پیادە کردنەکانی کارگێڕی دروست

له‌لایه‌ن: فتحی مستەفا کاخدر - به‌روار: 2020-08-18-01:06:00 - کۆدی بابەت: 375
پیادە کردنەکانی کارگێڕی دروست

ناوه‌ڕۆك

رەفتاری فەرمانبەران

مادەى پێنجەم:

1 - فەرمانبەر دەبێت بە شێوەیەکی کارامە و ورد و شەفاف رەفتار بکات و دەبێت تەنیا رەچاوی بەرژەوەندی گشتی بکات و دەبێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات بە پێی یاسا و کار بکات بە پێی پێوەر و بنەماکانی دەستپاکی و رەوشت و رەفتاری پیشەیی.

2 - دەبێت فەرمانبەر رەفتار بکات بە پێی یاسا و دەبێت بابەتیانە و دادوەرانە و شەفافانە بێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوەڵەکان و سەرۆکەکانی و ئەوانەى ئەو سەرۆکایەتییان دەکات و هاووڵاتیان، و ئەرکەکانی بە باشترین شێوەى کە لە توانای دایە لە رووی کارامەیی و دادپەروەری و تێگەیشتنەوە بەجێ بهێنێت، کە رەچاو کردنی بەرژەوەندی گشتی و پابەند بوون بە یاسای و سیستەم و رێنماییە کار پێکراوەکان لەبەر چاوگرت بێت.

مادەى شەشەم:

دەبێت فەرمانبەر رەفتار بکات بە پێی بنەماو رێوشوێنە هاتووەکان لەم سیستەمە و هەروەها لە یاسا پەیوەندیدارەکان، دەبێت بە راستی و رەوانی بنەما یاساییەکان روون بکاتەوە کە دەری دەچوێنێ کە پەیوەستن بە ماف و بەرژەوەندی کەسەکان و دەبێت ناوەڕۆکەکەى لەگەڵ یاسادا گونجاو بن.

مادەى حەفتەم:

دەبێت فەرمانبەر رەفتار بکات بە پێی یاسا لە کاتی وەرگرتنی هەر بڕیارێک و ئەو دەسەڵاتەى کە پێی راسپێردراوە بەکاری بهێنێت لە چوارچێوەى یاسا بە بێ دەرچوون لە بنەما بنەڕەتییەکان بە شێوەیەکی بێلایەنانە و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لایەنە یاسایییەکان بە هەند وەربگرێت و بەرژەوەندی گشتی ئاراستەى فەرمانبەر دەکرێت نەک بۆ پشتگیری لایەنگیری تایبەتی بۆ هەر لایەنێک و کەسێک.

مادەى نۆیەم:

دەبێت فەرمانبەر دەسەڵاتە یاساییەکانی بە شێوەیەکی خراپ بەکار نەهێنێت کە لەمیانەی پێشخستنی مامەڵەی کەسێک یان جیاکاری ناشایستە یان پیادە کردنی بۆ هەر مامەڵەیەکی جیاکاری یان پێشخستن دژی یان بۆ بەرژەوەندی هەر کەسێک لە هاووڵاتیان لە رووی (نەتەوە یان رەگەز یان بنەڕەتی ئێتنی یان کۆمەڵایەتی، یان لە سەر بنەمای تەمەن یان پەککەوتەیی یان ئایین یان ئینتما بوون بۆ خێزانێک یان هۆزێک یان بیروڕای سیاسی یان ئەندام و لایەنگری حزبی یان بیر و باوەر یان کلتووری یان زمان) یان لەسەر هەر بنەمایەکی تر کە ناکۆک بێت لەگەڵ پرەنسیپەکانی دادپەروەری و دەستپاکی.

 

بەریەک کەوتنی بەرژەوەندییەکان

مادەى نۆیەم:

دەبێت فەرمانبەر بەژەوەندی گشتی بخاتە سەرووی بەرژەوەندی کەسیی خۆی   لە کاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی ناکۆکی کردەیی یان چاوەڕوان کراو یان بە رواڵەت لە نێوان ئەم دوو بەرژەوەندییە، کە لە کاتی هەبوونی سیفەتێکی فەرمابنەرەکە بە هۆی شوێنە وەزیفییەکەى دێتەکایەوە بۆ بەرژەوەندی سوودی تایبەتی خۆی.

