کەوتنی دەوڵەتی ئومەوی

له‌لایه‌ن: محمد حیكمه‌ت - به‌روار: 2020-06-11-21:09:00 - کۆدی بابەت: 134
کەوتنی دەوڵەتی ئومەوی

ناوه‌ڕۆك

ده‌وڵه‌تی ئومه‌وی

دوای کۆتای هاتنی دەوڵەتی جێنشینەکان ( الخلفاء الراشدین ) یکەمین دەوڵەتێک درووست بوو لە جیهانی ئیسلامیدا دەوڵەتی ئومەوی بوو لە ساڵی 662 ز ، ئەویش دوابەدوای کوشتننی چوارەمین جێنشین حەزرەتی عەلی ( ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت ) و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان. 


ناوی ئومەویەکان دەگەڕێتەوە بۆ باپیرە گەورەی خێزانەکە ( ئومییەی کوڕی عبدالشمس کوڕی عبدالمناف کوڕی قـوسەی کوڕی کلاب) و خێزانەکەیان لە عبدالمناف کوڕی قـوسەیدا دەگاتەوە خێزانی پێغەمبەری خودا ( درود و سەلامی خودای لەسەر بێت) .


ئومییەی کوڕی عبدالشمس وەکو مامی هاشمی کوڕی عبدالمناف باپیرە گەورەی  پێغەمبەری خودا ( درود و سەلامی خودای لەسەر بێت )  لە سەردەمی نەفامیدا  یەکێک بوو لە سەرکردەکانی قورەیش . 
لەوسەردەمەوە ئەم دوو بنەماڵەیە بەربەرەکانێیان بوو لەسەر سەرکردایەتی کردنی قوڕەیش لە مەککەدا . 


بەو هۆکارەی پێغەمبەری خودا ( درود و سەلامی خودای لە پسەر بێت )  لە بەنوهاشم بوو ، لەگەڵ دەرکەوتنی پێغەمبەرایەتیش بەنوهاشم شەرەفی چونە نێو ئیسلام و سەرکەواندنی ئیسلام و تێکۆشان بە ماڵ و سامانیان پێش بەنوئومەییە پێبەخشرا. لە بەرامبەردا تەنها کەمێک لە ئومەویەکان نەبێت کە پشتگیری پێغەمبەری خودا ( درود و سەلامی خودای لەسەر بێت ) کرد زۆربەیان بە سەرکردایەتی ئەبوسوفیان دژایەتیان بۆ بانگەواز ڕاگەیاند.
بەڵام دواتر لە ساڵی 8ەمی کۆچی  دوای ئازادکردنی  مەککە ئەم  کۆمەڵەیەش هاتنە نێو ئیسلامەوە و دوارتر ڕۆڵی گرنگیان بینی لە بڵاوکردنەوەی ئاینی ئسلام و ئازادکردنی ناوچەکان بەتایبەتی شام ، کە دواتریش بە گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن معاویەی کوڕی ئەبوسوفیانەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی ئومەوی،شامیان کرد بە مۆڵگەی دەسەڵاتیان و ( دیمەشق ) یان تێدا کردە پایتەخت.


کەوتنی  دەوڵەتی ئومەوی

دەوڵەتی ئومەوی لە ساڵی 750 ز بە دامەزراندنی دەوڵەتی عەباسی و بەیعەتدانی خەڵک بەم دەوڵەتە نوێیە کەوت و دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا لەدەستدا .


لەسەر کەوتنی دەوڵەتی ئومەوی و هۆکارەکانی  ڕای جیاواز هەیە لەنێوان مێژوونوسانی کۆن و نوێ بۆیە بە گشتی لەو نێوەندەدا چەند هۆکارێکیان دیاری کردووە  کە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:


1. ئەو شۆڕشانەی دژی ئومەویەکان هەڵگیرسا ، سەرەتا بەشۆڕشی حەزرەتی حسین کوڕی حەزرەتی عەلی کە کۆتای دێت بە شەهیدکردنی حەزرەتی حسین لە ساڵی 680ز ، دواتر شۆڕشەکانی تەوابین (ئەو کۆمەڵەیەی خیانەتیان لە حەزرەتی حسین کرد و پشتیان بەردا لە کەربەلا) لەساڵی 683ز کە داوای خوێنی حەزرەتی حسینیان دەکرد وەک پەشیمانییەک بۆ ئەو خیانەتەیان .


2.هەروەها شۆڕشی عبداللەی کوڕی موختاری سەقەفی لە ساڵی 684ز لە کوفە کە تاوەکو 685 بەردەوام بوو کە لەو نێوەندەدا چەند جەنگێک لەنێوان هەردوو لادا ڕوی دا و شۆڕشگێڕەکان لەو نێوەندەدا توانیان لە چەند جەنگێکدا شکست بە ئومەویەکان بێنن و ئەمیری ئەو کاتەی  ناوچەی عێڕاق (عبداللەی کوڕی زیاد ) بکوژن و  دەوڵەتێک لە شاری کوفە و چواردەوری دروست بکەن، بەڵام دواتر زۆری نەخایاند و دوای ساڵێک عبداللەی کوڕی موختاری سەقەفی لەسەر دەستی زوبێریەکان دەکوژرێت و کۆتای بە دەوڵەتەکەی دەهێنرێت. 


