نەعل و شەق و زللە کەوتنە ئازاردانی ئەو هاوەڵە ئازیزە و دەم و چاویان پڕکرد لە خوێن و ئازارێکی زۆریان دا تا لە هۆشی خۆی چوو، لەو کاتەدا هەندێ‌ کەس کە لە هۆزی (بەنو قەیم) بوون ئەبو بەکریان خستە بەتانیەکەوە و بردیانەوە بۆ ماڵی خۆی و بێزار بوون لەو هەڵوێستە ناشرینە و وتیان ئەگەر ئەبو بەکر بمرێت، دڵنیا بن تۆڵەتان لێ‌ دەسونینەوە، ئەبو بەکر بە هۆشدا هاتەوە و خەڵکەکە هەواڵیان دەپرسی ئەبو بەکر یەکسەر وتی کوا پێغەمبەر(د.خ)؟ چی بەسەر هاتووە؟ حاڵی چۆنە؟ ئەو هاوەڵە ئازیزە بیری لای ئازارەکانی خۆی نەبوو، بەڵکو بیری لای پێغەمبەر(د.خ) بوو هەواڵی ئەوی دەپرسی، پاشان خەڵکەکە چوون و تەنها دایکی مایەوە لە لای، ئەو کات ئەبو بەکر زۆر تکای کرد لە دایکی تا هەواڵی پێغەمبەر(د.خ)ی بۆ وەربگرێت، دایکیشی چوو بۆ لای ژنێکی موسڵمان کە ئەبو بەکریش و پێغەمبەر(د.خ)یشی دەناسی پرسیاری کرد تا بزانێت بارودۆخی پێغەمبەر(د.خ) چۆنە؟ چونکە ئەبو بەکر تەواو لە بیری ئەودایە، بەڵام ژنەکە کە ناوی دایکی جەمیل بوو، وتی من نە ئەبو بەکر دەناسم و نە پێغەمبەر دەناسم، بەڵام ئەگەر حەز دەکەیت دێم بۆ لای کوڕەکەت بزانم چیەتی؟ کاتێک چوو بۆ لای ئەبو بوکر زۆر بێتاقەت بوو و خەریک بوو بگری و وتی یاخوا دەستیان بشکێت بۆچی وایان لێ‌ کردیت؟ ئەویش وتی: دایکی جەمیل ئەی پێغەمبەر(د.خ) بارودۆخی چۆنە؟ دایکی جەمیلیش بە سووکی بە ئەبو بەکری وت: ئاخۆ دایکت لێرەیە ناکرێت بزانێت، ئەبو بەکر پێی وت: خەم مەخۆ، دایکم خراپ نیە و گوێی پێ‌ مەدە، ئەو ژنێکی باشە و شت ناگێڕێتەوە، دایکی جەمیلیش وتی: پێغەمبەر(د.خ) زۆر باش و لەش ساغە و لە ماڵی ئەرقەمە، ئەبو بەکریش وتی: سوێند بە خوا تا پێغەمبەر(د.خ) نەبینم نە نان دەخۆم و نە ئاو دەخۆمەوە، بۆیە چاوەڕوانیان کرد تا بارودۆخەکە هێور بوویەوە ئەو کات دایکی جەمیل و دایکی ئەبو بەکر هەر یەکەیان لایەکی ئەبو بەکریان گرت و بردیان بۆ لای پێغەمبەر(د.خ).
یەکسەر پێغەمبەر(د.خ) باوەشی پیا کرد و ماچی کرد موسڵمانەکانیش باوەشیان پیاکرد، پێغەمبەر(د.خ) سەیری ئەبو بەکری کرد و فەرمووی: ئەبو بەکر، ئەبو بەکریش وتی: بەڵێ‌ ئەی پێغەمبەری خوا بە دایک و باوکەوە بە قوربانت بم، من ئازارێکی وام نیە ئەمە دایکمە و زۆر لەگەڵم چاکە، دوعای بۆ بکە با موسڵمان بێت و پێی بڵێ‌ با موسڵمان بێت، پێغەمبەریش(د.خ) دوعای بۆ کرد و پێی فەرموو با موسڵمان بێت، بەمە دایکی ئەبو بەکریش موسڵمان بوو و ژمارەی موسڵمانەکان زیادی کرد. 

بۆچی ئەبو بەکر داوای کرد لە پێغەمبەر(د.خ) تا دوعای چاکە بکات بۆ دایکی؟
چونکە دایکی ئەبو بەکر زۆر چاک بوو لەگەڵ ئەبو بەکردا و خزمەتی دەکرد ئەبو بەکریش ئەوی خۆش دەویست، بۆیە حەزی نەکرد بچێتە دۆزەخەوە.