مادەى دەیەم:

1 - دەبێت فەرمانبەر پۆستەکەى یان دەسەڵاتەکەى (بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ) بەکار نەهێنێت  بۆ دابین کردنی وەیفەیەک یان بەدەست هێنانی سوودێک وەکو گڕێبەستەکان یان پاداشت یان مۆڵەتدان یان زەوی و زار بۆ خۆی و بۆ هەر تاکێک لە خانەوادەکەى لە سنووری پلەى خزمایەتی کە بە پێی یاسا دیاری کراوە.

2 - دەبێت فەرمانبەر دوور بکەوێتەوە لە ئەنجامدانی هەر کردارێکی فەرمی کە ببێتە هۆی کاریگەری دروست کردن لە سەر سەرکەوتی هەر پرۆژەیەکی بازرگانی یان پیشەسازی یان سیاسی یان رۆشنبیری تایبەت کە خاوەنداریەکەى دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە تاکەکانی خانەوادەکەى لە سنووری پلەى خزمایەتی کە بە پێی یاسا دیاری کراوە.

3 - نابێت فەرمانبەر خاوەنی هیچ کۆمپانیایەکی تایبەت بێت چ وەکو دامەزرێنەر یان هاوبەش، هەروەها نابێت تێیدا وەکو بەڕێوەبەری رێگە پێدراو یان بەڕێوەبەر یان فەرمانبەر یان راوێژکار یان بریکار یان ئەمیندار یان چاودێر، تەنیا لە حاڵەتە قەتیس کراوەکان (الحصری) نەبێت کە یاسا رێگای پێ داوە.

مادەى یازدەم:

لە کاتی هەست کردنی فەرمانبەر بە بوونی ناکۆکییەک لە نێوانی بەژەوەندی گشتی کە پابەندە بە رەچاو کردنی و لە نێوان بەرژەوەندی تایبەتی خۆی یان یەکێک لە نزیک و خزمەکانی، دەبێت ئەم رێوشوێنانەى خوارەوە بگرێتە بەر:

1 - بە پەلە و راستەوخۆ بە سەرۆکی خۆی رابگەیەنێت.

2 -  لە سەر سەرۆکی باڵای راستەوخۆیە کە هەڵسێت بە دانانی پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەرژەوەندییەکان و جێبەجێ کردنی ئەوەى کەوا هاوتەریبە لەگەڵ یاسا.

3 -  دەبێت فەرمانبەر ملکەچی هەر بڕیارێک بێت کە لەم رووەوە دەردەچێت بۆ فەراهەم کردنی دەستپاکی.

 

رەفتار کردن پاش بەجێ هێشتنی وەزیفەى گشتی

مادەی دوازدەم:

1 - نابێت فەرمانبەر وەزیفە گشتییەکەى بە شێوەیەکی خراپ بەکار بهێنێت بۆ بەدەست هێنانی کارێک لە دەرەوەى خزمەتی گشتی.

2 - نابێت فەرمانبەر رێگا بدات بە هەبوونی هەر وەزیفەیەک یان کارێکی تر کە ببێتە هۆی بەدیار کەوتنی حاڵەتی ناکۆکی کردەیی یان چاوەڕوان کراو یان بە ڕواڵەت لە نێوان بەژەوەندییەکان، و دەبێت بە پەلە پەردە لادات (لە سەر هەر دەرخستەیەک لە سەر ئەم بابەتە کە ببێتە هۆی دروست کردنی ناکۆکی لە نێوان بەرژەوەندییەکان) بۆ سەرۆکەکەى، هەروەها لە سەریەتی پەردە لابدات لە سەر رەزامەندی دان بۆ هەر دەرخستەیەکی هەر وەزیفەیەک (عرض لوظیفة).

 

دیارییەکان و سوودمەندییەکانی تر

مادەى سێزدەم:

1 - نابێت فەرمانبەر وەزیفەکەى بەکار بهێنێت بۆ بەدەست هێنانی سوود یان قازانجی کەسیەتی بۆ دەوڵەمەند کردنی خۆی یان کەسانی تر بە شێوەیەکی نایاسایی.

