دابەشبوونی دەریا

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-13-22:40:00 - کۆدی بابەت: 678
دابەشبوونی دەریا

ناوه‌ڕۆك

دابەشبوونی دەریا

لە ئەمڕۆدا دەریا بەشێکی گەورەی گۆی زەوی داپۆشیوەو کیشوەرەکان و دوورگەکان لە سێیەکی زەوی کەمترن، شتێکی نامۆیە کە ئێمە ڕووی مانگ دەبینین بەگشتی ئەمە بە بەراوردکردنی لەگەڵ بینینی ڕووی ئەم دونیایەی خۆمان کە ئێستا لەسەری دەژین، ئەو پەڵە ڕوونانەو ئەو تاریکییەی کە لەسەر مانگ دیارەو دەبینرێت ئەمە بەڵگەی بوونی شاخ و دۆڵە لەسەر مانگ، بەڵام کەسێکمان نەمانبینیوە کەشاخ و دۆڵ لە ژێر دەریادا هەبێت، کەواتە ئەم دونیای ئێمە دونیای ئاوە زیاتر لەوەی دونیای وشکایی بێت، ئاوی زۆر لە دەریاکان و ڕووبارەکان هەیە، هەروەها ئەو هەورەی کە بەسەرمانەوەیە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە، لەو هەوایەکی کە هەڵیدەمژین ئاو هەیە، لە ژێر پێمان ئاو هەیەو پێی دەوترێت ئاوی ژێر زەمین، ٩٥٪ی ئاوی ئەم دونیایە لە دەریاکاندایە، زۆر ئاسانە زەوی دابەش بکەین بۆ زەوی کێڵگەی کشتوکاڵی و بەشێکی تری زەوی تەرخانکراوە بۆ شاری نیشتەجێبوون، بەڵام دابەشکردنی دەریا بەم ئاسانییە نیە، بۆ ئاسانکردنی دەسنیشانکردنی شوێنەکان لەسەر نەخشە ئەوە دەریا دەکرێتە سێ بەشی سەرەکییەوە پێیان دەوترێت زەریاکان.
زەریای ئەتڵەسی لە زەریاکانی تر ناسراوترە، ئەم ناوە یۆنانییە کۆنەکان داویانەتە پاڵی وەکو ڕێزلێنانێک بۆ خواوەندی(ئەتڵەس)، کە بە بڕوای ئەوان ئەم خواوەندە لەسەر ئاوەکانی ئەفریقا دەوەستێت، کە ئێستا (بەبڕوای یۆنانیەکان وەرگێڕ) بەفر لوتکەکانی داپۆشیوە، ئەم خواوەندە لە ئاوەزی یۆنانییەکاندا زۆر بەتوانا بووەو باڵای زۆر بەرز بووە، توانیویەتی ئاسمان لەسەر پشتی هەڵبگرێ و سەیری ئەو دەریایەی پێشی خۆی بکات، (ئەتڵەسی جوگرافی) کەوا سەرجەم جوگرافیای وڵاتانی جیهان لەخۆ دەگرێت و ئێستا لە قوتابخانەو کتێبخانەکاندا هەیە لەناوی خواوەندی (ئەتڵەس)ەوە وەرگیراوە کە خواوەندی یۆنانیە کۆنەکانە.
زەریای هیندی ناوی لە ڕووباری سندەوە وەرگرتووە کە بە وڵاتی هیندستاندا تێ دەپەڕێت.
(ماجەلان) یەکەم کەس بووە، ناوی زەریای ئارامی بەکارهێناوە، (ماجەلان) لەو کاتەی کە سەردەستەی ئەو دەست گەڕیدەیە بوو کە زەریاکانی دەدۆزییەوە، ناوی زەریای ئارامی نا، چونکە ئارامی ئەم زەریایە پێچەوانەی زەریای ئەتڵەسی بوو کە پێشتر پێیدا گوزەری کردبوو.
هەندێک جار دوو زەریای تر دەخرێنە لیستی زەریاکانەوە، ئەوانیش زەریای جەمسەری باکوور و زەریای جەمسەری باشوورە، لە ڕاستیدا زەریای جەمسەری باکوور بەشێکە لە زەریای ئەتڵەسی، زەریای جەمسەری باشووریش کە دەکەوێتە بەشەکەی تری گۆی زەوی سنوورێکی ڕاستەقینەی نییە، باشتریش وایە لە نێوان هەر سێ زەریا مەزنەکەی تر دابەش بکرێت.