پەند و ئامۆژگاری

1- دەبێت ئێمە لە هەموو کاتێکدا هەوڵ بدەین باسی ئیسلام بکەین و نەترسین لە بێباوەڕان.
2- دەبێت ئێمە پێغەمبەر(د.خ)ممان لە خۆمان خۆشتر بوێت و حەز بکەین هەمیشە پێغەمبەر(د.خ) ببینین، ئەویش بەوەی دوعا بکەین خوای گەورە لە دنیادا بە خەوی خۆش نیشانمان بدات و ئێمەیش بە گوێی فەرموودەکانی بکەین، لە ڕۆژی دواییشدا بچینە خزمەتی پێغەمبەری ئازیزمان(د.خ) و لە لایدا دابنیشین و قسەی لەگەڵدا بکەین.
3- دەبێت ئەو شتانەی زۆر گرنگن لای هەموو کەس باسیان نەکەین و ئەو شتانەی نهێنین، وەک دەبینین دایکی جەمیل بە دایکی ئەبو بەکری نەوت کە پێغەمبەر(د.خ) لە کوێیە و چی دەکات، بەڵکو خۆی بێ‌ ئاگا کرد تا شوێنەکە دەرنەکەوێت.
4- دەبێت ئیشەکانمان لە کاتی خۆیاندا بکەین، نەوەک هەر لە خۆوە چیمان ویست یەکسەر دەست پێ‌ بکەین، سەیرکەن ئەبو بەکر نەچوو بۆ لای پێغەمبەر(د.خ) تا خەڵکەکە چوون و بارودۆخەکە ئاسایی بوویەوە و کەمێک لەش ساغ بوویەوە و ئەو کات چوو.

 

بێیاوەڕان دەیانەوێت پێغەمبەر (د.خ) پەشیمان بکەنەوە

هەموو جارێک بێباوەڕان کۆدەبوونەوە و پێکەوە قسەیان دەکرد تا بزانن چی بکەن کە بتوانن پێغەمبەر (د.خ) پاشگەز بکەنەوە و وازی پێ‌ بهێنن، ئەمجارەیان پلانێکی تازەیان دانا و چوون بۆ لای ئەبو تالیبی مامی پێغەمبەر (د.خ) و داوایان کرد تا ئەبو تالیب تکا بکات لە پێغەمبەر (د.خ) تا واز بهێنێت ئەوان وتیان چەندە پارە و ماڵ و سامانی دەوێت دەیدەینێ‌، چەندە ژن و کچی دەوێت پێی دەدەین، دەیکەین بە گەورەی خۆمان بەڵام با واز بهێنێت لەم کارەی. 

بۆچی بێباوەڕان چوون بۆ لای ئەبو تالیبی مامی پێغەمبەر (د.خ)؟

بێباوەڕان نەچوون بۆ لای مام و خزمەکانی تری پێغەمبەر(د.خ) ئەوان چوون بۆ لای ئەبو تالیب، چونکە دەیانزانی پێغەمبەر(د.خ) ئەبو تالیبی خۆش دەوێت و گوێی بۆ دەگرێت، چونکە پێغەمبەر(د.خ) هەر لە منداڵیەوە هەر لە لای ئەبو تالیب بووە، کاتێک پێغەمبەر(د.خ) هاتەوە بۆ ماڵەوە، ئەبو تالیب پێی وت پێغەمبەر گیان برازای شیرینم، گەورەکانی قورەیش و مەککە هاتوون بۆ لام و داوام لێ‌ دەکەن بە تۆ بڵێم واز بهێنیت لەم کارەت و چی شتێکت دەوێت ئەوان پێت دەدەن.
پێغەمبەریش(د.خ) فەرمووی: مامە گیان سوێند بە خوا ئەگەر خۆر و مانگ بخەنە دەستی ڕاست و چەپم، من واز ناهێنم لەم کارە و بانگەواز دەکەم بۆ ئیسلام، یان دەبێت لەم ڕێگەیەدا شەهید ببم یان دەبێت سەربکەوم و دینی خوا سەربخەم، ئەبو تالیبیش وتی: دەی باشە کوڕم بەردەوام بە منیش پشتگیریت دەکەم. 

پەند و ئامۆژگاری

1- بێباوەڕان هەرگیز واز لە موسڵمانان ناهێنن و هەر جارە و پلان و تەڵەکەیەک دەنێنەوە بۆ موسڵمان تا لە خشتەی بەرن و بیبەن بەرەو گومڕایی بە تایبەت ئەوان زۆر گرنگی دەدەن بە پارە و یە ژن و بە کچ، چونکە مرۆڤ زوو بە پارە هەڵدەخەڵەتێت، کوڕ و کچیش زوو بە یەکتر هەڵدەخەڵەتێن و تووشی تاوان دەبن.
2- نابێت لەبەردەم خزم و کەس و کارماندا ڕووگیر بین و واز بهێنین، بۆ نموونە ئەگەر مام یان خاڵێکمان وتی نوێژ مەکە و بۆ خۆت دانیشە، نابێت بە گوێی بکەین، بەڵام دەبێت بە ڕێزەوە وەڵامی بدەینەوە و تووڕە نەبین.


سەرچاوەکان



1822 بینین