یەکێک لە شۆڕشەکانی تریش شۆڕشی زەیدی کوڕی عەلی  کوڕی حەزرەتی  حسینی کوڕی حەزرەتی عەلی بوو لە سەردەمی خە لیفەی دەیەمی ئومەویەکان ( هیشامی کوڕی عبدالملک ) لەساڵی 740 ز ، هەموو ئەم شۆڕشانە بێجگە شۆڕشەکەی عبداللەی کوڕی موختاری سەقەفی کە کاریگەریەکی سەربازی هەبوو ، ئەوانی تر زۆرتر کاریگەریان لەسەر هەست و سۆزی خەڵکەکە کرد کە عەباسیەکانیش هەر ئەم لایەنەیان قۆستەوە بۆ ئامادەکردنی شۆڕشەکەیان لە داهاتودا.
بەڵام یەکێک لەو شۆڕشانەی کە بووە هۆی لاوازبونی دەوڵەتی ئومەوی بەشێوەیەکی زۆر، شۆڕشی (خەواریج) ەکان بوو، ئەویش بەهۆی ئەو هێز و بەرفراوانیە و توندوتیژیەی تێیدا بوو کە دەرفەتی هیچ پشویەکی بە دەوڵەتی ئومەوی نەدابوو و تاوەکو کۆتاییەکانی دەوڵەتەکە بەردەوام بوو، بەتایبەتی لە ناوچەکانی عێڕاق و باکوری نیمچە دورگەی عەرەبی . ئەم شۆڕشە لەسەردەمی کۆتا خەلیفەی ئومەوی ( مەروانی کوڕی محەمەد ) گەیشتە ئەوپەڕی هێزی خۆیەوە ئەویش بەسەرکردایەتی ( ئەبی حەمزەی خارجی  و ضحاک کوڕی قیسی شیبانی )

3. دەمارگیری خێڵەکی: لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵەی بەشێک لە خەلیفەکانی دەوڵەتی ئومەوی خستیانە گەڕ بۆ نە‌ێشتنی دەمارگیری و سنوردانانێک بۆی وەکو معاویەی کوڕی ئەبوسوفیان و عومەری کوڕی عەبدولعەزیز و عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان و کوڕەکانی، و ئاگادارکردنەوەی چواردەور لەو زیانانەی بە دەوڵەت و ڕیزەکانی دەگەیەنێت، بەڵام دەمارگیری لەهەندێ لە قۆناغەکاندا بەشێوەیەکی بەرفراوان دەرکەوت وەکو ئەوکاتەی کەوا یزد کوڕی معاویە کۆچی دوای کرد و کوڕەکەی ( معاویەی دووەم ) وازی لە خەلافەت هێنا. هەروەها دوای کوشتنی وەلیدی کوڕی یەزد و ئەو ململانێیانەی لە کۆتای دەسەڵاتی ئومەویەکانەوە کە دەکاتە ساڵانی نێوان 742  تاوەکو 750ز لەسەردەستی هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە سەری هەڵدا بەهۆی ویستی  دەسەڵاتەوە .


4. جێنشینی : یەکێک لە هۆکارەکانی تر بوونی یاسای جێنشینی بوو کە لەسەر دەستی معاوییەی کوڕی ئەبوسوفیان دەستی پێکرد ئەویش کاتێک یەزدی کوڕی کرد بە جێنشین. دواتر  ئەم یاسایە  یەک لەدوای یەک لە خەلیفەکانی تردا پەیڕەوکرا ، بەڵام لە هەندێکیاندا بویە مایەی ئاژاوە نانەوە، بۆنموونە سولەیمانی کوڕی عەبدولمەکیک تۆڵەی لەوانە دەکردەوە کە هانی براکەیان دەدا کە ئەم لە دەسەڵات لابەرێت ، لە ئەنجامدا هەستا بە کوشتنی دوو کەس بە ناوەکانی ( محەمەد سقێفی و قتیبەی کوڕی موسلیم ) کە ئەمەش بووە هۆی دابەشبونێک لە نێوان ئومەویوکاندا و بووە هەلێکی باش بۆ ئەو کەسانەی بەنیازی لەناوبردنی دەسەڵاتیان بوو .
ئەمانە و چەندین هۆکاری تری وەکو نەبونی هاوسەنگییەک لە نێوان ئازادکردنی ناوچەکان ( فتوحات ) و چەسپاندنی ئیسلام لەو ناوچانەدا، بونە هۆی کەوتنی دەوڵەتی ئومەوی..


سەرچاوەکان

1310 بینین