2 - نابێت فەرمانبەر بە هیچ شێوەیەک خۆی بخاتە نێو حاڵەتێکی وا کە تێیدا ناچار بێت چاکەى کەسێکی تر بداتەوە، پێویستە خۆی بەدوور بگڕێت لە هەر جۆرە رەفتارێکی گشتی یان تایبەتی کە تێیدا بکەوێتە ژێر کاریگەری کارێکی نادروست یان گومان لێکراو.

3 - نابێت فەرمانبەر داوای هیچ یان قبووڵی هیچ دیارییەک، خەڵاتێک، چاکەیەک، قەرزێک یان میواندارییەک یان دوور کەوتنەوە لە زەرەرمەندی یان هەر سوودێکی تری هاوشێوە، کە فەرمانبەر بخاتە ژێر یان نیمچە کاریگەری نادروست  یان دەرکەوتنی بە شێوەیەک لە چوارچێوەی ئەرکە فەرمییەکانی.

4 - نابێت فەرمانبەر هیچ دیارییەک یان بەخشینێکی رەمزی قبووڵ بکات لە میانەى چالاکییە فەرمییەکانی بە نوێنەرایەتی حکومەت، و دەبێت ئەم دیارییانە بخرێنە نێو تۆماری هەبووەکانی حکومەت (موجودات الحکومة).

 

چالاکی سیاسی و بێلایەنی

مادەى چواردەیەم:

1 - دەبێت فەرمانبەر بێلایەن بێت لە بەجێهێنانی ئەرکەکانی وەزیفەکەى و بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکان بێت بە پێی یاسا کار پێ کراوەکان و دەبێت دوور بکەوێتەوە لە لایەنگیری کردن لە سەر بنەمانی ئەندامیەتی یان بەشداری کردن لە هەر حزبێکی سیاسی یان لە هەر گرووپێکی تایبەت کە بەشدار بێت لە چالاکییە سیاسییەکانی لە ناوەوە و دەرەوەى حکومەت و دەبێت بەشداری نەکات لە هەر چالاکییەک کە هەڕەشە یان هەڕەشەئامێز بێت بۆ سەر بێلایەنی وەزیفی.

2 -  نابێت فەرمانبەر هەڵسێت بە هیچ چالاکییەکی سیاسی لە ناو بارەگای حکومی یان لە میانەى کاتژمێرەکانی کاری فەرمی و نابێت سوود وەربگرێت لە سەرچاوە گشتییەکان بۆ چالاکییەکانی سیاسی یان حزبی.

4 - فەرمانبەر بۆی هەیە لە چوارچێوەی مافە سیاسییەکانی بچێتە ریزی رێکخراوێکی یان حزبێکی سیاسی و بەشداری لە گفتوگۆ و چالاکی سیاسی و گشتی بکات، بەڵام بە مەرجێک کار نەکاتە سەر متمانەى گشتی لە جێبەجێ کردنی ئەرکە فەرمییەکانی بە بێلایەنانە.

 

پەردە لادان لە سەر زانیاری و شەفافیەت و وەڵام دانەوەى گشتی

مادەى پانزەم:

1 - پێویستە لە سەر فەرمانبەر ئەو زانیارییە نهێنییانەى لایەتی یان بە هۆی کارەکەیەوە ئاگاداریانە نەدرکێنێ، ناشبێ بە هیچ شێوەیەکی نادروست بەکاریان بهێنێت.

2 - فەرمانبەر لە کاتی کار کردنی لە دەزگایەکی حکومی لە دوای دەرچوونی لەبەر هەر هۆیەک بێت، بۆی نییە هیچ نهێنییەک یان زانیارییەکی زارەکی یان نووسراو کە بە هۆی پۆستەکەى ئاگاداری بووە پان پەیوەندی بە فەرمانگە یان ئەرکە فەرمییەکانییەوە لە هەر دامەزراوە یان دەزگایەکی حکومییەوە هەبێت، ئاشکرایان بکات، مەگەر بە نووسراو رێگای درا بێت بە بڵاوکردنەوەیان، ئەوەش ئەگەر یاسا رێگەى پێ دابێت یان ئەو زانیارییانە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بە پێی یاسا داوا کرا بێت.

3 - ئەو زانیارییانەى کە فەرمانبەر ئاشکرایان دەکات دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی گونجاو بیاندرکێنێ، بۆی نییە ئەو زانیارییانەى گومان لە راستییان دەکات یان بەڵگەی لە سەر نادروستییان لە لا هەیە، بڵاویان بکاتەوە.