زەریای ئارام لە زەریاکانی تری دەستە خوشکی گەورەتر، بەڕادەیەک لە هەردوو زەریاکەی تر (ئەتڵەسی و هیندی) پێکەوە گەورەترە، لە زەریای ئارام، ڕووبەرەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ ١٦٫٠٠٠ کیلۆ مەتر، واتە نیوەی ڕووبەری گۆی زەوی، ئەم ڕووبەرە بەشی پۆشینی هەموو وشکانی سەر هەسارەی زەوی دەکات و چەندان کیلۆمەتری تریشی لێ دەمێنێتەوە.
لە ڕووی گەورەییەوە زەریای ئارام دێت، ئەم زەریایە زۆر تەنگە، بەڵام درێژە لە باکوورەوە بۆ باشوور، چونکە لە باکوورەوە جەمسەری باکوور لەخۆ دەگرێت و بەبێ پچڕان شۆڕ دەبێتەوە بۆ جەمسەری باشوور.
زەریای هیندی بچووکترین زەریایە دوای زەریای ئارام و ئەتڵەسی، ئەم زەریایە پانە، بەڵام درێژیکەی ناگاتە ئەو دوانەی پێشوو، چوونکە هەرسێ کیشوەری: ئەفریقیا و ئاسیا و ئوستورالیا گەمارۆیان داوە.
ڕووبەری ئەم زەریایانە دەکاتە چەندەها ملیۆن کیلۆ مەتری چوار جا، بەڵام بۆ نموونە: ئەگەر ژمارەیەکی ئاسان بۆ هەر یەکێکیان دابنێن ئەوا دەتوانین بڵێین: کە زەریای ئارام(١٢) یە، زەریای ئەتڵەسی (٧)ە، زەریای هیندی(٥)ە، ئەمەش بیرۆکەی گەورەیی قەبارەی هەر یەکێک لەو زەریایانە بەرامبەر ئەوی تر، بۆمان ڕوون دەکاتەوە.
هەندێک بەشی زەریا بە ڕووی وشکانی لە یەک دابڕاون، ئیدی بە زەوی کیشوەرەکان بن یان دوورگەکان و پێیان دەوترێت: دەریا کە بەناوبانگترینیان دەریای سپی ناوەڕاستە، ئەم دەریایە هەرسێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا لە یەک جیا دەکاتەوە، زۆرێک لە شارستانیەتی میللەتانیش لە کەناری دا پەیدا بوون، لەوانەیە میسر و فەلەستین و یۆنان و ڕۆما، لە ئەمەریکاش دەریای کاریبی هەیە کە کۆمەڵە دوورگەی هیندی ڕۆژئاوایی تێیدایە، هەمان شتیش بۆ دەریای بەهرینگ، کە ئەلاسکا لە سەرزەمینەکانی ڕووسیا جیا دەکاتەوە.
لەبنەڕەتدا زەریاکان ڕەنگیان شینە، هەندێکجار ڕەنگێکی خۆڵەمێشی هەیە لەبەر ئەوەی کەش و هەوا هەورە، هەندێک جار ڕەنگی سەوزە، بەتایبەت لەو پانتاییە ئاوییانەی کە قووڵ نەبێت و تەنک بێت و بنی ئاوەکە دیار بێت، هەندێک دەریا ناوی لە ڕەنگەکەیەوە وەرگرتووە، ئیدی لە ڕێگەی هەندێک لەو ڕووبارانە بێت کە دەڕژێنە ناوی یان بەهۆی بەفرەوە یان بەهۆی هەندێک لەو گیانەوەرانەی کە تیایدا دەژین، لەوانە دەریای زەرد لە چین و دەریای سپی لە ڕووسیای باکوورو دەریای ڕەش و دەریای سوور .
هەندێک لە لقەکانی دەریا پێیان دەوترێت: کەنداو، وەک کەنداوی سوێس، کەنداوی مەکسیک، کەنداوی کالیفۆرنیا و کەنداوی فارس، هەندێ کەنداوی بچووکتریش هەن لەوانە: کەنداوی هیدسۆن لە ئەمەریکا، کەنداوی بەنگال لە ڕۆژهەڵاتی هیندستان، لەپاڵ ئەم کەنداوانەشدا، تەنگەبەری و کەناری ناوخۆیی هەیە کە زۆرجار وەک شار و سەنتەر و پارێزگا دەردەکەون لەناو دەوڵەتی گەورەدا، ڕووبەرە ئاوییەکانی دەورووبەری ئەو شوێنانە بەشێکن لەو زەریایانەی ئاماژەیان بۆ کرد، کە لە ڕاستیدا هەر هەموویان بەشێکن لە ڕووبەرێکی ئاوی گەورە، کە دەکرێت بە دەریایەکی گەورە ئاماژەی بۆ بکرێت.


سەرچاوەکان

370 بینین