 

مادەى شازدەم:

سەرۆکی وەزیران و جێگرەکەى و وەزیرەکان و هاوپلەکانیان خاوەن پلە تایبەتییەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و هاوپلەکانیان دەبێت راپۆرتێک پێشکەش بکەن کە تێیدا بەژەوەندی داراییان (استمارة کشف المصالح المالیة) پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار لە رووی یاساییەوە بکەن، بە پێی ئەو کار و بنەما و ئوسوڵ و پێوەر و مەرجانەى بە یاسا دیاری کراون.

مادەى حەڤدەم:

1 - فەرمانبەر دەبێت گرنگی بە خزمەت بدات و لە مامەڵە کردنی لەگەڵ هاوکارەکانی و هاووڵاتیان پێویستە وردبین و رەوشت بەرز و دەستپاک بێت.

2 - پێویستە لە سەر ئەو فەرمانبەرەى نووسراوێک یان سکاڵایەک بۆ دەزگایەکی حکومیی بەدەست دەگات ئاگادارییەک بە وەرگرتنی لە کاتێکی گونجاودا بدات و لە وەڵام دانەوەى نووسراو و پرسیاری تەلەفۆنی و نامەی ئەلیکترۆنیدا، پێویستە هەوڵی پێشکەش کردنی یارمەتی بە پێی توانا بدات و لە وەڵام دانەوەشدا بە وردی و بە قەد توانا وەڵامی تەواوی ئەو پرسیارانەی لێی کراون بداتەوە، نابێ زانیاری هەڵە یان گومان لێکراو بە کەسێک بدات.

3 - پێویستە لە سەر ئەو فەرمانبەرەی گوتارێک یان سکاڵایەکی بەدەست دەگات، ناوی خۆی و ناونیشانی پۆستەکەى و ژمارەى تەلەفۆنی و ناوی ئەو دەزگا حکومییەی کاری تێدادەکات روون بکاتەوە. ئەگەر ئەو فەرمانبەرە بەرپرسی ئەو بابەتە نەبوو، دەبێ کەسی خاوەن داوا یان سکاڵاکار ئاراستەى فەرمابنەری بەرپرسی بکات.

4 - پێویستە لە سەر فەرمانبەر بڕیار لە سەر هەر داوایەک یان سکاڵایەک پێشکەشی دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەى هەیەتی لە ماوەیەکی گونجاودا دەستەبەر بکات.

5 - لە حاڵەتی دەرچوونی بڕیارێک لە لایەن دەسەڵاتێکی حکومیی پەیوەندیدارەوە کە رەنگە بە شێوەیەکی نەریتی کار بکاتە سەر ماف یان بەرژەوەندی هاووڵاتیان، فەرمانبەری پەیوەندیدار دەبێ ئەو پرەنسیپە یاساییانەى پشتی پێ بەستوون بۆ دەرهێنانی ئەو بڕیارە هەموو لایەنەکانی راشکاوانە بۆ کەسی پەیوەندیدار روون بکاتەوە.

6 - هەر بڕیارێک کە لە لایەن دەسەڵاتی حکومیی پەیوەندیدارەوە دەردەچێ کە رەنگە بە شێوەیەکی نەریتی کار بکاتە سەر ماف یان بەرژەوەندی هاووڵاتی، پێویستە لە سەر فەرمانبەر رێگەى تانە لێدانی یاسایی بۆ روون بکاتەوە، بە تایبەتی شێوەی داوای وەرگرتنەوەى ئەو مافە لەگەڵ دیاری کردنی ئەو ماوەیەی بە پێی یاسا بۆی دەست نیشان کراوە.

7 - فەرمانبەر بۆی نییە سکاڵای کەسێکی پەیوەندیدار لە سەر بڕیارێک یان رێککارێکی ئیداری وەرنەگرێت، دەبێ کارئاسانیش بۆ وەرگرتنی سکاڵاکەى بکات.

 

خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و رەفتاری تاکە کەسی

مادەى هەژدەم:

1 - پێویستە فەرمانبەر لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەى پێی دراوە رەفتار بکات، ئاستێکی باڵای دەستپاکی و پیشەیى هەبێت، نابێ ئەو دەسەڵاتە وەزیفییە فەرمییەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت.

2 - فەرمانبەر پێویستە ئاگاداری هەموو موڵک و سامانی گشتی بکات و بیانپارێزێ، ئەوە بەڵگە فەرمییەکانیش دەگرێتەوە، نابێ سوودیان لێ وەربگرێت یان رێگە بە سوود لێ وەرگرتنیان بدات، ئەگەر لە چوارچێوەی یاسادا نەبێت.

3 - پێویستە لە سەر فەرمانبەر رەوشتێکی وا بنوێنێ کە ببێتە مایەى زیاد کردنی متمانەى هاووڵاتیان بە دەستپاکی و بێلایەنی و کارامەیی کاروباری حکومی.

مادەى نۆزدەم:

فەرمانبەر بەرپرسە لەبەردەم ئەو کەسەی لە رووی پایە و پلەى کارگێڕیدا لەو باڵاترە، پێویستە پابەند بێت بە هەر ئاراستەیەکی یاسایی ماقووڵ، کە لە لایەن دەسەڵاتی پەیوەندیدار بە پێی یاسا دەرچوو بێت.

مادەى بیستەم:

1 - پێویستە لە سەر ئەو فەرمانبەرەی داوای رەفتارێکی نایاسایی لێ دەکرێت کە ناگونجێت لەگەڵ حوکمی ئەو پێڕەوە و یاساکانی تر، ئاگاداری لایەنی پەیوەندیدار بکاتەوە بە پێی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 14ى ساڵی 1991ی هەموار کراو.

2 - پێویستە لە سەر فەمانبەر لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکات بە هەر بەڵگەیەک یان داواکارییەکی نەگونجاو لەگەڵ چالاکییەکانی نایاسایی یان تاوانباری پەیوەندی بە خزمەتی گشتییەوە هەیە و لە رێگەى کارەکەیەوە پێی دەزانێ، لەم حاڵەتەدا لێکۆڵینەوە لەو راستییانەى لێیان ئاگادار کراون لە لایەن لایەنی پەیوەندیدار لە چوارچێوەى یاسادا دەکرێت.

4 - پێویستە حکومەت دەستەبەری روونەدانی زیان بەو فەرمانبەرانە بکات کە بابەتی لەو شێوەیە لە سەر بنەمایەکی ماقووڵ و بەنیازپاکی دەخاتەڕوو، گرتنەبەری هەر رێککارێکی دیسیپلینی یان جیاوازی دژی هەر فەرمانبەرێک کە بەو کارە هەڵدەستێت بە پێچەوانەى حوکمەکانی ئەم رێککارەیە.

5 - پێویستە فەرمانبەر بڕیارەکانی یان رێککارە کارگێڕییەکانی بە پشت بەستن و لە سەر زانیاری کەسێکی نادیار بنیات نەنێت، فەرمانبەر دەبێ وردبین و ئاگادار بێت لە وەرگرتنی زانیاریی نادروست، ئەوەى بە مەبەستی خراپەکاری و زیان گەیاندن بە کەسانی تر دەدرێن.

مادەى بیست و یەکەم:

ئەگەر فەرمانبەر سەرپێچی لە ئەرکەکانی سەرشانی یان نایاسایی بکات، ئەوا بە پێی ئەو سزایانەى لە یاسای رێککاری  فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 14ى ساڵی 1991ی هەموار کراو، بە پێی ئەو رێککار و بنەما یاساییانەى لەوێدا هاتوو سزا درێت، ئەو سزادانە رێگر نابن لەوەی رێککاری یاسایی و دادوەریی تر دژی فەرمانبەر بگرێتە بەر.

مادەى بیست و دووەم:

1 - پێویستە لە سەر فەرمانبەر سەیری دەقەکانی ئەم پەیڕەوە بکات و پابەند بێت بە حوکمەکانی، بۆی هەیە داوای راوێژ و روون کردنەوە لە لایەنی پەیوەندیدار لە کاتی خۆیدا بکات.

2 - ئەم سیستەمە دوای تێپەڕ بوونی (90) نەوەت رۆژ لە بڵاو کردنەوەى لە رۆژنامەى (وەقایعی کوردستان)، جێبەجێ دەکرێت([1]).

 

پەراوێزەكان

[1]() لەرۆژنامەى وەقایعی کوردستان ژمارە 128 لە 26/6/2011 بڵاو کراوەتەوە.

 


سەرچاوەکان

1105 بینین